دكتۆر عەلی جەباری جێگای شانازیمانە
2 ساڵ لەمەوپێش
مامۆستا جەعفەر
پێش چەند رۆژێك دكتۆر عەلی جەباری ، لە ناو فڕۆكەیەك دەبێت و بەرەو سلێمانی دەگەڕێتەوە . لە پڕ ، بە پەلە ، داوای دكتۆرێك دەكرێت : باری تەندروستی سەرنشینی فڕۆكەكە لە مەترسیدایە . دكتۆر عەلی بە دەنگیانەوە دەچێت . دەبینێت ژنێكی زۆر گەنج ، لەسەر پشت كەوتووە و كەس و كارەكەی بۆی دەگرین . پاش پشكنینێكی خێرا ، دەردەكەوێت ئەو ژنە دڵی لە لێدان كەوتووە . گیانی لە دەست داوە!
دكتۆر عەلی دەتوانێت ، سەرلەنوێ دڵی ببووژێنێتەوە و بە ئاسانی دەكەوێتەوە هەناسەدان ، پاش ئۆكسجین بۆ بەستن.
ژنە گەنجەكە ، دووبارە دەمرێتەوە .
دكتۆر عەلی دەستبەرداری نابێتەوە . بۆ جاری دووەم دڵی دەبووژێنێتەوە . هەر یەكسەریش داوا لە تاقمی فڕۆكەكە دەكات ، لە فڕۆكەخانەكەی نێودەوڵەتی سلێمانی ، ئەمبولانس ئامادە بكرێت . بۆ ئەوەی ، بە زووترین كات ، هەر یەكسەر لە فڕۆكەخانەوە بۆ نەخۆشخانەی بووژانەوەی دڵ بگوازرێتەوە .
پاش دابەزینی فڕۆكەكە ، ژنە گەنجەكە هەڵدەستێتەوە و دەستی كیژە چكۆلانەكەی دەگرێت و بەرەو دەرگای فڕۆكەكە دەڕوات. دكتۆر عەلی ئەم دیمەنە ، بە گەورەترین خەڵات بۆ خۆی دادەنێت : كاتێك دایك دەبینێت دەستی خستۆتە ناو دەستی كیژە چكۆلانەكەیەوە.
لە وڵاتانی پێشكەوتوودا ، ئەم جۆرە كارە مرۆڤانەیە ، بە پاڵەوانێتی دادەنرێت . بە گەرمترین. شێوە دەستخۆشی لێ دەكرێت . بەرپرسانی شار ئاهەنگ بۆ رزگاركردنی ژیانی مرۆڤێك دەگێڕن و خەڵاتی ئەو كەسە دەكەن ، كە بە رزگاركردنی ژیانی كەسێك هەستاون .
ساڵی ١٩٩١ لە شارێكی ئۆروپێ ، هاوڕێیەكی یۆنانی بۆ ئاهەنگێك دەعوەتی كردم . كوڕە چواردە ساڵانەكەی ژنێكی بە تەمەنی لە خنكان لە گۆماویكدا دەرباز كردبوو. چەندین میدالیای زێڕیان بەسەر سینگیەوە هەڵواسیبوو . رۆژنامەكانی ئەو شارەش ، بە شانازیەوە لەسەر رووداوەكەیان نووسی .
لەم وڵاتەی ئێمەدا رزگاركردنی ژیانی مرۆڤێك ، بە كارێك دانانرێت ، شایانی رێزلێنان بێت . كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئێرەش ، رەنگە پێیوابێت ، ئەوە ئەو دكتۆرە ئەركی سەرشانی خۆی بینیوە . حیسابی ئەوە ناكات ، ژنێك لەسەر بۆردی فڕۆكەكەی گیانی لە دەست دا ، چەند زیانی مادی و مەعنەوی پێدەگەێنێت . هەندێك جار دەبێ ، لە ناوەڕاستی رێگا بۆ دواوە بگەڕێتەوە..
ئەم وڵاتەی ئێمە ، كەم و كورتی زۆرە : رێزلێنان هەندێك جار بۆ كەسانێك دەكرێت ، كە گەورەترین زیانیان بە مێژوو ، داهاتوو ، ناوبانگی ئەم گەلە گەیاندووە !
كەسانی زۆر جوان ، كردەوەی مرۆڤانەی بەرز ، داهێنان ، بە هیچ دانانرێت : ئەمەش گەلێك نائومێد دەكات ....