بۆچی پێویستە بەرگری لە «خەڵكی راپەڕیوی كوردستان و ئێران» بكەین؟
2 ساڵ لەمەوپێش
بههار مونزیر
خەڵكی كوردستان و ئێران، رۆژبەڕۆژ زیاتر دژ بەدەسەڵاتی ستەمكاری كۆماری ئیسلامیی دەخرۆشێن و رووخانی ئەو رژێمە دژە ئینسانییە بووەتە كاری لەپێشینەیان، ئەمەشە هۆكاری بەردەوامیی راپەڕینەكەیان، وێڕای ئەو هەموو سەركوتییەی رژێم و دەستنەپاراستنیان لەهەر جۆرە كردەیەكیی نائینسانیانە دژ بەخەڵكە راپەڕیوەكە.
هەر ئەوەی كەمانەوەی «كۆماری ئیسلامیی ئێران، دەكەوێتە مەترسییەوە، گرووپە ئیسلامییەكان و ئەو هێزانەی كەدەزانن بەكەوتنی رژێم ئەمانیش باریان دەكەوێتە لێژیی، بەلێدوان و هەواڵەكانیان و رووماڵی ئەم راپەڕینە دەرخەری ئەوەیە كە دڵیان لای ئاغاكانیانەو هەوڵی ئەوە دەدەن دۆخەكە بكەنە تەپوتۆز تا هەقیقەتەكان ون بن!
ئەوەی پێویستە و وەكو ئەرك دەكەوێتە سەر كۆمەڵگە، ئەوپەڕی هاوپشتیی ئەو راپەڕینە كە بكرێت؛ لەهەرە بەرچاوترین ستەمەكان لەسەر ژنانە كەخۆی لە (سەپاندنی باڵاپۆشی زۆرەملێ)ـدا دەبینێتەوە، كە لەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران دژی زوڵم و زۆری شا، كۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، یەكێك لەداخوازییە سەرەكییەكانیی باڵاپۆشی بەزۆری كچان و ژنان بوو لەئێراندا، كە زۆرێك لەئێمە لەڕێگەی وێنەكان و ئەرشیڤی ئەوكاتەوە (لەسەروبەندی سەپاندنی ئەو یاسایانەوە)، بە بەرپەرچدانەوەو رەتكردنەوەیەكی فراوانی جەماوەریی ئاشناین، یەكێكی تر لەیاساكانیان سزای سەر شەقامەكان بوو، هەر لە (سەنگەسار) یاخود (بەردبارانكردن)ـی ژنان و پیاوان بەپاساوی بێبنەماو ئەتككردنی چەندان كەس، سزای لەسێدارەدان بە بەرچاوی خەڵكەوە كەمەبەستیی سەرەكی لەم كارانە چاوترسێنی خەڵك بوو، تاكو لەو رێگەیەوە خەڵكەكە بەتەواوی رام بكەن و خۆشیان لەدەسەڵات بمێننەوە.
لەماوەی ٤٣ ساڵی رابردوودا، خەڵكی ئێران ژیانێكی سەخت و كولەمەرگی دەگوزەرێنن، پشكی شێر لەم چەرمەسەرییەی خەڵكی كوردستان و ئێران بەر ژنان كەوتووە، چەندین هەوڵ هەبووە بۆ گۆڕانكاریی و وەستانەوە بەرامبەر بەزوڵـم و زۆرداریی و خراپی ژیانی خەڵكی كوردستان و ئێران، ئەوەی لەماوەی چەندڕۆژی ڕابردوودا سەریهەڵدا كۆكراوەی ئەو هەموو زوڵمەیە، كە لەئێستادا ئەوەی لێی دڵنیاین ناڕازیبوونی خەڵكە بەگشتیی؛ بەو سیستمەی كەمرۆڤەكان ساڵانێكە تێدا خنكاون و بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕان بۆ رزگارییان، دۆخی ئێستا ئەو دەرچەیەیە، بۆیە راپەڕیوان دەست دەبەن بۆ تەواوی رەمزوموقەدەساتیی «كۆماری ئیسلامیی.
ئێمەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، گرنگە وێڕای پشتگیریی و هاوپشتیی لەم شۆڕشەی خەڵكی كوردستان و ئێران، دەتوانین گوشاریش بخەینە سەر دەسەڵاتدارێتیی هەرێم كە لەو دەستنەپاراستنەی كۆماری ئیسلامیی كە هەرجارەو بەبیانوویەك هەم بۆردوومانی بارەگاكانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دەكات و هەمیش تیرۆری سەركردەو كادیرانیان، ئەم كارە بووە بەنەریتیی كۆماری ئیسلامیی و هەرجارێك بیەوێت دەیكات، دەسەڵاتی هەرێمیش بە بەیاننامەیەكی شەرمنانە «ئەگەر ئەمەش بكەن»، ئیدانەیەكی سەرپێیی دەكەن! هاتنە مەیدانی گەنجانی زانكۆكان و خەڵكی ناڕازی لەهەموو تووێژەكان كە پێوستییەكی پلە یەكە، تاپێكەوە هەم گوشار لەسەر دەسەڵاتیی هەرێم بكرێت بەهۆی وابەستەییانەوە بەكۆماری ئیسلامیی»، چاودانەخەن لەئاست ئەو دەستدرێژییانەیان كە دەیكەنە سەر هێزو كەسانیی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتدارێتی ئێران كە نیشتەجێی هەرێمن، هەم هاوپشتییەكی باشی راپەڕیوانی كوردستان و ئێرانیش بن.
بەداخەوە بڵاوكردنەوەی نائومێدی كەسانێكی خوێنەوار لەئاست ئەم پرسە گرنگەدا، زیانی بەهاوپشتیی بۆ خەڵكی كوردستان و ئێران گەیاندووە؛ ئەو جۆرە گوتارانە خەڵكی رەشبین درووسدەكات، كە خۆی لە هیچ نەكردن»ـدا دەبینێتەوە!
ئەسڵ وابوو رێپێوانیی ملیۆنی لەشارەكانی هەرێم كرابایە، بۆ پشتگیریی لەو خەڵكەی هەموو جۆرە ستەمێكیان بەدرێژایی مێژووی «كۆماری ئیسلامیی»، بەسەردا تاقیكراوەتەوە.