سەرچاوەیەك لەهاتووچۆ: بەڕەزامەندی پارتی و یەكێتی و گۆڕان بڕیاری دانانی كامێرای پۆینت توو پۆینت دراوە
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
كۆمپانیای جێبەجێكاری دانانی كامێرای هاتووچۆی پۆینت توو پۆنیت لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین 225 كامێرا دادەنێت و بەپێی رێكەوتنی لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا 403 ئۆتۆمبێلی نوێی 2022 یان پێشكەشی حكومەت كردووە، كامێراكان لەسنوری سلێمانی دادەنرێن بەڵام بەشێك لە ئۆتۆمبێلەكان دراون بەسنوری هەولێر، داهاتی كامێراكانیش بۆ ماوەی 10 ساڵ لەسەدا 80 بۆ كۆمپانیاكەیەو تەنها لەسەدا بیستی بۆ حكومەتە، یەك رۆژ كامێراكە تاقیكراوەتەوە تەنها یەك كامێرایان لەكۆی 225 كامێراكە 700 سەرپێچی تۆماركردووە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دوای ئەوەی بەكۆی دەنگ دانانی كامێراكانی لەسلێمانی رەتكردەوە، رۆژی 28ی ئاب بەنووسراو داوای لەوەزارەتی ناوخۆ كردووە بڕیاری دانانی كامێراكان هەڵبوەشێنێتەوە، سەرچاوەیەك لەهاتوچۆی سلێمانی دەڵێت جێبەجێكردنی سیستمەكە بەڕەزامەندی هەرسێ حزبی بەشداری حكومەتی هەرێم (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) بڕیاری لەسەردراوە، یەكێتی و گۆڕانیش هاوبەشن لەپرۆژەكەدا.
سەرچاوەیەك لەكۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی سیستەمی نوێی كامێرای تیژڕەوی (پۆینت توو پۆینت) كەبڕیارە لەسلێمانی جێبەجێ بكرێت بۆ هاوڵاتی زانیاری ئاشكرادەكات و دەڵێت:" ئەگەر لەسلێمانی جێبەجێ بكرێت لەشارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ دەكرێت، سیستەمەكە هەموو ئۆتۆمبێلێك دەگرێتەوە، شەقامەكە چەند بێت ئۆتۆمبێل دەتوانێت ئەوەندە بڕوات، كامێرای گەڕۆكیشی لێبێت هەمانكار دەكات".
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە: "هەمان سیستەم لەهەولێرو دهۆكیش جێبەجێ دەكرێت، بەڵام كۆمپانیاكە لەسلێمانییەوە دەستیپێكردووەو تەنها كامێراكانی سلێمانی داناوە، لەشارەكانی دیكەش كۆمپانیای دیكە جێبەجێی دەكات".
وتیشی:"ئەوەی لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان دادەنرێت 225 كامێرایەو شەقامی نوێی 100 مەتریش دەگرێتەوە، بەڵام هێشتا سیستەمەكە لەلایەن هاتووچۆی سلێمانییەوە وەرنەگیراوەو دەستی بەكارەكانی نەكردووە".
"حكومەت خۆی سەرپێچی و سزا دیاریدەكات نەك كۆمپانیا، ئێمە تەنیا لایەنی جێبەجێكاری پرۆژەكەین، ئەم گرێبەستە بۆ ماوەی 15 ساڵ كراوە، بۆ ماوەی 10 ساڵ 70% ی بۆ كۆمپانیا دەبێت و 20%ی بۆ حكومەت دەبێت و 10%ی بۆ سیانەی پرۆژەكە دەبێت، هەتا ئەوكاتەی پارەی پرۆژەكە دەردەهێنێتەوە، دوای دەرهێنانەوەی پارەكەش پێچەوانە دەبێتەوە 20%بۆ كۆمپانیا و 70% بۆ حكومەت و 10% ی بۆ سیانەی پرۆژەكەیە" سەرچاوەكەی كۆمپانیای جێبەجێكاری كامێرای پۆینت توو پۆینت وای وت.
رۆژی 23-8-2022 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوەو بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بەڕەتكردنەوەی سیستەمی نوێی كامێرای تیژڕەوی لەپارێزگای سلێمانی، ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنەكەش داوایكرد پەرلەمانی كوردستان و داواكاری گشتی هەرێم گرێبەستەكە هەڵبوەشێننەوە كە لەنێوان وەزارەتی ناوخۆو كۆمپانیای جێبەجێكار ئەنجامدراوە، وتیشی: "ئێمە بەتەواوەتی سیستەمە نوێیەكەی كامێرای تیژڕەوی رەتدەكەینەوە".
رەسوڵ عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: "تەنها لەدەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆو داواكاری گشتیدایە بڕیاری دانانی كامێرای چاودێری هەڵبوەشێنێتەوە، وتیشی پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داواكە سەرەتا ئاڕاستەی پارێزگاری سلێمانی بكات، ئەگەر جێبەجێی نەكرد ئەوكات دەبێت لەدادگای كارگێڕی سكاڵای لەسەر تۆماربكەین و ئەو دادگایە یەكلایی دەكاتەوە كە داواكە یاساییە یاخود نا".
بەرزان محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"دوای كۆبوونەوەكەی 23ی ئابی ئەنجومەنی پارێزگا رۆژی 28-8-2022 بەنووسراو داوامان لەوەزارەتی ناوخۆ كردووە دانانی كامێراكان هەڵبوەشێنێتەوە، هاوكات داواشمان لەپارێزگاری سلێمانی كردووە بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە، جگە لەوەی داوامان لەپەرلەمانی كوردستان كردووە بەهەمانشێوە داوای راگرتنی دانانی ئەو كامێرایانە بكات".
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە هاوڵاتی وت:" زۆر هەوڵمدا پەرلەمانی كوردستان رێگری لەو پرۆژەیە بكات، بەڵام نەیانكرد، ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاش كردوویەتی فشارێكی باشە، بەڵام بڵێی بەوە لادەبرێت یەكسەر لانابرێت، دەبێت فشارەكان زیاتربن".
بەوتەی عەلی حەمەساڵح "ئەو سیستەمە نوێیەی كامێرای چاودێری تیژڕەوی بارگرانییەكی قورسە لەسەرشانی هاووڵاتیان و ناكرێت جێبەجێ بكرێت لەپێناو بەرژەوەندی چەند كەسێك".
"بۆ نموونە یەك رۆژ كامێراكە تاقیكراوەتەوە یەك كامێرایان لەكۆی 225 كامێراكە 700 سەرپێچی تۆماركردووە، كە بەهەمووی دەگاتە 70 هەزار سەرپێچی و داهاتی مانگێكی دەگاتە یەك ملیارو 470 ملیۆن دینار، بەهەموو كامێراكانیش داهاتەكەیان دەگاتە 330 ملیار دینار، كە ئەوەش تا 10 ساڵ 70٪ی بۆ كۆمپانیاكەو قازانجێكی خەیاڵی دەكات". عەلی حەمەساڵح وای وت.
عەلی حەمەساڵح ئاشكراشیدەكات "پێشتر لەسلێمانی 98 كامێرای چاودێری هەبووە كەئەو هەموو سزایەی سەر شۆفێرانی تۆماركردووە، سیستەمەكەی ئێستا هیچ شۆفێرێك لێی دەرباز نابێت و ژمارەكەش بۆ 225 كامێرا بەرزكراوەتەوە، كە ئەمەش لەپێناو قازانجە نەك سەلامەتی گیانی خەڵك".
كۆمپانیای جێبەجێكاری سیستەمە نوێیەكەی كامێرای تیژڕەوی، وەك خۆشیان دانی پێدا دەنێن 403 ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێی 2022 ی داوە بەحكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەشێكیان نێردراون بۆ هەولێر تا رێگەخۆشكەر بێت لەوێش سیستەمەكە جێبەجێ بكرێت.
هاوڵاتی چەند جارێك پەیوەندی بەبەرپرسانی هاتووچۆی سلێمانی و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد تا لەسەر ئەو پرسە قسە بكەن، بەڵام كەسیان ئامادەنەبوون قسەی لەسەر بكەن، بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی سلێمانی كە ئاگاداری وردەكاری دانانی كامێراكانی هاتووچۆی "پۆینت توو پۆینت" ە، هێشتا كامێراكان نەخراونەتەكار تەنها یەك رۆژ تاقیكراوەتەوە.
وەك سەرچاوەكە وتیشی:"هیچ كەسێك خۆی لەقەرەی باسكردنی ئەو كامێرایانە نادات چونكە جارێ نایانەوێت فشارەكان لەسەریان زیاتر بێت، رەنگە مەسەلە پەیوەندی بەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشەوە هەبێت تا ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت دەستكاری سیستەمەكە بكەن و بڵێن بۆ ئەوەی قورسایی لەسەرشانی هاووڵاتیان دروست نەبێت دەستكاریمان كردووە".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"دەیانەوێت سەرەتا سیستەمەكە لەسلێمانی جێبەجێ بكەن، چونكە ئەگەر لەسلێمانی سەریگرت بەڕای ئەوان لەهەولێرو دهۆك بەئاسانی دەچێتە سەرو ئەمەش بڕیاری هەرسێ حزبی بەشداری حكومەتی هەرێمە (پارتی و یەكێتی و گۆڕان)، چونكە لێرە یەكێتی و گۆڕان لەكۆمپانیاكە هاوبەشن و لەهەولێرو دهۆكیش ئەگەر جێبەجێ بكرێت پارتی جێبەجێی دەكات".
خالید رەزا كە شارەزایەكی هاتووچۆیەو خۆی لەهۆڵەندا دەژی لەبارەی سیستەمی پۆینت توو پۆینت بە هاوڵاتی راگەیاند:" لەگەڵ زیادبوونی ئۆتۆمۆبیل لەشەستەكانی سەدەی رابردوودا حكومەتی هۆڵەندا تێبینی ئەوەیكرد كە شتێكی باش لەپێوانی خێراییدا هەیە، لەساڵی ١٩٦٦دا یەكەم كامێرای گڵۆپی سووریان لەشاری (هارلم) دانا، سەرەتا سیستمی لولەیی لاستیكی بوو، لەساڵی ١٩٧١دا پەرەیان پێدا كردیان بەكامێرای سندوقی كە لەرێی دانانی تەل لەناو قیری جادەكاندا كە بەكامێراكانەوە پەیوەست بوو كۆنترۆڵی خێرایی دەكرد، ئەم سیستمە هەتا ساڵی ١٩٨٠ بەكارهێنرا، ئینجا مۆدێلی كامیرای رادار بەرهەم هێنرا كە بەهۆی گەورەیی كامیراكەوە لەناو ئۆتۆمۆبیلدا جێگیر دەكرا، بەهۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیاوە گۆڕانكاری لەقەبارەیدا كراو لەساڵی ١٩٨٢وە بۆ یەكەم جار كامێرای راداری فلاشدار لەقەراخ ئۆتۆبانەكاندا جێگیركرا. لەساڵی ١٩٨٨وە كامێرای كۆنترۆڵی جووت سیستمی (سوورو پێوانی خێرایی ) خرایە بواری ئیشكردنەوە، لەساڵی ٢٠١٤ یشەوە سیستمی كامێرای كۆنترۆڵی خێرایی (خاڵ بۆ خاڵ) خرایەگەڕ".
سەبارەت بەجێبەجێكردنی سیستەمەكە لەكوردستان ئەو شارەزایەی هاتووچۆ وتی:"قسە لەسەر لایەنی یاسایی ناكەم كە دەبێ لەلایەن پارلەمانی كوردستانەوە بۆی دەربكرێ، بەڵام ئەگەر بەپێی ئەو زانیارییانە بێ كە تائێستا بڵاوكراوەتەوەو قسە لەسەر داهاتەكەو بەشكردنی دەكرێ بەجۆرێك: 70٪ بۆ كۆمپانیاكە بێ و 30٪ بۆ حكومەت، ئەمە گرێبەستێكی ناهاوسەنگە، ئەگەرچی حكومەت پارەی كاشی تیا خەرج ناكات، بەڵام بەشێكی زۆر لەكارەكان خراوەتەسەر داودەزگاكانی حكومەت، لەهۆڵەندا ئەو كۆمپانیایانەی كە كامێراكان دادەنێن و چاكسازی تیادا دەكەن و نۆژەنی دەكەنەوە بەپێی گرێبەستەكە مەرجدارەو بەتەنها پارەی تێچوون و بڕی قازانجی خۆیانی دەخەنەسەر، گرێبەستەكە هاوبەش نییەو داهاتی هەموو جۆرەكانی كۆنترۆڵكردنی رێگاوبانەكان دەچێتەوە خەزێنەی حكومەتەوە، داهاتەكەش مەركەزی نییەو بەپێی سنوری جوگرافی شوێنەكە داهاتەكە دەدرێت بەشارەوانی یان هەرێم یان وەزارەتی تایبەت".
سەبارەت بەچۆنیەتی كاركردنی سیستەمەكە خالید رەزا وتی:"لەهۆڵەندا ئەگەر ئۆتۆمۆبیلێك لەزۆر بەشدا تیژڕەوی بكات، خاوەنەكەی تەنها یەك غەرامە دەكرێت غەرامەكەش بۆ ئەو بەشەیانە كەبەرزترین خێرایی تیا كراوە، بۆ نموونە ئەوانەی كە بەسیستمی خاڵ بۆ خاڵدا تێدەپەڕن، ئەگەر لەهەموو بەشەكانیدا سەرپێچیان كردبێ و تیژ لێیان خوڕیبێ، ئەوا تەنها ئەو سەرپێچییەی بۆ ئەژماردەكرێ كەبەرزترین تیژڕەوی تیایدا ئەنجامداوە".