هه‌رێمی كوردستان؛ زیاتر له‌ 300 هه‌زار خانوی زیاده‌ڕه‌و دروستكراون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی / سه‌ركۆ جه‌مال


سلێمانی؛ 20 هه‌زار فۆڕم بۆ تاپۆكردنی خانووی زیاده‌ڕه‌و پڕكراوه‌ته‌وه‌

واده‌ی تاپۆكردنی خانووه‌ زیاده‌ڕه‌وه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت و خه‌ڵك به‌لێشاو روویانكردووه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی خانووبه‌ره‌ی میری له‌پارێزگاكان، به‌پێی یاسایه‌كی په‌رله‌مانی كوردستان و بڕیاری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێم، زیاتر له‌ 300 هه‌زار خانوو له‌هه‌رێمی كوردستان تاپۆده‌كرێن، به‌پێی رێنماییه‌كانیش ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌پێشتر سودمه‌ندبوون، به‌ڵام نرخی هه‌ر خانوویه‌ك له‌شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی دیكه‌و به‌پێی سودمه‌ندبوون و چه‌ند مه‌رجێكی دیكه‌ ده‌گۆڕێت، به‌شێك له‌هاووڵاتیانیش ده‌ڵێن توانای ئه‌وه‌یان نییه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بده‌ن كه‌ شاره‌وانی داوای ده‌كات.

له‌هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێرو سلێمانی زۆرترین خانووی زیاده‌ڕه‌وی دروستكراوه‌، به‌شێكی زۆریان له‌گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كانن، له‌سلێمانی زیاتر له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی راپه‌ڕین و تاسڵوجه‌و مه‌لا داودو تووه‌سپی و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا خانووی زیاده‌ڕه‌و دروستكراوه‌، له‌هه‌ولێریش له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌شتی حه‌سارۆك و به‌حركه‌و كه‌سنه‌زان و ته‌یراوا دروستكراون.

هه‌رێم ئه‌بوبه‌كر یه‌كێك له‌و هاووڵاتیانه‌ی له‌گه‌ڕه‌كی مه‌لا داود له‌سلێمانی خانووه‌كه‌یان بڕیاره‌كه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ و تاپۆ ده‌كرێت به‌ هاوڵاتی وت:»شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر زه‌وییه‌كی 130 مه‌تریمان كردووه‌ به‌خانوو، دوای ئه‌وه‌ی خانووه‌كه‌ ته‌واوكرا لیژنه‌یه‌كی شاره‌وانی هاتن و هه‌ندێك پرسیاریان لێكردین».

وتیشی:»نزیكه‌ی دوو ساڵ به‌هه‌یكه‌لی مایه‌وه‌ ئینجا شاره‌وانی ژماره‌ی بۆ خانووه‌كه‌ كردو پاشان وه‌ره‌قه‌مان بۆ كرا، دواترچووینه‌ ئاسایش و لیژنه‌یه‌كی ئاسایش كه‌شفی خانووه‌كه‌ی كردو پاش ئه‌وه‌ش چووینه‌ به‌شه‌كانی زیاده‌ڕه‌وی و شاره‌وانی، دوای ئه‌وه‌ش لیژنه‌ی گونده‌كان دروستبوو له‌وێش مامه‌ڵه‌مان بۆ كرد».

وه‌ك ئه‌و هاووڵاتییه‌ ده‌ڵێت:» گرێبه‌ستی زه‌وییه‌كه‌شمان برد بۆ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی و ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ریش چووینه‌ پارێزگای سلێمانی و مامه‌ڵه‌مان راده‌ست كردو پێیانووتین بۆ تاپۆكردنه‌».

زه‌رده‌شت ره‌فیق وته‌بێژی شاره‌وانی سلێمانی به‌ هاوڵاتی وت:» كۆتا واده‌ بۆ راده‌ستكردنی مامه‌ڵه‌كان 9/9/2022 ه‌و ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یكه‌ین لیژنه‌یه‌ك خه‌مڵاندن بۆ خانووه‌كان ده‌كات و پاشان ده‌ینێرینه‌ پارێزگا و تاپۆ».

هاوكات محه‌مه‌د ره‌سوڵ ئه‌ندامی لیژنه‌ی شاره‌وانی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ هاوڵاتی راگه‌یاند:»لیژنه‌یه‌ك دروستكراوه‌ له‌پارێزگای سلێمانی، ئه‌و داواكاریانه‌ی بۆ تاپۆكردن دێن و ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ی ماسته‌رپلانی سلێمانییه‌وه‌ ده‌نێردرێنه‌ لای ئه‌و لیژنه‌یه‌، ده‌بێت فۆرمی خۆراك و كارتی نیشتیمانی و پسوڵه‌ی ئاوو كاره‌باو چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك ببه‌ن، له‌وێشه‌وه‌ ده‌برێته‌ به‌شی یاسایی پارێزگا تامامه‌ڵه‌كانیان ته‌واو بكرێت».

پشتیوان محه‌مه‌د سه‌رۆكی به‌شی یاسایی پارێزگای سلێمانی سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ بۆ هاوڵاتی دواو وتی:»ئێمه‌ داواكارییه‌كانیان لێوه‌رده‌گرین، چونكه‌ به‌پێی یاسا ده‌بێت داواكارییه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری نه‌كردووه‌ یاساكه‌ نایگرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ یاسای ژماره‌ سێی ساڵی 2019یه‌ و پاشان له‌ساڵی 2021 هه‌مواركرایه‌وه‌و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی رێنماییه‌كی پێده‌ركردووه‌، رێنماییه‌كه‌ ئاسانكاری بۆ یاساكه‌ كردووه‌».

وتیشی:»یه‌كێك له‌مه‌رجه‌كان ئه‌وه‌یه‌ خێزاندار بێت ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌وێت خانووه‌كه‌ی تاپۆ بكات، ئه‌وكه‌سانه‌ی مه‌رجه‌كه‌ نایانگرێته‌وه‌ ده‌بێت بیكات به‌ناوی كه‌سێكه‌وه‌ كه‌خێزاندار بێت، بۆ نموونه‌ ده‌یكات به‌ناوی دایكی یان باوكی و پاشان به‌ڵگه‌نامه‌كانی ده‌هێنێت و ئێمه‌ش قبوڵی ده‌كه‌ین و لیژنه‌كه‌ش كه‌سه‌ردان ده‌كات ئه‌گه‌ر داوای فۆڕمی لێبكه‌ن پێویسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ناوی تۆماركراوه‌ رازی بێت».

وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی یاسایی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێت:»له‌هه‌موو دۆسیه‌یه‌كدا ئه‌و حاڵه‌تانه‌ دروستده‌بێت و چاره‌سه‌ریش ده‌كرێت، ئه‌و كه‌سانه‌شی سودمه‌ندبوون پێشتر 10% ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ تاپۆكردن لێی وه‌رده‌گیرێت، یاساكه‌ ساڵێكی داوه‌ته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت خانووه‌كه‌ تاپۆ بكه‌ن، یاساكه‌ له‌ 9/9/2021 ده‌رچووه‌ و له‌ 9/9/2022 كۆتایی دێت».

«پێشتر یاساكه‌ له‌سه‌نته‌ری شارو قه‌زاو ناحیه‌كانیش به‌پێی مه‌تر نرخی دیاریكردبوو، به‌ڵام ئێستا رێنماییه‌كه‌ ورده‌كاریه‌كانی دیاریكردووه‌ كه‌ نابێت 5% كه‌متر بێت و 15% زیاتر بێت، به‌پێی گه‌ڕه‌كه‌كانیش لیژنه‌كه‌ جیاوازییه‌كه‌ دیاریده‌كات، له‌هه‌ر پێنج شاره‌وانیه‌كه‌ی  سلێمانی داواكاری بۆ تاپۆكردن هاتووه‌ له‌وانه‌ش راپه‌ڕین و به‌كره‌جۆو تاسڵوجه‌و مه‌لا داودو تووه‌سپی». پشتیوان محمه‌د وای وت، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی یاسایی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێت:» ئه‌و واده‌یه‌ی دیاریكراوه‌ كه‌ رۆژی 9/9/2022 ه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك درێژ ناكرێته‌وه‌و هه‌ر كه‌سێك ئاماده‌ نه‌بێت تاپۆی بكات خانووه‌كه‌ی وه‌ك موڵكی حكومه‌ت هه‌ژمار ده‌كرێت، تائێستاش نزیكه‌ی 20 هه‌زار كه‌س له‌پارێزگای سلێمانی فۆڕمی تاپۆكردنی خانووه‌كانیان پڕكردووه‌ته‌وه‌».

برزۆ زیاد مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری خانووبه‌ره‌ی میریی له‌هه‌ولێر به‌ هاوڵاتی راگه‌یاند: «یاسای تاپۆكردنی خانووه‌ زێده‌ڕه‌وه‌كان له‌ساڵی 2019 له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوو و له‌ساڵی 2021 هه‌مواركرایه‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌بوو كه‌پێشتر ساڵێكیان كات دیاریكردبوو بۆ تاپۆكردنه‌كه‌، له‌هه‌مواره‌كه‌دا ماوه‌كه‌یان به‌یاسای ژماره‌ حه‌وت بۆ ساڵێك درێژكرده‌وه‌».

وتیشی:»ته‌نانه‌ت خانووی ئه‌و كه‌سانه‌ش تاپۆ ده‌كرێت كه‌ پێشتر سودمه‌ند بوون و بڕیاره‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌».

نه‌وزاد عه‌زیز، دانیشتووی گه‌ڕه‌كی ته‌یراوایه‌ له‌هه‌ولێر به‌ هاوڵاتی وت: «بۆ تاپۆكردنی خانووه‌كه‌ پاره‌مان نییه‌، ته‌نها ئۆتۆمبێلێكم هه‌یه‌، مه‌گه‌ر بیفرۆشم و ئیتر هیچ به‌ده‌ستمه‌وه‌ نامێنێت و ده‌بێت شوكری خودا بكه‌م.» 

 مه‌جید ئه‌حمه‌د، دانیشتووی گه‌ڕه‌كی خه‌لیفاوایه‌ له‌سلێمانی و به‌هاوڵاتی وت:» هیچمان نییه‌، مه‌گه‌ر حكومه‌ت هاوكاریمان بكات، خه‌ڵك له‌وه‌ هه‌ژارتر نابێت، هه‌ر به‌هۆی هه‌ژاری چووینه‌ته‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ چۆڵه‌».

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی هاوڵاتی له‌ كوردۆ عومه‌ر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری وه‌رگرتووه‌، زیاتر له‌ 300 هه‌زار خانووی زیاده‌ڕه‌و له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ن كه‌ ده‌توانن تاوه‌كو به‌رواری 9-9-2022، داواكاری بۆ تاپۆكردنی خانووه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن. 

به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئه‌و خانووانه‌ی پێش 31-12-2020، به‌زیاده‌ڕه‌و درووستكراون تاپۆده‌كرێن، تێچووی هه‌ر یه‌كێكیان به‌پێی یاسای ژماره‌ حه‌وتی ساڵی 2021ـی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریده‌كرێت: 
-ئه‌گه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ی زیاده‌ڕه‌وی كراوه‌ته‌سه‌ر، پێشتر شاره‌وانی جیای كردبێته‌وه‌، تێچووه‌كه‌ی به‌ 25%ی نرخی راسته‌قینه‌ی زه‌وییه‌كه‌ ده‌خه‌مڵێنرێت.
-ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ پێشتر سوودمه‌ندبووبێت له‌ده‌وڵه‌ت، تێچووه‌كه‌ی به‌ 35%ـی نرخی راسته‌قینه‌ی زه‌وییه‌كه‌ ده‌خه‌مڵێنرێت. 
- ئه‌گه‌ر شاره‌وانی پێشتر ئه‌و زه‌وییه‌ی جیانه‌كردبێته‌وه‌، تێچووه‌كه‌ی به‌ نرخێك ده‌خه‌مڵێنرێت كه‌ كه‌مترنه‌بیت له‌ 5%ـی نرخی راسته‌قینه‌ی زه‌وییه‌كه‌. 
- ئه‌گه‌ر شوێنی خانوویه‌ك سه‌رپێچی بوو بۆ سه‌ر ماسته‌رپلان یان نه‌خشه‌ی كه‌رتی، تاپۆكردنه‌كه‌ی ره‌تده‌كرێته‌وه‌ و به‌زه‌وییه‌كی دیكه‌ قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌.
- ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئاماده‌نه‌بوو ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ تاپۆكردن بدات، زه‌وییه‌كه‌ی به‌ناوی شاره‌وانی سنووره‌كه‌یه‌وه‌ تۆمارده‌كرێت.

لوقمان وه‌ردی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌هاوڵاتی وت: «بۆ دیاریكردنی نرخی تاپۆكردن، لیژنه‌یه‌ك له‌یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان دروستده‌كرێت و نوێنه‌ری وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی تێدایه‌ و خه‌مڵاندن بۆ ئه‌و زه‌وییانه‌ ده‌كات و نرخه‌كه‌ی دیاریده‌كات، ئێمه‌ش له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری نزیكی ئه‌و كارانه‌ ده‌كه‌ین.» 

وتیشی: به‌پێی یاساكه‌ له‌ 70%ـی داهاتی پرۆسه‌كه‌ بۆ خزمه‌تگوزاری ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ خه‌رج ده‌كرێت كه‌ خانووه‌كانیان تێدا تاپۆكراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار