نێچیرڤان بارزانی وەک ئومێد
بڵند نەوڕەس
2 ساڵ لەمەوپێش
ھەرچەندە شتێک نەماوە لە عێراقدا بە ناوی پرۆسەی سیاسییەوە کە پەیڕەو بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە بری ئەوەی کاربکرێت بۆ تێکھەڵکێشکردنی بیروڕاکان و نزیککردنەوەی بۆچونەکان لە یەکتری و داننان بە ھەڵەکانی یەکتردا و گەڕانەوە بۆ دەستور، بە پێچەوانەوە ئاستی لایەنەکان و بە تایبەت ماڵی شیعی لە ئەوپەڕی گرژی و ئاڵۆزیدایە و پەلی ھاویشتووە بۆ پێکدادانی چەکداریش. کێشەی ماڵی شیعی کێشەیەکی قوڵە، بە دیوێکدا دابەشکارییەکی ناوخۆیی زەق ھەیە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و ئاینی، بە دیوێکی تریشدا لایەنگیری و پابەندییەتی ھەندێک لایەنی شیعی ھەیە بۆ وڵاتانی دراوسێ و ھەرێمایەتی کە دەستێوەردانییان لە عێراقدا بۆتە بنێشتە خۆشەی سەر زاری ھەمووان و پەرژینی نەماوە. مێژووی سیاسی لە عێراقدا ھەمیشە مێژوویەکی رەش بووە، تەنانەت عێراق لە ھەندێک پێناسەدا بە عێراقی کودەتا ناسراوە، ئەم پاشگرەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێکھاتە کۆمەڵایەتی و مەزھەبییانەی کە عێراق پێکدەھێنێت، لایەنێکیتریشی پەیوەستە بە پێگە و سامانی عێراقەوە کە ھەم ستراتیژییە ھەم دەوڵەمەندە. لە نێوان ئەم ھەموو کێشمەکێشمانەدا کە جگە لە لایەنە ناکۆکە ناوخۆییەکانی ماڵی شیعی و تەنانەت لایەنەکانی تری گۆڕەپانی سیاسیشدا، تەنانەت وڵاتانی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش بەرژەوەندی ستراتیژییان ھەیە لە عێراقدا و بە شێوەی راستەوخۆ و نا راستەوخۆ بەشێکن لە گرژی و ئاڵۆزییەکان و لێکترازانەکان. لە نێوان ئەم ھەموو رەشبینی و یەکتر سڕینەوەیەدا، دەنگێک و سەدایەک و ئومێدێک ھەیە بۆ ھەمووان لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق، ئەویش سەرۆک نێچیرڤان بارزانییە کە پەیامەکانی پەیامی ئاشتەوایی و گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکانە بۆ سەرجەم لایەنە عێراقییەکان بێ جیاوازی، جیاواز لە سەرجەم پەیامە سیاسییەکانی تری لایەنە عێراقییەکان کە بۆنی خوێنییان لێدێت. ئەزموون لە سیاسەتدا وا دەکات پەیامی سیاسی پێگەیشتووتربێت و چارەسەری تێدا بەدی بکرێت، گەر ئەمڕۆش جەبری رووداوەکان دەرفەتیان نەھێشتبێتەوە بۆ دانیشتن و دانوستاندن، بێگومان ئەنجام ھەر دەبێت بەو رێگایە کێشەکان چارەسەربکرێن کە سەرۆک نێچیرڤان داوایان لێدەکات. ھەڵوێست لە سیاسەتدا زۆر جار لە پەیام و بڕیاری سیاسی گرنگترە، ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستانیش و بە تایبەت سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لەم دۆخ و ئان و ساتەدا کە عێراق پێوەی گیرۆدە بووە، جێگای ستایش و دەستخۆشی و پێزانینی لایەنە عێراقییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو، بە مەرجێک ھەمووان دەزانین کە عێراق گەورەترین لەمپەرە لەبەردەم ھەرێمی کوردستاندا، بەڵام ھەر ئەم بنەمایەیە کە دەوڵەتمەدار لە کارەکتەری سیاسی جیادەکاتەوە و ئایندە دەخوێنێتەوە و گرنگی بە سبەینێ دەدات لە چوارچێوەی تێگەیشتن لە خواستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاسایشی گشتیدا. ئەمڕۆبێت یان سبەی، دەبێت ھەمووان بگەڕێنەوە بۆ چارەسەر و پێشنیارەکانی سەرۆک نێچیرڤان، چونکە گونجاوترین و راستترین رێگا ھەر ئەو رێگایەیە کە پێشنیاری کردووە بۆیان، جا دەکرێت ئەم دەستپێشخەرییە ئێستا قبوڵ بکەن بەر لە خوێن رشتنی زیاتر و ناکۆکی زیاتر، یان دواتر قبوڵی بکەن پاش شەکەتکردنی یەکتر و پەشیمانییەکی زۆر.