رێگای زەڕایەن-دەربەندیخان تەنها 7 ملیاری پێویستە

2 ساڵ لەمەوپێش



ئیمان زەندی

 

رێگای زەڕایەن - دەربەندیخان لەمساڵدا پارەی بۆ تەرخان نەكراوە، كۆی بودجەی تەرخانكراوی پرۆژەكە ٤٤ ملیار دینارەو رێگاكە ١٧ كیلۆمەترەو تەنها حەوت كیلۆمەتری تەواونەكراوەو بڕی حەوت ملیار دیناری پێویستە بۆ تەواوكردنی.

رێگای زەڕایەن - دەربەندیخان ١٧ كیلۆمەترە و ١٠ كیلۆمەتری قیری بۆ كراوە، بەڵام چینێك قیری ماوە كە چوار سانتیمە، حەوت كیلۆمەتری ماوەو بڕی حەوت ملیاری پێویستە، هەروەها پڕۆژەكە بەدوو قۆناغە، قۆناغی یەكەمی لەساڵی ٢٠١٢ دراوە بەكۆمپانیاكانی قەڵا و پورنامی ئێرانی بەشێوەی تەندەر، بەڵام كۆمپانیای قەڵا لەپڕۆژەكە كشاوەتەوەو پورنام لە ٢٥/٧/٢٠١٢وە مۆڵەتی كاركردنی پێدراوە.

سەباح شەهید فەتاح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتی رایگەیاند:»گرفتی حوکمڕانی هەیە لەكوردستان بەمەش جیاوازییەكی زۆر لەنێوان پارێزگاكان هەیە، بەڵام دەبوو ئەم رێگا ستراتیژیە دەمێك بێت تەواو بكرایە، بەداخەوە

بەردەوام گرفتی بۆ دروستدەكرێت، رێگای سلێمانی - دەربەندیخان لەسەر داهاتی ناوخۆی سنوری ئیدارەی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان دروستدەكرێت كە نابێت ئەم پڕۆژانە لەسەر داهاتی ناوخۆ بن».

وتیشی: «لە بەدواداچوونێكماندا سەردانی بانكی ناوەندی هەرێممان كردو بەڵێنیان پێداین هەفتانە ٥٠ ملیۆن دینار بۆ رێگای زەڕایەن هەتا چنارە تەرخان بكەن، پاشان سەردانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەمان كردو بەئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان نووسراومان پێشكەشكردن هەتاوەكو ئەو بڕەی بۆ خەرجبكرێت».

سەباح شەهید فەتاح دەڵێت: «ئەو پردانەی زەرایەن كە گرفتی دروستكردوە لەڕێگا كۆنەكەیەو تەواو بووە، بەڵام ئیشكردنی لەبەشێكیدا ماوە لەگەڵ ئەندەرپاسێك لەلای قلیجە كە رێگا تازەكە بەكۆنەكەوە دەبەستێتەوەو ئەو پردانەش بڕیاروابوو كۆمپانیای پورنام جێبەجێكاری پرۆەژكە بیكات».

هاوكات رەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی بەوردی باسی لەگرفتەكانی ئەم ڕێگایە كردو دەڵێت: «لەماوەی پێنج ساڵی رابردودا بەدواداچوونمان بۆ ئەم بابەتە كردووە، بڕی ئەو گوژمەی بۆ تەواوكردنی تەرخانكراوە ٤٤ ملیۆن دینارە، بەڵام نەتوانراوە ئەم بڕە پارەیە خەرجبكرێت، حكومەت گەنجینەكانی بەتاڵن و ٧٥٠ پڕۆژە لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا هێشتا تەواو نەكراون و پێویستیان بەسەدان ملیار دینارە، كۆمپانیاكان مایەپوچبوون و زۆربەی پارەكانیان كراوە بەچەك و كەدەچنە بانك بۆیان ساغنابێتەوەو ناچارن لەبازاڕ بە لەسەدا ٤٠ بۆ ٥٠ بیفرۆشنەوە»، و وتیشی: «خاوەن كۆمپانیاكان دێنە لامان بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان بەڵام كە دەبینن پارە لەبانكدا نیە متمانەیان نیە، چونكە كۆمپانیای پورنام پارەی سێ چەكی وەرنەگرتوە كە بریتین لە ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ ملیۆن دینار لەگەڵ ملیارێك دیناری پێشتر».

حكومەت كۆمپانیای پورنام بەكەمتەرخەم دەزانێت لەتەواونەكردنی ئەم رێگایە، رەمەزان نامیق دەڵێت: «لایەنە پەیوەندیدارەكان و سەرپەرشتیكاران ئەم كۆمپانیایە بەوە تاوانباردەكەن پارەی زۆری وەرگرتوەو كاری كەمیكردوە بەڵام كۆمپانیاكە بە پێچەوانەوە قسە دەكات و بۆ سەلماندنی قسەكانیشی لیژنەیەكی هونەریان لەئێرانەوە ناردووە كەدەڵێین پورنام كاری زۆریكردوەو پارەی كەمی وەرگرتووە، كاتێك لەكوردستانیش بەدواداچوون دەكرێت پێچەوانەكەی دەردەچێت، بەمەش وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لەسلێمانی لیژنەیەكیان پێكهێناوە كە كۆنوسی كۆتایی دەنوسن لەسەر ڕاستی ئەم بابەتە دەبێت كۆمپانیاكە و حكومەت پاپەندبن بەو لیژنەیەوە بۆ بڕیاری كۆتایی».

هاوڵاتی چەندینجار پەیوەندی بەكۆمپانیای پورنامی ئێرانەوە كرد بەڵام ژمارەكە بەردەست نەبوو.

لەسلێمانی كورتهێنان هەیە

ئەو دوو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا سەباح شەهید فەتاح و رەمەزان نامیق یەكێك لەهۆكارەكانی كورتهێنانی داهاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ مەرزەكان دەگەڕێننەوە و دەڵێن: «مەرزی پەروێزخان و باشماخ و حاجی ئۆمەران و تیلەكۆ لەگەڵ پشتەو سەیرانبەن داهاتیان نەزانراوە، مەرزی باشماخ بەرێژەی نزیكەی ٤٠‏٪ كەمیكردووە چونكە لەباشماخ و حاجی ئۆمەران باج هەڵگیراوە لەسەر زیاتر لە ٨٠ شتومەك «.

قۆناغی دووەمی رێگاكە دروستكردنی دوو تونێلە كە وەكو قەدبڕێكە و سلێمانی و گەرمیان بەیەكەوە دەبەستێتەوە و لەسەر رێگا كۆنەكە نابێت بەڵكو لەگوندی چنارەوەو بەئاراستەی ناوتاق تا ئەودیوی دەربەندیخان دریژ دەبێتەوە، بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی باسكردنی ئەو دوو تونێلە تەنها بانگەشەیی میدیایی دەسەڵاتەو لەواقیعدا بوونی نیە.

پڕۆژەی رێگای زەڕایەن - دەربەندیخان كاركردن تێیدا وەستاوەو شێوازی كاركردنی كۆمپانیاكەش لەپڕۆژەكەدا سەرەتا بڕینی بۆكردووە پاشان تێكەڵەڕێژكردن ئەویش بەردی هاڕاوە دواتر قیركردن بەسێ چین كە بۆ بارهەڵگری قورسیە، دواتر چینی قیری زبر ستاپ لایزەرو تایم لایدەر لەگەڵ پۆڵیمەر، سێ بۆ حەوت مەتر چوارگۆشەش یەك تۆن قیری پێویستە.

محمد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی سلێمانی لەگفتوگۆیەكی هاووڵاتیدا ئاماژە بە دوو هۆكاری پەكخستنی پڕۆژەی سلێمانی-دەربەندیخان كردو رایگەیاند: «ئەم رێگایە ئەمساڵ گوژمەی بۆ تەرخاننەكراوە گەر ساڵانەش پارە بۆ پڕۆژەكان تەرخان نەكرێت ناتوانین كاری تێدا بكەین، دووەم بەڵێندەرەكەش كەمتەرخەمە كێشەی تەكنیكی و هونەریمان لەگەڵیاندا هەیە لەگەڵ بابەتی پێوانەكردن، چەندین لیژنەمان پێكهێنا بۆ كەمتەرخەمیەكان بەڵام نەگەشتین بەئەنجام چونكە بەوجۆرەش لەوانەیە كێشەی تەكنیكیمان لەگەڵ بەڵێندەرەكە چارەسەر نەبێت، من كەمێك رەشبینم لەو پڕۆژەیە چونكە خۆمان پارەی تەرخانمان نیە و گەر تەرخانیش هەبێت ئەوكاتە كێشەی هونەریمان لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە دەبێت».

وتیشی: «پڕۆژەی دوسایكردنی زەڕایەن-دەربەندیخان لەسەدا ٧٥ی تەواو بووە، بۆ هەموو پڕۆژەكە بەنزیكراوەیی گوژمەكەی ٤٤ ملیار دینارە كەدەبێت بەو بڕە پارەیە هەموو پڕۆژەكە تەواو بكرێت، لەو باوەڕەدا نیم بۆ ئەمساڵ گوژمەی پێویست دابین بكرێت، كەمی نەختیەنە لەبانكی سلێمانی هەموو پڕۆژەكانی سلێمانی پەكخستووە.

شیرین كاوە گەرمیانی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكیدا بە هاوڵاتی وت:»ساڵی رابردوو بۆ پرۆژەكە كۆمەڵێك پرسیارم كردووە لەوەزیری ئاوەدانكردنەوە، بە نووسراوو یاداشت رێكارمان گرتوەتەبەر بەپێی مادەی ٦٦ی لەپەیڕەوی ناوخۆ وەزیر بێتە پەرلەمان گفتووگۆ لەسەر ئەو رێگایە بكەین»، دەڵێت: «سێ مانگ پێش ئێستا یاداشتم پێشكەشكردوە سێ بۆ شەش مانگ دەخایەنێت تا وەڵام دێتەوە تا ئێستاش وەڵامی كۆتایی نەهاتووەتەوە».

سەركەوت محەمەد كە پیشەی مامۆستایەو ئەندامی دەستەی ناڕەزایانی دەربەندیخانە بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: «دەربەندیخان شارێكی بچوكە گرفتی ئاوو رێگاوبانی هەیە كۆمەڵێك كەسی خەمخۆر هەستاون بەچالاكی و هەوڵیانداوە دەنگێك بن بۆ ئەوەی

دەسەڵات بیبیستێ گرفتەكان چارەسەر نەكراون»، وتیشی: «كەمپینەكەمان گشتییە كەسی تریش دەتوانێت بەشداربێت و كۆتا كەمپەینیشمان هی مانگێك پێش ئێستابوو لەبەردەم تونێلی دەربەندیخان و شانۆی تابوتی سپیمان پێشكەشكرد، داواكاریەكانیشمان روونن و گشتین و بۆ لایەنێكی تایبەت بەرزمان نەكردووەتەوە، گوێمان لەخاوەنی كۆمپانیاكان گرتووە ئەوانیش سكاڵایان زۆرەو پێشینەكانیان بۆ خەرج ناكرێت.

ئەدیبە ئەحمد یەكێكە لە هاووڵاتیە ناڕازییەكانی قەزای دەربەندیخان و وەكو هاووڵاتی و چالاكوانی ناڕازی بەشداری چەندین خۆپیشاندانی و بەرزكردنەوەی یاداشت كردووە بۆ دروستكردنی فشار بۆ تەواوكردنی رێگای زەڕایەن-دەربەندیخان بەهاوڵاتی وت: «بەهۆی یەك سایدی و خراپی رێگاكە و زۆری هاتوچۆ بەڕێگای مەرگ ناسراوە، لەڕابردودا لەبەر كەمتەرخەمی و بێ پیلانی و گەندەڵی و دەست تێكەڵی لەگەڵ كۆمپانیاو بەرپرسەكان وایكردووە هەموو سێكتەرەكان لەهەرێمی كوردستان پەكی كەوتبێت بەتایبەت ڕێگاوبانەكان»، دەڵێت: «بە بۆنەی پیشەكەمەوە ناچارم بەو رێگایەدا هاتوچۆ بكەم، ماوەی ١٠ ساڵە بە بەردەوامی ‎شوێن و جێگای ئەم هەرێمە نەماوە دەنگمان نەگەیەنین و داواكاری نەخەینە بەردەست كاربەدەستان و پەرلەمان ‎بەڵام بەداخەوە تائێستا هەر لەنێوان قەیران و نەبوونی پارەو ناشەفافێت نازانرێت كەی ئەو رێگایە تەواو دەبێت».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار