لهڕۆژنامهی (هاوڵاتی)ییهوه: بڕیاری دابەشكردنی نەوت؛ نرخی نەوتی سپی دادەبەزێنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاریداوە نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكات، حكومەتی عێراقیش بڕیاریداوە 150 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و بۆ هەر بەرمیلێكیش 35 بۆ 40 هەزار دینار وەردەگیرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم ئەو نەوتەی خۆی كە دابەشی دەكات 100 هەزار دینار وەردەگرێت.
هەرێمی كوردستان پێویستی بە 260 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، بەڵام ساڵی رابردوو حكومەتی هەرێم تەنها 60 ملیۆن لیتری دابەشكردووەو ئەوی دیكە عێراق دابەشی كردووە.
كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «حكومەتی عێراق ساڵانە بڕێك نەوت دەنێرێت، بەڵام ئەوە بەشی پێداویستی هاووڵاتیان ناكات، ئەوەش میزاجی كەسیی دەزانێت كەی دێت، مەسەلەی ئەو هەڵایەشی بۆی دروستكراوە ئەوەیە بیری خەڵكی ببەنەوە كە دەبێت حكومەتی هەرێم نەوت دابەش بكات، ئێمە نووسراوێكمان داوەتە وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەوان بەنیازن 15 ملیۆن لیتر بنێرن بۆ سلێمانی لەكاتێكدا سلێمانی پێویستی بە 110 ملیۆن لیترە، بەڵێنی هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغداد هیچیان جێبەجێنەكراوەو ناشزانین كەی جێبەجێدەكرێت».
هاوكات بڕیار رەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: «وەزارەتی نەوتی عێراق داوای ناوی كۆمپانیا و شۆفێری بارهەڵگرەكانیان كردووە بۆ ئەوەی رێگەپێدانیان بۆ بكەن بۆ گواستنەوەی نەوتەكە بۆ سلێمانی و بڕەكەشی 150 ملیۆن لیترە».
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی: «پێشتر بۆ ئەوەی سلێمانی لەپارێزگاوە نووسراو كراوە بۆ عێراق و پێشبینی دەكەم تا 20 ی مانگ بگاتە سلێمانی و هەر پارێزگایەكیش پشكی خۆی بۆ دەنێرن وەك چۆن ساڵانی رابردوو ناردوویانە».
هاوكات فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەبەغداد رایگەیاند: مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق بڕیاریدا ١٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.
دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوو حكومەتی هەرێم بڕیاریدا لە 20ی ئەم مانگەوە نەوتی سپی لەناوچە شاخاوی و ساردەكانی هەرێم بەسەر هاووڵاتییان دابەش بكات، بڕیارەكە كاریگەری لەسەر نرخی نەوت لەبازاڕدا كردو بەهۆیەوە نرخی بەرمیلێك نەوت لەنزیكەی 295 هەزارەوە بۆ 260 هەزار دینارو كەمتریش دابەزی.
كۆسار محەمەد یەكێكە لەبریكارەكانی فرۆشتنی نەوت لەسلێمانی، بەهاوڵاتی وت:»بەرمیلێك نەوتی سپی (بێجی) بە 260 هەزار دینارە، هەروەها نرخی بەرمیلێك نەوتی بەغدا بە 255 هەزار و نرخی بەرمیلێك نەوتی كەركوكـیش بە 245 هەزار دینارە».
رۆژی دووشەممە 17-10-2022 وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاند بڕیاریداوە بەدەستپێكردنی پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی ناوچە شاخاوییەكان لە رۆژی 20ی ئەم مانگەوە، هەر خێزانێك بڕی 200 لیتر نەوتی بە 100 هەزار دینار پێدەدرێت.
نافز مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:»ئەو نەوتەی عێراق دەینێرێت بۆ هەموو كوردستان و بەپێی ژمارەی دانیشتوان بەسەر هەر پارێزگایەكدا دابەش دەكرێت».
هاوكات عەبدولسەمەد تیلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو نەوتەی دابەشدەكرێت پرسێكی مەركەزییەو وەكو ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك هیچ نووسراوێكمان بۆ نەهاتووە، بەڵام بەرهەمە نەوتیەكانی دهۆك ئاماری خۆی داوەتە سامانە سروشتییەكان كەچەند نەوتی پێویستە بۆ دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتیاندا».
وتیشی:»پارێزگای دهۆك 56 تا 60 ملیۆن لیتر نەوتی پێویستە، بەڵام تائێستا نە حكومەتی هەرێم نە عێراق یەك لیتر نەوتیشی نەناردووە».