مام جەلال کام ستایلە بوو لە سەرکردە و سەرۆک ؟

2 ساڵ لەمەوپێش



مام جەلال بە کەسایەتی و ئەزموون و ڕۆڵ و کاریگەریەکانی ، ئەو سەرکردە و سەرۆکە بوو ؛ پێویستیی قۆناغ و هەلومەرجی خەباتی کوردایەتی و ڕزگاریی نیشتمانی و دیموکراسی دروستی کرد ، ئەو بۆ بەمۆدێرنەکردنی کاری سیاسیی و خەباتی چەکداریی ناچاریی و شۆڕشگێڕیی بووە ؛ سەرکردە و سەرۆک .

مام جەلال بە پشتیوانیی هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئابووریی و بە بۆماوەیی و بە میراتی ؛ نەبووبووە سەرکردەی یەکەم ، ئەو لەناو کورەی جۆشدراوی خەباتی نەتەوەکەی و لەناو هەناوی چین و توێژە ڕەنجدەر و پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگەوە ؛ بە ئەزموون و توانا و لێوەشاوەیی و سەروەریەکانی خۆی و هاوڕێکانی ، بووە سەرکردە و سەرۆک ، بەڵام ناوازە و جیاوازتر لەسەرۆک و سەرکردەکانی تر ؛ چونکە زۆرترین خەسڵەت و بنەما و ئاکاری سەرۆکایەتیی تیا بوو .

پانتایی سینە و ئامێزی مام جەلال ؛ ئەوەندە فراوان بوو ، جێی هەمووانی تیا ئەبووەوە ، ڕووبەری ناخ و ویژدانی ؛ ئەوەندە گەورە بوو ، بەشی هەمووان ؛ لەسۆز و خۆشەویستیی و میهرەبانیی و دادپەروەری و لێبووردەیی تیا بوو ، دیدگا و جیهانبینیی عەقڵی مام ؛ گەنجینەیەکی ئەوەندە سیستەماتیکی بوو ؛ دوور بوو لەدەمارگیری و تەسکبینی و هەڵچوونی ئایدیۆلۆژی و بڕیاری ستراتیژی هەڵەی وێرانکەر ، ئەو لەناو جیهانی ئاڵۆزی سیاسەتدا ؛ هەمیشە هەموو دیمەنەکانی هەنووکەیی و داهاتووی ڕەوشی سیاسی ، بە ژیری و بە واقیعی ؛ لە هەموو ڕەهەندەکانیەوە ئەخوێندەوە و بڕیار و سیاسەتی ڕاست و واقیعیی گونجاوی بۆ دائەڕشت ، بەڵام ئەفسووس ؛ زۆرجار نزیکەکانی لە هاوڕێ و ….هتد؛ زیاتر لە نەیارەکانی ، ئازاریان ئەدا و هەراسانیان ئەکرد و لەپشتەوە لەگەڵیدا نەئەبوون و تا ئێستاش ؛ کە لە گۆڕدایە ئازاری ئەدەن و پشت لە مێژوو و سەروەری و شانازی و ڕێبازەکەی ئەکەن !

بە ژیان لەدەستدانی مام جەلال؛ نیشتمانێک بە بێ ئارامیی مایەوە ، نەتەوەیەک بە سەرگەردان و غەریب ؛ وەکو کۆچەرییەکی بێ ناسنامە و شەتەک ، لەنیشتمانی خۆیدا بە ئاوارەیی ؛ بەدیار چارەنووسی تەماویی و ونیەوە ، چاوەڕێی فریادڕەس و دەرەچەیەک ئەکات .

لەدوای کۆچی ئەبەدیی ئەو ؛ هەواڵ و چیرۆک و پەیام و ڕووداوەکان ، ناخۆش و تراژیدیی و خەمبەخشن ، ئەبێ کەی ئارامیی بگەڕێتەوە و کەی ڕزگارمان بێت ؛ لەم جیهانەی کە تیایدا ؛ تووغیانی مەتریال بەسەر هەموو بەها و پرانسیپ و یاسا و ویژدان و ئاکار و بیروباوەڕ و مێژوو و سەروەرییەکاندا زاڵە و هەموو جوانییەکانی سڕیوەتەوه‌!.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار