دۆخی سیاسی عێراق رووبەڕووی چەقبەستن دەبێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لایەنە ناكۆكەكانی عێراق تائێستا لەسەر میكانیزمێك بۆ چارەسەری دۆخی سیاسی رێكنەكەوتوون، سەدر پێداگیری لەسەر داواكارییەكانی خۆی دەكاتەوەو لەبەرامبەریشدا چوارچێوەی هەماهەنگی رازی نییە بەداواكارییەكانی سەدر، هەوڵە نێوەندگیریەكانیش  نەیتوانی عێراق لەدۆخی چەقبوستوو رزگار بكات.

هەرچەندە لەماوەكانی رابردوودا چ نەتەوەیەكگرتووەكان لەڕێگای (جێنین پلاسخارت)ی نوێنەریەوە لەعێراق و (هادی عامری) سەركردەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەری و كۆبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ لایەنەكان ئەنجامدرا، بەڵام لەئێستادا وادەردەكەوێت دۆخەكە چەقی بەستبێت و هیچ بەرەوپێشەوەچوونێك نەبینرێت.

هێشتا سەدرییەكان لەسەر مەرجەكانی خۆیان سوورن كەئەویش هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی دووبارە هەڵبژاردن و گۆڕینی سیستەمی سیاسی و دەستورە، هیچ سازشێكیان لەو رووەوە بۆ بەرامبەرەكانیان نەكردووەو راشیانگەیاندووە تاجێبەجێكردنی داواكانیان بەردەوام دەبن لەسەر خۆپیشاندان و مانگرتن.

لەبەرامبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی كەئێستاو دوای كشانەوەی سەدرییەكان زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنن، بەپێی زانیارییە میدیاییەكان لەوەڵامی موقتەدا سەدر بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە چوار مەرجی سەرەكییان داناوە تاڕازی بن بەو پێشنیارە كە ئەوانیش بریتین لەپێكهێنانی حكومەتی راگوزەر، كەدەبێت لەناو پەرلەمانی  عێراقەوە هەڵبژاردنی بۆ بكرێت و نابێت كازمیش سەرۆكایەتی بكات، هاوكات یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوەو دەستەی كارگێڕی كۆمسیۆنیش بگۆڕدرێت، دواتر گفتوگۆی نیشتمانی ئەنجامبدرێت.

هەرچی لەبارەی هەوڵەكانی (هادی عامری)یەوە هەیە دوای سەردانیكردنی لایەنە سیاسییەكان، تائێستا جگە لەو بەیاننامەو راگەیەندراوانەی دەرچوون، تائێستا هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ جێبەجێكردنی بیرۆكەكان نەنراوە.

(توركی عەتبی) سەركردە لەچوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت: سەردانەكانی عامری بۆ لای ١٠ لایەنی سیاسی جیاواز زیاتر بۆ یەكخستنی هەوڵەكان بووە بۆ كۆتاییهاتنی قەیرانی سیاسی عێراق.

ئەو سەركردەیە راشیگەیاند: هەمووان لەسەر سێ خاڵی سەرەكی كۆكبوون پێش ئەوەی هیچ هەنگاوێك بنرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن كە ئەوانیش پێویستە بەپێی رێكارە دەستورییەكان بێت ئەویش لەڕێگای ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، واتە دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوە فەرمییەكانی پەرلەمان، هاوكات درووستكردنی حكومەتێك كەبتوانێـت قەیرانەكان چارەسەربكات و سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، هاوكات یاسای كۆمسیۆن و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەپێی روئیایەك بێت كەدادپەروەری تیادا رەچاوبكرێت.

لەو نێوەندەداو لەنێوان پێداگری رەوتی سەدرو كۆڵنەدانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ وازنەهێنان و دەستبەردارنەبوونیان لەداواكانیان، لەنێوان داواكاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و كۆبوونەوەی پەرلەمان لەدەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان، بەپێی زانیارییە میدیاییەكان باس لەهەبوونی جۆرێك لەسەفقەی سیاسی دەكرێت ئەگەر بێت و سەربگرێت ئەوا هاوكار دەبێت بۆ چارەسەری تەنگژەی سیاسی لەعێراقدا.

بەپێی ئەو سەرچاوانە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ داڕشتنی سەفقەیەكی سیاسی كەداواكارییەكانی رەوتی سەدر لەخۆبگرێت لەدووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن ئەویش دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، ئەو لایەنانە دەیانەوێت بڕوا بەسەدرییەكان و چوارچێوەی هەماهەنگی بهێنن كە بەرەو چارەسەری دۆخەكە بڕۆن بۆ ئەوەی لەدەست دەرنەچێت، هاوكات ئەو سەرچاوانە بڕوایان وەهایە لەدوایین ساتدا مەرجەعیەتی نەجەف دەستوەردان لەدۆخەكەدا دەكات.

ئەمە لەكاتێكدایە رەوتی سەدر رایگەیاندووە كەهەندێك لایەن لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنن، هاوكات داوای رووبەڕووبوونەوەی تەلەفزیۆنی راستەوخۆ لەسەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات، رەتكردنەوەی هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەكی وەهاش لەلایەن ئەو سەركردانەوە بەترس و رسوایی ئەو كەسانە دەزانێت كەگەندەڵن، لەبەرامبەریشدا (حەنان فەتلاوی) سەركردەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەیی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەلەفزیۆنی دەربڕی بەو مەرجەی دوای بەرنامەكە ژیانی پارێزراو بێت.

لەبارەی دەرئەنجامی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانیش بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانەكە، هەرچەندە هەمووان لەسەر دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن كۆكبوون، بەڵام لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دروستكردنی حكومەتێك بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەكە بۆچوونەكانیان جیاوازبوو.

(یونس جەواد) چاودێری سیاسی بەڕۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمی حكومەتی عێراقی راگەیاندووە: هەڵبژاردنی پێشوەختە پێدەچێت بیرۆكەیەكی لۆژیكی بێت، بەڵام رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە لەكاتی جێبەجێكردنداو لەدۆخی ئێستاشدا زۆربەی لایەنەكان لەسەری ناكۆكن، بەتایبەت پێویستی بەدەنگدانی پەرلەمانە لەسەری، پەرلەمانی ئێستاش دوای پاشەكشەی سەدرییەكان بەدەست چوارچێوەی هەماهەنگیەوەیە.

دەربارەی رای پسپۆڕانیش لەسەر دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، لەلێدوانێكیدا سەربەست ئامێدی، سەرۆكی پێشووتری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت:»دوو كێشە هەن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن ئەگەر بێت و دووبارە ئەنجامبدرێتەوە كێشەی یەكەم ئەوەیە كەئایا ئەم حكومەتەی ئێستا هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات یان حكومەتێكی نوێ پێكدێت، ئەمەیان چوارچێوەی هەماهەنگی رازی نین حكومەتی ئێستا هەڵبژاردن بەڕێوەببات، كێشەی دووهەم سیستەم و شێوازی هەڵبژاردنەكانە، رەوتی سەدر لەگەڵ سیستەمی ئێستای هەڵبژاردنەو لایەنی بەرامبەر داوای گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن دەكات بۆ سیستەمی ژماردنەوەی دەستی».

لەشەقامی عێراقیدا ئەوەی ئێستا بووەتە پرسیاری گرنگی بەشێكی زۆری هاووڵاتیان ئەوەیە ئایا دووبارە هەڵبژاردنەوەی پەرلەمان چی لەدۆخەكە دەگۆڕێت؟ ئایا نەخشەی سیاسی هەروەك ئێستا دەمێنێتەوە یاخود نا؟ ئەو بودجە زەبەلاحەی بۆ هەڵبژاردن تەرخاندەكرێت بۆ گەشەپێدان و باشتركردنی دۆخی ئابووری هاووڵاتیان تەرخانبكرێت باشتر نییە؟ هەموو ئەم پرسیارانەش لەكاتێكدایە زۆرینەی هاووڵاتیانی عێراقی كەبەشداری هەڵبژاردنی پێشوویان نەكردووە لەئێستادا لەو نێوەندەدا وەك تەماشاكارێكیان لێهاتووە كەتەماشای هەردوو لایەنی ناڕازی دەكەن و چاوەڕێن بزانن ئەنجامی ململانێكانیان بەكوێ دەگات.

بەبڕوای چاودێرانی سیاسیش هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا قورسە، لەهەمووشی گرنگتر بڕواهێنانە بەشەقام لەسەر گرنگی دووبارە هەڵبژاردنەوەی پەرلەمان چونكە وەك لەپێشووتردا دەركەوت شەقام بایكۆتی هەڵبژاردنی كردبوو، ئەم بڕواپێهێنانەش كاتێكی زۆری دەوێت.

(عەلی بەدیر) چاودێری سیاسی بڕوای وایە لەم قۆناغەدا باشتروایە هەردوو لایەنی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی خاڵێكی هاوبەش بدۆزنەوە، چونكە هەردوولایان بەدوو ئاراستەی جیاوازدا دەڕۆن، سەدر ئارەزووی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات، لەكاتێكدا چوارچێوەی هەماهەنگی داوای دروستكردنی حكومەت دەكات بەچەند ئەركێكی دیاریكراوەوە كە یەكێكیان هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.

دەربارەی ئەو رەخنانەش كە لەدەسەڵاتی دادوەری دەگیرێت بەوەی نەیتوانیوە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات لەسەر چارەسەركردنی قەیرانی یاسایی و دەستووری پرسەكانی هەڵبژاردن و پەرلەمان، فایق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری تەئكیدیكردەوە لەسەر گرنگی گرتنەبەری چوارچێوەی دەستووری و یاسایی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كە دادگا بەهەمان دووری لەهەموانەوە دەوەستێت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار