ئەو مافەی كەزۆربەمان پێی ئاشنانین!
2 ساڵ لەمەوپێش
رێبوار عارف
ماوەیەك لەمەوبەر دۆستێكم بەتەلەفۆن پەیوەندی پێوەكردم و وتی تەندروستیم زۆر خراپەو دوو رۆژە نەچوومەتەوە بۆ سەر كارو گومان دەكەم كە كۆرۆنام هەبێت.
دوای كەمێك قسەوباسكردن وتم یەكەم كار ئەوەیە بڕۆیت پشكنینێك بكەیت تا دڵنیابیت لەوەی كەئایا كرۆنایە یان نا ... دواتر بۆم دەركەوت كەئەو زۆر قەلەق و نیگەرانی لەدەستدانی كارەكەیەتی، چونكە جگە لەوەی كەماوەیەكی كەمە چووەتە سەركار هاوكات زمانەكەشی باش نیە.
بەڵام لەڕاستیدا دوای پشكنینەكەو دڵنیابوونەوەی لەوەی كە كۆرۆنای هەیە دەركەوت كەكێشەیەكی سەرەكی ئەو دۆستەمان ئەوەیە كەئەو وەك زۆرێك لەپەنابەران ئاگاداری یاساو رێساو ژیانی ئەم كۆمەلگایە نیە، بۆیە بۆم گرنگ بوو وەك ئەزموونێك كەمێك لەسەر ئەم بابەتە راوەستم، چونكە بەدڵنیایی ئەمە لەئاستیكی فراواندا لەنێو پەنابەراندا بەدیدەكرێت و بووەتە دیاریدەیەكی بەرچاو، بۆیە باشتروایە لەمبارەوە هەڵوێستەیەك بكەین و ئاوڕێك لەناوەرۆكی ئەم بابەتە بدەینەوە!
بەر لەهەرشتێك ئەوە واقعێكی تاڵە كاتێك كەپەنابەران لەم كۆمەڵگایانەدا هەست بەلاوازی توانای زمانەكەیان دەكەن ئیدی گۆشارێكی زۆر زیاتریان لەسەرەو بەوانەشەوە كەكاریان هەیە، بۆیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەو بۆ رازیكردنی شوێنی كارەكەو سەرنجڕاكێشانی كار فەرمان هەوڵ و تەقەلایەكی زۆر زیاتری فیزیكی دەدەن و دەیانەوێت ئەوەی كە لەڕووی دەربڕین و شارەزایی زمانەوە پێیان ناكرێت لەڕێگەی بەگەڕخستنی توانای بەدەنی خۆیانەوە پڕیكەنەوەو كارو ماندوبوونێكی زیاتر لەخۆیان نیشان بدەن تاببنە جیگەی رەزامەندی كۆمپانیاو كارفەر ماكانیان. چونكە لەڕاستیدا ئەم حاڵەتانە تەنیا نابنەهۆی جێی خۆكردنەوەی كرێكارەكە، بەڵكو هاوكات دەبێتە جێگەی پێشوازی و خۆشحاڵی خاوەن كارەكەش، چونكە زۆرێك لەو كارانەی كەپەنابەران ئەنجامی دەدەن پێویسیان بەتوانایەكی فیزیكی و بەدەنی زیاترە، تا توانای فكری.
بەڵام لەڕاستیدا هەموو ئەوەی كە تائێستا باسمانكرد نێوەی پەرداخەكەیە، تۆ كاتێك كە لەمیكانیزم و یاساو ڕێسای شوێنی كارو كۆمەڵگاكە شارەزانیت ئیدی بەدەر لەویستی خۆت و تەنانەت هەندێ جار ویستی خاوەن كارەكەشت رووبەڕووی بێ مافیگەلێكی زۆر دەبیتەوە.
گرنگە لەمبارەوە ئەوەش بزانین ئەو بێمافیانەی كەباسیان دەكەین تەنیا تایبەت نین بەپەنابەران و كەسانی بیانی لەم كۆمەلگایانەدا، بەڵكو دەكرێت هاووڵاتیەكی ئەم كۆمەلگایەش كەوردبین نیە بەدوای مافەكانی خۆیەوە هەندێجار بەهەمان شێوە بێبەش بێت لەمافێك كە بۆی بەرەسیمەت ناسراوە، ئەگەرچی لەهەموو حاڵیكدا ئەو زۆر ئاسانتر دەتوانێت بەهۆی زمانی زكماكی خۆیەوەو بەهۆی رادەی ئاشنابوونی بەمیكانیزمەكانی ئەم كۆمەلگایانەوە بەئاسانی مافەكانی خۆی بەدەستبهێنێت. ئەوەی لێرەدا دەمەویت فەرامۆشی نەكەم ئەوەیە كە خۆبەخۆ هاووڵاتی بوون ئیمتیاز نیە، یان هۆكاری سوودمەندبوون نیە لەو مافە، بەڵكو دەكرێ بەهەمان شێوە تۆ هاووڵاتی بیت بەڵام لەم مافە بەهرەمەند نەبیت، چونكە كارت نەكردووە بۆ ئاشنابوونیت بەمافەكانی خۆت.
ئەوە راستە كە لەم وڵاتانەدا هاووڵاتیان لەبەرامبەر بەیاسادا بەرامبەرن، بەڵام ئەمە خۆی بۆ خۆی نابێتە هۆی ئەوەی كە هەر كەسانێك ئۆتۆماتیكی لەو مافە دیاریكراو سوودمەندبێت. چونكە بەدەر لەوەی كە چ جیاوازییەك هەیە لەنێوان كەرتی تایبەتی و كەرتی گشتیدا لایەنێكی بابەتەكە ئەوەیە كەتۆ بۆخۆت چەندە هاووڵاتیەكی وشیارو چاوكراوەیت بەماف و ئازادیەكانی خۆت، هەرچەند بەدڵنیایی كەسانێك كە لەم كۆمەلگایەدا لەدایكبوون شانسی ئاشنابوون و بەدەسهێنانی مافەكانیان یەكجار زۆرترو زیاترەو بەراورد ناكرێن.
بەڵام بۆ من و تۆیەك لەدۆخێكداو لەكۆمەڵگایەكدا كەڕۆژانە چەندین یاساو رێسای جیاواز دەردەچێت، ئەگەر ئەهلی بەدواچوون و خوێندنەوە نەبین، ئەندامی نقابە كرێكاریەكان نەبین، لەخزمەتگوزاری پارێزەری شوێنی كارەكەمان بەهرەمەند نەبین، هیچ ئیشتیاقێكمان بۆ كۆڕو كۆبوونەوەو سیمینارو رۆژنامەو گۆڤاری شوێنی كارەكەمان نەبێت، سەرباری هەموو ئەمانەش توانای تێگەیشتن و شارەزای زمانەكەمان بەوشێوە لەخوارەوە بێت، ئیتر لەكوێوە دەزانیت یاسای نەخۆشییە درمیەكان (Tartuntatautilaki) لەچ مافێك سوودمەندمان دەكات.
ئەمەی لێرەدا ئاماژەمان پێكرد گۆشەیەكی زۆر بچووك لەمەترسیەكانی ئەو دیاریدەیە نیشاندەدا كە پەنابەران لەم وڵاتانەدا كاتێك كە لەفێربوونی زمان و تیكەڵ بوون لەكۆمەلگادا خۆمان بێبەش دەكەین و هەوڵنادەین بۆ ئاشنابوون بەلایەنی كەمی ئەو یاساو رێساو میكانیزمانەی كە دەتوانن ئاسانكاریی گەورە بۆ جێخستنی ژیانێكی ئاسایی و ئاسوودە مسۆگەر بكات، ئیتر چۆن لەپەراوێزدا دەمێننەوە رەنج دەبەن لەو سەرەتایترین مافانەی كە هەر ئینسانێك دەتوانێت بەدەستی بێنێت، كە بەمەش قڵشتی ئەو جیاكاری و پەراوێزبوونەی كۆمەڵگا زیاتر دەكات و هەستكردن بەستەم و چەوسانەوە لەناخماندا زیاتر دەبێت، لەكاتیكدا هۆكارەكەی ئەو دیوارەیە كە لەنێوان خۆمان و كۆمەڵگادا دروستمانكردووە، بۆیە تەنیا رێگە تێكشاندن و تێكەڵ بوونمان بەم كۆمەڵگایانە!