سلێمانی؛ سیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری دەستی پێنەكردووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سیستمی ئەلیكترۆنی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری ماوەی نزیكەی مانگێكە لەهەولێر دەستیپێكردووە، بەڵام تائێستا لەسلێمانی دەستی پێنەكردووەو سیستمەكە نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانیش دەڵێت لەئایندەیەكی نزیكدا دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سیستمەكە لەشاری هەولێر بەخاوی بەڕێوەدەچێت.
سیستمی مۆڵەتی ئەلیكترۆنی سیستمێكی نێودەوڵەتییەو لەزۆرێك لەوڵاتانی جیهاندا پەیڕەو دەكرێت، پێشووتر لەسیستمی پێشوو كە لەعێراق و هەرێمی كوردستاندا كاری پێدەكرا چوار جۆر مۆڵەتی شۆفێری هەبوو، ئەوانیش تایبەت- گشتی-بیناسازی و كشتوكاڵی- ماتۆڕسكیل، بەڵام لەم سیستمە نوێیەدا ١٣ جۆر مۆڵەت دەدرێت و ئێستا پۆلێنی مۆڵەت هەیەو هاووڵاتی دەتوانێت وەریبگرێت، بەوتەی بەرپرسانی هاتوچۆ بەپێی تەمەن و مەرجی خۆیی و سیستمێكی خێرایە ماوەی ٣٠-٣٥ خولەكی بۆ دانراوە تاسەرجەم كارەكانی تەواو بێت و مۆڵەتەكەی وەربگرێتەوە.
فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:» 24ی ئابی 2022 لەهەولێر بەشێوەیەكی فەرمی دەست بەو سیستمە نوێیە كراو لەو سیستمەدا ساختەكاری نامێنێت چونكە سیستمەكە و كوالێتییەكەی پێشكەوتووەو هەمووی دەبێتە ئەلیكترۆنی و داتا سەنتەرێك دەبێت و زانیاریەكان داخڵ دەكرێت تێیدا».
وتیشی: «سیستمەكە تەواو جێگیر ببێت، سیستمێكی خێرایەو لەئێستادا دەستمان بەتازەكردنەوە كردووە كە ئەوانەی مۆڵەتەكانیان بەسەرچووە بەم سیستمە نوێیە بۆیان نوێدەكرێتەوە».
«ئەو سیستەمە نوێیە وا پێویست دەكات هەر هاووڵاتییەك كەدەچێت بۆ ماوەی نیو كاتژمێر داتاكانی و بەسمەی چاوو پەنجەكانی وەردەگیرێت و وا پێویست دەكات هاوشێوەی كارتی نیشتیمانی ماوەیەك لای سیستمەكە بمێنێتەوە ئینجا كارەكانی جێبەجێ دەبێت، بۆیە لەسەرەتادا كەمێك خاوترە تاكو داتاكان لەهاووڵاتی وەردەگیرێت و لەئێستاشدا لۆدێكی زۆر لەسەر بەشی مۆڵەتی كارمەندانی هاتوچۆ هەیە». فازڵ حاجی وای وت.
هاوكات، بەختیار محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «ئەم سیستمە جیاوازترە لەسیستمەكەی رابردوو، ئەمجارە وێنەگرتن و پەنجەمۆرو كۆمەڵێك رێكاری تێدایە كەپێشتر لەهاتوچۆی كوردستاندا نەكراوەو زانیارییەكانی وردتر دەپارێزرێت پارێزگارییەكی باشتری زانیارییەكانی تێدایە، هەر لەشاری سلێمانی جێبەجێدەكرێت، لەئێستاشدا ئەفسەران و كارمەندانی بەشی مۆڵەت لەمەشقدان و سەرقاڵی ئەوەن چۆن ئەو سیستمە بەكاربێنن».
وتیشی: «وەزارەتی ناوخۆ هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی كەپێشخستن لەسیستمی مۆڵەتەكەدا بكات و مۆڵەتەكە دەبێتە پلاستیكی و ئەو كاغەزە نامێنێت هاوشێوەی هەموو وڵاتانی دونیا، لەداهاتوودا دەردەكەوێت كە لەڕووی سەلامەتییەوە زۆرباشە.
وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت: «بڕیارەكە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆیەو لەسلێمانیش هاوشێوەی هاتوچۆی هەولێرو دهۆك و سەرجەم ناوچەكانی كوردستان و لەئایندەیەكی نزیكیشدا جێبەجێدەكریت».
بەپێی بڕیارە نوێیەكەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر كەسێك مۆڵەتە تایبەتییەكەی بگۆڕێت ئەوا بەگوێرەی ئەو پۆلێنە نوێیە، پۆلێنی B پێدەدرێت كە هەموو ئۆتۆمبێلە تایبەتەكان دەگرێتەوەو مەرجیشە تەمەنی كەسەكە 18 ساڵ بەسەرەوە بێت و لەڕووی تەندروستیشەوە هیچ كێشەیەكی نەبێت، ئەوانەی كەمۆڵەتەكەی پێشوویان جۆری گشتییە ئەوا جۆریB ، D1 و C1ی پێدەدرێت، كە C1 بارهەڵگرە مامناوەندو بچووكەكان و D1 پاسی بچووك تا 16 نەفەری دەگرێتەوە، ئەوانەی مۆڵەتەكانیشیان بەسەرنەچووە دەتوانن وەك خۆیان بەكاری بێنن، بەڵام لەگەڵ تازەكردنەوە دەبێت دیاریی بكرێت كە كامە جۆر ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت، ئەگەر ویستی ئۆتۆمبێلی (قاتیرەو مەقتورە) یان پاس لێبخوڕێت دەبێت ئۆتۆمبێلەكە بەناوی یەكێك لەئەندامانی خێزانەكەی بێت و بۆ ئەمەش بیسەلمێنێت كەكار بەو ئۆتۆمبێلە دەكات.
هەر بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ، لەسیستمە كۆنەكە پێویست بوو شۆفێری تاكسی مۆڵەتی گشتیی هەبوایە، بەڵام لەسیستمی نوێدا جگە لەو سێ جۆرەی سەرەوە، لەبەشی تێبینی دەنووسرێت تاكسی و جگە لەو شۆفێرانە كەسی تر ناتوانێت تاكسی لێبخوڕێت.
دەربارەی نرخی مۆڵەتە نوێیەكەش بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ 55 هەزار دیناری تێدەچێت، لەكاتێكدا مۆڵەتە كۆنەكە نزیكەی 45 هەزار دیناری تێدەچوو.