تەمەنی پەرلەمانی كوردستان 6/11 كۆتایی دێت و ماوەكەی درێژدەكرێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هەژار ئەنوەر
رۆژی 6/11ی ئەمساڵ ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش باس لەوە دەكات: پێویستە تەمەنی پەرلەمان درێژبكرێتەوە تاوەكو تووشی بۆشایی یاسایی نەبین، یاساناسێكیش دەڵێت:" درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەبێتە مایەی شكاندنی شكۆی پەرلەمان و نەهێشتنی متمانەی هاووڵاتیان بەم دامەزراوەیە".
لوقمان وەردی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند:" بەدڵنیاییەوە تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان درێژدەكرێتەوە لەبەرئەوەی كۆمسیۆن پێویستی بە شەش مانگ هەیە بۆ ئامادەكارییەكان، بۆیە چاوەڕێی ئەوە دەكەن لەهەفتەی داهاتوو حزب و لایەنە سیاسییەكان رێككەوتن بكەن تاوەكو پەرلەمانی كوردستان بزانێت ماوەی چەند تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە.
جگە لەپارتی دیموكراتی كوردستان، فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیان لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە.
بەڵێن ئیسماعیل جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ هاوڵاتی دواو وتی : "ئێمە وەكو بزووتنەوەی گۆڕان ساڵ و نیوێك بەر لەئێستا پڕۆژەیاسای هەمواری هەڵبژاردنمان پێشكەش بەسەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، لەبەرئەوەی بەپێی یەكێك لەخاڵەكانی رێككەوتنە سیاسییەكانمان ئەوەیە كەدەبێ لەم خولەی پەرلەمان یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە".
وتیشی: فراكسیۆنەكانی تر هیچ پڕۆژەیەكیان نەبوو تاچەند مانگێك بەر لەئێستا، دواتر یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ هەندێك لەپەرلەمانتاران و سەربەخۆكان پڕۆژەیەكیان پێشكەشكردووە، بەڵام هەتا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان پڕۆژەی نەهێناوە تاوەكو گفتوگۆی لەسەربكرێت لەگەڵ پڕۆژە یاساكانی تر، راستە سەرۆكایەتی هەرێم رۆژی یەكی تشرینی یەكەمی ئەمساڵی دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام ئەنجامنادرێت لەبەرئەوەی، تائێستا نەتوانراوە متمانە ببەخشرێتەوە بەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی، تاوەكو ئەوان دەست بەرێكارەكانی ئامادەكاری هەڵبژاردن بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەكە زۆر كەمی ماوە ئەگەر هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكان ئامادەییان تێدابێت بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، ئەوە ئەم كۆمسیۆنە ناتوانێت لەم وادەیەو تا سەری ساڵیش هەڵبژاردن ئەنجامبدات، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی كۆمسیۆن پێویستیان بە شەش مانگ هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن".
بەڵێن ئیسماعیل رایگەیاند:" لە 6/11 ئەم خولەی پەرلەمان كۆتایی دێت، ئەگەر تەمەنی خۆی درێژ نەكاتەوەو كۆمسیۆنت نەبێ تابتوانێت سەرپەرستی هەڵبژاردن بكات، ئەوە سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان نامێنێت و ئەم حكومەتە دەبێتە حكومەتی كاربەڕێكەرو هەرێمی كوردستان دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە، بەمەش كێشەو گرفتەكان قوڵتر دەبێتەوەو بەمانای گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەرەی كوردستانی، لەبەرئەوەی دامەزراوەكان هەموویان لەكاردەكەون دەبێ سەرلەنوێ ئەم پڕۆژەیە دابڕێژرێتەوە ئەمەش كاتێكی زۆری دەوێت".
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان روونیكردەوە: چارەسەر ئەوەیە تەمەنی ئەم خولە درێژبكرێتەوە كە ئەوان لەگەڵی نەبوون، چونكە پێیانوایە هەڵبژاردن دەبێ لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بۆیە ساڵ و نیوێك بەر لەئێستا پێش هاتنی ئەم وادەیە پڕۆژەیان پێشكەش كردووە، بەداخەوە بەهۆی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر هەموارو هەموارنەكردنی یاساكە بەم رۆژەی گەیاندن، بۆیە بەرپرسیارێتی یاسایی لەسەر شانی گۆڕان نییە".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو:"كە دەبێی دەرچەی یاسایی هەبێ ئەویش درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە، جا ماوەكەی چەندە ئەوە پەیوەندی بەم ئامادەكارییانەوە هەیە كە حزب و لایەنە سیاسییەكان چەند ئامادەییان تێدایە بۆ رێككەوتن لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن كە هەفتەی داهاتوو جارێكی تر كۆبوونەوەی لایەنەكان ئەنجامدەدرێت لەسەر ئەم پرسە".
بۆ وەرگرتنی راوبۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، هاوڵاتی پەیوەندی بەوتەبێژی فراكسیۆنی پارتیەوە كرد بەڵام ئامادەنەبوو قسە بكات.
هاوكات هاوڵاتی لەگەڵ عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری پەیوەندی كرد ئامادەنەبوو لەسەر پرسی درێژكردنەوی پەرلەمان قسە بكات.
هەر لەسەر هەمان پرس ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو بە هاوڵاتی راگەیاند:" لەواعیقدا تەمەنی پەرلەمان درێژدەكرێتەوە و ئێمەش دەنگی پێنادەین"، وتیشی: "یەكەم كەمتەرخم سەرۆكایەتی پەرلەمانەو دواتر حزبە سیاسیەكانن كە پێكهێنەری حكومەتن، چونكە ئەو كێشانەی كۆمسیۆن و كێشەی یاسای هەڵبژاردن ئیرادە هەبوایە بەماوەیەكی كەم دەتوانرا هەردوو كێشەكە چارەسەر بكرێت"، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئێمەش پرۆژەمان هەبوو لەگەڵ پەرلەمانتارانی تردا بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن".
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی كێشەی پارتی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان ئەوەیە كە داوادەكات، سیستەمی هەڵبژاردن یەك بازنەیی بێت، بەڵام حزبەكانی تر داوای فرەبازنەیی دەكەن.
كاوە عەبدولقادر سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بە هاوڵاتی راگەیاند:" بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نین بەڵكو دژی دەوەستنەوەو فشارەكانیان دەستپێدەكەن، چ لەناو پەرلەمان بێت یان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان و هەموو ئەو لایەنانەی كاریگەریان هەیە".
وتیشی:" ئەم درێژكردنەوەیە نایاسایی و نادەستووریەو بەهیچ شێوەیەك ناكرێت پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، چونكە خەڵك بۆ چوار ساڵ دەنگی داوە بەنوێنەرەكانیان".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ پلانی پارتی و یەكێتییە، چونكە ئەم دوو حزبە رێككەوتنی ژێر بەژێریان كردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن تەنانەت ئەو كۆبوونەوانەشی ئەنجامیانداوە سیناریۆ بووە بۆ چاوبەستنی خەڵك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".
وتیشی: یەكێك لەبنەماكانی دیموكراسی، هەڵبژاردن و دەنگدان و بەشداریكردنی گەلە لەپرۆسەی سیاسی، بەم تەمەن درێژكردنەوەیە ئەم پرۆسەیە ناشرین دەبێت، بەداخەوە پارتی و یەكێتی دواخستنی هەڵبژاردن و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان كردووەتە عورف چونكە لەهەموو خولەكان وادەكەن و بەئارەزووی خۆیان، بەمەش كاریگەری زۆر لەسەر سومعەی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، لەڕووی دیموكراسی و مافی مرۆڤەوە".
سەبارەت بەیاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، یاساناس شوان سابیر بە هاوڵاتی راگەیاند:" درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەتێڕوانینی نێودەوڵەتی قبوڵكراونیە، چونكە دەنگدەر بەنیەتی ئەندامیەتی نوێنەر بۆ چوار ساڵ جارێك هەڵدەبژێرێ، بۆیە پێچەوانەی ئیرادەی میللەتە ناكرێ بەهێنانەوەی چەند بیانوویەك ئەم كارە بكرێ، ئەگەر دەقی یاساییش هەبێ چونكە پێچەوانەی خواستنی دەنگدەرە".
شوان سابیر دەڵێت: "راستە بڕگەو ماددەی یاسایی هەیە، بەڵام كاتێك درێژ دەكرێتەوە لەدەرەوەی ئیرادەو پێشبینیەكان بێت، ئینجا ئەگەر پێشبینیش كرابێ ئەوە پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، ئەو بیانوەی تەمەنی پەرلەمانی پێ درێژدەكرێتەوە لەكاتێكدایە بەهەموو پێوەرێك ئەم خولە خراپترین پەرلەمان بووە، كەئەمە خۆی كارەساتێكە لەبەرئەوەی ناتوانێ ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكات، دێت تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە، لەحاڵەتی ناسروشتی بۆ نموونە جەنگ یان وەك سەردەمی ڤایرۆسی كۆڕۆنا ئەوە ئاساییە بكرێـت، بەڵام سیاسییەن رێكناكەون دێن تەمەنی درێژدەكەنەوە كەئەمە كارێكی رەتكراوەیە"
باسی لەوەشكرد:"هیچ یاساییەك لەپەرلەمان دەرناچێت ئەگەر لەسەرەتا بەرژەوەندی حزبەكانی لەبەرچاو نەگیرابێت ئینجا میللەت، چونكە هیچ گرنگ نیە لەلایان، ئەم درێژكردنەوەیە چ سوودێكی بۆ میللەت تێدایە یان چ رێزێك و پاراستن و سەلامەتی هاووڵاتیانی تێدایە جگە لەململانێ حزبیەكان نەبێ، ئەم درێژكردنەوەیە دەبێتە شكاندنی شكۆی پەرلەمان و نەهێشتنی متمانەی هاووڵاتیان بەم دامەزراوەیە".
دەشتی سدیق شارەزایی هەڵبژاردن و چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هاوڵاتی وتی : "یەكێك لەبنەما هەرە دیارەكانی پرۆسەی دیموكراسی لەهەر شوێنێك یاخود وڵاتێك، پرۆسەی دەستاودەستكردنی دەسەڵاتە یان گۆڕانكاری لەسیستەمی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی ناوچەكە ئەویش بەشێوازی هەڵبژاردن كە بەتاكە ئامرازی پاراستنی مافەكانی تاك هەژمار دەكرێ لەكۆمەڵگەی مۆدێرن، بۆیە ئەنجامنەدانی ئەم پرۆسەیە لەوادەی خۆیدا دەبێتە هۆكاری ناشرین بوونی رووی دیموكراسی و رێزنەگرتن لەئیرادەی دەنگدەر".
وتیشی: "بۆ ئەوەی نیشانەی پرسیار دروست نەكات لەنێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت، چارەسەری بۆ ئامادەبكرێت، و یەكێك لەم رێگا نامەشروعانە درێژكردنەوەی تەمەنی كابینەی هەڵبژێردراوی پێشووە، چونكە وڵاتان كە بەرەو ئەم كردەیە دەچن ئەوە هۆكارەكەی بوونی كردارێكی ناسروشتی بێت یان لەبارودۆخێكی نائارامی هەبێت، بەڵام لەهەرێمی كوردستان بووەتە هۆكار بۆ خۆدزینەوە لەئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، بێگومان ئەم جۆرە كردارانە رەنگدانەوەی زۆر دەبێت لەسەر دەنگەر لەمیانەی بەشدارینەكردنی بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی یان نەمانی متمانە بەسیستەمی حوكمڕانی و دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەپاڵبوونی كێشەكانی تری ئابووری و یاسایی و ناتەبایی ریزەكانی سیاسی حزبەكان لەهەرێم".
دەشتی سدیق ئەوەشی راگەیاند:" نەبوونی پێوەرە سەرەكییەكانی پاكی هەڵبژاردن بەپاڵپشت بەبنەمای نێودەوڵەتی، هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن دوادەخات و هۆكارەكانی دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی دەستوورێكی بەهێز كەتیایدا وێنەی ماوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كردبێت و بەیاسا رێكخرابێت و نەبوونی داتایەكی تەندروست كەسەرجەم لایەنە سیاسییەكان متمانەیان هەبێت لەدووبارەنەبوونەوەی ناوی دەنگدەران و پاراستنی مافی دەنگەدەرەكان، یان نەبوونی سیستەمێكی سەردەمیانە كە لەم رێگایەوە پرۆسەكە ئەنجامبدرێت و چاودێری بكرێت بەمەبەستی راگەیاندنی ئەنجامەكان و دوانەخستنی و هەبوونی كۆمسیۆنێكی بێلایەن بۆ چاودێری و سەرپەرشتیكردن بەسەربەخۆیی بۆ سەرجەم قۆناغەكان".