ئەردۆگان،تای هەڵبژاردنی بەرزبوەتەوە.

جوتیار ڕەشید

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەردۆگان،تای هەڵبژاردنی بەرزبوەتەوە.

هەر شەوە و خۆ بە وڵاتێکدا دەکا.

فانی شاعیر

کە دەکاتە باوکی د.کەمال میراودەلی.

لە شیعرێکدا لەسەر کەسانی فشەکەر

فەرمویەتی

کەوڵی شێرێکیان کردە بەر کەرێ

کەر خۆی لێگۆڕا لە ژور چوە دەرێ

سێبەری خۆی دی ئەم نێرە کەرە

وایزانی شیری پۆڵا جگەرە

ئەم شیعرەی فانی ڕێک بەسەر ئەردۆگاندا جێبەجێ دەبێ،دوای ئەوەی دەیان ملیار دۆلاری خستە بەردەست زاواکەی (سلجوق بەیرەقدار) و تەکنۆلۆجیای سەربازی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی پێسپارد،توانیان پێشکەوتنێکی بەرچاو لەو بوارە و بوارەکانی تری تەکنۆلۆجیای سەربازیدا بەدەست بێنن.

بەڵام هەموو ئەوانە لەسەر حسابی برسیکردنی خەڵکی تورکیا و گرانی بازاڕ و بێکاری گەنج و لاوانی تورکیا بوو.

تەکنۆلۆجیا سەربازیەکەی ئەردۆغان بۆ ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی و گەلانی بێ چەکی ناوچەکە مەترسی ڕاستەقینەن،بەڵام بەرامبەر تەکنۆلۆجیای وڵاتانی زل هێز هیچ نیە جگە لە شێرە پوشینەیەک،هەرکات بیانەوێ سەرچاوەکانی وشک دەکەن.

دەنگدەری تورکیا،بەتایبەتیش چینی مام ناوەند و هەژار و ڕۆشنبیران،ئەو ڕاستیە دەرک پێدەکەن،بۆ ئەوان کار و نان و ئازادی لە پێش تەکنۆلۆجیای سەربازیە،ئەوانەش زۆرینەی خەڵکی تورکیش پێک دێنن،بۆیە مەترسی ڕاستەقینە لەسەر دەرچونەوەی ئەردۆغان هەیە لە هەڵبژاردنەوەی ساڵی داهاتو.

ئەردۆغان گەیوەتە ڕادەیەک لە خۆ بەزل زانی وەک زل هێزەکان لە ناوچەکە مامەڵە دەکا،لەوەش زیاتر زۆر جار هەوڵی دەستشکاندنەوەی لەگەڵ ڕوس و ئەمریکیەکان داوە.

دوای ئەوەی هەڕەشەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکرد و بە ئەمریکا و ڕوسیای دەگوت مۆڵەت لە کەس وەرناگرین،بە هێزەکانی سوریای دیمکراتیشی دەگوت هاکا دیتتان لە شەوێکدا خۆمان پێداکرد.

ئێستا هەمان هەڕەشە لە یۆنان دەکا،بە یۆنانیەکان دەڵێ دان بە خاوەندارێتیتان دانانێین لە دورگەکانی دەریای ئیجە،هاکا دیتتان شەوێک خۆمان بە دورگەکاندا کرد.

دوای ئەوەی یۆنانیەکان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سیستمی S300 یان خستە کار بەڕوی فڕۆکەکانی تورکیا لە دەریای ئیجە و هەڕەشەی خستنە خوارەوەیان لێکردن،پێرێ بۆ تەحەدای یۆنانیەکان خەلوسی ئاکاری وەزیری بەرگری بە فڕۆکەیەکی جۆری (F16) گەڕێک بەسەر دەریای ئیجەدا خولایەوە،ئەردۆگانیش بە یۆنانیەکان گوت ئەگەر ئازان وەزیری بەرگریەکەمان بخەنە خوارەوە!

ئەم هەڵس و کەوتە کاڵفامانەی ئەردۆغان و وەزیرەکەی بەهەموو دونیایان گوت چ جۆرە سیاسی و سەربایەکن!توشی چ فۆبیایەک بون لە هەڵبژاردنی داهاتو!

هەموو سیاسیەک دوو ڕێگای لەبەردەمە بۆ مانەوە لە دەسەڵات:-

1-بەدەست هێنانی دەنگی خەڵک لە ڕێگای دەسەڵاتێکی خزمەتگوزار و دادپەروە.

2-تێوەگلاندنی گەل و وڵات لە شەڕێکی دەرەکی،خۆ بە پاڵەوان کردن(قائد الضرورة)،ئەوەش دوا چەکی ئەو دەسەڵاتدارانەیە دەربازی قۆناغی جۆرێک لە دیکتاتۆریەت دەبن.

ئەردۆغان چەندین ساڵە دەربازی ئەو قۆناغە بوە،بەتایبەتیش لە دوای کودەتا وەهمیەکەی ساڵی 2016،بەو بیانوەوە دەستی کرد بە پاکتاوکردنی سوپا ، پۆلیس، موخابەرات،دام و دەزگا دەوڵەتیەکان ،هەتا گەیشتە سەرۆک شارەوانیە هەڵبژێردراوەکان،تەنانەت ئەندام پارلەمانە ئۆپۆزسیۆنەکانیش.

پێش کۆتایی ساڵی داهاتودا هەڵبژاردنەکان لە تورکیا ئەنجام دەدرێن،ناوەندەکانی ڕاپرسی و شیکردنەوە سیاسیەکانی تورکیا و دەرەوەش وای بۆ دەچن ئەردۆغان مەترسی دەرنەچونەوەی ڕاستەقینەی لەسەرە،بەتایبەتیش دوای ئەوەی 6 لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەم دواییانەدا بڕیاریاندا بەیەک پاڵێوراو بەشداری بکەن،ئەگەر ئەو پاڵێوراوە ( عبدالله گول) ی سەرۆک کۆماری پێشو بێ ئەوە مەترسیەکانی سەردەرنەچونەوەی ئەردۆغان زۆر زیاد دەکەن و لەوانەشە بیکەنە ڕاستەقینە:-

1-عبدالله گول کەسایەتیەکی ناسراو و باوەڕپێکراوی پێشوی ناو حیزبی داد و گەشە پێدانە و بەشێکی زۆری کادر و لایەنگرانی ئەو حیزبە متمانەی پێدەکەن و خۆشیان دەوێ.

2-کەسایەتی گول جێگیرتر و سەنگینترە لە ئەردۆگان(ئەو کاتەی گول سەرۆک کۆمار بو،ئەردۆغان سەرۆک وەزیران بو،لە کۆبونەوەیەکدا لە گەڵ پارێزەران،ئەردۆغان بەشێوەیەکی بازاڕیانە قسەی بە پارێزەرێک بڕی،عبدالله گول کە لە تەنیشتی دانیشتبو ویستی هێواشی بکاتەوە، هەتا ئەو ڕادەیەی دەستی گرت بەڵام ئەردۆگان زۆر بێ ڕێزانە دەستی لە دەستی گول دەرهێنا و بەردەوام بو لە هەڕەشە کردن و سوکایەتی بە پارێزەرە گەنجەکە)

3-گول تاقیکراوەیە لە پۆستی سەرۆک کۆماردا دەنگدەری تورکی هیچ ترسێکی نیە لە هەڵبژاردنەوەی.

4-احمد داود ئۆغڵۆی لە پشتە کە یەکێکە لە بیرمەندەکانی (تورکیای سفر کێشە)،ئەوەش هیوایەکی گەورەیە بۆ هاوڵاتیانی تورکیا لەو هەموو کێشانە ڕزگاریان بکات.

5-هەموو ئۆپۆزسیۆن لەدەرەوە و ناوەوە دەنگ دەدەن بە گول،چونکە تاکە بەربژێری ئەوانە.

7-کورد کە هەمیشە بون بە دو بەشەوە،بەشێکیان دەنگیان بۆ هەدەپ و باقیەکەی بۆ داد و گەشەپێدان بوە،لەم هەڵبژاردنەدا دەبن بە سێ بەشەوە،هەدەپەکان وەک خۆیان دەمێننەوە،ئەوانەش دەنگیان داوە بەداد و گەشەپێدان دەبن بە دوو بەشەوە،بەشێکی کەمیان بۆ ئەردۆگان و بەشێکی زۆریشیان بۆ گول.

ئەردۆغان ئامادەکاری دەکا بۆ ئەو ئەگەرە،شارەزایان لە سیاسەتەکان و کەسایەتی ئەردۆغان پێیان وایە،دەستبەرداری کورسیەکەی نابێ و بە هەر نرخ و شێوازێک بێ،لە ئەگەری دڵنیابونەوەی لە دەرنەچەنەوە ،یان کودەتا بەسەر هەڵبژاردندا دەکا،یان تورکیا لە شەڕێکی دەرەکیەوە دەگلێنێ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار