كۆمەڵناسێك: دەبوایە زووتر بڕیاری پاكێجی خێزانی بدرێت

ئەندازیارێكی بواری IT: باشترە سانسۆركردنی ماڵپەڕەكان ئارەزوومەندانە بێت

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

دوای ئەوەی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 18-8-2022 رایگەیاند كە بۆ پاراستنی بەهاكانی كۆمەڵگای كوردی دەبێـت كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت (پاكێجی خێزانیان) هەبێت كەتیادا بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە چەند بابەتێك فلتەرو بلۆك كراوە، شارەزایەكی بواری ئایتیش باس لەوەدەكات، كە سانسۆركردنی ئەو جۆرە بابەتانە پێویستی بەبڕیاری وەزارەت نییە، هاوكات كۆمەڵناسێك پێیوایە ئەمە بڕیارێكی تەندروستە و كاتەكەشی زۆر دواكەوتووەو دەبووایە ساڵانێكی زووتر ئەو بڕیارە بدرایە.

بەپێی وتەی ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێم ئەو ماڵپەڕو ئەپڵیكەیشنانەی كەئەم بڕیارە دەیانگرێتەوەو فلتەرو بلۆك دەكرێن ئەمانەن:(سوكایەتی بەئایین و پێغەمبەرو كتێبە ئاسمانییەكان و گشت  ئاینەكانی كوردستان، تێكدانی ئاسایشی پێكەوەژیان و كۆمەڵگاو بڵاوكردنەوەی رق و توندوتیژی و دووبەرەكی، بابەتی پۆرۆنۆگرافی یان ماڵپەڕە سێكسییەكان، فرۆشتن و كڕینی چەك و تەقەمەنی، قومارو دراوی ئەلیكترۆنی بەهەموو جۆرەكانیانەوە، هاندان و ریكلام بۆ جگەرەو خواردنەوە كحولییەكان، سەرجەم بابەتی ماددە هۆشبەرەكان، هاندانی توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان، توندوتیژی دژی ئاژەڵان).

وەزیری گواستنەوە راشیگەیاند پێویستە كۆمپانیاكان لەڕێكەوتی دەرچوونیەوە تامانگێك بڕیارەكە جێبەجێبكەن، هاوكات ئاماژەی بەوەشكرد ئەم بابەتە پەیوەندی بەئازادی تاكەكەسیەوە نیەو هاووڵاتی خۆی سەرپشكە لەبەكارهێنانی یان نەهێنانی ئەم جۆرە بابەتانە.

لەبواری (ئای تی)یەوە، بڵند باقی، ئەندازیاری ئەو بوارە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: حكومەت دەتوانێت لەگەڵ كۆمپانیاكان رێكبكەوێـت كەپێویست بەوە نەكات ماڵەكان جیهازەكان بگۆڕن و خۆی ئەو جۆرە ماڵپەڕانە بوەستێنرێت لەسەر جیهازەكان، بەڵام لەم كاتەدا كۆمەڵێك بەشداربووی هێڵە ئینتەرنێتییەكان لەو كۆمپانیایانە دەكشێنەوە لەبەرئەوەی هەندێ كەس ئینتەرنێتی كڕیوە دەیەوێت بەهەموو شێوازێك  بەكاریبهێنێت.

وتیشی: كۆمپانیاكان قەدەغەكردن و سانسۆركردنی ئەو ماڵپەڕانە بەشێوەی ئارەزوومەندانە لەسەر داواكاری  بێت باشترەو هەركەسێك كەمێك شارەزایی لەبواری ئایتیدا هەبێـت خۆی دەتوانێـت ئەو جۆرە ماڵپەڕانە لەئامێرەكەیدا قەدەغەبكات.

ئالان عەبدوڵا، سەرۆكی بەشی بازرگانی لەیەكێك لەكۆمپانیاكانی ئینتەرنێت لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: كۆمپانیاكەی ئێمە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە پاكێجی هاوڕێی خێزانیمان هەیەو  لەئێستاشدا بەشداربوویەكی زۆر ئەم پاكێجە بەكاردێنن و ئەم بڕیارە بەنسبەت ئێمەوە نوێ نییە.

ئالان عەبدوڵا، ئەوەشی خستەڕوو كە پابەندی رێنماییەكانی وەزارەت دەبین بەهەموو وردەكارییەكانەوە، هاوكات قەدەغەكردن و سانسۆركردنی ئەم جۆرە ناوەڕۆكانە كارێكی باشەو هەروەها هەموو ناوەڕۆكێك كڕیاری خۆی هەیە و كڕیارەكانیش حەزو خولیایان جیاوازەو بەئارەزووی خۆیان هەر پاكێجێكیان بوێت ئەوە بەكاردێنن و هەبوونی ئەم جۆرە پاكێجانە سوودی بزنسی هەیە چونكە هاووڵاتی هەموو جۆرە ناوەڕۆكێكی پێویستەو وەكو بزنس كاریگەری خراپی نابێت.

لەڕووی كۆمەڵناسییەوە (هێمن ئەمین)ی كۆمەڵناس لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: بێگومان ئەم بڕیارە بڕیارێكی تەندروستەو كاتەكەشی زۆر دواكەوتووەو دەبووایە ساڵانێكی زووتر بدرایە. وتیشی: ئەگەر بێتو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێناسە بكەین، بریتییە لەو كۆمەڵگا گریمانەیەی كەخولیاكانی گەنجی تێدا بەدیدێت، لەبنەڕەتدا دوو جۆر كۆمەڵگا هەیە كۆمەڵگای حەقیقی، كەئەو كۆمەڵگایەیە كەتیایدا دەژین  لەگەڵ`  كۆمەڵگای گریمانەیی واتە دنیایەكی خەیاڵی و لەم دنیا خەیاڵیەدا هەموو شتێك بۆ گەنجان دابینكراوە كەیەكێك لەپێداویستە سەرەكیەكانی ئینسان بریتییە لەپێداویستییە فیسۆلۆژیەكان و پێداویستییە سێكسییەكان یان پێداویستییە رۆحیەكان، بۆیە لەم دنیا گریمانەیەدا بەشێوازێكی بێسنوور ئەمە دابینكراوە، ئەمە وایكردووە كەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خراپ بەكاربهێندرێت.

هێمن ئەمین باسی لەوەشكرد قەدەغەكردنی ئەم جۆرە ماڵپەڕو بابەتانە بەشێوەیەكی رەهایی باشترەو قەدەغەكردنی ئازادی نییە چونكە ئایندەی گەنج و كۆمەڵگا گرنگترە لەو ئازادییەی كەر لەتاكەكانی كۆمەڵگا دەشێوێنێت و ئەوانەی پەنا بۆ ئەو بابەتانە دەبەن دواتر بەشێوەیەكی ناتەندروست مامەڵە دەكەن لەكۆمەڵگاداو ئازادی تاكەكانی دیكەش دەشێوێنن و هەر بەو هۆیەشەوە لەئێستادا دەستدرێژی سێكسی و خیانەتی هاوسەرگیری لەكوردستاندا زۆربووەو كاریگەری لەسەر ئاسایشی خێزان دروستكردووەو ئاسایشی خێزان لەكوردستاندا بەرەو پەرتەوازەبوون دەچێـت و بەتێكچوونی ئاسایشی خێزانیش ئاسایشی كۆمەڵگاش تێكدەچێت.

هاوكات، عەبدوڵا مەلا سەعید گرتكی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەئێستادا دەبینین وەزارەتی گواستنەوە بەئەركی خۆی هەستاوە لەپێناو پاراستنی بەها گرنگەكانی كۆمەڵگاو هەنگاوی دابینكردنی پاكێجی خێزانی زۆرگرنگەو بەناوی سەرجەم زانایانی ئاینی كوردستانەوە پشتگیری ئەم هەنگاوە دەكەین چونكە هۆكارێكە بۆ ئەوەی بەها ئەخلاقییەكانی كۆمەڵگا زیاتر پارێزراوبن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار