له‌ خانه‌قین بڕیاری داخستنی 33 خوێندنگای كوردی ده‌درێت 

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ نیگار عومه‌ر 

خوێندنی كوردی له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان رِوو له‌كه‌مبونه‌وه‌ ده‌كات و مامۆستایانیش پێیان وایه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ كارئاسانی زیاتر ده‌كرێت بۆ خوێندكاران به‌راورد به‌ حكمه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ زیاتر خوێندنی عه‌ره‌بی هه‌ڵده‌بژێرین، و برِیاریشدراوه‌ 33 خوێندنگای كوردی  له‌سنوری خانه‌قین دابخرێت و له‌ خورماتوش له‌كۆی 34 خوێندنگه‌ی كوردی هیچ به‌رِێوبه‌رێكی كورد نیه‌.

 مامۆستایان پێیان وایه‌ به‌به‌رنامه‌ كارده‌كرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خوێندنی كوردی له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ركان.

قه‌زای خورماتو له‌ رووی ئیداریه‌وه‌ سه‌ر به‌پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه‌، قه‌زای خانه‌قینیش له‌ رووی ئیداریه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای دیاله‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سنوری ئه‌و ناوچانه‌ی تاوه‌كو ئێستا به‌ ناوچه‌ی كێشه‌ له‌سه‌ر داده‌نرێت.

كارزان جه‌بار،جێگری سه‌رۆكی لقی خانه‌قین یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان به‌هاوڵاتی راگه‌یاند: «له‌سنوری خانه‌قین 59 قوتابخانه‌مان هه‌یه‌ كه‌ خوێندنی كوردی تێدا ده‌خوێنرێت 26 قوتابخانه‌یان سه‌ر به‌هه‌رێمی كوردستانه‌ و 33 قوتابخانه‌یان كه‌ خوێندنی كوردی تێدا ده‌خوێنرێت سه‌ر به‌ حكومه‌تی عێراقه‌ و له‌ ئێستادا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق برِیاری داوه‌ ئه‌و قوتابخانانه‌ دابخات به‌بیانوی ئه‌وه‌ی كه‌ رِێژه‌ی فێرخواز تێیدا كه‌مه‌».

وتیشی،» خانه‌قین له‌هه‌مو رِویه‌كه‌وه‌ پشتگوێ خراوه‌ له‌دوای ساڵی 2017ه‌وه‌ 3 قوتابخانه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ له‌خانه‌قیندا دروستكراوه‌ به‌ڵام 18قوتابخانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ دروستكراوه‌، له‌ نێو ئه‌و 26 قوتابخانانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ دروستكراون 23 قوتابخانه‌یان پێویستیان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌».

رِێزان محمد، به‌رِێوبه‌ری ئاماده‌ی تاڤگه‌ له‌خانه‌قین ده‌ڵێت» قوتابخانه‌كه‌ی ئێمه‌ پێویستی به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌مو پێداویستیه‌كانی كۆن بوه‌، ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌كانی هه‌موی كۆنه‌ و بیناكه‌ درزی بردوه‌ و له‌ كاتی باراندا دڵۆپه‌ ده‌كات و پۆله‌كان شێ وه‌رده‌گرێت، هیچ ئامێرێكی تێدا نیه‌ بۆ فێنك كه‌ره‌وه‌ و گه‌رمكردنه‌وه‌ و پۆله‌كانیشی زۆر كه‌م و بچوكن و به‌شی خوێندكاره‌كانمان ناكات».

وتیشی:» ئه‌م خوێندگایه‌ ئێمه‌ سیستمی خوێندن و تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌موی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ تاوه‌كو ئێستا ئێمه‌ نه‌هێڵی ئه‌نته‌رنێتمان هه‌یه‌ و نه‌كۆمپیته‌ر و نه‌ پێداویستی تاقیگه‌».

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد:  «ساڵی رابردوو به‌رِێوبه‌ری خوێندنگه‌یه‌كی بنه‌رِه‌تی بوم ته‌نها سێ خوێندكار تۆماركرا بۆخوێندنی كوردی، به‌ڵام  له‌قوتابخانه‌ عه‌ره‌بیه‌كان سێ پۆل خوێندكار بۆ خوێندنی عه‌ره‌بی تۆمار كران، زۆربه‌ی خانه‌واده‌ی منداڵه‌كان باسله‌وه‌ده‌كه‌ن خوێندنی عه‌ره‌بی بۆ دوارِۆژی منداڵه‌كانیان باشتره‌ و كارئاسانی زیاتریان بۆ ده‌كرێت بۆ وه‌رگرتنیان له‌ زانكۆكانی حكومه‌تی عێراق، بۆیه‌ كورده‌كان زیاتر منداڵه‌كانیان ده‌به‌ن بۆخوێندنگه‌ عه‌ره‌بیه‌كان».

هاوكات ئه‌حمه‌د عاسی، جێگری به‌رِێوبه‌ری قوتابخانه‌ی شه‌فه‌ق  له‌ خورماتو بۆ هاوڵاتێ دواو وتی:» له‌نێو بینایه‌كی 12پۆلیدا سێ ده‌وامی تێدا ده‌كرێت و جگه‌ له‌وه‌ش بیناكه‌ هه‌رچه‌نده‌ تازه‌ دروست كراوه‌ به‌ڵام هه‌موی درزی بردوه‌، خوێندمان له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمه‌ و تاقیكردنه‌وه‌ و برِیار له‌ حكومه‌تی عێراق وه‌ر ده‌گرین خوێندنگه‌كه‌مان پێویستی به‌ هێڵی ئینته‌رنێت و پێداویستیه‌كانی خوێندن هه‌یه‌ و هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غداد پێدوایشتیه‌كانمان بۆ دابین ناكه‌ن».

وتیشی،» له‌خوماتودا ماڵه‌ كورده‌كان منداڵه‌كانیان ده‌نێرن بۆ خوێندنی عه‌ره‌بی ئه‌مه‌ش پێمان وایه‌ ناحه‌زانی كورد هه‌وڵده‌ده‌ن خوێندنی كوردی له‌و شاره‌دا كه‌م بێته‌وه‌، خانه‌واده‌ی منداڵه‌كانیش بۆ دوارِۆژی منداڵه‌كانیان ده‌یانێرن بۆخوێندنی عه‌ره‌بی».
ئه‌وه‌شی وت،» له‌هه‌مو ئه‌و خوێندنگایانه‌ی كه‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمن هیچ به‌رِێوبه‌رێكی كوردی تێدا نیه‌ و هه‌مو خوێندنگه‌كان به‌رِێوبه‌ره‌كانی عه‌ره‌بن و ته‌نها جێگره‌كانیان كوردن، ئێمه‌ ده‌بێت بۆ هه‌موو برِیارێك بگه‌رِێینه‌وه‌ بۆلای ئه‌وان هه‌ندێ كات كێشه‌ و گرفتمان بۆدروست ده‌بێت چونكه‌ هه‌ندێك له‌به‌رِێوبه‌ره‌كان هاوكاری كورده‌كان ناكه‌ن».

تارق ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌ری  په‌روه‌رده‌ی خوێندنی كوردی له‌ خورماتو بۆ هاوڵاتی وتی،» له‌ سنوری خوماتودا 34 خویندنگه‌ی كوردیمان  هه‌یه‌، له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ زۆرێك له‌پێداویستیه‌كانمان بۆ دابینكراوه‌، له‌خورماتودا ناردنی منداڵان بۆ خوێندنی عه‌ره‌بی رِوی له‌ زیادبونكردوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ست ده‌كه‌ین له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێكی ناحه‌زانی كورده‌وه‌ ئه‌م پلانه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت».

وتیشی، « بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی به‌رِێوبه‌ری قوتابخانه‌كان كێشه‌كه‌مان گه‌یاندوه‌ به‌ وه‌زیری په‌روه‌ده‌ی عێراق به‌ڵام تا ئێستا ڕێگه‌ نه‌دراوه‌ به‌ڕێوبه‌ر بۆ خوێندنگه‌ كوردیه‌كان دابنێین، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت به‌ڕێوبه‌ر سه‌ر به‌حكومه‌تی عێراق بێت و خوێندنگه‌كانی ئێمه‌ش سه‌ر به‌ هه‌رێمن بۆیه‌ به‌ڕێوبه‌ری بۆ دانانرێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار