پەرلەمان وەک گەمەی ڕاگرتنی بەڵانس
2 ساڵ لەمەوپێش
عوسمان حاجی مارف
کاتێک پەرلەمانی کوردستان بەرەو نزیکبونەوە دەچێت لە کۆتایی دەورەکەی، هەوڵئەدرێت درێژە بە تەمەنی کارەکانی بدرێت. ئاساییە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی ناڕازین و بە قازانجیان نیەڕەخنەو ناڕەزایەتیەکانیان ڕابگەیەنن،جا بەهەر پاساوێک بێت، پێیان باش نیە کە پەرلەمان بەردەوامی بە کارەکانی بدات و داوای هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکەن، بە تایبەتی دەبینین و دەبیستین لە میدیاکانەوە ئاماژە بەو بەڵگانە ئەدەن کە کاتی خۆی جەلال تالەبانی، سەرۆکی پەرلەمان، یا هەرکەسێکی تر، پێداگریان لەسەر ئەوە کردووە، کە "درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ناکرێ و نایاسایی و نەگونجاوەو پێشێلکردنی مافی دەنگدەرانە"، چونکە تەنها بۆ چوارساڵ دەنگدراوە بەو ئەندام پەرلەمانانە، بۆیەدەڵێن نابێت تەمەنی پەرلەمان درێژبکرێتەوە!
بە بۆچونی من ئەوەی پێویستە قسەی لەسەر بکرێت، ئەو ڕەخنەو بەڵگانە نیە کە لە بەرامبەر درێژکردنەوەی پەرلەماندا دەکرێن، چونکە ئایا بۆ خەڵکی کوردستان پەرلەمان هەڵبژێردرێتەوە یان ئەمەی ئێستا بەردەوام بێت،ئاخۆهیچ جیاوازیەک دروست دەکات؟ کە وەڵامەکەی هەر ئەوەیەبڵیین "نەخێر" هیچ جیاوازیەک بۆ ژیان و ئایندەو ئاسودەیی و گوزەرانی خەڵک بەدیار ناخات!. چونکە ڕۆشنە پێگەی پەرلەمان لەدەسەڵاتی سیاسی و پێکهاتنی حکومەت لە کوردستاندا چ گاڵتەجاری و کارتۆنسازیەکە، تەنها بۆ بەکارهێنانی بەڵانسی ڕاگرتنی دەسەڵاتی میلیشیایی ماڵی بارزانی و ماڵی تاڵەبانیە، لەئێستادا ڕاگرتنی ئەو بەڵانسە لەڕێگەی هەڵبژاردن و پەرلەمانەوەئاشکرایەلە ژیانی سیاسی ئێستای پارتی و یەکێتیدا دەرگیر بە قەیران و کێشەی جدی هاتووە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئێستادا بە قازانجی هەردوو لایان نیەو نەکردەیە، باشترە بۆیان فرسەتی سالێک بە خۆیان بدەن، گەر جەلال تالەبانیش لە ژیاندا بوایە دۆخەکەیان بەجۆرێکە ناچار دەکرا پەشیمان بێتەوەو دەنگ بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بدات.
واتە پێویستە بچینەسەر ئەو بابەتەی کە ئایائەم قەیران و کێشانە چین وا ئەم دوو هێزە میلیشیایەی لەبەرامبەر چەواشەکاری و وانەووتنەوەی دیموکراسیەتدا بەگیر هێناوە؟.
یەکەم: بەو مانایەی کە هەر لەسەرەتاوە باڵادەستی هێزی میلیشایی پارتی و یەکێتی چوارچێوە و ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسیان بووە بۆ پاراستی سیستمی سەرمایەداری و خۆ گونجاندیان لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا، هەر بەو ڕێگای دەسەڵاتی میلیشیاییە پیكهێنانی فراوانترین فرسەت بۆ دەست بەسەراگرتنی سەروەت و سامانی کوردستان و کارئاسانی بۆ تاڵانی و جەردەیی و گەندەڵیان ڕێكخستووە، هەر بەدوای یەکەم هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی پەرلەمانی ساڵی ١٩٩٢، پارتی و یەکێتی هۆکاری شەڕی ناوخۆو پیکهێنەری زۆنی زەردو سەوز بون،هەرزوو لەسەرەتای دەسەڵاتیاندا هەڵبژاردن و پەرلەمانیان پوچەڵ و بێ بەهاو بێمانا کردەوە.
دووەم: بەدوای وەستانی شەڕی ناوخۆ هەر دانوسان و ڕێکەوتن و هەنگاوێکی سیاسی و ئابوریان لە پەیوەند بەدۆخی سیاسی کوردستانەوە بەڕێ خستبێت، جگە لەوەی هەر لایەنێکیان واتە ماڵی بارزانی و ماڵی تاڵەبانی هەوڵیان داوە بۆ ڕاگرتنی ئاستی بەڵانسی نفوزی سیاسی هێزەکانیان، شتێکی تریان نەویستوەو نەکردووە، هەر بەم پێیەش تەواوی دەورانی هەڵبژاردن و پێکهێنانی پەرلەمان بەشێک بووە لەو گەمە سیاسیەی کە بۆیان گونجاوە بەڵانسی نفوزی سیاسی نێوانیان ڕاگرن،نەک گەمەی دیموکراتی و پەرلەمان.
سێهەم:پێش هەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دیاریکردنی شێوازێکی پەرلەمانەکەیان، گەر ماڵی بارزانی و ماڵی تاڵەبانی دڵنیانەبونایە لەوەی هەڵبژاردن هیچ کاریگەریەکی لەسەر مانەوەی نفوزو دەسەڵاتی میلیشیاییان نابێت، ئامادەیی چونە ناو ئەو پرۆسەیەیان نیشان نەئەدا، واتە هەمیشە پێشوەخت بە ڕێکەوتنی هەردوولایان، یان بەپیشبینی بۆ ڕونەدانی کاریگەری نەرێنی گەمەی هەڵبژاردنیان ئەنجامداوە.
چوارەم: لە دابەشکردنی کوردستان بە زۆنی زەرد و زۆنی سەوز، هەمیشە پێگەی پارتی و ماڵی بارزانی لەسەرو پێگەی یەکێتی و ماڵی تاڵەبانی بووە، بۆیە لەهەر کێشمەکێش و ڕێکەوتن و مامەڵەیەکی سیاسیدا یەکێتی ناچاری ملکەچی ڕاگرتنی ئەو بەڵانسە بووە کە بە قازانجی نفوزی سیاسی پارتی بووە، ئەم حاڵەتە بە ئاشکرا لە هەڵبژاردن و پەرلەمانەکەشیاندا بەرچاو دەکەوێت.
بەمجۆرە ئەو حاڵەتەی ئێستا پارتی و یەکێتی ناچارکردووە تەمەنی پەرلەمان درێژکەنەوە، پەیوەند بەهەلومەرجێکی سیاسیەوە کە لە عێراق و کوردستان و ناوچەکەدا پێشبینی دەکرێت، لەسەر بنەمای ئەو پێشهاتانە بۆ ئاڵوگۆڕ لە ناوچەکەدا ئەگەری هەیە دەورانێکی تازە لە ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری بەڕێ بخرێت، کە تەواوی پێگەی ئەو هێزە میلیشیایانەی خستۆتە بەردەم ئایندەیەکی نادیارەوە، هەر بۆیە دەرگیرن بە قەیرانی ڕێکەوتن لەسەر پێکهێنانی چۆنیەتی دوبارەبونەی شێوازی حکومەتەکانی پێشویان کە لە کوردستان و عێراقدا پەیڕەویان کردووە، بۆیە هێزە میلیشیاکان لە حاڵەتێکی چاوەڕوانی و هێنان و بردن و گفتوگۆو دانوسانێکی بێکوتایدان.
لەسەر بنەمای ئەو هەلومەرجەی کە پێویستە ناوچەکەو عێراق و کوردستان ئاڵوگوڕی بەسەر بێت، پێگەی تەواوی ئەو هێزە میلیشیایانە لە ئێستادا لەو ئاستەدا نین تا بتوانن خۆیان بگونجێنن و دانوسان و ڕێکەوتنەکانیان ئەنجام بدەن لەسەر پێکهێنانەوەی حکومەت.
ئاماژەکردن بە نەتوانین و ڕێکنەکەوتن لەسەر پێکهێانی حکومەتەکانیان، سەرچاوەی ئەو قەیرانەیە کە ئامادەییان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن ئاسان و گونجاو نیە، هەروەها هەڵبژاردن نەک ڕێگەچارە نیە بۆ قەیرانەکەیان، بەڵکو خۆیان دەخەنە ناو دۆخێکی پڕ دەردیسەرترو نالەبارترو ناهەموارترەوە.
بڕیاری ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ئەو سیاسەتەیە تا دۆخەکە ڕاگرن و هەوڵئەدەن لێیان ئاڵۆزتر نەبێت و پێگەی هێزەکانیان لە چاوەڕوانیدا لانی کەم بۆ ساڵێک ڕاگرن، لە چاوەڕوانیدا دەبن تا بزانن چۆن لەو ئاڵوگۆڕانەدا پێگەی هێزەکانیان و دەسەڵاتی سیاسیان وەک تاپۆی بنەماڵەکانیان بپارێزن و جێگەو ڕێگەیەکی گونجاو لەناو هاوکێشەی سیاسی تازەدا پەیدا بکەن، بۆیە جارێ خۆشیان لە قەرەی هەڵبژاردن و ڕێکەوتن لەگەڵ هێزە میلیشیاکانی عێراقیش نادەن.
ئەمە واقعیەتی هەلومەرجی سیاسی کوردستانە، تەواوی ئەو هێزە سیاسیانە بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە لەناو پرۆسەی هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە هەڵسورانی سیاسی دەکەن،لەلایەک بەشێکن لە خزمەتکردن بەو گەمە سیاسیە گاڵتەجاریەی هێزە میلیشیاکانی ماڵی بارزانی و ماڵی تاڵەبانیکە بۆ چەواشەکاری بەرێیان خستووە، لەلایەکی تریشەوە ریسوایی خودی سیستمی دیموکراسی و پەرلەمانی نیشان ئەدات کە هێزە میلیشیاکانی عێراق و کوردستان ئەتوانن لەو سیستمەدا بە ئاسانی جێگایان بێتەوە، ئێستاش بەم جۆرە گەمەیە شکستی خۆیان خستۆتە سەر بەڕەو پێگەی هێزە ئۆپۆزسێۆنەکانی ناو پەرلەمانی تەواو بە پاشەکشەو ڕیسوایی زیاتر گەیاندووە.