فڕۆكەخانەی كەركوك بێ‌ كوردو لە 16ی ئۆكتۆبەردا كرایەوه‌

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك دوای نزیكەی پێنج ساڵ لە بڕیاری جێبەجێكردنی و دوور لەچاوی میدیاكان و لە 16ی ئۆكتۆبەری 2022دا كرایەوە، تەوقیتی كردنەوەی فرۆكەخانەكەو چۆنیەتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی كردنەوەكەی زۆرتین كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.

هیچ بەرپرسێكی كورد لەمەراسیمی كردنەوەی فرۆكەخانەدا بەشدارنەبوو، تادرەنگانێكی شەوی پێش كردنەوەی فڕۆكەخانەكە زانیاری دژ بەیەك بەمیدیاكان دراوەو دواجار وتراوە كە مەراسیمەكە دواخراوە، بەڵام بەیانی 16ی ئۆكتۆبەر فرۆكەیەكی حكومەتی عێراق لەفرۆكەخانەكە نیشتووەتەوەو وەفدی حكومەتی عێراق ناسر شبلی، وەزیری گواستنەوە و هەیان نعمەت، وەزیری دارایی بەوەكالەتی لێدابەزیوەو بەئامادەبوونی راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك مەراسیمی كردنەوەی فرۆكەخانەیان راگەیاند، ئەم مەراسیمە تەنها 10 خولەكی خایاندو جگە لە راگەیاندنی پارێزگا هیچ میدیایەكی تر بانگهێشت نەكراوە، تەنانەت عەلی حەمادی یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك دەڵێت: ئاگادارنەكراوەتەوەو هەواڵەكە بۆ ئەویش سوپرایز بووە.

لە تابلۆی فرۆكەخانەكەدا زمانی كوردی تێدا نیە، بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە بەرپرسانی كەركوك و حكومەتی عێراق چەند جارێك كردنەوەی فرۆكەخانەكەیان دواخستووە تاوەكو خستوویانەتە 16ی ئۆكتۆبەر، كە لەو رۆژەداو لەساڵی 2017 هێزە سەربازییەكانی عێراق هێرشیانكردەسەر كەركوك و ناوچە كوردستانیە دابڕاوەكان و لەماوەی كەمتر لە 48 كاتژمێردا تەواوی ئەو ناوچانەیان كۆنترۆڵكردو پێشمەرگەش كشایەوە، تەنانەت راكان جبوری پارێزگاری كەركوك لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا دوای كردنەوەی فرۆكەخانەكە وەك ئاماژەیەك بۆ 16ی ئۆكتۆبەر رایگەیاند: « پێنج ساڵ بەسەر سەپاندنی یاسادا تێدەپەڕێت».

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمان داوای‌ لە وەزیری‌ گواستنەوە كرد كارەكانی‌ فرۆكەخانەی‌ كەركوك بوەستێنێت بەهۆی‌ بوونی‌ گومانی‌ گەندەڵی‌ لەپرۆژەكەو كێشەی‌ ئەمنی‌ و ئاستەنگی‌ ئیداری‌ و هونەری‌ تیایدا، وتیشی: ناهێڵین ئەو فڕۆكەخانەیە بكرێتەوە، ئەوە دەروازەیەكە بۆ گەندەڵی و راپۆرتی دیوانی چاودێری داراییشی لەسەرە.

دواتر بەرەی توركمانی لەبەیاننامەیەكدا وەڵامی شاخەوان عەبدوڵای دایەوەو رایگەیاند: ئەم لێدوانە مەترسیدارە كە پێچەوانەی هەموو بەها مرۆییەكان و كۆمەڵایەتییەكانە، هێرشە بۆ سەر مافەكانی خەڵكی پارێزگاكە، لەپێشینەیەكی مەترسیداردا كە بۆ یەكەمجارە لەمێژووی نوێی عێراقدا روویدا، ئەو پۆستێكی یاسایی هەیە، كە رێگەی پێنادات دەستوەردان لەكاروباری دەسەڵاتی جێبەجێكردندا بكات».

دوای كردنەوەی فرۆكەخانەكەش پارێزگای كەركوك بەوەكالەت لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبینای پارێزگا كردنەوەی فڕۆكەخانەكەی بەپرۆژەیەكی گرنگی ناوبردو رایگەیاند: بڕیاربوو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران ئامادەبێت بەڵام بەهۆی بارودۆخی بەغدا و دەستاودەستكردنی سەرۆكایەتی حكومەت، نەیتوانیوەو هەر ئەوەش هۆكاری بچووكی مەراسیمەكە بووە، وتیشی: بۆ كاتی یەكەم گەشت لەفڕۆكەخانەوە مەراسیمێكی تر دەكرێت، لەبارەی دامەزراندنی ستافی فڕۆكەخانەشەوە، هەوڵدەدەن بەپاراستنی یەكسانی نێوان پێكهاتەكان بێت. پڕۆژەی فڕۆكەخانەی كەركوك، لەكۆتایی 2017ـەوە بە‌بڕیاری حكومەتی عیراق چووە بواری جێبەجێكردنەوەو دەبوایە لەساڵی 2019 كارەكانی تەواو ببێت و بكرێتەوە، بەڵام لەوكاتەوە چەندینجار وادەی جیاواز بۆ مەراسیمی كردنەوەی دانراوە و دواتر دواخراوە، بەبێ ئەوەی هۆكارەكانی روونبكرێتەوە.

لەسەردەمی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك بڕیاری بەمەدەنیكردنی فڕۆكەخانەكە دەركراوە، فڕۆكەخانەكە دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای كەركوك و لەساڵی 1957ـەوە وەك فڕۆكەخانەیەكی نێودەوڵەتی لەعیراقدا تۆماركرا، بەڵام لەساڵی 2003 كرا بەبنكەیەكی سەربازی هێزەكانی ئەمەریكا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار