وشكەساڵی روواندنی برنج لەگەرمیان بۆ 40% دادەبەزێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



نیگار عومەر

ماوەی دوو ساڵە كشتوكاڵی گەرمیان لەبەر ناوچەكانی رێگری لەچاندنی برنج دەكات لەناوچەكەدا، ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ وشكەساڵی و كەمی ئاوی رووباری سیروان و رەوانەكردنی ئاوەكە بۆ ناوچەكانی خانەقین و دیالە، ئەم هۆكارەش وایكردووە بەرهەمی برنجی ناوچەی گەرمیان بۆ زیاتر لەنیوە كەمبكات، بەنموونە لەگوندی بانیخێڵان رێگە بەڕوواندنی لەسەدا 40ی ساڵانی رابردووی برنج دراوە، جوتیارانیش دەڵێن:» حكومەتی هەرێم رێگریمان لێدەكات بەڵام پشتیوانیمان ناكات»، حكومەت بڕیاریداوە بڕێك پارە بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشەكەساڵی لەگەرمیان تەرخان بكرێت بەڵام هیچ بڕە پارەیەك لەو بڕە نەگەیشتووەتە گەرمیان.

چاندنی برنج لەمانگی شەشەوە دەستپێدەكات و لەناوەڕاستی مانگی 10وە دەدورێتەوە، گوندی بانیخێڵان یەكێكە لەو گوندانەی كەجۆرێك برنجی بەناوبانگی  تێدا بەرهەم دەهێنرێت و ئەم بەرهەمەش بەهۆی كەمئاوی و  رێگری لەچاندنی زیاد لەنیوەی بەرهەمەكەی كەمیكردووە.

سیروان محەمەد، جوتیاری گوندی بانیخێڵان سەر بەقەزای دەربەندیخان بەهاوڵاتی راگەیاند:» لەسنوری گوندی بانیخێڵان لەمانگی شەشەوە دەستدەكەین بەچاندنی برنج كەجۆرە برنجێكی بەناوبانگە لەهەموو كوردستان و بەبرنجی (خڕی نەگازە) ناسراوەو تایبەتمەندی جیاوازە لەهەندێ لەناوچەكانی دیكە، ئەویش بەهۆی شوێنی جوگرافیاو ئاوی ناوچەكەوەیە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی كەمئاوییەوە لەلایەن كشتوكاڵەوە ڕێگەنادەن هەموو جوتیارەكان وەك ساڵانی رابردوو برنج بچێنن،  وتیشی: « ئێمە نزیكەی 80 جوتیار دەبین ئێستا رێگەیان بە 30 جوتیار داوە برنج بچێنن، ئەویش بەبیانوی ئەوەی كە ئاو كەمبووەتەوەو برنجیش یەكێكە لەو بەرهەمانەی ئاوی زۆری دەوێت».

ئەو جوتیارە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: « ساڵانی رابردوو نزیكەی 200 تۆن برنجمان بەرهەمدەهێنا بەڵام دوو ساڵە بەهۆی كەمئاوییەوە نزیكەی 80 تۆن بەرهەم دێت كەزیاد لەنیوە كەمیكردووەو حكومەتیش هیچ هاوكاریەكمان ناكات نە لەڕووی سەمادەوە نە لەڕووی ئامێرە كشتوكاڵیەكانەوە ئەمەش وایكردووە زۆربەی كات خەرجیەكانمان زیاتر بێت لەداهات».

حكومەتی هەرێم لەماوەكانی رابردوودا بڕیاریدا كە بڕە پارەیەكی دیاریكراو بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی بۆ گەرمیان دابین بكات، بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەك لەو بڕە نەگەیشتووەتە دەست كشتوكاڵی گەرمیان.

شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان لەو رووەوە بۆ هاوڵاتی دواو رایگەیاند: «بەهۆی وشكەساڵیەوە ناوچەی گەرمیان رووبەڕووی زیانی زۆر بووەتەوە بەتایبەت ئەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەی كەپشت بەئاوی باراناو دەبەستێت، لەنێو بەرهەمی هاوینەشدا بۆ ماوەی دوو ساڵە بەهۆی كەمئاوییەوە لەسنوری گەرمیان رێگریمان كردووە لەچاندنی برنج هەرچەندە ئەمە زیان بەبەرهەمی جوتیاران دەگەیەنێت، بەڵام ناوچەكانی خانەقین و پاێزگای دیالە رووبەڕووی كەمی ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە بۆیە بەناچاری وامانكردووە چاندنی برنج كە ئاوی زۆر دەوێ نەهێڵین بچێنرێت».

 

وتیشی:  «بۆ هاوكاریكردن و قەرەبووكردنەوەی جوتیاران لەزیانەكانی وشكەساڵی داوای (10) ملیار دینارمان كردووە لەوەزارەتی كشتوكاڵ، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ بڕە پارەیەكمان بۆ ئەو مەبەستە بۆ  نەهاتووە».

روونیشیكردەوە: «ساڵانە لەسنوری گەرمیان نزیكەی چوار هەزار دۆنم زەوی دەكرا بەبرنج بەڵام لەئێستادا نزیكەی 70 لەسەد، رێگریمان كردووە لەچاندنی برنج بەتایبەت ئەو زەویانەی كەسود لەئاوی پرۆژە ئاودێریەكان دەبەستن، وە بۆهاوكاری كردنی ئەم جوتیارانە هەمو ناوكانمان ناردوە بۆ سەروی خۆمان تا هاوكاری بكرێن تا ئێستا هیچ وەڵامێكمان بەدەست نەگەیشتووە».

 

«جوتیاران: پێیانوایە حكومەت پلانی نیە بۆ پەرەدان بەكەرتی كشتوكاڵ»

 

شەعبان كوڵەجۆیی، جوتیاری سنوری گەرمیان بۆ هاوڵاتی باس لەوە دەكات،» بەهۆی وشكەساڵیەوە تووشی زەرەرو زیانێكی زۆربووین وای لێهاتووە هەر بەرهەمێك دەچێنین بەشی تێچووەكەی ناكات و لەگیرفانی خۆمان پارەی تێدا خەرج دەكەین».

وتیشی،» حكومەت هیچ پشتیوانیەكی جوتیاران ناكات و نرخی پێداویستیەكانیش لەبازاڕدا گرانن، جوتیار جگە لەوەی كەهاوكاری ناكرێت، دوو ساڵە سنوری ناحیەی كۆكس كەنزیكەی 35 گوندە بەهیچ شێوەیەك رێگەمان پێنادرێت برنج بەرهەمبهێنرێت بەبیانوی ئەوەی كە ئاو كەمبووەتەوە».

وتیشی: «حكومەت هیچ پلانێكی نیە بۆ كەرتی كشتوكاڵ، چونکە ئاوی رووباری سیروان بەشی ناوچەكانی دیالەو ئێمەش دەكات، بەڵام لەئێستادا زۆربەی زۆری ئەو گوندانەی كەدەكەونە خوارووی ناحیەی كوڵەجۆوە جۆگە ئاوەكانیان لێبڕاوەو رەوانەی پارێزگای دیالە دەكرێت «.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار