داعش لەناوچە كێشەلەسەرەكان جموجۆڵی زیاددەکات و پێشمەرگەش لەئامادەباشیدایە

2 ساڵ لەمەوپێش



نیگار عومەر

چەكدارانی داعش لەناوچە كێشەلەسەرەكانی سنوری قەزاكانی كەلار و كفری و خانەقین و خورماتوو دەستیان بەجموجۆڵ كردووەو خەریكی خۆڕێكخستنەوەی گروپی چەكدارین، ئەوان زیاتر بەشەوان و بەماتۆڕسكیل هاتووچۆ دەكەن، گوندنشین و شوانكارە عەرەبەكان هاوكارییان دەكەن، چەكدارانی داعش لەماوەی رابردوودا لەو ناوچەیە خەڵكیان رفاندووەو لەبەرامبەر پارەدا ئازادیان كردووە، فەرماندەكانی پێشمەرگەش ئاماژە بەوە دەكەن هێزەكانیان هەمیشە لەئامادەباشیدان.

چەكدارانی داعش بەگشتی لەسنوری ناحیەی زینانەو پەڵكانە چیاكانی غەڕەو ناحیەی نەوجول هەندێك لەچیاكانی سنوری ناحیەی خورماتوو تاسنوری حەزی حەمرین كە بەگشتی دەكاتە سنوری ناحیەی قەرەتەپەو چیاكانی حەمرین  تا ئەمدیوی سنوری قەزای خانەقین و ناحیەی گوڵاڵەی سەر بەپارێزگای دیالە بوونیان هەیە، لەماوەكانی رابردوودا كردەوەی چەكدارییان ئەنجامداوەو هاووڵاتیان و هێزە ئەمنیەكانی سوپاسی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگەیان كردووەتە ئامانج.

كاوە غەریب، فەرماندەی لیوای پێنجی پیادەی هێزەكانی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت:" چەكدارانی داعش ماوەیەكە جموجۆڵەكانیان لەسنوری قەزای خانەقین  زیادیكردووە و بەشەوان دێن و لەنێو سنوری پارێزگای دیالە هاتوچۆ دەكەن، لەكامێرا حەراریەكانماندا دەبینێرن دوایان دەكەوین و ناهێڵین نزیكی سەنگەرەكانمان ببنەوە، بەزۆری  بەشەوان و بەماتۆڕسكیل هاتوچۆ دەكەن".

وتیشی: "چەكدارەكان ژمارەیان لەسنوری گوندەكانی دەكە، كانی ماسی و قەزای خانەقین و  ئەو سنورەی كە دەكەوێتە سەر روباری سیروان نزیكەی 20چەكدار دەبن و بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لەئێستادا خەریكی خۆڕێكخستنەوەن بۆ ئەنجامدانی كردوەی چەكداری و تیرۆریستی".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "لەم سنورەی ئێمەدا چەكدارانی داعش لەلایەن گوندنشینە عەرەبە سوننیەكانەوە هاوكاری دەكرێن و داڵدەیان دەدەن، بەزۆری لەگوندەكانی ئومحنتەو ئیسلاح، حسێنیە، دەمێننەوە".

مەردان چاوشین، لێپرسراوی میحوەری 2ی  قەرەتەپەی حەمرینی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:لەماوەكانی رابردووا داعش مەترسی زۆر بۆ سەر قەزای كفری دروستكردبوو، بەڵام لەئێستادا دوای ئەنجامدانی دوو ئۆپراسیۆن لەو سنورانەدا مەترسییەكان نەماون و  شوێنی مانەوەیان نەماوە".

ئەوەشی وت، "داعش بەگشتی لەم سنورە نامێننەوە بەڵكو بەشێوەی گەڕۆك هاتوچۆ دەكەن و دەگەڕێنەوە بۆ سنوری دەریاچەی حەمرین".

ئاشكراشیكرد: "چەكدرانی داعش لەلایەن شوانكارە عەرەبەكانەوە هاوكاری دەكرێن بۆیە لەسنورەكە ماونەتەوە، لەئێستادا لەگەڵ سوپای عێراق هەماهەنگیمان هەیە بەو ئامانجەی بۆشاییە ئەمنییەكان  پڕكەینەوە و  لەم رۆژانەشدا بەهاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئۆپراسیۆنمان ئەنجامدا".

هاوكات جەماڵ وارانی، فەرماندەی لیوای 144ی هێزەكانی پێشمەرگە لەسنوری ناحیەی زینانە، بەهاوڵاتی وت: " ژمارەی چەكدارانی داعش زۆر نیە لەو سنورەی ئێمەدا كەنزیكەی 20چەكدار دەبن، بەڵام لەماوەكانی رابردوودا ناوبەناو هێرشیان ئەنجامدەدا، یان خەڵكیان دەفڕاندو دواتر بەبڕە پارەیەك ئازادیان دەكرد".

باسی لەوەشكرد: "نزیكەی مانگێك دەبێت جموجوڵەكانیان زیادیكردوەو خەریكی خۆڕێكخستنەوەن، هەرچەندە لەڕابردودا شوێنی مانەوەیانمان لەناوبردووەو  ئۆپراسۆنی باشمان كردووە، بەڵام بەماتۆرسكیل دێن و دەچن و ئەو ناوچانەی كەهاتووچۆی تێدادەكەن ناوچەیەكی سەختە، هەربۆیە تائێستا توانیویانە بمێننەوە لەو سنورانەدا" و وتیشی: هێزەكانمان لەناوچەكەدا هەمیشە لەئامادەباشیدان و ئارامی سنورەكە دەپارێزین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار