ژن، ژیان، ئازادی..
ئەو درووشمەی سنورو ئایدیا جیاوازەكانی تێپەڕاند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رەنگە خۆپیشاندانەكانی گەلانی ئێران باشترین دەروازە بێت بۆ ئەوەی جارێكی تر دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) رۆحی بەبەرداكرابێتەوەو لەفەرهەنگی خەباتی گەلان و ژنانی نەتەوەكانی تردا زیندوو بێتەوەو سەدای هەموو سنورەكانی جیهان ببڕێت و ئاسمانی نەتەوەو جوگرافیای جیاوازی نەناسێت، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بەشێكی زۆری خەڵك ئاگاداری سەرهەڵدانی ئەم دروشمە نین و پرسیاری زۆرینەی هاووڵاتیان لەئێستادا ئەوەیە كە مێژووی ئەم درووشمە چییەو لەكوێوە سەریهەڵداوەو بنەچەی ئەم چەمكە لەچییەوە هاتووە.
بەپێی ئینسایكڵۆپیدیای ئازادی مێژووی دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) كە بەكرمانجی ( Jin, jiyan, azadî) پێ دەڵێن بۆ یەكەمجار لەساڵی ١٩٨٧ لەلایەن یەكێتی ژنانی وڵاتپارێزی كوردستان كەوەكو لقی ژنانی پارتی كرێكارانی كوردستان - پەكەكە لە باكووری كوردستان و توركیا چالاكی دەكرد، سەریهەڵدا.
ئەم ڕێكخراوەی ژنان كە لەچوارچێوەی فەلسەفەی عەبدوڵا ئوجەڵان لەبەرجەستەكردنی رۆڵی ژن و بۆ داخوازی مافی ژنانی كورد خەباتی دەكرد، پشتی بەو تێزەی ئۆجەلانی رابەری زیندانیكراوی پەكەكە دەبەست كەپێیوایە ئازادی كۆمەڵگا بەئازادی ژن بەستراوەتەوە، هاوكات ژن وەك «یەكەم كۆمەڵی بەكۆیلەكراو لەمێژوودا» ناودەبات و لە ساڵی ١٩٩٨دا «ئایدۆلۆژیای رزگاری ژنان»ی خستۆتەڕوو و رایگەیاندووە كە (تا ژن ئازاد نەكرێت، كۆمەڵگا ئازاد نابێت).
دواتر ئەم دروشمە لەساڵی ١٩٩٥ لەلایەن «دایكانی شەممە» بەكارهێنرا، ئەمانە كۆمەڵە ژنێك بوون كە هەموو شەممەیەك دژ بە بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێی رۆڵەكانیان لەلایەن حكوومەتی توركیا، لەناوەندی شاری ئەستەنبوڵ دەستیان بەچالاكی و ناڕەزایەتی كردو رایانگەیاند، تا بكوژانی كوڕەكانیان نەدۆزرێتەوە دەست لەچالاكییەكانیان هەڵناگرن.
ئەم دروشمە جارێكی تر لەساڵی 2014 لەڕۆژئاوای كوردستان، ژنان و كچانی ئازادیخواز لەدژی چەكدارانی داعش بەرزیانكردەوەو شەڕی ئەو رێكخراوە تیرۆرستەیان پێكردو دروشمەكەیان كردە سیمبولی شۆڕشی فێمینیستی ژنان و ناوی رۆژئاوا لەگەڵ ئەم دروشمە پێكەوە گرێدایەوە.
لەو ساڵە بەدواوە بەردەوام لەلایەن جووڵانەوە و بزاڤە فێمینیستییەكانەوە لەناوچە جیاجیاكانی جیهان ئەم دروشمە زیندوو دەكرێتەوە و بەكاردێت، بەشێوەیەك كە لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥دا ئەم دروشمە لەو گردبوونەوانەدا بەكارهات كە بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لەچەند وڵاتێكی ئەورووپا بەڕێوەچوو. لەساڵی ٢٠١٨ لە كاتی نمایشكردنی فیلمی كچانی خۆر لەفێستیڤاڵی فیلمی كان، ئەم دروشمە لەلایەن خانمە هونەرمەندە ئامادەبووەكانی هۆڵی فێستیڤاڵەكە وترایەوە، لە ئەفغانستانیش ئەم دروشمە لە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لەلایەن ژنانی ئەفغانستانەوە لەگردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیدا بۆ پشتیوانی لەناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران وترایەوە، هاوكات دوابەدوای ناڕەزایەتییەكان لەسەرانسەری جیهان دا، لەزۆربەی میدیا جیهانییەكاندا ئەم دروشمە بڵاوكراوەتەوەو كراوەتە مانشێتی سەرەكی، بۆ نموونە «گۆڤاری لیبراسیۆن»ی فەرەنسی ئەم دروشمەی لەسەر بەرگی یەكەمی ژمارە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ی خۆیدا لەگەڵ وەرگێڕانی فەرەنسی و وێنەیەكی ناڕەزایەتی خەڵك لەئێران بڵاوكردەوە.
ئەوەنەبێت ئەم دروشمە هەر بەتەنیا ئیلهام بەخشی شەقام بێت، بەڵكو زۆرێك لەبیرمەندان و نوسەران و رۆژنامەنوسان و كۆمەڵناسانی دنیاش سەرسامی خۆیان بەرامبەر ئەم دروشمە دەربڕیوە، ئەوەتا سلاڤۆ ژیژەك، فەیلەسوف و رەخنەگری بەناوبانگی سلۆڤینیا دەڵێت ئەو راپەڕینەی بەدروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لەدوای كوژرانی ژینا ئەمینی لەوڵاتی ئێران سەریهەڵداوە، جیاوازە لەگەڵ بزوتنەوە و فێمینیزمی وڵاتانی پێشكەوتوو و دژە پیاو نییە.
ژیژەك سەبارەت بە بۆچوونی لەسەر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” جەخت لە جیاوازی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی دەكات و دەڵێت: رەهەندی ئەو راپەڕینە لەگەڵ فێمینیزمی وڵاتانی پێشكەوتوو جیاوازە، ئەوەی ئێستا لەئێران روودەدات دەبێت لەوڵاتانی رۆژئاواش چاوەڕێی بكرێت، لەو رووەشەوە پێویستە رۆژئاوا لەئێرانی ئەمڕۆ فێر بێت.