خۆتان بڕیار بدەن: شاژنە ئیلیزابێس یان شاژنە مەقبولە؟

2 ساڵ لەمەوپێش



کێیان شاژنترن...؟ کامییان مەزنترن...؟ کامییان رەسەنترن...؟ شاژنی ئینگلیز شاژنە ئیلیزابێس یان شاژنی کوردان شاژنە مەقبولە...؟

شاژنە ئیلیزابێس یاداوەری کۆڵۆنیزەکردنی دەیان وڵات و رووبارێک خوێنرێژی بەناهەقە... شاژنە مەقبولە ئۆزەری کوردانیش یاداوەری نەتەوەیەکی ژێردەستەی رام نەکراو و رووبارێک خوێنی بەناهەق رژاوی نەتەوەکەیەتی... کامەیان شاژنترن، شاژنە ئیلزابێسی ئینگلیزان یان شاژنە مەقبولەی کوردان؟

شاژنە ئیلیزابێس لەتەمەنی ٢٦ ساڵی و بەهۆی مردنی باوکییەوە بووە میراتگر و شاژنی وڵاتەکەی، شاژنە مەقبولەش لەتەمەنی ٨٠ ساڵیدا و لەپێناو دۆزی نەتەوە ژێردەستەکەیدا خرایە زیندان و بووە شاژنی نەتەوە ژێردەستەکەی... کامەیان شاژنترن، شاژنە ئیلیزابێسی ئینگلیزان یان شاژنە مەقبولەی کوردان...؟

شاژنە ئیلزابێس ٩٦ ساڵی تەمەن و بە حەفتا ساڵ تەمەنی سەر عەرشییەوە بەقەد ئەم چوار مانگەی زیندانی شاژنە مەقبولە لە پێناو نەتەوەکەیدا تاڵ و سوێری نەچەشتووە... کامەیان شاژنترن، شاژنە ئیلزابێسی ئینگلیزان یان شاژنە مەقبولەی کوردان...؟

شاژنە ئیلیزابێس لە ٩٦ ساڵەی تەمەنیدا نە هەڵوێستێکی جوامێرانەی نواندووە و نە پێویستی بەنواندنی جوامێری هەبووە، بەڵام شاژنە مەقبولە، لە ماوەی چوار مانگ زیندانیدا ئامادە نەبوو یەک وشەش بە زمانی داگیرکەر (تورکی) بدوێت و لە مافی بەرگریکردن لەخۆی بێ بەش بوو، ئەمەش گەورەترین تەحەددایە کە هەر زیندانییەکی سیاسی جورئەتی کردبێت بینوێنێت... کامەیان شاژنترن، شاژنە ئیلیزابێسی ئینگلیزان یان مەقبولەی کوردان...؟

شاژنە ئیلیزابێسی ئینگلیز خاوەنی تاجێکی زێڕینی تەڵخ بوو بەخوێنی دەیان نەتەوەی ژێردەست و سەدان پارچە گەوهەر و سەدان شەپقە و دەسکێش و کراس و پێڵاو و جانتای ژنانە بوو کە بۆ شاردنەوەی هەقیقەتی خۆی بەکار دێنا... شاژنە مەقبولەی کوردانیش خاوەنی لەچکێکی سپی ئاهورامزدایی، سپیتر لە باڵی کلوە فریشتەکانی بەفر و دەسبیحێکی قەزوان کە هەر دەنکەی دەچێتەوە سەر شارستانییەتێک لە شارستانییەتەکانی زاگرۆس و میزۆپۆتامیا وە گۆچانێک لە رەچەڵەکی داربەڕوە سەرفرازەکانی قەندیلە... ئێستا پێم بڵێن کامەیان شاژنترن، شاژنە ئیلیزابێسی ئینگلیزان یان شاژنە مەقبولەی کوردان...؟

من بێ دوودڵێ شاژنە مەقبولە بە شاژنە رەسەن و تەوێڵ بەرز و تاج زێڕینەکەی خۆم دەزانم.

ئەی ئێوە...؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار