زەوی شاری مامۆستایانی دهۆك دەكرێتە پرۆژەی بازرگانی

2 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

ماوەی زیاتر لە  10 ساڵە مامۆستایانی دهۆك چاوەڕوانی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونن، لەكابینەكانی رابردوودا حكومەتی هەرێم پێكەوە بڕیاری دروستكردنی سێ شاری نیشتەجێبوونی بۆ مامۆستایان دەركرد، پرۆژەكانی هەولێرو سلێمانی تەواوبوون، بەڵام تائێستا پرۆژەی دهۆك دەستی پێنەكراوە، ئەو زەویەی بۆ پرۆژەكە تەرخانكرا دواتر دراوە بەبازرگانان بۆ پرۆژەی بازرگانی، یەكێتی مامۆستایان دەڵێت:»ئیدارەی پێشووی پارێزگای دهۆك هاوكارنەبوون و بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆك دژایەتی پرۆژەكەیان كرد، هەوڵیاندا كۆمپانیەكە پرۆژەكە جێبەجێ نەكات»، مامۆستایەكیش پێیوایە ئەگەر بێدەنگی مامۆستایان نەبووایە پرۆژەكە ئاوا لەبەین نەدەچوو.

 عەوام ئیبراهیم، مامۆستایە لەپارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت: «من لە 2012وە مامۆستام، زیاتر لە 10 ساڵە چاوەڕێی حكومەت دەكەین شاری مامۆستایان دروستبكات، مووچەی ئێمە كەمەو بەشی خەرجی ماڵ و منداڵ ناكات و بەو مووچەیە هەرگیز ناتوانین شوێنێكی نیشتەجێبوون بكڕین، نازانم جیاوازی ئێمە لەگەڵ مامۆستایانی هەولێرو سلێمانی چیە، بۆچی پرۆژەكەی ئەوان تەواوبوو ئێمەش هەر لەچاوەڕوانیداین».

«داوا لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین پەلەبكەن لەجێبەجێكردنی پرۆژەكە، چونكە سەدان مامۆستا  لەسنوری پارێزگای دهۆك لەخانوو و شوقەی بەكرێدان« عەوام ئیبراهیم وای وت.

محەمەد بامەڕنی، مامۆستایە لەپەروەردەی رۆژهەڵات لەناوەندی شاری دهۆك باسی تەواونەكردنی شوقەی مامۆستایانی لەپارێزگای بۆ  هاوڵاتی كردو وتی: « ستەمێكی روون و ئاشكرا لەئێمە كراوە، لەدهۆك شوێنی گۆنجاو بۆ دروستكردنی شاری مامۆستایان هەیەو هیچ بیانوویەك بۆ دواكەوتنی پڕۆژەكە نیە، داواش لەیەكێتی مامۆستایان و وەزارەتی پەروەردە دەكەین چارەنووسی ئەم پرۆژەیەمان بۆ یەكلایی بكاتەوە».

مامۆستا محەمەد وەك خۆی ئاماژەی بۆ كرد حەوت ساڵە كرێچیەو لەتوانایدا نیە شوقە یان خانوو بكڕێت، ئەو دەڵێت:» بۆچی بەرپرسان هەرزوو پرۆژەی شاری مامۆستایانیان لەهەولێرو سلێمانی تەواوكرد، بەڵام پرۆژەكەی دهۆك هەر جێبەجێ نەكرا، ئێمەش  مافی خۆمانە شوقە یان خانوویەك بەقیستی درێژخایەن وەربگرین».

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەهاوڵاتی رایگەیاند:»ئەنجومەنی وەزیران لەكابینەی شەشەم ، فەرمانی دەركرد بۆ دروستكردنی سێ شاری مامۆستایان لەهەریەك لەپارێزگاكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی، لەساڵی 2012 دەستمانكرد بەجێبەجێكردنی پرۆژەی شاری مامۆستایانی سنوری پارێزگای هەولێر، دواتر لە 2014 پرۆژەی شاری مامۆستانی سنوری پارێزگای سلێمانی، لەپاشان و لەساڵی  2019 بۆ مامۆستایانی سنوری قەزای كەلارو دەوروبەری».

وتیشی: «ئیدارەی پارێزگای هەولێرو سلێمانی زۆر لەگەڵ ئێمە هاوكاربوون لەهەمانكاتدا هەماهەنگیەكی زۆر باش لەنێوان ئێمەو بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان لەهەردوو پارێزگاكەدا هەبوو، بۆیە پرۆژەكانی ئەو دوو پارێزگایە تەواوبوون، لەپارێزگای هەولێر هەزارو 13 یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر مامۆستایاندا دابەشكران، كەئەویش خانوو و شوقە بوون بەقیستی 100 مانگ و بەنرخێكی گونجاو».

«لەسلێمانیش تەواوبووەو ژمارەی شوقەكانی نزیكەی هەزار و 850 شوقەیە بەقیستی 100 بۆ 110 مانگ و دابەشكرا، پرۆژەی شاری مامۆستایانی كەلاریش سەرووی 60%ی پرۆژەكە تەواو بووەو ئیشكردن لەپرۆژەكە بەردەوامە « ئەحمەد گەرمیانی وای وت.

هاوكات عومەر عەلی تەها، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت:« ئەم بابەتە پەیوەندی بەیەكێتی مامۆستایانەوە هەیە، نازانین هۆكارەكانی دواكەوتنی پرۆژەكە چین، پەیوەندیمان بەو پرسەیە نیە».

فەلاح حەجی حەسۆ بەرپرسی بەشی راگەیاندن لەبەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان لەدهۆك بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: « ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010 ئەوكات پارچە زەویەك بۆ دروستكردنی شاری مامۆستایانی دهۆك لەلایەن حكومەتەوە دابینكراوە، دوای ئەوە لەساڵی 2012 پرۆژەكە راگیرا بەهۆی چەند هۆكارێك، دواتر شەڕی داعشی بەسەرداهات ، حكومەت پێویستی بەو پارچەزەویە بوو بۆ ژمارەیەك پرۆژە، دیارە ئەوكات جارێكی تر زەویەكان دابەشكران، بۆیە ئەو گۆڕانكارییە دروستبووە ، ئێستا ئەو پارچەزەویە نەماوە.

«مامەڵەكانی شاری مامۆستایانی دهۆكمان بەرێوە بردووە، هیچ دژایەتی پرۆژەكەمان نەكردووەو هاوكاریش بووین، دەرگای ئێمە كراوەیە بۆ یەكێتی مامۆستایان، بەڵام ئێمە ناتوانین هیچ پارچەزەویەكیان بۆ دابین بكەین، دەبێت حكومەت زەوییان بۆ دابین بكات و  دواتر ئێمەش مامەڵەكانیان بەڕێوەدەبەین» فەلاح حەجی حەسۆ وای وت.  

بەڵام ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان دەڵێت: «بەداخەوە ئیدارەی پێشووی پارێزگای دهۆك بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئێمە هاوكارنەبوون، لەهەمانكاتدا بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆكیش بەهەمان شێوە هیچ هاوكارنەبوون و دژایەتی پرۆژەكەیان كرد، هەوڵیاندا كۆمپانیەكە پرۆژەكە جێبەجێ نەكات ئەوەش بەبیانووی هەبوونی چەند تێبینیەك لەسەر كۆمپانیاكە، ئەمە لەكاتێكدایە هەمان كۆمپانیا پرۆژەی شاری مامۆستایانی هەولێرو سلێمانی بەڕێكوپێكی تەواوكرد».

روونیشیكردەوە: « ئەو زەویەی كەپێشتر بڕیاربوو شاری مامۆستایانی دهۆكی لەسەر دروستبكرێت دواتر درا بەسێ بازرگان تاوەكو پرۆژەی بازرگانی لەسەر دروستبكەن، چەندین جاریش سەردانی بەرێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆكمان كردووە تازەویەكی تر دەستنیشان بكرێت بۆ دروستكردنی شاری مامۆستایان، بەداخەوە تائێستا هیچ پارچەزەویەك بۆ شاری مامۆستایانی دهۆك دابین نەكراوەو  هیچ نیەتێكیش نیە پرۆژەكە دروستبكرێت، وتیشی: «ئەوان بەردەوام دەبن لەبەدواداچوون بۆ پرۆژەكە، چونكە مافی مامۆستایانی دهۆكە ئەوانیش شوقە بەنرخێكی گونجاو وەربگرن».

ژمارەی مامۆستایانی هەرسێ پارێزگا بەبێ مامۆستایانی وانەبێژ بەم شێوەیەیە، پارێزگای دهۆك 28 هەزار، پارێزگای هەولێر نزیكەی 35 هەزار، پارێزگای سلێمانی نزیكەی 32 هەزار مامۆستان.

جەمبەد شوكری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك سەبارەت جێبەجێنەكردنی پرۆژەكە، بەهاوڵاتی راگەیاند:» بەپێی ئەو دەستەڵاتەی هەمانە بەدواداچوونمان بۆ پرۆژەی شاری مامۆستایان كردووە، لەگەڵ پارێزگاری دهۆك و وەزیری پەروەردە تاووتوێی پرۆژەكەمان كردووەو داوامانكردوە ئەم یەكانە بۆ مامۆستایان دروستبكرێت».

وتیشی: «لەئەنجامی بەدواداچوونەكانمان ئەوەمان بۆ دەركەوت كە بەرپرسانی دهۆك دەیانەوێت شاری مامۆستایان  لەشوێنێكی گونجاو بەكوالێتیەكی باش دروستبكرێت، هەروەها ئەو كێشەو كەموكورتیانەی لەپرۆژەكانی شاری مامۆستایانی هەولێرو سلێمانی كراوە بۆ شاری مامۆستایانی دهۆك دووبارە نەبێتەوە، بۆیە دروستكردنی پرۆژەكە دواكەوتووە».

هەر سەبارەت بەدروستنەكردنی شاری مامۆستایان لەدهۆك، لەتیف ئەمین، كەمامۆستایە لەپەروەردەی قەزای بەردەڕەش بەهاوڵاتی وت: «گومان لەوەدا نییە، بارودۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان لەسنوری پارێزگای دهۆك باشتر نییە لەمامۆستایانی پارێزگاو شوێنەكانی تر، پێموایە هۆكارەكە نەبوونی فشاری مامۆستایانە بۆ سەر لایەنەكانی پەیوەندیدار بۆ ئەم بابەتە، رەنگە یەكێتی مامۆستایانیش لێرە وەكو پێویست خەم لەمەسەلەكە نەخۆن و تائێستا بەجددی داوایان نەكردبێ، بۆیە پرۆژەكە دەستی پێنەكردووە».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار