ماوەی پەرلەمان لەكۆتایی نزیک دەبێتەوەو وادەی هەڵبژاردنیش دیارینەكراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هەژار ئەنوەر

ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەلەمانی كوردستان لەكۆتایی نزیك بووەتەوە، تائێستاش وادی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیارنیە، رۆژی 24ی شوباتی ئەمساڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمەرسومێكدا رۆژی 1/10/2022 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریكرد، بەڵام تائێستا حزبە سیاسییەكان لەسەر شێوازی هەڵبژاردن نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، دوو كۆبوونەوەی حزبە سیاسیەكانیش لەسەرۆكایەتی هەرێم بەئامادەبوونی جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان بێئاكام كۆتاییان هات و نەتوانرا لەسەر پرسی هەڵبژاردن بگەنە رێككەوتن، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش هەمیشە باس لەوەدەكات لانیكەم شەش مانگی پێویستە بۆ خۆئامادەكردن.

هەژار محەمەد بەرپرسی هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەهەولێر بۆ هاوڵاتی دواو وتی:"یەكێتی هەموو كات لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدێت، تەنانەت پرۆژەیەكیشیان داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەڵام تاوەكو ئێستا كاری لەسەرنەكراوە، بەو مەبەستەی هەڵبژاردن یەك بازنەیی نەبێت".

ئەو بەرپرسەی هەڵبژاردنی یەكێتی ئەوەشی راگەیاند:" جگە لەپارتی زۆرینەی حزبەكان پڕۆژەیان پێشكەشكردووە بۆ ئەوەی بەزووترین كات هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و داواشمانكردووە كوردستان بەسەر هەشت بازنەدا دابەشبكرێت ئەگەرنا بكرێتە چوار بازنە، تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان بەفرەبازنەیی رازی نییە».

سەبارەت بەتۆماری دەنگدەرانیش دەڵێت:" ئەگەر لیستی تۆماری دەنگدەران بەسیستەمی بایۆمەتری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بێت هیچ تێبینی و قسەیەكمان لەسەری نییە".

لەبەرامبەردا نیازی حەمە عەزیز، بەرپرسی راگەیاندن و رۆشنبیری  دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، دەڵێت: "بۆچوونی پارتی لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان دیارەو پارتی لەگەڵ سیستەمی یەك بازنەییدایە نەك فرەبازنەیی، بەڵام پێشنیازێكی دیكەش كراوە ئەویش سیستەمی پەنجا بەپەنجایە، واتە نیوەی كورسیەكان یەك بازنەیی بێت و نیوەكەی دیكە فرەبازنەیی، ئەوەشی راگەیاندووە كەبابەتی كورسی كۆتاكان دەستكاری نەكرێت، چونكە ئەمە تایبەتمەندی خۆیان هەیە وەك پێكهاتەكانی كلدو ئاشوور و توركمان".

چەندینجار حزبە سیاسییەكان داوایان كردووە،  كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارابكرێتەوە لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان، ئەمەش پێویستی بەڕێككەوتنی سیاسی هەیەو تاوەكو ئێستا هیچ جۆرە رێككەوتن و لێكنزیكبوونەوەیەك لەنێوان حزبە سیاسییەكاندا نییە لەسەر ئەم پرسە".

پێشتر هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:"ماوەی چەندین مانگە هەوڵدراوە لەناو پەرلەمان لایەنی سیاسی و یاسایی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەربكەن، بەڵام نەتوانرا ئەو پرسە چارەسەر بكەن".

كارزان گەردی رێكخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان لەهەولێر بەهاوڵاتی راگەیاند:" سەرەڕای ئەوەی هەمیشە مەبدەئیەن لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین لەكاتی خۆیدا، بەڵام بەهۆی رێكارو كارە هونەرییەكان و یاساو تەكنیكیەوە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێمی كوردستان، ئەگەر هەموو حزبە سیاسییەكانیش پشتیوانی كۆمسیۆن بێـت ئەوە ناتوانن هەڵبژاردن بەڕێوەببەن".

رێكخەری ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان ئەوەشی وت:" هۆكارەكانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بریتین لەهەمواركردنەوەی یاساكەو تۆماری دەنگدەران و بابەتی پێكهاتەكان و دەنگدانی تایبەت و كاراكردنەوەی خودی كۆمسیۆن".

كارزان گەردی راشیگەیاند: "سیستەمی فرەبازنەیی دادپەروەری بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمە جگە لەوەی تێبینی و رەخنەمان لەپرۆسەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەبووە بەجۆرێك (156) سكاڵامان تۆماركردووە (تانەشمان لەئەنجامەكاندا،  كەپەیوەست بوون بەبانگەشەی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران كە گەورەترین كێشەی  تێدایە لەگەڵ پرۆسەی جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكان جگە لەدەستوەردانی حزبی و هێزەكانی ئاسایش كە زۆرترین كێشەیان بۆ پرۆسەكە درووستكردبوو".

گەردی ئەوەشی ئاشكراكرد:" كۆمسیۆن لەپێنج حزبی سیاسی پێكدێت (پارتی و یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو)، بەڵام ناتوانین بڵێین كۆمسیۆنێكی ستاندارتی نێودەوڵەتی و پێشكەوتوومان هەیە".

دووجار لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكان بەئامادەبوونی جنین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بەمەبەستی رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسی هەڵبژاردن ئەنجامدرا، بەڵام هەردوو كۆبوونەوەكە بێ ئەنجام كۆتایی هات.

بێستون حەمەساڵح بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردن و ئاماری كۆمەڵی دادگەری كوردستان بەهاوڵاتی ڕاگەیاند: ئەوان لەگەڵ سیستەمی فرەبازنەییدان و هەڵبژاردنیش لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و بەهیچ بیانوویەك دوانەخرێت، پێویستە لەپەرلەمانی كوردستان بۆ هەمیشە رۆژێك دیاری بكرێت لەهەر چوارساڵ جارێك پرۆسەكە ئەنجامبدرێت".

بێستون حەمەساڵح وتیشی: لەماوەی نزیكەی چوارساڵی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، نەیتوانیوە دانیشتنێك تایبەت بكات بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، بۆیە خودی دەسەڵات كەپەرلەمان لەڕووی یاسادانان و حكومەتیش لەڕووی جێبەجێكردنەوە هۆكارو كێشەو گرفتن بۆ بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن".

شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنین كە فرەبازنەیی بێت، وتیشی:" نازانرێت كەی هەڵبژاردنی داهاتوو دەكرێت و ئێمە دژی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانین و سوورین لەسەر ئەوەی هەڵباردن لەكاتی خۆیدا بكرێت".


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار