داگیرکردنی موڵكی بانكەكانی حكومەتی عێراق لە كوردستان رێگرە لە كردنەوەی لقەكانیان

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

بانكی رافیدەین و چەند بانكێكی دیكەی عێراق ئامادەییان نیشانداوە لەهەرێمی كوردستان لقی خۆیان بكەنەوەو هاووڵاتیانی هەرێم لەپێشینەكانیان سودمەند بن، بەڵام دەستبەسەرداگرتنی موڵكەكانیان لەهەرێمی كوردستان لەلایەن حزبەوە رێگری سەرەكییە لەكردنەوەی لقی بانكەكانیان، شارەزایەكی بانكیش دەڵێت ئەگەر ئەو بانكانە لقەكانیان لەهەرێم بكەنەوە بازاڕ دەبووژێتەوە.

عێراق لەهەرێمی كوردستان ژمارەیەك لقی بانكی حكومی كردووەتەوە وەك لقی بانكی رەشید، ، تی بی ئای، لەگەڵ ژمارەیەك بانكی دیكەی ئەهلی، بەڵام لەكاتی پێدانی قەرز لەبانكەكانەوە كێشە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دروستدەكرێت، چونكە لەڕێگەی هەژماری كارتی بانكییەوە قەرزەكان دەدرێت، بەڵام لەهەرێم ئەو هەژمارە نییەو نادرێتە هاووڵاتیان تاوەكو هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق هاووڵاتیانی هەرێمیش لەو خزمەتگوزارییە سوودمەند بن.

بانكی رەشید بانكێكی حكومەتی عێراقییەو ساڵی 1988 دروستكراوە، بانكێكی بازرگانیەو 162 لقی لەناوخۆی عێراقدا هەیە، ئەو بانكە لەبوارەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پشتیوانی دارایی كاردەكات، لەئێستاشدا فەرمانبەرانی ئاگاداركردووەتەوە بەپێدانی 40 ملیۆن دیناری قەرز بۆ كڕین یان دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون.

بەوتەی شارەزایانی ئابووری نەكردنەوەی لقی ئەو بانكانەش لەهەرێم كاریگەری لەسەر تاكی هەرێم دەبێت، چونكە بەكردنەوەیان دەتوانرێت قەرز وەربگیرێت و مامەڵە داراییەكانیان ئەنجامبدەن و بەوەش هەلی كاری زیاتر دەڕەخسێت و بازاڕیش جموجوڵی باشتری تێدەكەوێت.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی راگەیاند:» بانكی رافیدەینی حكومی، رۆژی  یەكشەممەی رابردوو، لەسەر داوای ئەوان، نووسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق كرد بۆ ئەوەی لقەكانی لەهەرێم بكاتەوە تاهاووڵاتیانی هەرێمیش سودمەندبن لەقەرزو پێشینەكانی بانكەكە».

وتیشی:» باس لەڕێكارە كارگێڕی و یاساییەكان كراوە كەپێویستە لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵەوە بۆ ئەو كارە ئەنجامبدرێن و بانكی رافیدەینیش بەنووسراو داواكارییەكی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كردووە بۆ وەرگرتنی رەزامەندییان لەسەر دووبارە كردنەوەی لقەكانی بانكەكە لەپارێزگاكانی هەرێم و لەئایندەیەكی نزیكدا وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی نووسراوەكە دەداتەوە».

سەبارەت بەكردنەوەی لقی بانكەكانی عێراق لەهەرێم، ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت:» پێشتر بانكی رافیدەین زۆر ئامادەیی هەبوو بۆ كردنەوەی لقەكانی لەكوردستان تەنها مەرجەكەی ئەوەبوو لەسلێمانی هەشت موڵكی هەیە دەستی بەسەرداگیراوە دووانی بۆ بگەڕێننەوە، بەهەمانشێوە لەهەولێر هەشت و لەدهۆكیش پێنج موڵكی هەیە كەسەردەمی بەعس موڵكی بووە، بەڵام دوای راپەڕینی ساڵی 1991 حزبەكان دەستیان بەسەرداگرتوون و نایاندەنەوە».

ئەو ئەندامەی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق وتیشی:» بانكەكانی عێراق هیچ گرەنتییان نییە لەهەرێم بۆیە هیچ بانكێكیان ئامادەنین لەهەرێم لق بكەنەوە، جگە لەوەی حكومەتی هەرێم دەستكاری 42 لقی بانكی عێراق و دەرەوەی عێراقیشی كردووەو بەوهۆیەشەوە بانكەكانی دیكە ئامادەنین لەهەرێم لق بكەنەوە، بەتایبەتیش بانكی رافیدەین و رەشید داوای گرەنتییان كردووە».

وەك ئەحمەدی حاجی رەشید دەڵیت «بانكی زۆر هەن لەهەرێمی كوردستان بەڵام بەشێكی زۆریان بیانین، بەشێكیشیان بانكی ئەهلی عێراقین، بەڵام بانكە حكومیەكانی عێراق لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێم گرەنتی بانكییان ناكات هاووڵاتیانی هەرێم بێبەش بوون لەخزمەتگوزارییەكانی ئەو بانكانە».

گوڵاڵە سدیق شارەزای بانكی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بانكی رافیدەین كە بانكێكی حكومی عێراقییە، ناوبەناو لەمژدەكانی بۆ خەڵكی عێراق بەردەوامەو هەر وەرزەو كۆمەڵێك مژدە دەدات بەهاووڵاتیانی عێراق، بەڵام مژدەكانی هاووڵاتیانی هەرێم ناگرێتەوە، لەوانە سلفەی 150 ملیۆنی و 100 ملیۆنی و 50 ملیۆنی، چەند مانگێك پێش ئێستا لە بەهاری 2022 نوسینگەی راگەیاندنی بانكی رافیدەینی عێراق ئاگادارییەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتبوو (10) ملیۆن دینار وەك سولفە دەداتە خوێندكارو مامۆستاو تووێژەران لەزانكۆكانی عێراق بە(حكومی و ناحكومی)ییەوە، پێشتریش، بانكی رافیدەین، رایگەیاندبوو بانكەكەیان قەرزی (60) ملیۆن دیناری دەدات بەفەرمانبەران و خانەنشینان بەمەبەستی كرینی ئۆتۆمبێل، بەزیادەی 4%ی كۆی قەرزەكە».

وتیشی:  «قەرزەكانی بانكی رافیدەین، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، لەئەگەری كردنەوەی لقی بانكی رافیدەین لەكوردستان، بەپێی ئەو پێشینەو ئەزموونانەی خەڵكی كوردستان هەیەتی لەگەڵ حكومەتی هەرێم، لەو بڕوایەدا نین حكومەتی هەرێم رێگەبدات (هاوڵاتی و فەرمانبەر) لەم قەرزانە سودمەند بن، خۆ ئەگەر سودمەند ببن بێگومان خەڵكێكی زۆر سودی لێدەبینێت و بازاڕیش دەبووژێتەوە».

پێش دوو هەفتە بانكی رافیدەینی حكوومی لەعێراق كە قەرزو پێشینە بەهاووڵاتیان دەدات، نووسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق كردووە بۆ ئەوەی لقەكانی بانكەكە لەهەرێمی كوردستان بكاتەوە.

بانكی رافیدەین، چەندین ئۆفەری پێدانی قەرزو پێشینەی بۆ هاووڵاتیان هەیە، وەكو پێدانی 100 ملیۆن دینار پێشینەی خانووبەرە و 50 ملیۆن دینار قەرزی كارو قەرزی كڕینی ئۆتۆمبێل و پێشینەی هاوسەرگیری.

هاوكات رێبوار ئەوڕەحمان ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:»تەنها كێشەی ئەو بانكانەی عێراق كە لەهەرێمی كوردستان لق ناكەنەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەدیاریكراویش پارتی و یەكێتین، چونكە جگە لەزەوییەكانیان بیناكانیشیان دەستی بەسەرداگیراوە».

وتیشی:»ئەو بانكانە بەئێمەیان وتووە هیچ مەعقول نییە ئێمە بینامان هەبێت لەهەرێمی كوردستان و دەستی بەسەرداگیرابێت بەڵام بچینە خانووی كرێوە».

بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق «ئەگەر ئەو لقانە لەهەرێم بكرێنەوە 17 جۆر پێشینەو سلفە دەدەنە هاووڵاتیانی هەرێم و بووژانەوەی زۆر روو لەهەرێمی كوردستان دەكات، چونكە هاووڵاتیانی هەرێم دەتوانن بەڕێوشوێنەكانی ئەو بانكانە پارە رابكێشن».

پێشتر وسام ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانكی رافیدەین، رایگەیاندبوو: « بانكەكەمان لەتوانایدا هەیە پێشینەو قەرز بدات بەهاووڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرو هاووڵاتیانی دیكەی عیراق، هەر كاتێك لەلایەن حكومەتەوە فەرمانمان پێبكرێت و رێنمایی دەربچێت، ئامادەین لقەكانی خۆمان لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بكەینەوەو دەست  بکەین بەپێدانی سلفەو قەرز بەهاووڵاتیان و فەرمانبەران».

ئەو بەرپرسەی بانكی رافیدەین، ئاماژەی بەوەشكردبوو « نەبوونی لقی بانكەكە لەشارەكانی هەرێم، هۆكاری پێنەدانی قەرزە بەفەرمانبەرو هاووڵاتیانی هەرێم و  بۆ كردنەوەی لقی بانكی رافیدەین، پێویستە حكومەتی عێراق رەزامەندی دەرببڕێت».

هاوڵاتی چەند جارێك بۆ وەرگرتنی رای حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بەجوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم و چەند بەرپرسێكی دیكە لەئەنجومەنی وەزیران كرد، بەڵام پەیوەندیەكانیان بەردەست نەبوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار