بۆ به‌ڕێز وه‌زیری په‌روه‌رده‌ بۆچی له‌ لیژنه‌ی پێداچوونه‌وه‌ به‌سه‌ر كتێبه‌كانی زانست بۆ هه‌موان ده‌كێشمه‌وه‌؟

2 ساڵ لەمەوپێش



هەورامان قانیع

من له‌سه‌ر پشكی سلێمانی، ئه‌ندامی ئه‌و لیژنه‌یه‌ بووم كه‌ ده‌بوا به‌سه‌ر ئه‌م كتێبه‌ی زانستی پۆلی یه‌ك، بچینه‌وه‌ و هه‌ر هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتییه‌كی تێدابێت، ده‌ستنیشانی بكه‌ین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ به‌رواری 29-3-2022، له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان لیژنه‌ی باڵای زانسته‌كان كه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هاتبوون بۆ سلێمانی، كۆبوینه‌وه‌. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵا، زۆریان په‌له‌ بوو، ئه‌وان سێ شه‌ممه‌ هاتبوون و وتیان ده‌بێ تا یه‌ك شه‌ممه‌، چی سه‌رنج و تێبینیتان هه‌یه‌ بۆمان بنێرن، دوو نوسخه‌ له‌ كتێبه‌كه‌یان پێبوو، نوسخه‌یه‌كیان بۆ خۆیان گلدایه‌وه‌ و نوسخه‌كه‌ی دیكه‌یان دا به‌ لیژنه‌كه‌ی ئێمه‌. لیژنه‌كه‌ی ئێمه‌ كه‌ له‌ هه‌شت مامۆستا و سه‌رپه‌رشتیارێكی زانست و شاره‌زایه‌كی پرۆگرمه‌كانی زانسته‌كان پێكهاتبووین، ته‌نها بۆ ماوه‌ی خوله‌كێك و زۆر به‌خێرایی سه‌یرێكی كتێبه‌كه‌مان كرد. له‌وێدا به‌ ئاماده‌بوونی هه‌موان، تكایه‌كی زۆرم كرد كه‌ نوسخه‌یه‌ك له‌م كتێبه‌ تازه‌یه‌ی زانستم بده‌نێ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رگه‌وه‌ بۆ به‌رگ، به‌ وردی به‌سه‌ریدا بچمه‌وه‌. داوام له‌ لیژنه‌كه‌ی هه‌ولێر و به‌تایبه‌ت مامۆستا (یه‌حیی رضا گوڵ) كرد كه‌ نوسخه‌یه‌ك له‌م كتێبه‌م بداتێ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ وردی بیخوێنمه‌وه‌ و هه‌ڵه‌بڕییه‌كی باشی بكه‌م. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و لیژنه‌ چوار كه‌سییه‌ی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هاتبوون، وه‌ك وتم دوو نوسخه‌ له‌ كتێبه‌كه‌یان پێبوو، نوسخه‌یه‌كیان بۆ خۆیان گلدایه‌وه‌ و دانه‌یه‌كیشیان دا به‌ به‌ڕێز مامۆستا (لوقمان) كه‌ سه‌رپه‌رشتیاره‌ و سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ی ئێمه‌ بوو. له‌وێدا به‌ده‌ق قسه‌یه‌كی ئاوام كرد: (من ئۆكه‌ی له‌سه‌ر چاپكردنی ئه‌م كتێبه‌ ناكه‌م، ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر هه‌ر هه‌مویدا نه‌چووبمه‌وه‌). هه‌ر له‌وێدا تكام له‌ مامۆستا (لوقمان)یش كرد كه‌ نوسخه‌كه‌م بۆ كۆپی بكات، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌گه‌ر به‌ پی دی ئێف هه‌یه‌، بۆم بنێرێت و خۆم پرێنتی ده‌كه‌م و ده‌یخوێنمه‌وه‌. به‌ڵام هه‌ر ده‌ستم نه‌كه‌وت. ڕۆژی دواتر (چوارشه‌ممه‌) سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌مان، پانزه‌ لاپه‌ڕه‌ی له‌ كتێبه‌كه‌ بۆ هێنام و وتی تۆ ته‌نها ئه‌م پانزه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌ت به‌رده‌كه‌وێت و به‌سه‌ریدا بڕۆره‌وه. لاپه‌ڕه‌كانی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌ی، دابه‌ش كردبوو به‌سه‌ر ئه‌ندامانی لیژكه‌ماندا، ئه‌وانیش هه‌ر یه‌كه‌یان پانزه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كیان به‌ركه‌وتبوو.

من ڕۆژی دواتر (پێنج شه‌ممه‌)، پانزه‌ لاپه‌ڕه‌كه‌ی خۆم ته‌واو كرد و ڕاده‌ستی سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌مانم كرده‌وه، له‌وێدا پێم وته‌وه،‌ تكایه‌ با به‌سه‌ر هه‌مو كتێبه‌كه‌دا بچمه‌وه‌، نه‌وه‌كو هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتی تیابێت. وه‌لێ به‌داخه‌وه‌، ڕازینه‌بوو، بۆچی؟ نازانم. پاش ماوه‌یه‌ك به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتنی نوسخه‌یه‌ك له‌ كتێبه‌كه‌، له‌ هه‌ولێر، سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتی پرۆگرام و چاپه‌مه‌نییه‌كان-م كرد، له‌وێ داوام له‌مامۆستا (ئه‌سكه‌نده‌ر مصطفی عبدالرحمن) كرد كه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای دانانی كتێبه‌كانی زانست بۆ هه‌موانه‌، هه‌رچییه‌كی كردووه‌ نوسخه‌یه‌كم له‌ كتێبه‌كه‌ بۆ په‌یدا بكات، تاكو به‌سه‌ریدا بچمه‌وه‌. ئه‌و نوسخه‌ی لا نه‌بوو، له‌گه‌ڵمدا هات بۆ نهۆمی دووه‌م، بۆ لای به‌ڕێزانی لیژنه‌ی زانسته‌كان، له‌ ژوورێكدا به‌ڕێز (نه‌سرین عثمان صالح) و دوو خانمی دیكه‌ دانیشتبوون، دیاربوو خه‌ریكی پێداچوونه‌وه‌بوون به‌ كتێبه‌كه‌دا، مامۆستا ئه‌سكه‌نده‌ر پێی وتن ئه‌مه‌ مامۆستا هه‌ورامان-ه‌ و حه‌ز ده‌كات به‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ی زانستی پۆلی یه‌كدا بچێته‌وه‌ و نوسخه‌یه‌كی بده‌نێ. ئه‌وان وتیان جارێ خۆمان به‌سه‌ریدا ده‌چینه‌وه و هێشتا ته‌واو نه‌بووه‌. ئیدی له‌وێش نوسخه‌م ده‌ست نه‌كه‌وت.

دواتر هه‌ر چاوه‌ڕون بووم، ئه‌ندامێكی ئه‌و لیژنه‌ی باڵایه، ته‌له‌فۆنێك بكات و بڵێت ئه‌وه‌ ئێمه‌ ته‌واو بووین و فه‌رمو تۆش به‌سه‌ریدا بچۆره‌وه‌. وه‌لێ هه‌ی هوو، من چه‌ند دڵساف و نه‌زان بووم، چاوه‌ڕوانی مه‌حاڵم كردووه‌، ئاخر ئه‌و ڕۆحی هاوكاری و ئه‌و خه‌مخۆرییه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ و چاككردنی كتێبه‌كانی زانست- بێ هیچ به‌رامبه‌رێك- كه‌ لای من هه‌یه‌، لای خودی وه‌زیریش نییه‌، چ جای ئه‌وانی دیكه‌. ئیدی نه‌ ته‌له‌فۆن كرا و نه‌ من نوسخه‌ی كتێبه‌كه‌م ده‌ستكه‌وت. سه‌روه‌ختێك هه‌واڵی چاپكردنه‌كه‌یم بیست، له‌ هه‌ولێر و له‌ ڕێگه‌ی سه‌رپه‌رشتیارێكی به‌ڕێز، له‌ به‌رواری 29-8- 2022 نوسخه‌یه‌كی چاپكراوی تازه‌م ده‌ستكه‌وت و له‌ چاوپیاخشاندنێكدا، كۆمه‌ڵێ هه‌ڵه‌ی زه‌قی زمانه‌وانی و زانستیم بینی كه‌ زۆر به‌ ئاسانی ده‌بینرێن و ده‌كه‌ونه‌ به‌ر چاوی هه‌مو كه‌سێك، ته‌نها چاوی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵا نایبینن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ندێ وێنه‌ به‌ هه‌ڵه‌ دانراون، له‌ زۆر شوێندا وێنه‌ی كتێبه‌ كۆنه‌كه‌ زۆر له‌ وێنه‌كانی ئه‌م كتێبه‌ تازه‌یه‌ جوانتربوون كه‌ ده‌كرا هه‌ر ئه‌وان دابنرانایه‌وه‌.

لێره‌وه‌ من به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رپرس نیم له‌و هه‌ڵانه‌ی له‌م كتێبه‌دا هه‌یه‌، ته‌نها ئه‌و پانزه‌ لاپه‌ڕه‌یه نه‌بێت كه‌ چاكم كردووه‌. چونكه‌ هه‌وڵێكی زۆرمدا، بێ به‌رامبه‌ر و بێ هیچ سود و ده‌ستكه‌وتێكی شه‌خسی، به‌سه‌ر ئه‌م كتێبه‌دا بچمه‌وه‌، تكام لێكردن نوسخه‌یه‌كم بده‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ جوانی به‌سه‌ریدا بچمه‌وه‌، بۆچی؟ چونكه‌ دڵنیابووم هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتی تێدایه، باش ده‌مزانی ئه‌و لیژنه‌ باڵایه‌ی خه‌ریكی چاككردنی كتێبه‌كه‌ن، زمانه‌ كوردییه‌كه‌یان، له‌و ئاسته‌دا نییه‌ كتێبێكی زانست به‌ زمانێكی كوردی پوخت ئاماده‌ بكه‌ن. وه‌لێ ئه‌وان نوسخه‌یان نه‌دا به‌ من و كتێبه‌كه‌شیان پڕ كردووه‌ له‌ هه‌ڵه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌. به‌داخه‌وه‌ كه‌س گوێی له‌و تكایه‌ی من نه‌گرت و كه‌س به‌ده‌م هه‌وڵه‌كه‌مه‌وه‌ نه‌هات و وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاسنی ساردم كوتیبێت. ده‌رئه‌نجامیش چاپكردنی 126 هه‌زار و 625 نوسخه‌ی پڕ هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییه‌.

هه‌ر لێره‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نم، چیتر ئاماده‌نیم بۆ یه‌ك چركه‌ له‌و لیژنه‌یه‌دا بمێنمه‌وه‌، لیژنه‌یه‌ك توانای نه‌بێت نوسخه‌ی كتێبێك بۆ ئه‌ندامه‌كه‌ی په‌یدا بكات، شایه‌نی ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌ندامی بیت. لیژنه‌یه‌ك به‌ میزاج و هه‌واو هه‌وه‌سی لیژنه‌ی باڵای زانسته‌كانی هه‌ولێر كار بكات و ئێمه‌یان وه‌ك دیكۆر و ته‌نها بۆ ناو دانابێت، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ باشه‌ لێی بێیته‌ ده‌ره‌وه‌. من له‌ لیژنه‌ی كارتۆنی و بێ كه‌ڵك نامێنمه‌وه‌، له‌ لیژنه‌یه‌كدا نابم حسابی تورێكی بۆ نه‌كرێت و جه‌ماعه‌تی هه‌ولێر، به‌ ئاره‌زووی خۆیان ده‌ستكاری كتێبه‌كه‌ بكه‌ن و له‌ پشتی منه‌وه‌، كار بكه‌ن و كتێب پڕ بكه‌ن له‌ هه‌ڵه‌، نا من پرسه‌ گورگانه‌م ناوێت. لیژنه‌ی له‌و جۆره‌ و كتێبی له‌و جۆره‌ و هه‌ڵه‌ی زه‌ق و زۆپی له‌و جۆره‌، پیرۆزی خۆیان بێت و پۆست و پله‌ی گه‌وره‌تری پێوه‌ربگرن و ئیفادی زیاتریان بۆ بنووسن. به‌داوای لێبوردنه‌وه‌ كورد زۆر له‌ مێژه‌ وتوویه‌تی: ماڵی قه‌ڵب سه‌ر به‌ ساحێبه‌كه‌یه‌تی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار