ده‌ستگیرکراوانى بادینان: وه‌کو دیلی جه‌نگ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت

پارێزه‌رێکى ده‌ستگیرکراوان له‌بازگه‌یه‌کى هه‌ولێر ده‌ستگیرده‌کرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



عه‌مار عه‌زیز، سه‌رکۆ جه‌مال

پارێزه‌رێکى زیندانیکراوانى بادینان له‌هه‌ولێر ده‌ستگیرده‌کرێت و  زیندانیکراوانیش بانگه‌وازێک بڵاوده‌که‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن: وه‌کو دیلی جه‌نگ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت و هه‌رچی یاساو پره‌نسیپی مافی مرۆڤ هه‌یه‌ پێشێل ده‌کرێت، هاوکات سه‌رۆکی تیمی پارێزه‌رانی ده‌ستگیرکراوانی بادینان رایگه‌یاند: دۆخی زیندانیانی چاکسازی گه‌ورانی هه‌ولێر به‌گشتی خراپه‌و به‌تایبه‌تیش زیندانیانی بادینان، بۆیه‌ گوهدار زێباری په‌یامێکی ئاڕاسته‌ی رای گشتی کردووه‌.

له‌کاتێکدا هێشتا بڕیاری ئازادکردنی ژماره‌یه‌ک له‌زیندانیانی بادینان جێبه‌جێ نه‌کراوه‌ که‌ئازادکردنی به‌مه‌رج ده‌یانگرێته‌وه‌، به‌شدار حه‌سه‌ن سه‌رۆکی تیمی پارێزه‌رانی گیراوانی بادینان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی راگه‌یاند: «له‌ئێواره‌ی  دووشه‌ممه‌وه‌ (هه‌رێم ره‌فعه‌ت ئه‌ندامى تیمى پارێزه‌رانى ده‌ستگیرکراوانى بادینان) له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایش له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ڕانیه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر ده‌ستگیرکراوه‌و ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند پارێزه‌رێکی دیکه‌ سه‌ردانی ئاسایشی گشتی هه‌ولێر ده‌که‌ین بۆ سۆراغکردنی».

وتیشی:»له‌گه‌ڵ باوکی هه‌رێم قسه‌م کردووه‌و پێی وتم له‌ رانیه‌ بووه‌و له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌ولێر له‌یه‌کێک له‌بازگه‌کانی سه‌ر به‌پارتی ده‌ستگیرکراوه‌و له‌وکاته‌شه‌وه‌ که‌ کاتژمێر سێی پاشنیوه‌ڕۆی 10-10-2022 مۆبایله‌که‌ی داخراوه‌«.

هاوکات سه‌باره‌ت به‌دۆخی زیندانیانی بادینان به‌شدار حه‌سه‌ن ده‌ڵێت:»دۆخی زیندانیانی چاکسازی گه‌ورانی هه‌ولێر به‌گشتی خراپه‌و به‌تایبه‌تیش زیندانیانی بادینان، بۆیه‌ گوهدار زێباری په‌یامێکی ئاڕاسته‌ی رای گشتی کردووه‌«.

وتیشى:»تائێستا چاوه‌ڕێی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ین بۆ بڕیاری ئازادکردنی پێنج گیراوی شیلادزێ که‌ ئازادکردنی به‌مه‌رج ده‌یانگرێته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ئازاد نه‌کراون».

دادگای که‌تنی ده‌شتی هه‌ولێر له‌ 31ی ئاب 2022 له‌باره‌ی دۆسیه‌ی پێنج سزادراوه‌که‌ی شیلادزێوه‌ بڕیاریدا که‌ ئازادکردنی مه‌رجدار (ئیفراج شه‌رتی) نه‌یانگرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ ئه‌گه‌ر بڕیاری ئازادکردنی مه‌رجداریان بۆ ده‌ربکرایه‌و ده‌بوو له‌ 16ی حوزه‌یرانی 2022 ئازاد بکرێن .

سزادراوانی شیلادزێ هه‌ریه‌ک له‌ کۆڤان تاریق ، نێچیرڤان به‌دیع ، ئه‌مجه‌د یوسف ، مه‌حمود ناجی و یوسف شه‌ریف ماوه‌ى دوو ساڵه‌ ده‌ستگیرکراون، که‌به‌شێکن له‌ده‌ستگیرکراوانى بادینان.

ناجی سه‌عید، باوکى مه‌حمود که‌ یه‌کێکه‌ له‌زیندانیانی شیلادزێ به‌هاوڵاتی وت: «کوڕه‌که‌م  له‌  29/1/2020 له‌گه‌ڵ چوار که‌سی تر له‌سنوری ناحیه‌ی شیلادزێ ده‌ستگیرکراوه‌، تائێستا نازانین له‌سه‌ر چ تۆمه‌تێک کوڕه‌که‌م ده‌ستگیرکراوه‌، بڕیاربوو له‌کۆتایی مانگی ئابی ئه‌مساڵ به‌شێوه‌ی مه‌رجدار (ئیفراج شه‌رتی) ئازاد بکرێن، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌کانى ئێمه‌ پێش ده‌رچوونی بڕیاره‌که‌ ته‌له‌فون بۆ داواکاری گشتی کراوه‌و پێی وتراوه‌ نابێت ئه‌و که‌سانه‌ ئازاد بکرێن، دوای ئه‌و ته‌له‌فونه‌ هه‌موو شتێک راگیرا «.

وتیشی:»کوڕه‌که‌م سزادراوه‌ به‌دوو ساڵ زیندانی له‌ 14/1/2023  حوکمه‌که‌ی ته‌واوده‌بێت، هیچ ده‌سه‌ڵاتێکمان نیه‌ و هیچ شتێکمان پێناکرێت، سه‌ردانی هه‌موو شوێنێکمان کردوه‌ به‌ڵام هیچ سوودێکی نه‌بووه‌، بۆیه‌ بێده‌نگیمان هه‌ڵبژاردووه‌ ته‌نها ده‌ڵێین خوایه‌کی راست و دروست هه‌یه‌و له‌خوا ده‌پاڕێینه‌وه‌ له‌وه‌ زیاتر هیچ شتێکی ترمان پێناکرێت، به‌ته‌واوی له‌هه‌موو که‌سێک و لایه‌نێک بێهیوا بووین و ته‌نها ده‌بێت ئه‌وان بڕیاری ئازادکردنیان ده‌ربکه‌ن، هیچ که‌سێکی تر ناتوانێت کوڕەکه‌م و زیندانیانى تریش ئازاد بکات «.  

« هه‌موو دووشه‌مه‌یه‌ک ده‌چینه‌ هه‌ولێر بۆ سه‌ردانی کردنیان، به‌ته‌له‌فونیش قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین، به‌ڵام ئیتر زیندانه‌ ده‌مانه‌وێت به‌یه‌کجاری ئازاد بکرێن، تا نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناومان، ئاسووده‌ و دڵخۆش نابین « ناجی سه‌عید وای وت.

 نیعمه‌ت زه‌ینه‌دین، مامی قاره‌مان شوکری که‌ یه‌کێکى تره‌ له‌زیندانیانی شیلادزێ و به‌ حەوت ساڵ زیندانی سزادراوه‌، به‌هاوڵاتی وت: « قاره‌مان شوکری له‌ 27 ی مانگی 1ی 2020 ده‌ستگیرکراوه‌ دوای دوو ساڵ له‌زیندانکردن، له‌دادگاو به‌بێ ئاماده‌بوونی ئێمه‌ سزای حەوت ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌، دوای سزادانی به‌حه‌وت ساڵ گواسترایه‌وە بۆ دهۆک، ئه‌وه‌ی جێگای داخ و نیگه‌رانی ئێمه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ نازانن له‌سه‌ر چ بابه‌تێک قاره‌مان سزادراوه‌، ئه‌گه‌ر قاره‌مان شتێکی خراپى کردووه‌ ئه‌ی بۆچی له‌کاتی سزادانی له‌دادگا بانگی ئێمه‌یان نه‌کرد تائێمه‌ش دڵمان ئارام بێت و بڵێین ماده‌م کارێکی خراپی کردووه‌، مافی حکومه‌ت و دادگایه‌ سزای بدات، به‌ڵام نه‌یانهێشت له‌ دادگاییه‌که‌ی ئاماده‌بین «.

وتیشی « پێش دوو هه‌فته‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ که‌سوکاری زیندانیانی تری شیلادزێ کردووه‌ به‌ڵام ئه‌وان رەتیانکردەوه‌ که‌ به‌منزیکانه‌ هیچ هه‌وڵێک بۆ ئازادکردنیان بده‌ن، به‌پێی بڕیاری دادگا قاره‌مان شوکری 27ی مانگی 1ی 2028 حوکمه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت و ئازاد ده‌بێت».

رێڤینک یاسین، ئه‌ندامی گروپی پارێزه‌رانی خۆبه‌خش له‌ که‌یسی زیندانیانی بادینان به‌هاوڵاتی  وت: « ئێمه‌ بڕیاره‌که‌ی دادگای که‌تنی ده‌شتی هه‌ولێرمان ته‌ممیز کرده‌وە تاوه‌ڵامی ته‌ممیز نه‌درێته‌وه‌ بڕیاره‌که‌ ناکه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێکردن و چاوه‌ڕێی وەڵامی ته‌ممیزین، هه‌رکاتێک ئه‌وان بڕیاریاندا ئێمه‌ش ده‌ست به‌هه‌نگاوه‌کانی تر ده‌که‌ین».

وتیشی «به‌رده‌وام به‌دواداچوون بۆ که‌یسی زیندانیانی شیلادزێ و بادینان ده‌که‌ین، ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان بێت هه‌وڵده‌ده‌ین به‌زووترین کات که‌یسه‌کانیان یه‌کلایی بکرێته‌وه‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو که‌سوکاری خۆیان».


ده‌قی بانگه‌وازه‌که‌ى زیندانیکراوانى بادینان:
״وه‌کو دیلی جه‌نگ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت،
هه‌رچی یاساو پره‌نسیپی مافی مرۆڤ هه‌یه‌ پێشێل ده‌کرێت״بانگه‌وازێک له‌زیندانیانی بادینانه‌وه‌ بۆ به‌ڕێزان/
بۆ رای گشتی و نوێنه‌رانی وڵاتان له‌هه‌رێم
یوئێن، ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خوی مافی مرۆڤ
لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له‌په‌رله‌مانی کوردستان
رێکخراوه‌کانی پاراستنی مافی مرۆڤ و رۆژنامه‌نووسان
 
به‌رده‌وامی سزادانمان هێشتا ئیراده‌و مۆڕاڵمان به‌رزه‌، بووینه‌ هاواری نادادی و له‌ژێر سته‌می سته‌مکاردا هه‌ر رۆژه‌و ئازارو خه‌مێک کوده‌که‌ینه‌وه‌و وه‌کو سزادراوانی بادینان که‌ له‌چاکسازی گه‌ورانی هه‌ولێر زیندانی کراوین لێره‌ وه‌کو دیلی جه‌نگ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت، به‌رامبه‌ر به‌داواکردنی هه‌ر مافێک پێمان ده‌ڵێن تۆ له‌زیندان دایت خۆ له‌فندق نیت!!.
 ئه‌و پێشێلکاریه‌ی به‌رامبه‌رمان ده‌کرێت روونده‌که‌ینه‌وه‌:-
١-پێش چه‌ند رۆژێک یه‌کێک له‌هاوڕێکانمان به‌ناوی “یوسف شه‌ریف” له‌پێش چاومان له‌لایه‌ن که‌سێکی عه‌سکه‌ری پۆستاڵ له‌پێ سوکایه‌تی پێکراو بۆ ماوه‌ی سه‌عاتێک که‌له‌پچه‌کراو چه‌ندین قسه‌ی ناشرین و جنێوی پێدا.
٢- گوهدار زێباری که‌ رێککه‌وتی ٢٩-٨ له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌کی نه‌ناسراوه‌وه‌ بانگکرا داوای پێناسه‌ی لێکردن، به‌ڵام خۆیان پێ نه‌ناساندن له‌ژوورێکی ته‌نگ و نیمچه‌ تاریک زۆر سوکایه‌تییان پێکرد، له‌سه‌ر قسه‌و هه‌ڵوێسته‌کانی و په‌یوه‌ندیکردنی به‌ڕۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ و نووسینی گوتارو په‌یام که‌ تاکه‌ڕێگان به‌هۆیانه‌وه‌ گوزارشت له‌حاڵی خۆیان بکه‌ن بۆ ماوه‌ی “٣٠” رۆژ  له‌ژووری تاکه‌که‌سیان کرد.
٣- دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی سزاکه‌ی گوهدارو هاوڕێکانی له‌ژووری تاکه‌که‌سی دووباره‌ سزادران و فڕێیان داوه‌ته‌ هۆڵێکی دوورو ته‌نگ و دابڕاو له‌هاوڕێکانی و تائێستا نازانن له‌سه‌رچی دووباره‌ سزادراوه‌و ناشزانین ماوه‌ی سزاکه‌ی چه‌نده‌.
٤-گوێ نه‌گرتن له‌داواو فشاره‌کانی “یوئێن” که‌ له‌ (٢٢-٨) نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ژووری تاکه‌که‌سی چوونه‌ لای سزادراوان و به‌ڵێنی پێدان داوا له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاکسازی بکات گوهدار ده‌ربهێنن و بیگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ لای هاوڕێکانی، به‌ڵام نه‌ک ته‌نیا گوێیان پێنه‌دا به‌ڵکو سزای زیاتریشیان دا.
٥- به‌کارهێنانی یاسا له‌دژمان و گه‌ڕان به‌دوای بیانوی نالۆژیکی بۆ تومه‌تبارکردنمان به‌مادده‌ی یاسایی دیکه‌ به‌نموونه‌ کردنه‌وه‌ی که‌یسێکی دیکه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌و هاوڕێکانمان.
٦- دانانی که‌سانی ئه‌منی له‌به‌شه‌ هه‌ستیاره‌کان، چاودێریکردن، ریکۆردکردنی په‌یوه‌ندییه‌ تەله‌فۆنیه‌کانمان، سیخوڕیکردن به‌سه‌ر ئێمه‌وه‌و سوڕانه‌وه‌ به‌ده‌وری هاوڕێکانمان جێگای گومان و مه‌ترسی ئێمه‌یه‌.
٧- ناڕاستگۆیێ به‌ڵێن و قسه‌کانی ئه‌م چاکسازییه‌ به‌رامبه‌ر به‌زیندانیان به‌گشتی و ئێمه‌ به‌تایبه‌تی گه‌وره‌ترین کێشه‌ی زیندانیانه‌و به‌ده‌گمه‌ن قسه‌ی راست و قسه‌ی کردار ده‌بینی.
٨- رێگریکردن له‌پارێزه‌ره‌کانمان و لیژنه‌کانی مافی مروڤ و به‌ربه‌ست دروستکردن به‌رامبه‌ر ئازادبوونی به‌مه‌رج و هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی کتێب و به‌شداریکردنمان له‌خول و سیمینار که‌ له‌مافه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ئێمه‌ن.
٩- تێکه‌ڵکردن و پێوه‌ نووساندنی سێ وه‌زاره‌ت به‌جه‌سته‌ی ئه‌م چاکسازییه‌وه‌ بووه‌ته‌ هۆی هه‌ڵنه‌گرتنی به‌رپرسیاره‌تی و سه‌ری له‌زیندانییه‌کان شێواندووه‌.

زیندانی
گوهدار زێباری به‌نوێنه‌رایه‌تی زیندانیانی بادینان له‌چاکسازی گه‌ورانی هه‌ولێر.
١١ی ئوکتۆبه‌ری ٢٠٢٢

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار