دەروازەكانی سلێمانی رەنگدانەوەی شارەكەی پێوە دیارنییە

2 ساڵ لەمەوپێش



  شەنای فاتح  

دەروازەكانی شاری سلێمانی رەنگدانەوەی لایەنی مێژوویی و كەلتوری رۆشنبیری و فەرهەنگی شارەكەی پێوە دیارنیەو لەڕووی رێگای هاتووچۆ و كەمی سەوزایی و لایەنی خزمەتگوزاری و جوانكارییەوە كەموكورتی زۆری پێوە دیارە.

رێباز جەلال ئەندازیاری تەلارسازی رێپێدراو لەو بارەیەوە بەهاوڵاتی راگەیاند: «دەروازەی شار خاڵی دەسپێكی چوونە ژوورەوەیە بۆ ناو هەر شارێك، كە پێویستە رەنگدانەوەی لایەنی رۆشنبیری و كلتوری و مێژوویی  شارەكەی  پێوەدیاربێت و لەمەوادی سەرەتای ناوچەكە دروستكرابێت و رەنگدانەوەی سروشتی ناوچەكە دەربخات». «پێویستە جۆرەكانی هاتوچۆ لەدەروازەكان دیاری بكرێت و هەر جۆرەیان رێگەی تایبەت بەخۆی بۆ تەرخان بكرێت وەك، رێگەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرو پاس و ئۆتۆمبێلی بچووك و رێگەی تایبەت بەحاڵەتی لەناكاو دروستبكرێت لەدەروازەكاندا بۆ ئەوەی رانەگیرێن و پێویستە هەر رێگەیەك پاركی تایبەتی هەبێت بۆ وەستانی هەر ئۆتۆمبێلێك لەكاتی لێپرسینەوە و هەموو بەشەكانی ئیداری و خزمەتگوزاری و ئەمنییان بۆ تەرخان بكرێت».

وتیشی:»ئەگەر تێبینی دەروازەی شاری سلێمانی بكرێت، بەشێكی زۆری ئەو خاڵانەی تێدا بەدیناكرێت و لەمەوادی سەرەتای شار دروستنەكراوە، كەڕەنگدانەوەی سروشتی ناوچەكە بێت، بەڵكو بەمەوادێكی جەمەلۆن و ئاسنی نەویستراو  درووستكراوە كە لەڕووی فۆرم و  فكرەی دروستكردنییەوە تەواو خاڵییە». «هەروەها جۆرەكانی رێگەی هاتوچۆ جیانەكراوەتەوە، ئەمەش قەرەباڵغی و  ژاوەژاوێكی زۆر دروستدەكات و هاتوچۆ ئەستەنگ دەكات،  بەتایبەت لەكاتی بەیانیان و ئێواران و نكەموكوڕی لەدابینكردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی دەروازەو شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل زۆرە».

سەبارەت بەكەمی سەوزایی و درەخت لەدەروازەكانی شاردا، كامەران حەمەساڵح، بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « بلواری دەروازەكانی شار لەئەستۆی ئێمەیەو پارەی بۆ تەرخاندەكرێت و لەڕێی كۆمپانیاوە كە شارەوانی لیژنەیەك دادەنێت و نوێنەری ئێمەشی تێدایە بۆ خزمەتكردنیان و ساڵانە پێویستمان بەگرتنی تەنكەرە لەڕێی كۆمپانیاوە لەمانگی ٦-٧-٨-٩ و ١٠داو رۆژانە پێویستمان بەچوار ملیۆن لیتر ئاوەو ئەو هەوڵانەش بەردەوامن و ئەمساڵ تا 4ی تشرینی یەكەم تەنكەرمان بۆ دابینكرابوو،وتیشی: سلێمانی زۆرترین رێژەی سەوزایی هەیە».

هاوكات، زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی لەلێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد: «سەوزایی شاری سلێمانی نزیكە لەستاندارتی جیهانییەوەو لەسەر ئاستی هەموو عێراق بەپاكترین پارێزگاو جوانترین ژەنگە ناوبانگی دەركردووە،  ئەگەر باسی دەروازەی تاسڵوجە-سلێمانی بكەین دەروازەیەكە دیمەنێكی جوانی سەوزایی هەیە، بەڵام لەڕێگەی قەرەداغ لەبەرئەوەی ئەو شەقامە هێشتا ماوە تەواو ببێت و  دەبێت شەقامەكان سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی ژێرزەوی تەواوبكات، پاشان دەستدەكرێت بەدروستكردنی سەوزایی».

لەشاری سلێمانی ٥٥١ باخچەو پارك و بلوار هەیە، هاوكات دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی دروستكردنی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبووندا رێنمایی ٣٠٪ هەبوونی رێژەی سەوزایی پێداون، بەڵام بەپێی زانیارییەكان هیچ یەكێك لەو پرۆژانە سەوزاییان نەگەیشتووەتە ئەو رێژەیەو سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستانیش دەڵێت: حكومەت و ئەو لایەنانەی كە پەیوەستن بەژینگەوە لەناو حكومەتدا كەمتەرخەمن و نەیانتوانیوە بەئەركەكانی خۆیان هەستن و لەماوەی رابردوودا وەزارەتی ژینگەیان بچووك كردەوە بۆ دەستەی ژینگە.

ملكۆ بازیانی، سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «لەڕابردوودا دەروازەكانی سلێمانی سەوز پۆش بووە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی زۆربوونی پێشانگا یان شوقەو ڤێلا لەچواردەوری سلێمانیدا دەتوانین بڵیین ئەو رووپۆشی سەوزاییە لەناوچووەونەماوە». وتیشی: «رێژەی سەوزایی لەشاری سلیمانیدا ستاندارتی نێودەوڵەتی تێپەڕاندووە كە ١٥% بۆ ٢٥% و سلێمانی رێژەكەی ئێستا چووەتە ١٨.٦٥%و بەهۆی هەڵمەتی دارچاندنەوە كە بەردەوام بەڕێوەدەچێت. لەچەندساڵی رابردوودا سەرباری ئەوەی كار بۆ سەوزكردن و روواندنی دار لەدەروازەكان نەكراوە، بەشێكی زۆری دارەكانی دەروازەی رێگای تاسڵوجە - سلێمانی سوتێنران و لەناوبران.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « لەم ماوەیەدا وەكو لیژنەكەمان لەگەڵ هەر چوار پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكە دانیشتین و یەكێك لەو خاڵانەی كەئاماژەمان پێكردووەو جەختمان لێكردووەتەوە مەسەلەی سەوزایی بووەو یەكێكە لەڕاسپاردەكان لەو بابەتانەی ئاماژەمان پێكردووە بۆ كۆبوونەوەیەك كە لەداهاتوودا بەئامادەبوونی وەزیری شارەوانی لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر كۆی پرسی خزمەتگوزاری ئەنجامی بدەین، لەناویدا پرسی سەوزایی».

هاوكات، بارزان حامید سەرۆكی لیژنەی شارەوانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:»لەهەوڵی بەردەوامدا دەبین لەچاودێری و بەدواداچوون لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی باخچەكان تازیاتر سیمای شاری سلێمانی سەوزبكرێ و رێگە دەگرین لەوەی كەئەو شوێنانەی لەماستەرپلاندا بۆ سەوزایی و پارك دانراون نەكرێن بەهیچی تر.

هەر رێباز جەلال ئەندازیاری تەلارسازی رێپێدراو سەبارەت بەشێوازی دیزاینی دەروازی شار لەلێدوانەكەیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت: پێویستە دەروازەی شار لەشوێنێك دروستبكرێت كەتاڕادەیەك لەشارەوە دووربێت بۆ ئەوەی لەكاتی گەورەبوونی شاردا لەگەڵ شاردا تێكەڵ نەبێتەوە، واتە  گەشەسەندنی شار لەبەر چاوبگیرێت لەڕووی بەرزی و نزمی (تۆبۆگرافی) ناوچەكە شوێنێك هەڵبژێردرێت كەبتوانرێت بەئاسانی بۆ لایەنی ئەمنی و سەربازیی و جوڵەی هاتوچۆ كۆنتڕۆڵی دەروازەكە بكرێت».

وتیشی: چارەسەر بۆ ئەم پرسە بریتییە لەوەی لایەنی پەیوەندیدار لەشارەوانی و پارێزگا و بەڕێوەبەرایتی هاتوچۆ و شوێنەوار لیژنەی ئەندازیاری پێكبهێنن بۆ درووستكردنی نەخشەی دەروازەكانی شار بەشێوازێكی ستاندارد بەبەكارهێنانی مەوادی سەرەتایی ناوچەكە، بەشێوازێك لایەنی مێژوویی و كەلتوری و رۆشنبیری و فەرهەنگی شارەكە دەربخات».

لەدەروازەكانی شاری سلێمانی سەوزایی بەرەو كەمبوونەوە دەچێت و ساڵانە بەشێك لەدارەكان دەبڕدرێنەوەو تەنانەت بەشێكی ئەو دارانە لەساڵانی٧٠ و٨٠ كاندا هەبوون و لەم چەندساڵەی دواییدا یان بەبڕینەوە یان بەسووتان لەناوچوون، «كەتەنها دارەكانی هەردوو سایدی رێگای تاسڵوجە- سلێمانی ژمارەیان نزیكەی ٥٠هەزار دار بوو لەناوبران و كران بەپێشانگای ئۆتۆمبێل و جەمەلۆن، بەمەش دیمەنێكی ناشرینی بەدەروازی شار بەخشیوە، ئەوە جگە لەوەی دەروازەی سلێمانی لەڕێگای عەربەتەوە هیچ خزمەتگوزاریی و سیمای جوانكاری پێوە دیارینە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار