لەتیف ڕەشید کاندیدی کێ بوو؟
2 ساڵ لەمەوپێش
دوای دەرچوونی لەتیف ڕەشید بە سەرۆک کۆماری عێراق، مشت و مڕێکی زۆر دروستبووە لەسەر ئەوەی کاندیدی کێ بوو، زۆریش لەسەر ئەم بابەتە وترا و نوسرا، بەڵام زۆرێک لە تێڕوانینەکان ، دەکرێ بڵێین هەڵە بوون، هەوڵ دەدەم، لە خوارەوە تەواوی زانیاریەکان لەسەر ئەم بابەتە بخەمەڕوو.
سەرەتا دەبێت بپرسین، ئایا ڕێککەوتنی نهێنی لە نێوان تاڵەبانی و بارزانی دا هەبووە، بۆ خستنی بەرهەم ساڵەح و دەرچواندنی لەتیف ڕەشید؟
بێگومان نێوان یەکێتی و پارتی لە ساتەوەختی هەڵبژاردنی لەتیف ڕەشید لەوپەڕی ئاڵۆزی دا بوو، ئاڵۆزیەکە بە ئێستاشەوە لە ئاستيکدایە، هی ئەوە نییە گفتووگۆ لەسەر دەرچواندنی لەتیف ڕەشید دروست بووبێت.
شەوی پێش هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئاڵۆزی نێوان ئەم دوو حیزبە گەیشتە ئاستێک، دەزگای ئەمنی هەولێر ڤیدۆی تێوەگلانی دەزگای ئەمنی سلێمانی سەبارەت بە کوژرانی عەقیدەکەی دژە تیرۆر بڵاو بکاتەوە. ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش، سەرۆکی یەکێتی لە ڕێگەی بایەخدان بە بەرپرسی دژە تیرۆری یەکێتی و پێکەوە بوونیان لە بەغدا، وەڵامی دەزگای دژە تیرۆری پارتی دایەوە، بۆیە هیچ ڕێککەوتنێک بۆ خستنی بەرهەم ساڵەح و دەرچواندنی لەتیف ڕەشید لە ئارادا نەبوو.
پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە، ئایا لەتیف ڕەشید کاندیدی یەکێتی بوو؟
ئەمەش ڕوونە، کاندیدی فەرمی یەکێتی بەرهەم ساڵەح بوو، تا دوا ساتەکانیش یەکێتی شەڕی سەرخستنی بەرهەم ساڵەحی کرد، بەڵام بەوپێیەی لەتیف ڕەشید بەشێکە لە خانەوادەی تاڵەبانی، هەمیشە وەکو کاندیدی یەدەگ تەماشا دەکرا.
ڕوونتر، یەکێتی ئیحتیاتی ئەوەی دانابوو، گەر پارتی هەر پێداگیر بێت لەسەر ڕەتکردنەوەی بەرهەم ساڵەح و دۆخی عێراقیش وا بخوازێت، شیعەکان بیر لە گۆڕینی بەرهەم ساڵەح بکەنەوە، لەتیف ڕەشیدیان ناو هاوکێشەکەدا هێشتبوویەوە، ئەگینا گەر فشاریان خستبایەتە سەری، ڕەنگە بیانتوانیبا بیکێشنەوە.
واتە، بەرهەم ساڵەح کاندیدی فەرمی یەکێتی بوو، لەتیف ڕەشیدیش بەدەم خەوەوە نەهێنرابووە ناو هاوکێشەکە، بەڵکو دانرابوو بۆ ئەوەی گەر بەرهەم ساڵەح خرا، دانوستان لەسەر کاندیدێکی تری لە نموونەی حاکم ڕزگار نەکرێ، بەڵکو لەسەر لەتیف رەشید ساغ ببنەوە.
ئەی پارتی ڕۆڵی چ بوو لە هاوکێشەکەدا؟
پارتی هەوڵی سەرەتای بۆ بردنی سەرۆک کۆمار بوو، ئەم پۆستە لەم قۆناغەدا بۆ پارتی زۆر گرنگ بوو، لەلایەک دەیویست لە بەغدا خۆی پێ بەهێز بکات، لەلاکەی تریش دەیویست لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی لۆبی پێ بکات، بۆیە سەرەتا هۆشیار زێباری بۆ کاندید کرد، کەهەم خاڵی بارزانییەو هەمیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەیوەندی باشی هەیە، بەوپێیەی پێشتر وەزیری دەرەوە بووە.
دوای شکستهێنانی هاوپەیمانێتیەکەی لەگەڵ سەدریش، پارتی هەر چاوی لە بردنی سەرۆک کۆمار بوو، وایدانابوو، ناکۆکی نێو شیعەکان ، وا دەکات چوارچێوەی هەماهەنگی پێویستی بە پارتی و عەرەبی سونە بێت و ناچار دەبن پۆستەکەی پێبدەن.
لە دوا ساتەکاندا، پارتی دڵنیابوویەوە، ئێران و شیعەش ڕازی نابن پۆستی سەرۆک کۆمار ببات، یاریەکەی گۆڕی، پۆستەکە بۆ ئێمە نییە، با بۆ بەرهەم ساڵەحیش نەبێت.
شیعەکان زۆر لاریان لەم خواستە نەبوو، بەچەند هۆکارێک، یەک؛ لەتیفیان بە هی یەکێتی دادەنا، دوو ؛ پەلەیان بوو لە پێکهێنانی حکومەت و نەیاندەویست ئەم پرسە ئیشەکەیان دوا بخات، سێ؛ مالکی ناکۆک بوو لەگەڵ بەرهەم ساڵەح دا و ئەم هۆکاری سەرەکی خستنی بوو، چونکە هەر چەند سعاتێک دوای دەرچوونی لەتیف، خێرا سودانییان بردە لای و بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕایانسپارد.
پارتی لەمەدا زیرەکانە یاری کرد، چاوی لەسەر کشانەوەی کاندیدەکەی و شکستهێنانی لە بردنی پۆستەکە لابرد، چاوەکانی بردە سەر ململانێی نێوان لەتیف ڕەشید و بەرهەم ساڵەح، یاخود تۆپەکەی فڕێدایە ناو ماڵی یەکێتی.
ئەی کەواتە لەتیف ڕەشید کاندیدی کێ بوو؟
لەتیف ڕەشید هیچ وابەستەییەکی بە پارتیەوە نییە، ئەو وێنانەشی ڕۆژی هەڵبژاردن بڵاو کرانەوە، سیاسەتێکی زیرەکانەی پارتی بوو، تا ڕای گشتی وا تێبگەیەنرێ، ئەوان پشتگیرین.
کاندیدی فەرمی یەکێتیش نەبوو، چونکە یەکێتی تا دوا ساتەکان شەڕی بەرهەم ساڵەحی کرد، بەڵام مەحسوب بوونی لەسەر یەکێتی، گەیاندیە پۆستەکە.
کورت و پوخت، لەتیف ڕەشید لە پارتیەوە دوورە و کاندیدی فەرمی یەکێتیش نەبوو، بەڵام بازەکە لەسەری نیشتەوە، دۆخەکە گەیاندیە سەر کورسی سەرۆک، خۆشی ڕەنگە هەر لەسەرەتاوە لەوە تێگەشتبێ، ڕەنگە ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر بەرهەم ساڵەح، چانس بەم ببەخشێ، بۆیە زوو لە دەرەوە گەڕایەوەو خۆی کاندید کرد.