كفری؛ ناحیەی زینانە بەرەو چۆڵبوون دەڕوات

ئیدارەی گەرمیان گرفتەكانی ناحیەكە چارەسەرناكات

2 ساڵ لەمەوپێش



نیگار عومەر

كەمی خزمەتگوزاری و مەترسییەكانی داعش لەسنورەكە وایكردووە لەكۆی 67 ماڵی ناحیەی زینانە 40 ماڵی كۆچ بكەن و 10 گوندی سنوری ناحیەكەش بەتەواوی كۆچیان كردووەو بەشێكی زۆری گوندەكانی تریش رەویان كردووە، بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێت: ناحیەی زینانە هیچ سیمایەكی ناحیەبوونی پێوە دیارنیە و لەشێوەی گوندێكدایەو لەهەموو روویەكی خزمەتكردنەوە پشتگوێخراوەو دانیشتوانەكەشی بەدەست نەبوونی كارەبا و خراپی رێگاوبانەكانیەوە دەناڵێنن و چەندین جاریش داواكارییەكانمان گەیاندووەتە ئیدارەی گەرمیان تائێستا هیچ شتێكمان بۆ نەكراوە.

زینانە لەساڵی 1997ەوە كراوە بەناحیەو لەڕووی ئیدارییەوە سەر بەقەزای كفریەو لە رووی جوگرافیەوە هاوسنورە لەگەڵ قەزای كفری و قەزای دوزخورماتوو، ناوچەكە مەترسی چەكدارانی داعش و گروپە توندڕەوەكانی لەسەرە و هەشت لیوای پێشمەرگەی لێیە بۆ پاراستنی ناوچەكە لەچەكدارانی داعش، بەهاووڵاتیانی ناوچەكەو هێزەكانی پێشمەگەوە نزیكە سێ هەزار كەسی تێدا دەبێت، بەڵام چەندین گرفتی خزمەتگوزاری وایكردووە ناحیەكە روو لەچۆڵبوون بكات .

وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زینانە بەهاوڵاتی راگەیاند:» ناحیەی زینانە 46 گوندی لەسەرەو 10 گوندی چۆڵەو  34 گوندی ئاوەدانە، ئەم ناحیەیە لەڕووی خزمەتگوزاریەوە بۆماوەی چەندین ساڵە هیچ پرۆژەیەكی گرنگی تێدا جێبەجێنەكراوە و تا ئێستاش سیمای گوندێكی بچووكی هەیەو لەڕووی خزمەتگوزاری رێگەوبانیشەوە رێگاكانی زۆر خراپە تەنها بەشێك لەڕێگای ناحیەكە نەبێت قیرتاوكراوەو زۆربەی رێگاكانی دیكەی خراپن و هیچ جۆرە سەوزایی و جوانكاریەكی  بۆ نەكراوە، نزیكەی سێ هەزار خەڵكی تێدا دەژیت، بەداخەوە كەمی خزمەتگوزاری بۆ ناحیەكە وایكردوە روو لەچوڵبوون بكات و لەكۆێ 67 ماڵ 40 ماڵی  كۆچیانكردووە و چوڵبوونی ناحیەكە جێگەی مەترسییە بۆ ناوچەكە بەگشتی».

وتیشی،» كێشەی سەرەكی ناحیەكە بێ كارەبایە، و كارەبای نیشتمانی زۆر خراپە و هیچ ئامێرێك ئیش پێناكات و ئەو ئامێرەشی ئیش پێبكەی خراپی دەكات و كارەبای مۆلیدەشی هەر نیە، هەروەها وشكەساڵی و نەبوونی ئاوی پێویست وایكردووە ناحیەكە چوڵببێت كەئەمەش لەزۆر رووەوە مەترسی گەورە دروستدەكات بۆ قەزای كفری و ئیدارەی گەرمیان كەپێویستە ئاوڕی زیاتری لێبدرێتەوە، 11 ساڵە داوادەكەین لەحكومەتی هەرێم بنكە تەندروستیەكەی ناحیەی زینانە بكرێت بەمەڵبەندێكی تەندروستی و دكتۆری بۆ دابنرێت، هەر بۆی نەكراوە، بنكە تەندروستیەكە  تاكاتژمێر یەك دەوامی تێدا دەكرێت و دوای ئەوە دادەخرێت و خەڵكی سنوورەكە  تووشی حاڵەتێك ببن نازانن بۆ كوێ بچن، یان دەبێت رێگایەكی دوور ببڕن تا دەگەن بەكفری یان خورماتوو».

هاوكات جەماڵ وارانی لێپرسراوی لیوای 144ی هێزەكانی پێشمەرگە لەسنوری زینانە بەهاوڵاتی راگەیاند:» لەم سنورەدا زیاتر لەهەشت لیوای پێشمەرگەی تێدایەو توانراوە بەشێوەیەكی زۆر باش لەزۆربەی ناوچەكان كە مەترسی لەسەرە سەنگەری هێزەكانی پێشمەرگە دابنێرت، بەڵام بەهۆی فراوانی ناوچەكە  كەهاوسنورە لەگەڵ قەزای خورماتوودا بۆشایی ئەمنی هەیە لەنێوان ئێمەو سوپای عێراق، ئەمەش وایكردووە داعش سوود لەو بۆشاییە ئەمنیە ببینێت و ناوبەناو جموجۆڵی هەبێت لەناوچەكەدا».

وتیشی،» سەڕای بەرفراوانی و سەختی ناوچەكەش هۆكارێكی دیكەیە بۆ مانەوەی داعش لەو سنوورە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامن لەپارێزگاریكردن لەخەڵكی سنورەكە».

هەروەها هێمن جەلال كەخەڵكی ناحیەكەیە بەهاوڵاتی وت:»ناحیەی زینانە هیچ سیمایەكی ناحیەبوونی پێوە دیارنیەو لەشێوەی  گوندێكدایە نە پاركێكی تێدایە بۆ ئەوەی گەنجەكانی سنورەكە رووی تێبكەن، نە شوێنێكی رۆشنبیری یان سەنتەرێك بۆ گەنجەكان، ئەوە جگە لەسەدان گرفتی دیكە وەك خراپی كارەبای ناحیەكە كەخەڵكەكەی بێزار كردووەو كارەبای مۆلیدەشمان نیە، كۆڵانی وای تێدایە 20 ماڵ بووە ئێستا دوو ماڵی تێدا ماوەتەوەو هەموو بارییان كرد».

وتیشی:»زینانە پشتگوێخراوەو كەس ئاوڕی لێناداتەوەو جیاوازیەكی زۆری لەگەڵدا كراوە بەبەراورد بەناحیەكانی دیكەی سنوری ئیدارەی گەرمیان و ئێمە بووینەتە قوربانی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق، تەنها یەك بنكەی تەندروستی هەیە كەنەخۆشێكمان هەبێ دەبێ بیبەین بۆ كفری یان خورماتوو بە رێگایەكی پڕمەترسیدا، لەڕووی ئەمنیشەوە دەبێت شەوان خۆمان پارێزگاری لەخۆمان بكەین سەڕای بوونی هێزی پێشمەرگە لەناوچەكە، بەڵام بۆشایی ئەمنی تێدایەو زۆرجار داعش دێنە نێو ناحیەكەو خۆیان وەك هاووڵاتی پێشاندەدەن و ئێمە نازانین كە داعشن و دواتر زیانمان پێدەگەیەنن».

«كەمی قوتابخانە و نەبوونی پشتیوانی بۆ هاتوچۆی قوتابییان و خوێندكارانی  گوندەكان گرفتی تری خەڵكی سنوری ناحیەكەن، ئەوە سەرەڕای مەترسیەكانی داعش لەسنورەكە، كە هەموو ئەمانە وایكردووە خەڵكی ناحیەكە رەوبكەن و چەندین جاریش داواكاری ناحیەكەمان گەیاندۆتە ئیدارەی گەرمیان تائێستا هیچ شتێكمان بۆ نەكراوە «، بەڕێوەبەری ناحیەی زینانە وای وت.

سەبارەت بەگرفتی تەندروستی ناحیەكە، عەباس عەزیز، جێگری بەڕێوەبەری گشتی  تەندروستی گەرمیان بەهاوڵاتی راگەیاند:» ناتوانین بنكە تەندروستیەكەی زینانە بیكەین بەمەڵبەندی تەندروستی هەرچەندە دەزانین كە پێویستی زۆری خەڵكەكەیە، تەنانەت لەبنكە تەندروستیەكەی زینانەش كێشەی كەمی كارمەندمان هەیەو هیچ كارمەندێكی ژنیان نیەو زۆرجار ناتوانرێت دەرمانی پێویست بنێرێت بۆیان بەهۆی كێشەی كەمی دەرمانەوە لەتەندروستی گەرمیان».

وتیشی: داوامان لەوەزارەتی تەندروستی كردووە مەڵبەندێكی تەندروستی بە بوونی دكتۆرەوە بۆ ناحیەكە بكەنەوە، بەڵام تائێستا  هیچ وەڵامێكیان نەبووە «.

هاوكات چۆمان ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەئیدارەی گەرمیان بەهاوڵاتی وت، «هۆكاری كەمی خزمەتگوزاریەكان قەیرانی داراییەو  بۆ گرفتی كارەبای ناحیەكە داواكاریمان گەیاندووەتە وەزارەتی كارەباو تائێستا نەتوانراوە محاویلەیەكی گەورەتریان بۆ دابین بكرێت».

وتیشی:» لەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكاندا ئێمە بەگوێرەی دانیشتوان بوجە سەرف دەكەین و رێژەی دانیشتوانی ناحیەكە كەمە، بۆیە ناتوانرێت بودجەی زیاتریان بۆ دابین بكرێت، هەوڵمانداوە گرفتی ئەمنی ناوچەكە چارەسەربكەین و لەداهاتووشدا هەوڵدەدەین گرفتەكانی دیكەیان ئیشی لەسەربكەین».

محمد خورشید هاوڵاتی گوندی قوپەڵكی سەر بەناحیەی زینانە بەهاوڵاتی وت،» بەهۆی بێ كارەبایی و بێ ئاوییەوە زۆربەی دانیشتوانی گوندەكەمان مەڕو ماڵاتەكانیان فرۆشت و  كۆچیان كرد بۆ شارەكان و ئێمەش لەناچاریدا ماوینەتەوە، سنورەكەمان وشكەساڵی و مەترسی داعش تەنگی پێهەڵچنیوەو گوزەرانمان زەحمەت بووە و هیچ كەسێكیش ئاوڕمان لێ ناداتەوە».

وتیشی،» زۆرێك لەگوندەكانی ئەم سنورە جگە لەبێكارەبایی، قوتابخانەو بنكەی تەندروستییان تێدانیەو لەگوندەكەی ئێمەش بنكەیەكی تەندروستی هەبوو ئەویش بۆماوەی 11 ساڵە داخراوە باوەڕیش ناكەم بۆمان بكەنەوە، چونكە كەسئامادەنیە لەشوێنی مەترسییدا دەوام بكات».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار