حكومەتی هەرێم سێجار بڕیاری داخستنی پاڵاوتگە نایاساییەكانی دهۆك دەردەكاتو جێیەجێ ناكرێت
هاووڵاتیەكی سێمێل: خاوەنی پاڵاوتگە نایاساییەكان لەحكومەت بەهێزترن
2 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
سەرەڕای دەركردنی چەندین بڕیارو زنجیرەیەك رێوشوێن بۆ قەدەغەكردنی كاری پاڵاوتگە نەیاساییەكانی سنوری قەزای سێمێل لەدهۆك، بەڵام تائێستا بەشێكیان كاردەكەن و بڕیارەكانی حكومەت راینەگرتوون.
رۆژی 29ی ئەیلولی 2022 عەلی تەتەر ، پارێزگاری دهۆك رایگەیاند: چەندین رێنمایمان دەركردووەو كاری هەموو پاڵاوتگەكانمان راگرتووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی پاڵاوتگەكان كاركردنیان رانەگرتووەو بەردەوامن.
مەهدی حەسەن عەلی ، دانیشتووی قەزای سێمێل بەهاوڵاتی وت:» تا ئەم خولەكەی لەگەڵ تۆدا قسە دەكەم بۆنی ناخۆش و دووكەڵی پاڵاوتگەكان بەناوچەكەدا بڵاوە، ناوچەكە دیارە واتە هێشتا بەشێكیان كاردەكەن ، ئەوەش مانای وایە كەخاوەنی ئەو پاڵاوتگانە لەحكومەت بەهێزترن، ئەگەر وانەبێت چۆن بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پێشێل دەكەن و بەڕۆژی رووناك نەوتی خاویان بۆ دەڕوات و حیساب بۆ هیچ كەس و لایەنێك ناكەن، نازانم ئەمە چ جۆرە ویژادانێكە خەڵكەكە خەریكە لەناو بۆنی ناخۆش و دووكەڵی رەش دەخنكێت».
وتیشی:» چارەسەری ئەم گرفتە ئاسانە بەڵام پێویستی بەئیرادەیەكی بەهێز هەیە، لەهەمووشی گرنگتر پێویستە نوێنەرانی خەڵكی ئەم ناوچەیە سەردانی ئیدارەی پارێزگای دهۆك بكەن و بەناوی خەڵكەوە داوایان لێبكەن بەیەكجاری كاری ئەو پاڵاوتگانە دابخەن، ئێمە نامانەوێت بەشێوەی ئاژاوەگێڕی كێشەكە چارەسەر بكرێت بەڵام ئێمەش بێزاربووین تاكەی سەبر بگرین «.
ئیدریس حەسەن، كەهاووڵاتیەكی تری سنوری قەزای سێمێلە بەهاوڵاتی وت: ئیمزامان كۆكردووەتەوە بۆ داخستنی پاڵاوتگە نایاساییەكان و دواتر رادەستی ئیدارەی پارێزگای دهۆكمان كردووەو دەیانجاری تریش هەوڵمانداوە تا لەم كێشەیە رزگاربین بەڵام هەر سوودی نەبووە، ئێستاش بەشێك لەپاڵاوتگەكان بەقاچاغ كاردەكەن، چەندین ساڵە ئەم دوكەڵا و ژەهرە بەسەر ناوچەكدا بڵاوبووەتەوەو سەدان كەسی تووشی نەخۆشی خراپ كردووە».
سەبارەت بەپاڵاوتگە نایاساییەكان عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆكی لیژنەی وەزەو پیشەساری لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند: « تائێستا حەوت جار بڕیاری داخستنی پاڵاوتگە نەیاساییەكانی سنوری پارێزگای دهۆك لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆو پارێزگار دەرچووە، بەڵام هیچیان وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە، دواینجار كەبەدواداچوونم بۆكردووە تا 27ی ئەیلولی 2022 بەشێكیان هەر كاردەكەن، نەوتی خاویان بۆ دەڕوات، ئیرادەیەكی بەهێز نیە لەبەرئەوە باوەڕناكەم بەیەكجاری هەموویان دابخرێن «.
وتیشی:» من یەك نموونە باس دەكەم، لە 6ی ئابی 2015 ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەتێكڕای دەنگ بڕیاریدا كەنابێت چیتر ئەو پاڵاوتگانە كاربكەن، رۆژی دواتر واتە لە 7ی ئابی هەمان ساڵ فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری پێشووی دهۆك بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەك خۆی جێبەجێكرد، بەڵام بەداخەوە تەنها بۆ ماوەی سێ مانگ داخران و دواتر دەستیان بەكاركردەوە ئەوەش بەهۆی دەستتێوەردانی چەند كەسێك، ئەمە لەكاتێكدایە، ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاری داخستنی یەكجاریی پاڵاوتگەكانی دەركردووە كە لەبەرامبەردا حكومەت پاڵاوتگەیەكی مۆدێرن و پێشكەوتوو لەو ناوچەیە بنیات بنێت».
سەرۆكی لیژنەی وزەو پیشەساری لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت:» خاوەنی پاڵاوتگەكان بەناوی كارگەی پلاستیك و پیشەسازی دیكەوە كاری پاڵاوتنی نەوتی خاو دەكەن، جگە لەوەی زیادەڕەوییان كردووەتەسەر موڵكی شارەوانی، ماوەی 15 ساڵیشە یەك دیناریان نەداوەتە حكومەت، داخستنی پاڵاوتگەكان شتێكی قورس نیە تەنیا بەڕێگریكردن لەو تانكەرانەی نەوتی خاویان بۆ دابیندەكەن چارەسەر دەبێت، ئەگەر نەوتی خاویان پێنەگات ناچاردەبن واز لەكاركردن دەهێنن، جگە لەبڕیاری وەزیری ناوخۆو پارێزگاری پێشوو، ئەنجومەنی وەزیران لەساڵانی 2018، 2019 ، 2020 بڕیاریداوە كەدەبێت بەیەكجاری دابخرێن، بەڵام بێسوود بووەو هەر دانەخراون».
هاوكات شەمعون شلیمون ئیشو جێگری پارێزگاری دهۆك لەوبارەیەوە بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «بڕیاری داخستنی پاڵاوتگە نەیاساییەكانی سنوری قەزای سێمێل دەمێكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەرچووە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك لەڕۆژی پێنجشەممە 29ی ئەیلول لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر ئەم پرسە كۆبوونەوەیان كردووەو كۆمەڵێك رێنمایی دەركراوەو كاری هەموو پاڵاوتگەكانی راگرتووە، هەركەسێكیش پابەند نەبێت ئەوا بەدڵنیاییەوە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و سزا دەدرێت».
بەڵام ئیدریس حەسەن كە هاووڵاتییەكی سنوری قەزای سێمێلە دەڵێت: « رۆژێك دوای بڕیارەكەی پارێزگاری دهۆك، من خۆم ڤیدیۆم كردووە و نەوتی رەش گواستراوەتەوە بۆ كواشێ بەمەبەستی پاڵاوتن، هەروەها لەساڵی 2010 چەندین جار بڕیار دەركراوەو رێوشوێن گیراوەتەبەر، هەندێك لەپاڵاوتگەكان بەتەواوی داخراون و كارناكەن، بەڵام بەشێكی دیكەیان حساب بۆ هیچ بەرپرسێكی حكومی ناكەن و بەردەوامن لەكاركردن».
وتیشی:» بەهۆی پیسكردنی هەوای ناوچەكەوە بەردەوام ماسك دەبەستین، بەشەوان بۆنێكی ئەوەندە ناخۆش بەسەر ناوچەكە بڵاودەبێتەوە باوەڕناكەم لەهیچ شوێنێكی تر ئەو بۆنە بوونی هەبێت، ماڵی من زۆر دوورنیە لەپاڵاوتگەكان، بەڵام خەڵكی گوندی كواشێ كەتەنها كێلومەترێك لێی دوورن كاریگەری خراپی لەسەر ئەوان یەكجار زیاترە لەئێمە «.
دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگە لەپارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند: « زۆرجار بڕیاری داخستنی پاڵاوتگە نەیاساییەكانی سنوری قەزای سێمێل دەرچووە، دوایین بڕیار لە 2021 بوو بەڵام بۆ هەر جارێك ماوەیەكی كەم كاریان نەكردووە دوای ماوەیەك جارێكی تر دەستیان بەكاركردن كردووەتەوە، وەكو بەڕێوەبەرایەتی گشتی فەرمانگەی ژینگە لیژنەیەكی جێگیرمان لەكواشێ داناوە تاڕێگری لەكاری پاڵاوتگەكان بكات، ئەوەی پەیوەستە بەئێمە بەزیادیشەوە كردوومانە بەڵام دەبێت هەموو لایەنێك لەگەڵ ئێمە هاوكاربن تابتوانین رێگری لەكاری ئەوان بكەین«.
وتیشی: « پێش چەند مانگێك نزیكەی حەوت پاڵاوتگەی كواشێ بەبڕی هەشت ملیۆن دیناری عێراقی سزادراوە ، دوایین كۆبوونەوەی ئێمە لەگەڵ پارێزگاری دهۆك لە 29ی ئەم مانگە بوو، لەكوبوونەوەكەدا كە ژمارەیەك بەرپرسی پەیوەندیدار ئامادەیبوون، پارێزگاری دهۆك جەختی لەوە كردووەتەوە كەنابێت هیچ پاڵاوتگایەك لەو سنوورە ئیش بكات، هەستم كرد كەئیرادەیەكی زۆر بەهێز هەیەو بەپێی زانیارییەكانم ژمارەیەك پۆلیسی تر بۆ چاودێریكردن زیاد دەكرێن، هەروەها بۆ ماوەی 24 كاتژمێر چاودێری پاڵاوتگەكان دەكرێن، ئەگەر ئەمە بەبەردەوامی بكرێت ئەوا بەدڵنیاییەوە كۆتایی بە بابەتەكە دەهێنێت».