دواماچی مەرگ
2 ساڵ لەمەوپێش
رێبین ئەحمەد رەشید
لەئەدەبیاتی دینی مەسیحیدا شتێکی سەرنجڕاکێش هەیە بەناوی دوا ماچی مەرگ. سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم فرێزە بۆ سەردەمی عیساو دوازدە حەوارییەکەی دەگەڕێتەوە. کاتێک هێزەکەی پلاتۆس بەخۆی و سەربازە خوێنڕێژەکانییەوە دەگاتە لای مەسیح و دوازدە حەوارییەکە، نازانێت کامە لەوانە عیسایە. بۆیە یەهوودای جوولەکە دێت و دەچپێنێت بەگوێیداو پێی دەڵێت من نزیک دەبمەوە لێیان، کامەیانم ماچ کرد ئەوە مەسیحەو بیکوژە. یەهوودا دەچێتە نزیک مەسیح و دوا ماچی دەکات. پلاتۆسیش مەسیح دەناسێتەوە. لێرەوە وێژەی دوا ماچی مەرگ دێتە نێو دونیای مەسحییەتەوەو دواتریش هەر ئەم واژەیە دەپەڕێتەوە بۆ دونیای سیاسەت.
زۆرن ئەو ماچانەی مەرگ ئەمڕۆ کە دۆخی دونیاکەی ئێمەیان لەخاچداوەو ئێمەیان بەمڕۆ گەیاندووە، بەجۆرێک لەخاچدراوین بوارێکیان بۆ لنگەفرتەیەکیش نەهێشتۆتەوە، بەبڕوای من خائینانەترین و یەهووداییترین دوا ماچ کەئێمە کرابێتین ماچی ئەو جوڵانەوە نالەخۆو هاوردەیە بوو کە لەڕابردوودا ناوی شۆڕشی لەخۆی نابوو. گرنکترین میوەی ئەم دوا ماچەش پایەماڵکردنی قانون و عەدالەت و بێڕۆڵکردنی دادگاکان بوو.
ئەم دوا ماچە کوشندەیە بەجۆرێک مەستی کردین جێگری سەرۆکی هەرێم بەئاشکراو لەکەناڵێکی بینراوەوە بڵێت ئەوەی بەعس و سەدام پێی نەکرا ئێمە بەمیللەتەکەی خۆمان کردو کەسیش نوزەی لێوە نەیەت و پرسیارێک نەکات ئایا ئێوە چیتان کرد؟
بەبۆچوونی من ئەوە گرنگترین دانپێدانانێکی مێژووی هەشتاساڵی رابردووی ئێمەیە لەزاری باڵاترین دەسەڵاتی پاش شۆڕشەوە دەرچووبێت. بەڵێ ئەوەی ئەوان کردیان هەڵگرتنی یەکجارەکی یاساو قانوون و بێ رۆڵکروونی رۆڵی دەسەڵاتی دادوەری بوو لەئەداکردنە رەقابییەکەی خۆی بۆ دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجێکردن.
ئەمڕۆ زۆرن ئەو سیاسیی و رۆشنبیرو پارلەمانتارانەی کەوتوونەتەوە ناو مەستیی هەمان ئەو ماچە بکوژەو داوای هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی پارلەمان دەکەن، وەک بڵێیت بارتەقای کێشەکە هەڵبژاردن و پارلەمان بێت. زۆرم پێ سەیرە سیاسییەک هەڵبژاردن و پارلەمان بەئەساسیاتی دیموکراسی بزانێت بەڵام لەسەر دەسەڵاتی دادوەری بچووکترین نوتقی نییە. رۆشنبیرێک، موفەکیرێک، رۆماننووسێک، شاعیرێک کەس هیچ لەسەر ئەم موعجیزەی مەیسەرکردنی ژیانە بۆ هەموان ناڵێت، قڕوقاپ هەموومان کەوتوینەتە نێو یارییەکی دەستی چواری ئەو قەزیانەی رۆژانە دیکتاتۆر ئەیانوروژێنێت. تا دەسەڵاتێکی دادوەریی بێلایەنی ئازای تێروتەسەل دروست نەبێت «نەوەک دروستبکرێت» مەستی ئەو ماچە بکوژە بەرمان نادات و هیچ شتێک چاک نابێت، نەک هەر چاک نابێت دوێنێ لەمڕۆ زیاترو سبەینێش لەمڕۆ کەمتر دێنێت.
هەڵبژاردن، پارلەمان، حکومەت و میدیا دەشێت وەک میوەی دیموکراسیی چاویان لێبکرێت، بەڵام دەسەڵاتی دادوەریی دڵ و بڕبڕەی پشتی هەموو دیموکراسییەکە. دەشێت دیکتاتۆرترین و خوێنڕژترین و دزترین دەسەڵاتدارەکان باوەڕیان بە هەڵبژاردن و پارلەمان و حکومەتی بنکە فراوان و میدیای ئاکتیڤ و تەنانەت رەخنەگریش هەبێت، بەڵام هێندەی مەحاڵ نەکردەیە مرۆڤێکی بچووک و ترسنۆک و ناخ شێواوو سایکۆپات و کەللەڕەقی وەک کەسێتی دیکتاتۆر باوەڕی بەدەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆ هەبێت. لەبەشار ئەسەدو ئاردۆغان و سەدام و قەزافی و موبارەکەوە بۆ پوتن و هیتلەرو مۆسۆلینی هەموویان بەهەڵبژاردن هاتوونەتە سەر تەخت، میدیای ئاکتیڤیان هەبووە، حکومەتەکانیان چەند ساڵ جارێک گۆڕیوە، پارلەمانیان بەهەڵبژاردن داناوە، بەڵام ئەوەی ئەمان نەیانبووەو هەمیشە لێی ترساون دەسەڵاتێکی دادوەریی موحایدو ئازاو بێلایەن و جەسوور بووە.
ئەمڕۆ بەهۆی بوونی دەسەڵاتێکی دادوەری بەهێزو بوونی لانی زۆری عەدالەت لەئەمریکا و کەنەداو وڵاتانی دیکەی ئەوروپی و لیبراڵدا هیچ کەسێک رووت و بێکەس و بێلانە نییە، سواڵکەرترین و بێ مەئواترین و بێنەواترین کەسانی سەرجادەش بێ بەهرە نین لەم مافەی عەدالەت. کەس ناتوانێت سنوری کەس ببەزێنێت. ئەوەی لەوێ ژیانی یەکسانی بێمەرجی بۆ هەمووان دابین کردووە ئەوەیە عەدالەت کراوەتە پێشمەرجی ژیان. گرنگترین میوەش کە عەدالەت پێشکەشی ژیانی بکات ئازادییە نەوەک پارلەمان و حکومەتی بێسەوادو میدیای زبڵدان.
کەعەدالەت کرایە پێشمەرج، ئازادی بۆخۆی تەحسیل حاسڵە، کە ئازادیش هەبوو کەس ئیتر کەس رووت نابێت.
مرۆڤ چەندە بۆ عەدالەت بژی، عەدالەتیش ئەوەندە پەردە لەڕووی خۆی بۆ لادەدات. بەو شێوەیە نییە عەدالەت هاوردە بکرێت بەڵکو عەدالەت لەناوەوەی مرۆڤەوە هەڵدەقوڵێت بۆ دەرەوە. لە تەرمینۆلۆژی کۆنی ئیسلامییدا قسەیەک هەیە دەوترێت تەنها کەسانی موعتەدیل و خاوەن عەدالەت و ئاشتیی ناوەکیی دەتوانن عادل بن لەدەوڵەتدارییدا. مەحاڵە کەسێک لەناخی خۆیداو بەرامبەر خۆی ناعادل بێت بتوانێت کۆمەڵگاو حکومەتێکی عەدالەتخواز سەرڕێبخات. ئەم شتە لەناوەوە دێتە دەرەوە.
لەم جۆرە وڵاتانەی ئێمەدا دەسەڵاتی دادوەریی کە دەبێت پشت و پەنای خەڵک بێت زۆرجار بەفیتی سیاسیی و لەژێر فشاری میدیای دەوڵەمەنددا لەدژی خەڵکەکەی خۆی مۆبەڵایز دەکرێت. ئەمڕۆ لاوازترین دەسەڵاتک کە بشێت لەم وڵاتانەی لەمەڕ خۆمان بیبینین دەسەڵاتی دادوەرییە. زۆرجار کاریگەریی دادوەرێک یا داواکارێکی گشتی یا ئەنجومەنێکی وەک ئەنجومەنی شورا لەکاریگەریی نووسەرێک یامیدیاچییەکی میدیایەکی دەوڵەمەند کەمترە. هەر ئەمەیە وادەکات بەشی زۆری خەڵک متمانە بەو دەسەڵاتە نەکەن و دیوەخانەکانی پێش هاتنی ئیسلام هێشتا ئاوەدان بن و جمەیان بێت بۆ سوڵحی ژنهەڵگرتن و خەلەوخەرمان سوتاندن و چەتەیی و راووڕووت.
لاوازیی و پاسیڤیی دەسەڵاتی دادوەری لای ئێمەی رۆژهەڵایی بەجۆرێکە هیچ کەسێک بەخەیاڵیشیدا نایەت رۆژێک لەڕۆژان بتوانێت سەرۆک، سوڵتان یا پادشای وڵات بباتە بەردەستی ئەو دەسەڵاتەوە، ئەمە نەوەک واقیع نییە، هێشتا نەبووەتە خەونیش! هیچ کەسێکی حیجازیی بیری لەوەکردووەتەوە رۆژێک مەلیک سەلمانی سعودیە بچێتە بەردەم دادوەرێک؟ ئەمە لەبەر ئەوەنییە زۆر عەدالەتخوازە و بەچاوی یەکسان لەهەموان دەڕوانێت، نەخێر هۆکارەکەی نەبوونی ئەم دەزگایەیە لەزیهن و خەیاڵدانی خەڵکدا، کاتێکش شتێک لەزیهندا نەبوو مەحاڵە لەواقیعدا جێکەوت بکرێت.
لەسەرۆک گەڕێ کەزیاتر وەک خودایەک لێی دەڕواندرێت لەڕۆژهەڵات و جیهانی سێدا، لەمێشکی خەڵکدا حاشییەنشین و دەربارەکانیشی رۆژێک لەڕۆژان کەس ناتوانێت راپێچی دادگاو دەسەڵاتی دادوەرییان بکات. کاتێکیش کەسێکی پلەچوار یا پلە پێنجیان دادگایی دەکرێت و دادگا بەحیسابی خۆی عەدالەت دەچەسپێنێت و بڕیارێکی لەدژ دەردەکا ئیدی دەبێتە جەژن لای خەڵک، چونکە خەڵکەکە هەر لەسەرەتاوە لەگرنگیی ئەم دەزگایە تێنەگەیشتووە ئێستاش هەر لێی تێناگات! گەر مرۆڤێک دەساڵە دزە، ئەم دەزگایە چۆنە پێشتر لێی نەپرسیوەتەوە؟ گەر دزیش نییە دیارە ئەم بڕیارە عەدالەت نییە.
وەک چۆن یەکەمین ئۆرگانی مرۆڤ لە پاش مەرگ لەکاردەکەوێت دڵە، بەهەمان شێوە لەمەنزومەیەکی فاشیل و دیکتاتۆرییشدا یەکەمین دامەزراوەیەک کە لەکاردەکەوێت دامەزراوەی دادوەرییە، ئیدی لەپاش لەکارکەوتنی ئەم دڵە زیندووە ماکیاجکردنی جەستەیەک کە دڵەکەی لەلێدان کەوتووە لە تراژی کۆمیدییەکی تەمام عەیار زیاتر نییە. بوونی میدیا و پارلەمان و حکومەت و رۆژنامە و ئیدیعای بوونی ئازادیی هەمان ئەو ماکیاجکردنەیە، بەتێپەڕبوونی کات ماکیاجکردن دادی جەستەکە نادات و بۆگەن دەبێت. بەقەولی مەحوی دەبێتە قەسابخانەیەکی بۆگەنیو:
لەعارف عامییەک پرسی هەواڵی مەسلەخ و قەساب
بەئەنگوشتی شەهادەی کرد کە شوێنی مەحکەمە و نائیب
ماچە کوشندەکانی وڵاتی ئێمە بێ ژمارەو بێ حیسابن، بەڵام گەر قەرار بێ یەکێکیان لەهەموویان کوشندەتر بێت و ناوی دواماچی مەرگی لێبنێین ئەو ماچە بوو کە عەدالەت و دەسەڵاتی دادوەریی پایەماڵ کردو بۆ ئەبەد لەخاچی دا.