گه‌رمیان.. قوربانیی گه‌وره‌و داهاتێکی زۆر، به‌ڵام رێگاکه‌ی مه‌رگ ده‌به‌خشێ!

2 ساڵ لەمەوپێش




 
 
که‌مته‌رخه‌می  ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی و گه‌رمیان و ره‌نج و  قوربانیه‌کانی خه‌ڵکی گه‌رمیان به‌تایبه‌تی، جێی ره‌خنه‌و پرسیاره‌..
گه‌رمیان و گه‌رمیانییه‌کان  له‌شۆڕش و راپه‌ڕینه‌کانی (شێخی حه‌فیدو ئیبرایم خانی ده‌لۆ) و بیگره‌، تاده‌گاته‌ نه‌هامه‌تییه‌کانی راگواستن و ته‌عریب و هه‌روه‌ها له‌به‌شداری له‌کۆمه‌ڵه‌و رێکخراوه‌کان و حزبه‌کانی  (هیواو رزگاری و پارتی ) له‌سییه‌کان و چله‌کانی سه‌ده‌ی پێشوو و دواتریش له‌شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕش و به‌رخۆدانه‌کانی دوای نسکۆی ١٩٧٥وه‌، تاده‌گاته‌ مه‌رگه‌ساتی (به‌ناو ئه‌نفال)،  هه‌میشه‌ پشکی شێریان به‌رکه‌وتووه‌.
ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ هه‌ر له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تی عێراقه‌وه‌ رووبه‌ڕووی سیاسه‌تی شوومی  راگواستن و به‌عه‌ره‌بکردن بووه‌ته‌وه‌و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ له‌سه‌رده‌مه‌کانی کۆمارییشدا درێژه‌ی هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌ڕێژه‌ی جیاجیا، تا له‌سه‌رده‌می حوکمڕانی به‌عسیه‌کاندا راگواستن و ته‌عریب گه‌یشته‌ لوتکه‌، به‌تایبه‌ت له‌هه‌ردوو قه‌زای (خانه‌قین و مه‌نده‌لی) و تائه‌ندازه‌یه‌کیش قه‌زای (کفری) .
له‌کاتی ده‌ستپێکردنی شۆڕشی ئه‌یلولیشدا، خه‌ڵکی گه‌رمیان به‌هۆی ئه‌و سته‌م و گوشارو ته‌نگ پێهه‌ڵچنینانه‌ی حکومه‌تی عێراق و دواتریش (حه‌ره‌س قه‌ومیه‌کان)ی عه‌بدولسه‌لام عارفه‌وه‌، تێکه‌ڵی شۆڕش بوون و به‌شداری و قوربانی به‌رچاویان هه‌بوو..
له‌پاش تێکچونی دانوستانه‌کانی ١١ی ئازارو هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕیشه‌وه‌، له‌ساڵی ١٩٧٤، گه‌رمیانیه‌کان دڵگه‌رمانه‌ چوونه‌وه‌ مه‌یدانه‌وه‌و به‌سه‌دان گه‌نج و ده‌رچووی زانکۆو په‌یمانگاکان له‌خانه‌قین و شاره‌کانی دیکه‌وه‌و ده‌یان ئه‌فسه‌ری کۆن و تازه‌ ده‌رچووی کۆلیجی سه‌ربازی، شاره‌کانیان به‌جێهێشت و روویانکرده‌ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کانی شۆڕش و زۆربه‌یان چه‌کیان کرده‌شان و بوون به‌پێشمه‌رگه‌ .
له‌کاتی نسکۆی پاش رێککه‌وتننامه‌ی ٦ی ئازاری ١٩٧٥ی جه‌زائیریشدا، جارێکی دیکه‌ نه‌هامه‌تی گه‌لی کوردستان به‌گشتی و ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و گه‌رمه‌سێری به‌تایبه‌ت گرته‌وه‌، له‌ئاواره‌یی و دابڕان له‌نیشتمان و ژیانی ژێر خێوه‌تگاکان، دواتریش له‌زنجیره‌ی ئه‌و مه‌ینه‌تیانه‌داو به‌پێی رێککه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری نێوان رژێمی شاهنشایی عێران و به‌عسی عێراق، به‌شێک له‌خه‌ڵکه‌ ئاواره‌که‌ی گه‌رمیان و کوردستان به‌گشتی، دوورخرانه‌وه‌ بۆ شاره‌ دووره‌کانی ئێران و  به‌شه‌ زۆره‌که‌شیان، له‌خاڵی سنوری (خه‌سره‌وه‌ی - مه‌نزه‌ریه‌)ی خانه‌قینه‌وه‌ به‌ڕێکرانه‌وه‌ بۆ عێراق و حکومه‌تی عێراقیش به‌ ئوتومبێلی بارهه‌ڵگری ( نه‌قڵ به‌ڕی ) ئه‌و هه‌زاران خێزانه‌ی به‌  سه‌دان کیلۆمه‌تر دوورخسته‌وه‌ بۆ رۆژئاواو باشوری وڵات و له‌نێو خانوی له‌قوڕو حه‌سیر دروستکراودا، ده‌سبه‌سه‌رکران.
دوای چه‌ند ساڵێک مانه‌وه‌ له‌ناو ئه‌و ژیانه‌ کوله‌مه‌رگی و غه‌ریبی و ده‌سبه‌سه‌ریه‌دا، کاتێک رێگه‌درا که‌ خێزانه‌ کورده‌کان له‌باشوری عێراقه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ کوردستان، ئه‌وانه‌ی خه‌ڵکی گه‌رمه‌سێر (خانه‌قین و مه‌نده‌لی)و که‌رکوک بوون، چونکه‌ ناوچه‌کانیان که‌وتبووه‌ چوارچێوه‌ی  پرۆسه‌ی شوومی به‌عه‌ره‌بکردنه‌وه‌، رێگه‌یان پێنه‌درا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان و باوک و باپیرانیان و به‌ناچاری روویان له‌کۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێکانی سه‌ر به‌پارێزگای سلێمانی کردو هه‌ندێکیشیان له‌پارێزگای ئه‌نبار مانه‌وه‌ تاکو پاش پرۆسه‌ی داگیرکردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانه‌وه‌ له‌ (٢٠٠٣).
هه‌روه‌ها به‌شێکیان به‌ناچاری و بۆ گه‌ڕان به‌دوای کارو ژیاندا، روویان له‌شاری (سامه‌ڕا) و ده‌وروبه‌ری کرد.
له‌ ده‌سپێکی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌کانی پاش ١٩٧٥یش دیسان گه‌رمیانیه‌کان به‌جۆش و خرۆشه‌وه‌ له‌ڕووی ماددی و مه‌عنه‌ویه‌وه‌، پشتگیرییان له‌پێشمه‌رگه‌ کردو زۆرێک له‌ گه‌نج و لاوه‌کانی گه‌رمیان، روویان له‌شاخ کردو چوونه‌ ناو هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌وه‌و ئاماده‌یی و ئازایه‌تی خۆیان له‌ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌کانی دژی سوپای داگیرکه‌ری به‌عسدا سه‌لماند ..
سه‌رکرده‌ گه‌رمیانیه‌کانی نێو گشت هێزه‌ کوردییه‌کانی شاخیش، دیارو به‌رچاون و هه‌ندێکیان رۆڵی سه‌ره‌کی و کارایان هه‌بوو له‌دروستکردنه‌وه‌ی شانه‌و مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی هه‌ردوو هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی و پارتی ..
له‌و ماوه‌یه‌شدا له‌نێوان ١٩٧٦ و ١٩٩١ و تاکو ٢٠٠٣ش، خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و گه‌رمه‌سێر به‌رده‌وام له‌ژێر چه‌پۆکی  هێزه‌ ئه‌منیه‌کان و پۆستاڵی سوپای به‌عسدا بوون و راگواستن و ده‌سگیرکردن و دوورخستنه‌وه‌یان،  به‌رده‌وام بوو ..
له‌پرۆسه‌ نه‌گریسه‌کانی به‌ناو ئه‌نفالیشدا، گه‌رمیان به‌هه‌ردوو به‌شی باشورو باکوریه‌وه‌، گه‌وره‌ترین زه‌بری به‌رکه‌وتوو، شاڵاوه‌کانی قۆناغی سێیه‌می (ئه‌نفال) زۆرترین ژن و مناڵ و به‌ساڵاچووی گه‌رمیانی گرته‌وه‌و زۆرترین قوربانی و گه‌وره‌ترین نه‌هامه‌تی  به‌ر ناوچه‌کانی گه‌رمیان که‌وت که‌زۆرترین گونده‌کانی قه‌زاکانی ( که‌لارو کفری و چه‌مچه‌ماڵ و ده‌ربه‌ندیخان) ی گرته‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌ له‌ڕاپه‌ڕین و کۆڕه‌وی ١٩٩١یشدا، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌حوکمی هاوپه‌ڕه‌یی و تێکه‌ڵی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ناوچه‌ عه‌ره‌بیه‌کانی عێراقدا، زیان و مه‌ینه‌تی و قوربانیه‌کان زۆرتربوون  له‌ناوچه‌کانی تر .
له‌هه‌مانکاتدا له‌شه‌ڕه‌کانی ناوخۆی هه‌رێمی پاش راپه‌ڕینیشدا، له‌ ١٩٩٢- ١٩٩٨ له‌نێوان  یه‌کێتی و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و هه‌روه‌ها له‌نێوان یه‌کێتی و پارتیشدا، دیسان گه‌رمیان پشکی گه‌وره‌ی له‌قوربانی و زیان به‌رکه‌وت.  
ئێستاش له‌پاش ٩ی نیسانی ٢٠٠٣و  رووخانی رژێمی به‌عس و تێکه‌ڵی و به‌شداری هێزه‌ کوردییه‌کان له‌ده‌وڵه‌تی نوێی عێراقداو داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوری ٢٠٠٥ی عێراق و ته‌رخانکردنی ماده‌ی ١٤٠ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی ته‌عریب و راگواستن و ده‌سبه‌سه‌راگرتنی زه‌وی و زاری کورد له‌لایه‌ن عه‌ره‌بی هاورده‌وه‌، که‌ناوچه‌کانی گه‌رمیان به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌م کێشه‌یه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، هێشتا نه‌توانراوه‌ ئه‌م مادده‌یه‌ جێبه‌جێ بکرێت و به‌ته‌واوی کۆتایی به‌سته‌می ته‌عریب و داگیرکردنی زه‌وی و زاری کورد بهێنرێت، له‌تازه‌ترین. پێشهاتیشدا له‌م رۆژانه‌دا هێزێکی حه‌شدی شه‌عبی چووه‌ته‌ نێو شاری خانه‌قینه‌وه‌و ترس و دڵه‌ڕاوکێی بۆ دانیشتوانه‌که‌ی دروستکردووه‌.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌م مه‌ینه‌تی و مه‌رگه‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر گه‌رمیان و گه‌رمه‌سێرو دانیشتوانه‌کانیدا هاتووه‌، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌ ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگ و به‌هێزی داهاته‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و مانگانه‌ داهاتی (چاڵه‌نه‌وته‌کانی حه‌سیره‌ی سه‌رقه‌ڵا)  له‌نێوان که‌لارو کفری، له‌گه‌ڵ داهاته‌کانی  خاڵی سنوری - گومرکی ( په‌روێزخانی قۆره‌توو) له‌قه‌زای خانه‌قین، سه‌دان ملێون دۆلار ده‌بێت .
له‌کۆتاییدا مه‌به‌ستمه‌ لێره‌دا بڵێم : سه‌رباری ئه‌و هه‌موو ئاماده‌یی و قوربانیدان و نه‌هامه‌تیانه‌ی خه‌ڵکی گه‌رمیان و هه‌روه‌ها سه‌رباری ئه‌و خێرو ده‌سکه‌وت و داهاتانه‌ی که‌حکومه‌تی هه‌رێم له‌ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان ده‌ستی ده‌که‌وێت، جگه‌ له‌وه‌ی که‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ی گرنگی ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌هۆی پێنه‌دانی پاره‌وه‌، پشتگوێخراون، له‌وانه‌ به‌نداوه‌کانی (باوه‌نورو به‌رده‌سور) ی سه‌ر رووباری (سیروان) ، حکومه‌ت له‌ماوه‌ی ٣٠ ساڵی ته‌مه‌نیدا، هێشتا نه‌یتوانیوه‌ رێگه‌ی سه‌ره‌کی گه‌رمیان، که‌ بریتیه‌ له‌ڕێگه‌ی (که‌لار - ده‌ربه‌ندیخان -  سلێمانی) بکاته‌ دووساید، که‌ترسناکترین رێگه‌ی باشوری کوردستان و بگره‌ هه‌موو عێراقیشه‌ و به‌(ڕێگه‌ی مه‌رگ)  ناسراوه‌، چونکه‌ ساڵانه‌ ده‌یان رووداوی دڵته‌زین له‌و رێگه‌یه‌دا  رووده‌دات و تائێستا سه‌دان قوربانی لێکه‌وتۆته‌وه‌و خوێنبه‌ربوونه‌که‌شی به‌رده‌وامه‌ .
بۆیه‌ هه‌قه‌ بپرسین: ئایا چ لۆژیک و چ ویژدانێک قبوڵ ده‌کات ژیانی نزیکه‌ی یه‌ک ملێون مرۆڤ له‌مه‌ترسیدا بمێنێته‌وه‌ له‌به‌ر ته‌نها ٦٠بۆ ٧٠ ملیۆن دۆلار؟!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار