له ڕۆژنامهی (هاوڵاتی)یهوه..شوێنەوارەكانی خانەقین مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە
2 ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
قەزای خانەقین خاوەنی دەیان شوێنەواری مێژوویی كۆنە، كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەكان و عوسمانیەكان، كەخاوەنی زیاد لە 200 شوێنەوار دەبێت، بەڵام بەهۆی نۆژەننەكردنەوەو پشتگوێخستنیان زۆربەیان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.
قەزای خانەقین لەساڵی 1921 لەسەردەمی دەسەڵاتی داگیركاری ئینگلیزەكاندا كراوە بەقەزاو دووەم قەزا بیوە لەسەر ئاستی عێراق، لەسەردەمی عوسمانیەكاندا بەشارەوانی خانەقین ناوبراوە، خانەقین شارێكی كوردستانیەو بەشێكە لەناوچە دابڕاوەكانی سنوری ماددەی 140، هاوسنورە لەگەڵ ئێران و پارێزگاكانی خوارووی عێراق و جگە لەكورد عەرەب و تورماكمان و بەشێكی كەم مەسیحی تێدا نیشتەجێن، شوێنەوارە دێرینەكانی قەزاكە بەرەو لەوناوچوون دەچن و هیچ بەرنامەو پلانێك نیە بۆ پاراستنیان.
رژێمی بەعس بەشێك لەشوێنەوارە دێرینەكانی خاپوركردو لەناویبردن، شوێنەوارناسان و مێژووناسان باس لەوەدەكەن كەهەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم بەگرنگیان نەزانیوە كار بۆ نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكان بكەن كەبەشێكن لەمێژووی خانەقین.
سەربەست برزۆ، شارەزای شوێنەواری خانەقین بەهاوڵاتی راگەیاند:» قەزای خانەقین خاوەنی چەندین شوێنەواری دێرینە، لەسەردەمی داگیركاری عوسمانیەكاندا چەند شوێنێكی دیار دروستكراوە وەك فەرمانگەی بەریدی خانەقین و وێستگەی كارەبا كە بۆ یەكەمجار لەخانەقین دروستكراون و هەتاوەكو ئێستاش ماون و هەندێك شوێنەواری دیكە كەدەكەوێتە ئەو سەردەمەوە بەداخەوە لەناوچوون وەك قولەی سەربازییەكان و ئاسیاوەكان، لەسەردەمی دەسەڵاتی ئینگلیزەكاندا سەرەڕای ئەوەی داگیركەربوون، بەڵام كۆمەڵێ شوێنی گرنگ دروستكراون وەك سێ هۆڵی سینەما، كەنیسەیەك بۆ مەسیحییەكان بەناوی كەنیسەی (بەشارەكە) تائێستا ماون ئەم شوێنەوارانە».
وتیشی،» چەندین شوێنەواری دیكە گرنگ هەبوون كەشوێنی دیاربوون وەك گۆڕستانی جولەكەكان، گۆڕستانی پۆڵۆنیەكان كەدەكەوێتە سەردەمی هاتنی هێزی پۆڵۆنیا بۆخانەقین كە بەهۆی تاعونێكەوە 200 سەربازی پۆڵۆنیا لەخانەقین مردن و سەربازێكیان وێنەی ئاڵایەكی پۆڵۆنیا لەسەر تاشەبەردێك هەڵكۆڵیوەو تائێستاش شوێنەوارەكەی ماوە لەخانەقیندا».
«هەروەها چەن كوشكێك دروستكرابوو لەسەردەمی عوسمانیەكاندا وەك كۆشكی مەحمود پاشای جاف كە لەقەزای سەعدیە دروستكرابوو ئێستا موڵكی شوێنەواری دیالەیەو تەواو داڕووخاوە، كۆشكی مستەفا پاشای باجەڵان كەئەویش لەناوچووە».
هاوكات نیهاد حسێن، شارەزای مێژووی خانەقین لەوبارەیەوە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» مێژووی دروستكردنی پردی ئەڵوەن دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەكان، سەرچاوە مێژووییەكان باس لەوەدەكەن كەكچی كاربەدەستی ئەوكاتەی سەفەوییەكان دێت بۆ خانەقین و لافاو رێگەنادات بپەڕێتەوە بۆ كەربەلاو نەجەف بۆ زیارەت، دەگەڕێتەوە لەگەڵ باوكی بڕیار لەدروستكردنی پردەكە دەدات، پردەكە پێنج هەزار كرێكار تێیدا كاری كردووەو تائێستاش ماوەتەوە، بەڵام بەداخەوە زۆرێك لەشوێنەوارەكانی دیكەی خانەقین لەناوچوون و خاپوركران لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، ئەوەش كەماوە وێرانە بووە».
«هۆكاری نۆژەننەكردنەوەی شوێنەوارەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كەئەم شوێنەوارانە موڵكی تاكن و هی حكومەت نین، هەربۆیە خاوەن شوێنەوارەكان بەزۆری دەیفرۆشن و زەویەكەی دەكەن بەبینا، حكومەتیش تائێستا ئامادە نەبووە لێیان بكڕێت و كاریان لەسەربكات».
« بوونی شوێنەواری دێرین مێژووی ئەو ناوچەیە دەردەخات كەپێویستە بپارێزرێت و كاری لەسەربكرێت، بەڵام بەداخەوە خانەقین بۆ هەموو شتێك پشتگوێخراوە»، نیهاد حسێن وای وت.
سەبارەت بەشوێنەوارەكانی خانەقین، ئەحمەد عەبدولجەبار، بەڕێوەبەری شوێنەواری پارێزگای دیالە بەهاوڵاتی راگەیاند:»خانەقین خاوەنی زیاتر لە 200 شوێنەواری مێژوویی كۆنە كە بۆ سەردەمی عوسمانی و سەفەوی و ئینگلیزو سەردەمی مەلەكی عێراق دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی زۆری شوێنەوارەكان و نەبوونی بودجەی پێویست ناتوانین نۆژەنیان بكەینەوە، نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنەوارانە پێویستی بەبودجەیەكی باش هەیە كەدەبێت پارێزگای دیالە هاوكار بێت، بەڵام ئەو بڕە پارەیەمان لەبەردەست نیە».
وتیشی، «بوونی ئەو شوێنەوارانە دەلالەتن لەوەی كە لەسەردەمانی كۆندا خەڵكی جیاواز لەخانەقیندا ژیاوە، وەك جولەكەو مەسیحی و پۆڵۆنیەكان و هندییەكان، پاراستنی ئەو شوێنەوارانە تەنها بەئێمە ناكرێت كە لەناونەچن پێویستی بەوە هەیە ئیدارەی شاری خانەقین هاوكاربێت بۆئەوەی لەڕووخان بیانپارێزین».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: « ئێمە بەرنامەمان هەیە چەند شوێنێكی نۆژەن بكەینەوە، لەئێستادا خەریكی نۆژەنكردنەوەی دوو شوێنەواری دێرینین لەناحیەی كەنعان و قەرەتەپە لەپارێزگای دیالە، بەڵام بۆ شوێنەوارەكانی خانەقین تائێستا بودجەیەكی تایبەتی بۆ دیاری نەكراوەو بەهیواین لەئایندەدا بتوانین كاری لەسەر بكەین».
هەروەها سەلام عەبدوڵا، چالاكی مەدەنی لەخانەقین بەهاوڵاتی وت:» هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق ژیانی هاووڵاتیانیان بەلاوە گرنگ نیە جا بگات بەشوێنەواری مێژوویی، وڵاتانی دونیا شوێنەوارەكانیان دەكەن بەسەرچاوەی مێژووی وڵاتەكەیان و شوێنێكی گەشتیاری، بەڵام لێرە لەلایەن مافیاكانەوە دەدزرێت، كەسیش لێیان ناپرسێتەوە».
سەلام عەبدوڵا دەڵێت: « شوێنەوارەكانی خانەقین ئاماژەن بۆئەوەی كە شارەكە شوێنی پێكەوەژیان بووە كە دەتوانرێت ئەمە وەك ڕەمزێك بەكاربهێرێت بۆ ئێستا كە بتوانرێت كاری لەسەربكرێت بۆ پێكەوەژیان، بەڵام بەداخەوە تا بتوانن مێژووی شارەكەمان ناشرین دەكەن».
وتیشی: «لەسەردەمی رژێمی بەعسدا بەشۆفڵ گۆڕستانی جولەکەكان تێكدراو وێران كرا، زۆر جار هاووڵاتیانیش خۆیان گۆڕەكان هەڵدەدەنەوەو بەدوای ئاڵتون و شتی دیكەدا دەگەڕێن، بەداخەوە حكومەت پارێزگاریان لێناكات و زۆر شتی كۆنی ئەو سەردەمە لەلایەن خەڵكەوە دزرا و فرۆشرا وەك كێلی گۆڕی پۆڵۆنیاكان».