ناڕەزاییەكانی ئێران بڵێسە دەسێنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
زیاتر لەدوو هەفتە بەسەر مەرگی ژینا ئەمینی تێدەپەڕێت و ناڕەزایەتیی و كاردانەوەكانی هاوشێوەی ئاگری شۆڕشێشك بڵێسە دەسەنێت بەجۆرێك لە 200 شاری گەورەی جیهان خۆپیشاندان و رێپێوان كراو 54 وڵاتی ئەندامی نەتەوەیەكگرتووەكانیش داوای راگرتنی توندوتیژییەكان لەحكومەتی ئێران دەكەن.
عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەنوێترین لێدوانیدا لەزانكۆی ئەفسەری و سەربازیی تاران رۆژی دوشەممە (3/9/2022) وتی: مەرگی كچێك بەبێ تاوان دڵی هەموانی سوتان بەڵام نابێت بەبێ ئەنجامی تەواوەتی لێكۆڵینەوەكان بڕیار لەسەر ئەو دۆسیەیە بدرێت.
خامنەیی كاردانەوەكان بۆ مەرگی ژینا ئەمینی وەك هاندانی ئەمریكاو ئیسرائیل و دوژمنانی ئێران دژی وڵاتەكەی لەقەڵەمداو رایگەیاند؛ هێزە ئەمنییەكان هاوشێوەی رابردوو بەتوندی بەرەنگاری ئەوانە دەبنەوە كە لەژێر كاریگەریی دوژمناندا زیان بەكۆماری ئیسلامی ئێران دەگەیەنن.
موشەكباران بۆ بێدەنگردنی خۆپیشاندانەكان
رۆژی (28/9/2022) سوپای پاسدارانی ئێران بەمووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردەسەر پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بەو هۆیەشەوە 18 كەس شەهیدبوون كەژمارەیەكیان پێشمەرگە بوون و ژمارەیەكیشیان كەسانی مەدەنی و ژن و منداڵ بوون.
لەیەكەم كاردانەوەی ئەو هێرشانەدا سەركردەی ئەو پارتانە رایانگەیاند كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی مەرگی ژینا ئەمینی ئەو هێرشانەی ئەنجامداوە.
ئەمریكاو ئەڵمانیاو دەیان وڵاتی دیكەش دوای ئیدانەكردنەكانی هێرشەكانی سوپای پاسداران لەهەرێمی كوردستان، رایانگەیاند؛ كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چەواشەكردنی رای گشتی و خۆپیشاندانەكانی وڵاتەكەی ئەو هێرشانەی ئەنجامداوە.
دوای مەرگی ژینا ئەمینی تائێستا 54 وڵاتی ئەندامی نەتەوەیەكگرتووەكان داوایان لەئێران كردووە كەتوندوتیژی و سەركوتی خۆپیشاندەران رابگرێت.
ژینا مژدەی بەخشینی ئازادی
مەرگی ژینا ئەمینی زۆرترین كاردانەوەی لەناو چینی هونەرمەندان و گۆرانیبێژانی ناوداری ئێرانی لێكەوتەوەو ژمارەیەكیان جگە لەنووسین و لێدوان بەهۆنراوەو گۆرانیی گوزارشتیان لە بەئازار بوونی مەرگی ژینا كردووە، بەڵام پێشیانوایە مەرگی ئەوو ئەوانەی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە مژدەبەخشی ئازادییە.
سروش سێحەت، دەرهێنەرو ئەكتەری ناوداری ئێران دەڵێت: ساڵانێكە نەیتوانیوە دەنگ هەڵبڕێ و بێدەنگ بوو، گومانی كردووە بوێریی دەنگ هەڵبڕینی نییە، بەڵام كەگەنجان و كچانی لەسەر شەقامەكان بینییەوە، ئەویش هاتووەتە دەنگ و دژی نادادپەروەریی و كوشتنی خۆپیشاندەران و مەرگی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە.
ئەو رایگەیاند: نەوەكانی ساڵانی دوو هەزار زیاترین كاریگەریی و بوێرییان لەسەر ئەو دروست كردووەو هاوشێوەی مامۆستایەك وانەیان بەو وتووەتەوە، بۆیە پێویستە دەستی مامۆستا ماچ بكرێت و ئەویش دەستی ئەو گەنجە راپەڕیوانە ماچ دەكات.
هاوكات شەكیلا خانمە هونەرمەندو گۆرانیبێژی فارس لەنوێترین كاری هونەریدا بۆ مەرگی ژینا كلیپێكی نوێی بڵاودەكاتەوە و لەكلیپەكەدا ژینا بەباڵندەیەك دەشوبهێنێت كەمژدەی ئازادیی پێیەو پێویستە هاوشێوەی ئەو باڵندەیە هەوڵی ئازادیی بدرێت.
ئەكبەر گوڵپا، گوانیبێژی دێرینی ئێران كەتەمەنی 88 ساڵە، دەڵێت 43 ساڵە قسەی خۆمم لەسەر ئازادیی كردووەو بەنرخی گیانم ئامادەنەبووم پاشەكشێ لەبیروباوەڕەكانم بكەم، ژینا ئەمینیش هاوشێوەی رۆڵەی منە.. گوڵپا گۆرانییەكیشی پیشكەشی رۆحی ژینا كردووەو بڵاویكردووەتەوە.
بەگشتی زۆربەی هونەرمەندانی ئێران وەك موعین ئەسفەهانی و داریوش و دەیان هونەرمەندی دیكە چەند كۆپلەیەك لەگۆرانییەكانیان پێشكەشی رۆحی ژیناو ئەوانە كردووە كە بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران گیانیان بۆ ئازادیی بەخت كردووە.
پشتگیری ناڕەزاییەكان لەدەرەوە
بۆ پشتگیریی لەخۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران رۆژی شەممە (1/10/2022) زیاتر لە 50 هەزار كەس لەشاری تۆرنتۆ-ی پایتەختی كەنەدا رێپێوان و خۆپیشاندانیان كرد.
پۆلیسی شاری تۆرنتۆ پشتڕاستی كردووەتەوە كە لەخۆپیشاندانەكانی دژی حكومەتی ئێران و مەرگی ژینا ئەمینی 50 هەزار كەس لەو شارە رێپێوان و خۆپیشاندانیان كردووە.
هاوكات لەگەڵ رێپێوان و خۆپیشاندانەكانی وڵاتی كەنەدا لە 200 شاری گەورەی ئەمریكا، ئەوروپا، ئوسترالیا، ژاپۆن و كۆریای باشور خۆپیشاندان لەدژی دەسەڵاتی ئێران و مەرگی ژینا ئەمینی بەڕێوەچوو.
زۆربەی چالاكوانانی وڵاتانی دیكە رایانگەیاندووە رەنگە هیچ مەرگێك هاوشێوەی مەرگی ژینا ئەمینی كاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێنەكەوتووەتەوە و سنورەكانی لەو ئاستە بەرفراوانەدا نەبڕیوە.
هاوكات نووسەرو رووناكبیر مەریوان وریا قانع لەنووسینێكدا سەبارەت بە رووداوەكانی ناو ئێران دەڵێت:» بینینی ئەم ئاڵۆزییە مەرجێكی گرنگیی تێگەیشتنە لەوەی لەئێستاداو بەبەرچاومانەوە رروودەدات، بەڵام بەبێ كەوتنە ناو تەڵەی بیركردنەوەی جەبری و حەتمیگەراییەوە. نە شتێك بەناوی حەتمیەتی سەركەوتنەوە لەئارادا نییە، نە بەناوی حەتمیەتی كەوتنەوە. ئەوەی هەیە مێژوویەكی ئاڵۆزی خەباتی رۆژانەی خەڵك و بەگەڕخستنی ئیرادەی دەسكاریكردنی جیهانە. بەڵام خەبات و ئیرادەیەكی گۆڕانكاریی كە لەناو ئێراندا روویان بەچەندەها كۆسپی گەورەو رێگری هەمەجۆردا تەقیوەتەوەو دەتەقێتەوە».