ئێران.. پەلەقاژەی دیکتاتۆر بۆ مانەوە!
2 ساڵ لەمەوپێش
عبدالرحمان مھاباتی
چاوخشانێک بەسەر هێرشی حکومەتی ئێران بۆ سەر کوردستان نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی ئەو ڕاپەڕینەی بە كوشتنی كچێكی لاوی كورد لە تاران دژ بە حكومەتی ئایینی ئێران هەڵگیرساو بڵێسەی سەند، پاڵنەرێكی نوێ بوو بۆ بەرزبوونەوەی رق و توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران بەرانبەر بە تاوانەكانی ڕێژیم لە سەرتاسەری ئێران. هاوکات سەرنجی گەلانی جیهانی بۆ سەر دۆخی پڕ لە ئازاری ئێران راکێشا و هەموو سیناریۆکانی ڕێژیمی ئێرانیشی پەکخست. بە تایبەتی لە بواری دەستپێکی ساڵی خوێندن. هاوسەنگیەکانیشی بە جۆرێک گۆڕی بە سوودی خەڵکی ئێران و دژ بە دیکتاتۆری کە وەلی فەقیهی ئێڕانی ناچار کرد بە هەڵەداوان و بۆ خۆدەربازکردن لەم دۆخە رێگاچارەیەک بدۆزێتەوە! بۆچی پەلاماردانی کوردستان؟! خامنەیی و پاسدارانی چاریان لەوەدا دۆزیەوە کە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی تیرۆریستی و تاوانکارانە بکەنە سەر بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقە بۆ ئەوەی ڕاپەڕینی سەرتاسەری خەڵکی ئێران بچووک بکەنەوە و راپەڕین لە پێگەی ڕاستەقینەی خۆی بخەن و سەرنجی گەلانی ئێران و جیهان بخەنە پەڕاوێزەوە تا بتوانن لەم دۆخە تەقێنەرە خۆیان دەرباز بکەن! بێ ئاگا لەوەی کە دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ دواوە و هیچ یارمەتیدەر و ئیمدادگەرێک بۆ ئەم دەسەڵاتە نەماوەتەوە! ئەرکێکی بەپەلە و پێویست! ئێستا پرسی بەپەلە و پێویست، ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی ئێران و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانە دژ بە دیکتاتۆر و بە تایبەتی بۆ پەرەپێدان و بەردەوامیی ڕاپەڕینەکان. دەبێ هەموو هێز و تواناکان بۆ رووخاندنی ئەم دیکتاتورە لە کاردا بن بۆ ئەوەی هیچ کات و دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن لە دەست نەچێت. ئەمە شوێنی تاساندنی دیکتاتۆری دەسەڵاتدارە، کە دەبێت بە بەردەوامی لێی بدرێت. ڕاپەڕینی ئەم دواییەی خەڵکی ئێران دەرفەتێکی مێژووییە کە نابێت لەدەست بچێت. لەم رێڕەوەدا زۆر سروشتییە ئەم حکومەتە تیرۆریستییە، کە لەم زلکاوەدا گیری خواردووە پەنا بباتە بەر هە تاوان و کوشتاریک. کەوایە ئەوەی ئێستا لەبەردەم هەموو تاک و گروپێکی ئێرانیدایە وەک ئەرکێکی گشتی و هاوبەش، پەرەپێدانی چالاکییەکانە بۆ رووخاندنی دیکتاتۆر و پێکەوەژیانی هەموو بەشەکانی ئێران بە هەموو ئاڕاستەکانیەوە. رەمزی سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆریشدا هەر لێرەدایە. لە گەرماوگەرمی مەحکوومکردنی بەرفراوانی هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە عێراق، ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران لە هەڵوێستێکی چارەنووسساز و بەپەلەدا لە رۆژی ٦ی رەزبەری ١٤٠١، هێرشی دڕندانەی فاشیزمی ئایینیی دەسەڵاتدار لە ئێران بۆ سەر بارەگای حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراقی، بە تووندی سەرکۆنە کرد و تایبەت بە شەهیدبوونی پێشمەرگەکان، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی هاوسەنگەرانیان و حیزبەکانی کوردستانی ئێران و کەس و کاری پێشمەرگەکان کرد. موقاومەتی ئێران داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ ناچارکردنی ڕژێمی ئێران بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە، کە پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. خانمی مریەم رەجەوی، وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشی نامرۆڤانەی رژێمی ئێران بۆ سەر هاووڵاتیان و پێشمەرگەی کورد، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بە پەلە بەدواداچوونی لەسەر بکات. حکومەتی دیکتاتۆری تیرۆریستیی دەسەڵاتداری ئێران ساڵانێکی زۆرە لە هەوڵی ئەوەدایە کە حیزبە کوردییەکانی ئێران، کە بنکەکانیان لە عێراقە لە چەک داماڵیت و لە عێراق دەریان بکات. بەڵام ئەوەی کە هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەمجارەیان لە ڕابردوو جیا دەکاتەوە، هاوکاتبوونی ئەم هێرشکردنانەیە لەگەڵ پەرەسەندنی ڕاپەڕینی سەرتاسەری خەڵکی ئێران لە دوای شەهید بوونی ژینا ئەمینی (مەهسا) لە تاران، کە کاردانەوەی بێ وێنەی لە ئێران و جیهاندا دروست کرد. پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی زەمینی سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێرشەکانی ڕژێم بۆ سەر حیزبە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان "بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی مەترسیی (گروپە تیرۆریستییەکان) نەمێنت و بارەگاکانیان لە ناو بچێت و تا ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان بەڵێن و بەرپرسیارێتیەکان بەرێتە سەر و بە تەواوی جێبەجێان بکات. پردێک بەرەو ئێران! هێزەکانی موقاومەتی ئێران بە کۆچکردنیان لە عێراق لە ساڵی ١٣٩٥(2016)، پردێکیان بەرەو ئێران دروست کرد و ئێستاش دەبینین کە لە هەموو ئێراندا ڕاپەڕین سەری گرتووە. هەر بۆیە سروشتییە ئەم ڕاپەڕینە ڕێکخراو بێت و پەرەی سەندبێت. عەلی خامنەیی بەر لە هەمووان لەوە گەیشتووە. بۆیە بە ناچاری "ئیبراهیم ڕەئیسی"ی خستە سەر کورسی سەرۆک کۆماریی ڕژێمەکەی بۆ ئەوەی هیچ بۆشایییەک لە سەرکوتکردنی زۆرەملێ و خوێناویی راپەڕینە جەماوەرییەکاندا نەمێنێتەوە. ئێستا دەکرێت ڕەنگدانەوەی ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە لە هاوکێشە سیاسییەکانی پەیوەست بە ئێران بە ڕوونی ببینرێت. پێشکەوتن و لوتکەی ئێستای ڕاپەڕین لە ناوخۆی ئێران، نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە یەکتر و بە تایبەتی لە نزیکبوونەوەیان لە هێزە سەرەکی موقاومەت، لە دەسکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییە گەورەیەن. بە واتایەکی تر، لەگەڵ نزیک بوونەوەی ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە یەکتر نزیک دەبنەوە و جیاوازییە لاوەکییەکانیان کاڵ دەبنەوە و دڵان و دەست و پەنجەکان هاوئاهەنگ دەبن! ئەوەی هۆکارە بۆ ئەوەی عەلی خامنەیی و ڕژێمەکەی، بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ڕووخاندن، دەست بە هەموو شتێکی بچووکەوە دەگرن بۆ ئەوەی بتوانن کەلێنێک لە نێوان ڕیزەکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دروست بکەن. بەڵام خۆشبەختانە هێزە خەباتکار و شۆڕشگێڕەکانی ئێران، بێ گوێدانە جیاوازی لە بیر و مەیل و پلاندا، ئەوەندە ئەزموونیان هەیە کە ئەم قۆناغە کاتیە بە سەلامەتی تێپەڕێنن. ئەوان زۆر باش دەزانن هەر پاشەکشەیەک لە ڕووخاندنی دیکتاتۆر و پێشخستنی ڕاپەڕین و شۆڕش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە داخوازی سەرەکی خەڵکی ئێران بە خەڵکی کوردستانیشەوە. کەواتە بە بێ گوێدانە ئازارەکانی ڕابردوو و ئێستا، دەبێ تەپڵی یەکڕیزی و هاودەنگی لێبدرێت و "ئازادی" بۆ خەڵکی ئێران بە دیاری ببردرێت. هەمووان بەرەو ئامانجێکی هاوبەش! لەم رێڕەوەدا، هەموو کەسێک یان ڕەوتێکی ئێرانیی رەسەن، هەوڵ دەدات تا ڕادەی توانا و پوتانسیەلی خۆی، بۆ پەرەپێدانی ئاگری شۆڕش تێبکۆشێت. لە مانگرتنەکانەوە تا شۆڕشی لە شەقامەکان. لە رق و توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک لە دژی هێز و ئۆرگانەکانی حکوومەتەوە تا دەگاتە "پشتیوانیکردن لە راپەڕینی خەڵک" و بوون بە "دەنگ لە دەرەوەی سنوورەکان بۆ ئەو کەسانەی لەناوخۆی ئێران لە شۆڕش و راپەڕیندان. دوا وشە! ئەوەی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپەڕینی سەرتاسەری خەڵکی ئێراندا لێی تۆقاوە، گرێدانی بزووتنەوە نەتەوەیی و ناوچەییەکانە بە بزووتنەوە و ڕاپەڕینی سەرتاسەری ئێران. ئێستا هەمووان وەک "رەمزی سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆر" سەیری ئەمە دەکەن و بڕوایەکی پتەویان بەم "لینکە" هەیە کە دەتوانێت ئەو کەشتییە زریاناوییە لە دەریای پشێوی ئێستادا بەرەو کەنارەکان ڕزگار بکات. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی هەمووان بەدوای هاوئاهەنگی و هەماهەنگیدا دەگەڕێن لەگەڵ "ئۆرکێسترای ئازادکردنی ئێران" بە مەبەستی ساڕێژکردنی برینەکانی خەڵکی ئێران و بۆ ئەوەی دەست لە ناو دەست، بە یەک دڵ و یەک دەنگ، بۆ لە ناو بردنی ئەم ترسناکترین دیکتاتۆرەی سەردەم تێبکۆشن. پێشهاتەیەکی گەورە و گرینگ کە بێ گومان ناوچەکە و جیهان دەهەژێنێت! .