بازرگانی ترس

2 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

لەسەدەی هەژدە، پیاوێكی رەبەنی ئیزعاج بەناوی ئیمانوئێل، لەشارێك  بەناوی كوینسبێرگ، بەكورتی وەڵامی پرسیارێك دەداتەوە، كە لەلایەن سەرنووسەری گۆڤاری بەرلینە مۆناتشرفت، یان مانگانەی بەرلین پێشنیاركرابوو.  پرسیارەكە بەسادەیی ئەمە بوو، ئایا رۆشنگەریی چیە؟ وەڵامەكەی هەتا ئەمڕۆ تەتەڵەی دەكەین.

كاری من نیە قسە لەسەر ئەم میراتە گەورەیە بكەم، چونكە هێندە گەورەیە فۆكۆ بەساتەوەختی دەستپێكی فەلسەفەی مۆدێرن دەستنیشانی دەكات. من یەك دەربڕینی گرنگ لەو وەڵامەوە وەردەگرم، كە لەڕاستیدا كانتیش لەشاعیرێكی رۆمانی وەردەگرێت بەناوی هۆراش، ئەویش سەپێرە ئاودی  Sapere Aude

سەپێرە ئاودی، لەدەقە شیعرییە رۆمانییەكەدا بۆ هاندانی كەسێك نووسراوە كەبڕیاری دوانەخات و دەستوبرد دەستپێبكات، بەڵام لای كانت یانی بوێریت هەبێت بزانە. ئەم هەبوونی بوێرییە، ئەم ئازاییە، زاڵبونە بەسەر كۆمەڵێك لەنەریت و گرێ و رەفتارو ئاسانكاریی كەكەلتوری پێش رۆشنگەریی لەسەری بونیادنراوبوو. دەربڕینەكە ئاراستەی تاكێك یان كەسێك كراوە كەبوێری هەبێت چیدی دوای كەسێكی تر نەكەوێت، چونكە ئەوە قۆناغی مناڵییە. چیدی بەوەڵامەكانی كەسێكی تر رازی نەبێت. لەهەمووی گرنگتر چیدی نەترسێت.

لێرەدا من كەلەپور یان نەریت بەترس دەناسێنم و مۆدێرنە بەبوێری. كەلەپور یان تەقلیدی، لەهەر شێوازێكدابێت هەمیشە ترس لەكرۆكەكەیدایە، ئەم ترسە راستەوخۆو ناڕاستەوخۆش دەردەبردرێت. كەلەپور هەمیشە ئاراستەی رابەرێكت دەكات، پێت دەڵێت بەردەوامی بدەو ئەوەی هەیە دووبارەی بكەرەوە، شتەكان بپارێزە، گوێڕایەڵ بە، سەركێش مەبە.

بەڵام بانگهێشتی ئەوەی كەبوێریت هەبێت فێربیت، پێش هەموو شتێك بانگهێشتە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ترسەدا. بۆیە دەكرێت بەشێوازێكی تر دەریببڕین و بڵێین، مەترسەو فێربە، مەترسەو بزانە، مەترسەو دەستپێبكە.

ئەو رۆژگارە كە ئەم پرسە لەئەوروپا وروژێنراوە، رۆژگارێكی تایبەت بووە لەمێژووی ئەو كیشوەرەدا، رۆژگاری رۆشنگەریی. ئەمڕۆ رۆشنگەریی رەخنەو گلەیی و گازندەی زۆری لەسەرە، بەڵام هیچ لەگرنگی و بایەخ و كاریگەریی كەمناكاتەوە.

ئەم پرسیارەو وەڵامەكەی تەنها لەهەناو كیشوەری ئەوروپا نەمایەوە، بەڵكو ئەمڕۆ پرسێكی جیهانییە، لەهەر جێگایەكی دونیا بەشێوازی جیاواز وەڵامدراوەتەوە. ژانك وی كتێبێكی دڵگیری لەڕوانگەی مێژووی چینەوە نووسیوە، بەناوی رۆشنگەریی چیە؟ ئایا چین دەتوانێت وەڵامی بداتەوە؟

Zhang, Wei. What is enlightenment : can China answer Kants question?

ژانك بۆ وەڵامە چینییەكە دەگەڕێتەوە بۆ جوڵانەوەی چواری ئایاری ساڵی ١٩١٩. ئەم بزوتنەوەیە گەرچی دژ بەئەڵمان و ژاپۆنەكان بوو، بەڵام دەبێتە ئەو رووداوەی كەچینییەكان رادیكاڵانە دژ بەمێژووی دەرەبەگییان یاخی دەبن. ماو تسی تۆنگ بەرهەمی ئەم بزوتنەوەیە.

ئەمە لەدونیای ئیسلام و دونیای كوردیشدا كە لەپەراوێزی دونیای ئیسلامدایە بەشێوازێكی جیاواز كەوتووەتەوە. ئەوەی بەبێ لایەنگری تەماشای دۆخی ئەمڕۆی كۆمەڵگای كوردستان بكات، هەرزوو هەست بەبوونی ترسێكی گەورە دەكات. دیارە ئەم ترسە لەكاتێكدا سەرچاوەی هەیە، بەڵام لەهەمانكاتدا بەكاردەبرێت بۆ مەبەستی سیاسی و ئابوری و دەسەڵاتیی. كۆمەڵگاكانی ئیسلام لەپێنجسەد ساڵی رابردوودا، لەوساتەوە كەڕۆژئاوا عەلمانی دەبێت، لەدۆخێكی بەرگریی سەختدا دەژی. ئەم دۆخە لایەنی زۆرە، كەلتوریی، دەسەڵاتیی، ئابوری، جیوپۆلەتیكی و بەهایی. بەڵام من لەڕوانگەی تەكنێ یان تەكنەلۆجییەوە بۆی دەڕوانم. رۆژئاوا بەرهەمهێنی تەكنەلۆجیایە، ئەم تەكنەلۆجیایە، هایدگەرییانە سەیری بكەین، تەنها ئامرازنین، بەڵام شێوازی پەیوەندیمان لەگەڵ دونیاو خۆشماندا دەگۆڕن. ئەم جۆری گۆڕانی پەیوەندییە مایەی ترسی كۆمەڵگاكانی ئیسلامە، بەتایبەتی نوخبەی دەسەڵاتداری: بەمانا فراوانەكەی دەسەڵاتداریی.

ئەگەر بەخێرایی تەماشای مێژووی داهێنانەكانی رۆژئاواو هەڵوێستی شارستانی ئیسلام بكەیت لەپێنج سەدەی رابردوودا، دەبینیت بەزۆری لەسەرەتادا لەلایەن كۆمەڵگا ئیسلامییەكانەوە رێگریی لێكراوە. كاتێك دەزگای چاپ لەئەوروپا بڵاودەبێتەوە، عوسمانییەكان رێگری لێدەكەن بۆ ئەوەی بێتە كۆمەڵگا ئیسلامییەكانەوە. یەكەم ئامێری چاپ ناپلیۆن دەیهێنێت. دەترسن ئەم ئامێرە نوێیە ببێتە مایەی لاوازبوونی دەسەڵاتیان، لەم پێناوەدا بەهانەی ئاینی بۆ دادەڕێژن. بەڵام پاشان وردە وردە رێگای پێدەدرێت.

ئەم پەیوەندییە لەكاتێكدا وەها دەردەخرێت كەپەیوەندی بەئاینەوە هەیە بەڵام زیاتر نوخبەی دەسەڵاتی كۆمەڵگا ئیسلامییەكان وەك دەرگاوانێك كاردەكەن، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان بمێنێتەوە، هەمیشە هەوڵدەدەن بەپشت بەستن بەدەقە ئاینییەكان رێگریی لەداهێنان و بەها نوێیەكان بكەن، چونكە كاریگەری دەبێت لەپەیوەندی ئەم نوخبەیە لەگەڵ دواكەوتووانیان.

ئەم پرۆسەی بەرهەمهێنانی ترسە، ئێستا بووە بەبازرگانییەكی گەورە. وەك جۆرێك لەبازرگانی، ئەگەر بەڕێساكانی بازاڕ تەماشای بكەین دەبینین، چۆن بازرگانانی ترس لەكێبڕكێی یەكتردان بۆ ئەوەی ترسەكە فراوانترو تۆخترو توقێنەرتر بكەن. كاتێك بەرهەمهێنانی ترس بازرگانییە، ئەوا دەبێت هەمیشە كاڵاكەت تایبەتتر بكەیت.  ئەمڕۆ گەر بەووردی لەخیتابی سیاسی و بانگخوازو مەلاو چالاكوانە ئیسلامییەكان بنواڕین هەموو لەدەوری ئەم ترسە دەخولێتەوە. ئەم پیشەسازی ترسە مانەوەی ئەوان گرەنتی دەكات، بەڵام دۆخی رۆشنگەریی پێگەو رۆڵی رابەرو رێبەرو راڤەكەرو زۆر پۆستی تر دەخاتە ژێر پرسیارەوە. چونكە وەك لەدەقە كانتییەكەدا روون دەبێتەوە، دۆخێك هەیە كەمرۆڤ بەسەر خۆیدا دەسەپێنێت بۆ ئەوەی بۆ هەموو شتێك پێویستی بەڕێنمایی و رێبەرو ئامۆژگاری ئەویتربێت.

ئەم دۆخە زیانی گەورەی لەكۆمەڵگا ئیسلامییەكان داوە. زیانی یەكەم، ئەم كۆمەڵگایانە لەدواكەوتنێكی زەمەنیدا ماوەتەوە، بەوە هەمیشە بەكاربەرێكی درەنگی بەرهەمە تەكنیكییەكانی رۆژئاوایە. ئەو ماوە دابڕانە گەرەنتی ئەوە دەكات كەبەرهەمە تەكنەلۆجییەكان وەرچەرخان دروست نەكات بەڵكو تەنها بەرخۆرانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. دووەم، نوخبەی تەقلیدی پێگەو رۆڵ و سودمەندییەكانیان بەردەوام بێت، لەسەر حسابی زۆرینە. سێیەم، زۆرینەی خەڵكی ئاسایی لەدۆخێكی شڵەژانی دەروونیدا بژی بەوەی هەموو ئەوەی هەیەتی دادەڕمێت و لەدەستی دەچێت. چوارەم، رێگرییكردن لەهاتنی دەزگا، دیموكراسی، ماف، بەهاو سامان.

بەڵام ئەگەر لەڕابردوودا نوخبەی دەسەڵاتداری باڵا ئەم كارەیان دەكرد، ئەمڕۆ وردە نوخبەش بەم كارە هەڵدەستن، بۆ دەستكەوتی بچووكتر. بانگخوازو یوتوبچی و سیاسی دینكێش و زۆری تر. چونكە ئەم بوارە رەگ و كەلتورو بنەمای زۆری هەیە، كێڵگەیەكی ئاسانە بۆ دەركەوتن و سامان كۆكردنەوە بەبێ پێداویستییەكی ئەوتۆ. ئەگەر میتۆدی بازاڕ یان ماركێت زیاتر بەكاربەرین ئەوا دەردەكەوت كەچۆن ترس كرۆكی ئەم بازرگانییە. هەروەها ئەم نوخبە رابەرە چۆن هەتا بێت ناچارن توندتربن بۆ ئەوەی بازاڕەكەیان باشتربێت. بەجۆرێك ئێستا ئێمە خەریكە لەبنی قاپەكە نزیك دەبینەوە.

ئەم داواكردنە بۆ رابەرایەتی لەلایەن خەڵكەوە كارەساتی لەسیستەمی سیاسی ئێمەدا بەرهەمهێناوە. ئەم خواستە زۆرە لەسەر بچوككردنەوەی دونیا، سادەكردنەوەی، رەوانەوەی هەموو گومانەكان، تاوانباركردنی كەسێك یان لایەك، نەك تەنها دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئێمە بەڵكو دۆخی دەروونی و عەقڵیشی وێرانكردوین. ئەو دیدەی بەختیار عەلی بەجێیە كەدەڵێت: كارەسات گەیشتووەتە ئاستێك، كەخەڵكی كاتێك بەر وێنەی رۆشنبیرێك دەكەون، داوای زانین، داهێنان، فیكر، قووڵێتی، جوانی، نیگای نوێی لێناكەن، بەڵكو داوای رابەرایەتی لێدەكەن، واتە بۆ داهێنەر ناگەڕێن لەناویدا، بەڵكو بۆ رزگاركەر دەگەڕێن. بەختیار كەدەڵێت مرۆڤ دەبێت خۆی رزگاركەری خۆی بێت، تەرجەمەی دیدەكەی كانتە لەوتاری رۆشنگەری چیە؟


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار