شەڕەکانی عێراق
2 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
لەیەک-کاتدا چەند شەڕێک لەعێراقدا بەڕێوەیە. بێگومان ئەم شەڕانە پەیوەندیدارو تێکەڵن، بەڵام نەبینینیان وەک شەڕی جیاواز کێشەی تێگەیشتن دروستدەکات بۆ سروشتی ململانێکانی عێراق. هەندێک شەڕ لەبونیادی دەوڵەتی عێراقدان. دوانەی دەوڵەت و شەڕ، دوانەیەکی کۆنە. بیرمەندی ناسراو چارلس تیللی دەربڕینێکی هەیە دەڵێت: شەڕ دەوڵەتی دروستکرد، دەوڵەتی شەڕ دەکات. یانی شەڕ دەبێتە هۆکاری دروستبوونی دەوڵەت و دەوڵەتیش پێویستی بەشەڕە یان توانای شەڕی هەیە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، ئەوەیە کە شەڕو دەوڵەت دوانەیەکی زۆر تێکهەڵکێشراون.
دەوڵەتی عێراق کەدروست دەبێت، لەسەر بنەمای شەڕی کەمینەیەک بەرامبەر زۆرینەیەک دروست دەبێت. رەنگە ئەمە سروشتی دەوڵەتی پاش-کۆلۆنیالیزم بێت، لەبەر هۆکاری زۆر. بۆ نموونە، کەمینەکان زیاتر دۆستی هێزە کۆلۆنیالیەکانن، ئاسانتر کۆنترۆڵ دەکرێن و هەروەها ناچارن کە پشت بەدەرەوە ببەستن بۆ هاوسەنگی لاسەنگی ناوەوە. پۆل برێمەر لە ٢٠٠٣ ئەم شەڕە کۆتایی پێدەهێنێت، بەوەی شیعە دەکاتە خاوەن حوکم. شیعەو زۆرینەو دیموکراسی تەبان لەگەڵ خیتابی دژە کۆلۆنیالی ئەمریکی. بەڵام ئەم شەڕە چەند نەریتێک لەهەناو سایکۆلۆجی گشتیدا دەچەسپێنێت. یەکەم، نەبونی باوەڕی گروپە جیاوازەکان بەیەکتر. دووەم، لەکاتی سەرکەوتنی هەر گروپێک، ئەو گروپە ناتوانێت بەئاسایی حوکم بکات، بەڵکو هەمیشە ترسی لەدەستدانی هەیە، بۆیە بەردەوام پەنا بۆ بەکاربردنی توندوتیژی دەبات بۆ یەکلاییکردنەوە. سێیەم. گروپە جیاوازەکان، تەنها خۆیان بەڵکو هەمیشە درێژکراوەی دەرەوەیان هەیە، بەتایبەتی لەدیدی لایەنەکانی تردا وەها دەبینرێن. گروپە بچوکەکان لە پرۆسەیەکی بەردەوامدا لەناوچوون، جولەکە، کریستیان، ئێزیدی، فەیلی و ئەوانیتریش.
ئەمڕۆ ئێمە لەناو ئاگردانی شەڕی شیعە شیعەداین. دیارە شەڕی کوردو عێراق با لەلاوە بوەستێت، کە پاڵنەرو هۆکاری شەڕخوازێتی دەوڵەتی عێراق و یاری شەترەنجی جیوپۆلەتیکی بووە.
شەڕی شیعە، شیعە، لەیەکەم رۆژەوە دەستیپێکرد، کاتێک موقتەدا عبدالمجید خوئی دەکوژێت. هەرزوو لێرەوە نوخبەی شیعە پەرت دەبن بۆ دوو بەرە. بەرەی نوخبەی دەرەکی بەرامبەر موقتەدا. موقتەدا وەک هەرزە، مناڵ، گۆج، وروژێنەری خەڵک و بێ دونیابینی دەبینرێت. ئەم سیفەتانە دەرفەتی ئەوەی پێدەدەن کە یاری لەگەڵدا بکەن و بە هێند یان مەترسی وەرینەگرن.
بەڵام شەڕی شیعە شیعە چاوەڕوانکراوبوو. شیعە پێکهاتەیەکی گەورەن، بەئاسانی ناتوانن خاوەن یەک دیدبن بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی عێراق، لەهەمانکاتدا هێزی سیاسی جیاوازن کەخاوەن بەرژەوەندی جیاوازن. بۆیە شەڕ لەسەر سامان و پاشان دروستکردنی پاساو بۆ ئەو شەڕە کارێکی چاوەڕوانکراوە. ئەمە بە تایبەتی لە چوارچێوەیەکی دینیدا دەگوزەرێت. دیارە دین بەرهەمی سیاسەتە. بەو مانایە ئەوە سیاسەتە دینی بەرهەمهێناوە [دیدنی شیعە زۆر بەزەقی بەرهەمی سیاسەتە] و سیاسەتیش دەتوانێت دینی نوێ بەرهەمبهێنێت. بەتایبەتی کاتێک عێراق وەها دەبینن کە دەبێت شیعی بێت. لەنێوان عێراق و شیعەدا ململانێیەکی ئاڵۆزی فرە چەشن بوونی هەیە. عێراق وەک دەوڵەت نەتەوە، لەگەڵ شیعە وەک گروپێک، دونیابینییەک، هێزێکی جیوپۆلەتیکی، خاوەن خواست و خەونی زۆر جیاوازن کە بەگشتی لەگەڵ بونیادی دەوڵەت نەتەوەیی عێراقدا یەکناگرێتەوە. سەرەتا کە ئەمریکاییەکان هاتن، مەرجەعیەتیان وەها دەبینی کە ناوەندێکی نیشتمانی بونیادنەرە، بۆیە بەدەگمەن نەبێت ڕەخنە لەپێگەی مەرجەع لەهەناو دەوڵەتدا بوونی نیە. مەرجەعی نەجەف، بەتایبەت سیستانی زۆر بە ئەرێیی بینراوە لەپرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت و نەتەوەی عێراقدا.
بەڵام لاوازبونی دەوڵەت و بەهێزی مەرجەع لەبەرامبەر دەوڵەتدا مەرجەعی زۆر بەهێزترکرد بەسەر دەوڵەتدا. بەجۆرێک مەرجەع خۆی زۆر باڵاترو پاکتر و پیرۆزتر دەبینت لە بەرامبەر دەوڵەتێکی هەتا سەر ئێسقان گەندەڵدا [سیستانی هیچ کەسایەتیەکی دەوڵەت نابینێت، بۆ نمونە]. باڵایی مەرجەع وەهایکردن کەململانێی دەوڵەت، نەتوانرێت لەبواری سێکیولاردا بمێنێتەوە، یانی ناتوانرێت دەوڵەتی عێراقی لەدونیابینی مەرجەع داببڕێت، بۆیە ئەوانەی کە دەیانەوێت دەوڵەت کۆنترۆڵ بکەن ئەوا دەبێت مەرجەعیەتیش لەپشتیان بێت. ئەمەش وەها دەکات کە شەڕی دەوڵەت و شەڕی مەرجەع، شەڕێکی پێکەوە گرێدراوبن. لەهەمانکاتدا کوردو سوننە دەبنە دوو لایەنی دەرەکی.
هەوڵی موقتەدا سەدر بۆ کۆنترۆڵی مەرجەع و دەوڵەتە، بەڵام نەیارەکانی نایانەوێت هیچ کام لەم دوانە کۆنترۆڵ بکات. ئەم رێگرییە وەها دەکات کە سەدر بەدوای مەرجەعێکی تردا بگەڕێت. ئەمە زۆر بەتایبەتی پاش وازهێنانی کازم حائیریی. حائیریی ناچارکرا کە وازبهێنێت، ئەمە بەزمانی نووسین و سروشتی بانگەشەکەی و داواکانییەوە دیارە. خودی حائیریی ئاڵۆزی پەیوەندی شیعەو دەوڵەتی عێراقیمان بۆ دەردەخات. حائیری ساڵانێکی زۆرە لەدەرەوەی عێراق دەژی، کوڕێکی لەڕیزی سوپای ئێرانیدا لەشەڕی عێراق و ئێراندا کوژراوە. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت کە چ پەیوەندییەکی ئاڵۆز لەنێوان حائیری و دەوڵەتی عێراقدا بوونی هەیە. جوڵەکەی حائیری هەنگاوێکی تر بوو لەهەنگاوەکانی نەیارەکانی سەدر بۆ ئەوەی سەدر نەتوانێت حوکم بگرێتە دەست.
ئایا شەڕەکانی داهاتوو چین؟
دوو شەڕ باڵدەکێشن بەسەر عێراقدا: شەڕی دەوڵەت و شەڕی مەرجەع.
شەڕی هەرە گەورە ئەوەیە کەئایا دەبێت عێراق چۆن حوکم بکرێت؟ ئەم شەڕە چەند ئاستە. یەکەم، شەڕ لەسەر سروشتی سیستەمی سیاسی عێراقی، شەڕ لەسەر دەستوری عێراقی، سێیەم شەڕ لەسەر بونیاد و شوناسی دەوڵەتی عێراقی.
بۆ تێگەیشتن لەجۆرو ئاراستەی ئەم شەڕانە دەبێت لەوە بنواڕین کەسیستەمی سیاسی ئێستا چۆن دەبینرێت. ئێستا وەها دەبینرێت کەدۆخێکی پشێویە، رێگەنادرێت کەس ببێتە خاوەن بڕیاری رەها، بۆیە لەئەنجامدا هیچ کارێک ناکرێت و هەموو بەشدارن لەحکومەت بۆ بردنی سامانی وڵات نەک بۆ کارکردن. ئەم دیدە بنەمای ئەوە دادەڕێژێت کە سیستەمی نوێ پێچەوانەی ئەم سیستەمە بێت. پێچەوانەی ئەم سیستەمە یانی سیستەمێکی ناپەرلەمانی و نافرەیی. لەدۆخێکی وەهادا لەبەردەم دوو بژاردەداین، یەکەم، سیستەمی نیمچە سەرۆکایەتی، وەک فەرەنساو میسر و تونس، یان سەرۆکایەتی وەک تورکیاو ئەمریکا. هەردوو سیستەمەکە بۆ کورد خراپن. سیستەمی سەرۆکایەتی یانی سەرۆک کەسێکی خاوەن دەسەڵاتی باڵادەبێت، بۆیە دەبێت لەلایەن خەڵکەوە راستەوخۆ هەڵببژێردرێت. بەمجۆرە سەرۆک هەمیشە چ وەک حەق و چ وەک دەرهاوێشتەی دیموکراسی شیعە دەبێت. ئەگەر نیمچە سەرۆکایەتی بێت، ئەوا مەگەر تەوافق بکرێت، ئەگینا هەمیشە پارتی سیاسی زۆرینە یان براوە، دەستنیشانی سەرۆک وەزیران دەکات، لەو کەیسەدا یانی سەرۆک وەزیرانیش شیعە دەبێت. ئەگەر هاتوو سەرۆک وەزیران لەئەنجامی هەڵبژادنێکی جیاوازەوە هەڵبژێردراو لەپارتێکی جیاوازبوو ئەوا بەردەم کێبڕکێ لەنەوان ئەو دوو پۆستەدا دروست دەبێت. هەر سیستەمێکی سیاسی خاوەن دوو سەربوو، ئەوا بەئاسانی سەقامگیر نابێت.
شەڕی دەستور، کردنەوەی دەروازە بەسەر ئەم بوارەدا، یانی فشاری هێزی زۆر بۆ بە ناوەندیکردنەوەی عێراق. لەکارەکانم دەربارەی لا دەولە بۆم دەرکەوت، نوخبەی سیاسی عێراقی تەنها یەک مۆدێل لەدەوڵەت وەک دەوڵەتی راستەقینە دەبینن، ئەویش ئەو جۆرە دەوڵەتەیە کە ماکس ڤیبەر پێناسەی دەکات، دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی و باڵایی بەسەر هەموواندا. دوو شت لێرەدا جێگای سەرنجن. یەکەم، دەستوری ئێستا دژ بەهاتنەوەی دیکتاتۆر نووسراوە، بەڵام عێراقییەکان دەڵێن کەسێکی بەهێز نەبێت، ناتوانرێت حوکمی عێراق بکرێت. دووەم، دەستوری ئێستا یانی دەوڵەت بەفرەیی شوناسی کۆمەڵایەتی، بەڵام دەستوری داواکراو، لەسەر بنەمای تاک شوناسی دەبێت، ئەویش شوناسی عێراقییە. هەردوو بنەماکە راچێتەن بۆ گەڕانەوە بۆ قڕکردن و جیونۆساید.
شەڕێکی تر کەچاوەڕوان دەکرێت لەکردنەوەی دەروازەی هەمواری دەستوردا بێتە ئاراوە پێگەی مەرجەعە بەرامبەر دەوڵەت. لەم بوارەدا دەوڵەتی عێراقی لاوازتر دەبێت.