هەولێر؛ هەزاران كەس لەپڕۆژەكانی نیشتەجێبون زیانمەندبوون

لەهەندێك پڕۆژەكان پارە لەخەڵك وەرگیراوە پرۆژەكە بوونی نیە

2 ساڵ لەمەوپێش



هەژار ئەنوەر 

لە پارێزگای هەولێر 70 پرۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان هەڵوەشاوەتەوە، پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنان ڕەزامەندییان پێدەدرێت، پێویستە پڕۆژەكان لە10% كارەكانی جێبەجێ بكات ئینجا كڕین و فرۆشتن بكات، پڕۆژە هەیە مۆڵەتی وەرگرتووە لەماوەی (2) ساڵ و نیو تەواوی بكات، كەچی ساڵێك تێپەڕیوە هێشتا بناغەی دانەنراوە، پڕۆژە هەیە هێشتا دەستی بەكارەكانی نەكردووە لە نهۆمی سێ‌ و چوار شوقەی فرۆشتووە، بەو هۆیەوە دەیان ملیۆن دۆلار زیان بە كڕیارانی یەكە نیشتەجێبوەكان كەوتووە، كابینەی نۆیەم لەسەرەتاوە بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە كەس بۆی نییە دەستوەردان بكات لە كەرتی وەبەرهێنان، بەڵام بەشێكی پرۆژەكان بەهۆی دەستوەردانی شەخسی و حزبەوە گرفتیان بۆ دروست دەكرێت و راگیراون.

لە ماوەی 16 ساڵدا كۆی قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 66 ملیار دۆلار، و لە ماوەی سێ ساڵدا مۆڵەتی وەبەرهێنان بە 201 پڕۆژە بە سەرمایەی 11 ملیار و 562 ملیۆن دۆلار دراوە، بەشێكی زۆری وەبەرهێنان لە بورای دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبووندایە.

پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون زۆرێكیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە بۆ ماوەیەك لەكارەكانیان وەستان و بەشێكیشیان سەرمایەدارەكانیان مایەپوچ بوون، جگە لەمەش ژمارەیەك بەرپرسی باڵا دەستیان خستوتەرنێو وەبەرهێنانی خانووبەرە و چەندین كێشەو گرفتیان بۆ وەبەرهێنەری دیكە دروستكرد.

پڕۆژەی نیشتەجێبوونی هەنگ ستی لە شاری هەولێر ماوەی (12) ساڵە كارەكانی تەواو نەكراوەو چەندین جاریش بەشداربووانی پڕۆژەكە سەردانی دەستەی وەبەرهێنانیان كردووەو لەبەردەم دەستەكەش گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامداوە، بەڵام بێسوود بووە.

بایز مەولود ئەنجومەنی بەشداربووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی هەنگ ستی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند:» زۆرینەی بەشداربووانی پڕۆژەكە قستەكانیان داوە بەكۆمپانیاكە، بەڵام بەبیانووی شەڕی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی دارایی ماوەی (11) ساڵە دانمان بەخۆمان گرتووە، كە چەندین كێشەی خێزانی و كۆمەڵایەتی بۆ دروستكردووین، لەكاتێكدا لە 90% كێشەو گرفتەكانمان خستۆتەبەردەم دەستەی وەبەرهێنان، بەڵام بێسوود بووە».

سەردار ئاكرەیی خاوەنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی هەنگ ستی بەهاوڵاتی ڕایگەیاند:» بەشداربووان مافی خۆیانەو منیش لە ساڵی 2011 لە 50% ی پڕۆژەكەم تەواو كردووەو لەو كاتەوە ڕایانگرتووە و ئێستاش سەرجەم رێكارە یاساییەكان تەواوكراوە و داوا لە سەرۆكی حكومەت دەكەم ڕێگەمان پێبدات دەستبەكارەكانمان بكەینەوەو پڕۆژەكە تەواوبكەم».

وتیشی: «لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوێك هاتووە گوایە دەبێ ئەم پڕۆژەیە بدرێتە وەبەرهێنەرێكی تر، من تێناگەم لەسەر چ بنەمایەك پڕۆژەكەی من دەدرێتە یەكێكی تر، نیوەی كارەكانم كردووە ، رۆژانە سەردانی دەستەی وەبەرهێنان دەكەم و چارەسەری گرفتەكانم ناكەن«.

لەساڵی 2019 ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بڕیاریدا كە خیتاب زەمانی ئامادە بكات و دەست بەكارەكانی بكاتەوە، ئێستا سەرجەمی رێكارەكان تەواو كراوە، سەردار ئاكرایی دەڵێت: «بەداخەوە خەڵكانێك لە نوسیگەی سەرۆكی حكومەت بەهەڵە پەیامەكان و نووسراوەكانی من دەگەیەنێتە سەرۆكی حكومەت».

هاوكات رابەر وەرتی خاوەنی یەكێك لە كۆمپانیاكانی خانووبەرە، بە هاوڵاتی وت:» ساڵێك تێپەڕدەبێت بەسەر گرێبەستی كڕینی شوقەكانی ڤارپارك، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ شوقەیەك لەم پڕۆژەیە دروست نەكراوە، زیاتر لە هەزار و (400) كەس شوقەیان كڕیوە، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداری كێشەو گرفتەكانی ئەم پڕۆژەیەن و خاوەن كۆمپانیاكەش لە هەولێرە و زۆر بەئازادی دەسوڕێتەوە.

پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنان ڕەزامەندییان پێدەدرێت، پێویستە پڕۆژەكان لە10% كارەكانی جێبەجێ بكات ئینجا كڕین و فرۆشتن بكات تاوەكو تواناداراییەكانی وەبەرهێنەر بسەلمێندرێت، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی كەوتووە، پڕۆژە هەیە هێشتا دەستی بەكارەكانی نەكردووە لە نهۆمی سێ‌ و چوار شوقەی فرۆشتووە، ئێستا جۆرێك بەنەمانی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و خاوەن پڕۆژەكان و كۆمپانیاكانی خانووبەرە دروست بووە.

لە ماوەی سێ ساڵدا مۆڵەتی وەبەرهێنان بە 201 پڕۆژە بە سەرمایەی 11 ملیار و 562 ملیۆن دۆلار دراوە، بەگوێرەی زانیارییەكانیش، لە ماوەی نزیكەی 16 ساڵدا كۆی قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 66 ملیار دۆلار.

سەردار ئازاد یەكێكی ترە لە خاوەن كۆمپانیاكانی خانووبەرە لەوبارەیەوە بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت : «قوربانی سەرەكی پڕۆژەكان هاوڵاتیانن بۆیە پێویستە قەرەبوو بكرێنەوە و حكومەتی هەرێمیش ئەم كێشەو گرفتانە چارەسەر بكات، چونكە بەهۆی نەمانی متمانەوە پرۆسەی وەبەرهێنان بەرەو شكستێكی گەورە دەڕوات.

وتیشی : «بەدەیان ملیۆن دۆلار زیان بەر خاوەن كۆمپانیاكانی خانووبەرە و هاوڵاتیان كەوتووە، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەم كابینەیەی حكومەت لەسەرەتاوە بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە كەس بۆی نییە دەستوەردان بكات لە كەرتی وەبەرهێنان، بەڵام ئێستا ئەم دەستوەردانە هەیەوە پێویستە حكومەت بەزووترین كات تەداخول بكات.»

ئەو خاوەن كۆمپانیاییەی خانووبەرە باسلەوەدەكات:»زۆرێنەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون چاودێریان بەسەرەوە نییە، پڕۆژە هەیە مۆڵەتی وەرگرتووە كە لەماوەی (2) ساڵ و نیو تەواوی بكات، كەچی ئێستا ساڵێك تێپەڕیوە هێشتا بناغەی دانەنراوە.

لە شەش مانگی یەكەمی ساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان مۆڵەتی بە 35 پڕۆژەی جۆراوجۆر داوە بە سەرمایەی 330 ملیۆن 696 هەزار و265  دۆلار. 

سامان عارەب بەڕێوەبەری گشتی دەستەی وەبەرهێنانی هەولێر بە هاوڵاتی ڕاگەیاند:» بەهۆی كەمتەرخەمی و جێبەجێنەكردنی پڕۆژەكان تاوەكو ئێستا 70 پڕۆژە مۆڵەتی هەڵوەشاوەتەوەو پڕۆژەكانی دەشتی بەهەشت و ئەڵمانی و كۆیە ستی ڕاگیراون، بەپێی یاسای مۆڵەتت لە وەبەرهێنەرێك وەرگرتەوە بلاك لیست دەكرێت، ئەو وەبەرهێنەرە مافی پێدانەوەی ئەو پڕۆژەی نییە لە رووی یاساییەوە و هەموو ئەو زەرەر و زیانانەی لە پڕۆژەكە و لە هاووڵاتی كەتووە وەبەهێنەر بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت.

بۆیە پێشنیاری وەبەرهێنەری ترمان كردووە تاوەكو پڕۆژەكان دەست پێبكەنەوە و بەوردی دیراسەی كارەكانیان كراوە.

دلێر حسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەهاوڵاتی راگەیاند: « كە لەهەرێمی كوردستان لەڕووی وەبەرهێنان لە نیشتەجێبوون لەسەرەتای گەشەی وەبەرهێنان بەتایبەت هەولێر بە قۆناغێكی مەترسیدار و خراپ تێپەڕیوە لە ساڵانی ڕابردوودا، بەداخەوە هۆكاری سەرەكی خراپ ئیدارەدانی ئەو كەرتە بووە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان،  هەم لەڕووی یاسایی، وەهەم لەڕووی چاودێری كەئەمەش وایكردووە خەڵكانێكی زۆر زەرە مەندبن . 

«ئەوەی قازانجی كردووە تەنها وەبەرهێن بووە، كە زەوی لەلایەن حكومەتەوە بۆی دابینكراوەو بەپارەی خەڵكیش پرۆژەكانی دروستكردوە، سەڕەڕای ئەمانەش لە كۆمەڵێ پڕۆژە پارە لەخەڵك وەرگیراوە، بەڵام پرۆژەكان تەواو نەكراون و بەنیوەناچڵی بەجێهێڵراوە، لە نمونەی دەشتی بەهەشت و فلۆریاستی و چەندان پرۆژەی تر، لەهەندێ پڕۆژەش پارە لەخەڵك وەرگیراوە كە پرۆژەكە ئەصڵەن هەر بوونی نیە، بۆیە بەدڵنیاییەوە خەڵكێكی زۆر زەرەمەندبووە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی حكومەت چاودێر نەبووە بەسەر پڕۆژەكان و فەوزاییەكی زۆر لەو بوارەدا هەیە، هۆكاری بنەڕەتیش تەداخولی شەخسی و حیزبیە بەسەر پرۆژەكان لەبەرامبەردا حكومەت لەو بوارە زۆر لاواز و بێ دەسەڵات بووە».

سەبارەت بە وەررتنەوەی مافی خەڵك و چ جۆرە دڵنیاییەك بدرێتە هاوڵاتیان تاوەكو بتوانن یەكەی نیشتەجێبوون بكڕن، دلێر حسێن دەڵێت: «بەداخەوە لەڕابردوو بەشی زۆری گرێبەستەكان لەنێوان كۆمپانیا و هاوڵاتی كراون و هەندێ كۆمپانیا لە ئێستادا خاوەنداریەتیان دیارنیە یاخود هەر وجودیان نەماوە و  وەبەرهێنەكەی ڕایكردووە لە ووڵات نەماوە، بۆیە ئاستەمە بتوانرێ مافی ئەوخەڵكانە وەربگیرێتەوەو پێموانیە حكومەتیش ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت، چونكە خانوو یان شوقە هەیە بە زیاتر لەكەسێك فرۆشراوە یاخود شوقە هەیە فرۆشراوە ئەصلەن هەر وجودی نیە بۆیە ئیجرائاتكردن لەو كەیسە ئاڵۆز و قورسە هۆكاری سەرەكی وەبەرهێنانە كە كەمتەرخەمە،  چونكە ناكرێ مۆڵەت بەو جۆرە پڕۆژانە بدرێت  لە كاتێكدا توانای  چاودێری و ئیجرائات كردنیان نەبێت لە ڕووی كوالێتی و پاراستنی مافی هاوڵاتیان و ئاگاداری لە شێوازی گرێبەستەكان و خاوەنداریەتی».

لە هەرێمی كوردستاندا ‏‏12 هەزار‌ و670 یەكەی ‏‏نیشتەجێبوون كە ساڵانێكی زۆرە تەواو نەكراون، ‏‏بووەتە كێشە ‏بۆ ئەو كەسانەی گرێبەستی كڕینی ئەو ‏یەكانەیان ‏‏كردووە و پارەیەكی زۆریشیان داوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار