دهۆك؛ 10 ساڵە دوو نەخۆشخانە تەواو نەكراون

بەڕێوەبەری تەندروستی: هەردوو پرۆژەكە ستراتیژین

2 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی لەدهۆك و نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای بەڕدەرەش، ماوەی 10 ساڵە بەردی بناغەیان بۆ دانراوە، بەڵام تائێستا  تەواونەكراوەن و كاركردنیش تیایاندا راگیراوەو هیچ وادەیەكیش بۆ تەواوكردنیان دیارینەكراوە.
نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی فریاكەوتن لەشاری دهۆك لەساڵی 2012 بەردی بناغەی بۆی دانراوە، بودجەی پرۆژەكە 108 ملیار دینارە، تەنها لەسەدا 30ی  تەواوكراوە، زیاتر لە شەش ساڵە كاركردن لەپرۆژەكەدا وەستاوەو نازانرێ كەی دەستپێدەكرێتەوە.

دكتور ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند:» پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 300 قەرەوێڵەیی لەدهۆك هەروەها نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای بەردەڕەش و نەخۆشخانەی 100 قەڕەوێڵەیی لە سنوری قەزای ئامێدی، ئەمانە پرۆژەی ستراتیژی و زۆرگرنگن بۆ پارێزگای دهۆك، بەهۆی نەبوونی پارە ئیشكردن لەنەخۆشخانە 300 قەرەوێڵەییەكەی دهۆك و 100 قەرەوێڵەییەكەی بەردەڕەش وەستاوە، ئەوەی دهۆك 30 بۆ 35%ی تەواوبووەو ئەوەی قەزای بەردەڕەش بەشێكی زۆر كەمی كراوە، بەڵام ئەوەی سنوری قەزای ئامێدی ئیشكردن تیایدا بەردەوامەو تائێستا نیوەی پرۆژەكە تەواوبووە «.

وتیشی:»بۆ تەواوكردنی ئەو دوو پرۆژەیە پێویستە پارە لەبەغداوە رەوانەی هەرێم بكرێت، چونكە ئەمانە پرۆژەی گەورەو ستراتیژین و دەبێت لەسەر بودجەی بەكاربەر تەواو بكرێن ، تائێستاش هیچ وادەیەك بۆ دووبارە كاركردن لەو دوو نەخۆشخانەیە دیارینەكراوە، چاوەڕێ دەكەین پارەی بۆ تەرخان بكرێت،  بەدڵناییەوە بەتەواوكردنی ئەو دوو نەخۆشخانەیە ئەو فشارەی ئێستا لەسەر نەخۆشخانەكانمان هەیە زۆر كەمدەبێتەوەو داواشمانكردووە جارێكی تر كاری لەسەر بكرێت، بەڵام ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا دانیەو دەبێت حكومەتی هەرێم بڕیاربدات«.

نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لەسنوری قەزای بەردەڕەش، لەساڵی 2013 بەردی بناغەی بۆ دانراوە، بودجەی پرۆژەكە 40 ملیار دینارە،  نۆ ساڵ تێپەڕی بەسەر دانانی بەردی بناغەکەو تەنیا لەسەدا  10ی تەواوبووەو چەند ساڵێكیشە كاركردن تیایدا وەستاوە.

جەمیلا محەمەد، نوێنەری قەزای ئاكرێ و بەردەڕەش لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك و  ئەندامی لیژنەی تەندروستی سەبارەت بەپرۆژەكە بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی بەردەڕەش بەبڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ئەوكاتی هەرێم بەردی بناغەی دانراو دوای ماوەیەكی كەم ئیشكردن لەپرۆژەكە وەستا، ئەوەش بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق و هەروەها شەڕی داعش، ئەو پارەیەی كە بۆی دابینكرابوو تەنیا بەشێكی كەمی لێ خەرجكرا، حكومەت بۆ پڕكردنەوەی بەشە بودجەی خۆی كەئەوكات بۆ شەڕی دژ بە داعش و دابەشكردنی موچە پێویستی بەبڕە پارەیەكی زۆر هەبوو، بۆیە بەشەكەی تر خەرجنەكرا».

جەمیلا محەمەد دەڵێت:» لەسەر ئەم پرسە سەردانی وەزیری تەندروستی و بەرپرسانی باڵای حكومەتمان كردووە، دواینجار توانیمان رازیبوونی حكومەت بەدەستبهێنین بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی فریاكەوتن، بەخۆشحاڵییەوە نەخۆشخانەكە تەواوبووە تەنها ئەوە ماوە پێداویستی تەندروستی و پزیشك و پەرستاری بۆ دابینبكرێت، دانیشتوانی قەزای بەردەڕەش لەهەموو شارەكانی تر زیاتر كێشەی تەندروستییان هەیە، چەندین حاڵەتی نەخۆش هەبووە رەوانەی دهۆك و ئاكرێ كراون، بەڵام لەڕێگادا گیانیان لەدەستداوە.

وتیشی: »پرسی نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی دهۆكیش هەمان شتە، ماوەیەكی زۆر وەستاوەو هیچ وادەیەك بۆ دووبارە كاركردن لەسەر پرۆژەكە دیارنیە، نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی قەزای ئامێدی نیوەی تەواو بووەو ئیشكردن لەپرۆژەكە بەردەوامە، بەهیوای ئەوەی لەكاتی خۆیدا تەواوبكرێت، بەردەوام بەدواداچوون بۆ پرسەكانی تەندروستی دەكەین و سەدان كێشەی تەندروستیمان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار كردووە، بەڵام چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی پرۆژەكان كاری حكومەتە».

حەلیما عەبدولڕەحمان، ژنێكی تەمەن 48 ساڵ،  زیاتر لە 15 ساڵە لەناوەندی قەزای بەردەڕەش دەژی بەهاوڵاتی وت: « بەردەڕەش تەنها بەناو قەزایە چونكە هیچ نەخۆشخانەیەكی گشتی لەشارەكەدا نیە، تەنها بۆ سەرئێشەو  هەندێك نەخۆشی وەرزی سەردانی بنكەكانی تەندروستی لەسنوری قەزاكە دەكەین، بۆ نەخۆشی دڵ و شەكرە، شكان و نەشتەرگەی و دەیان نەخۆشی تر دەبێت سەردانی ئاكرێ یان دهۆك یان موسڵ بكەین، جگە لەمەش خوا نەكات رووداوێكی هاتوچۆ رووبدات بریندارەكان دەبێت بگوازرێنەوە بۆ ئاكرێ «.

« نەخۆشی شەكرەو سەرئێشەیەكی بەردەوامم هەیە، یان دەچمە ئاكرێ یان موسڵ جگە لەدووری رێگاكە كرێی هاتوچۆش لەسەر نەخۆش دەكەوێت، هەر چەند مانگ جارێك دەبێت سەردانی پزیشك بكەم تاوەكو پشكنینم بۆ بكات یان چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشیەكەم وەربگرم « حەلیما عەبدولڕەحمان وای وت.
دكتۆرە نارین عومەر موسا، بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای بەردەڕەش بەهاوڵاتی راگەیاند: «لە 2013وە بەردی بناغەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەدەوروبەری شاری بەردەڕەش دانرا، ماوەیەكی زۆر كەم كاری لەسەركراو دواتر پرۆژەكە وەستا، تەنیا 10%ی پرۆژەكە تەواوبووەو ئەوەی تری هەمووی ماوە، هۆكاری وەستانی ئیشكردن لەنەخۆشخانەكە لەبەرپرسانی تەندروستی دهۆك و وەزارەت بپرسن ئەوەندەی ئێمە دەزانین هۆكارەكە نەبوونی پارەیە، هیچ كێشەیەك لەزەویەكەو شوێنەكەدا نیە». 

وتیشی:» هیچ نەخۆشخانەیەكمان نیە، تەنیا 15 بنكەی تەندروستیمان هەیە لەگەڵ دوو بنكەی تەندروستی لەكەمپەكانی پەنابەرانی رۆژئاوا، كۆی گشتی دەبن بە 17 بنكە، بەشی زۆر نەخۆشانی سنوری قەزای بەردەڕەش روو لەقەزای ئاكرێ و دهۆك و زۆر شوێنی تر دەكەن، ئەگەر ئەو نەخۆشخانەیە تەواو بكرایە 80%ی كێشەكانی تەندروستی لەسنوری قەزاكە چارەسەردەبوون، خەڵكی بەردەڕەش و دەوروبەری سەردانی شوێنەكانی تریان نەدەكرد هەر لەشارەكەی خۆیان چارەسەری پێویستیان وەردەگرت».

«بۆ شوێنگرەوەی نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەكە نەخۆشخانەیەكی فریاكەوتن دروستكراوە، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە، بەتەواوبوونی كەمێك فشار لەسەر نەخۆشخانەكانی دهۆك و ئاكرێ كەمدەكات، بەڵام هەر دەمێنێت چونكە تاكە چارەسەر ئەوەیە ئەو نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییە تەواوبێت، قایمقامی قەزای بەردەڕەش و تەواوی بەرپرسان هەوڵیانداوە بۆ تەواوكردنی پرۆژەكە بەڵام تائێستا هیچ شتێكی نوێ لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆژەكە دیارنیە «، دكتورە نارین عومەر وای وت. 

هاوكات نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای ئامێدی، لەساڵی 2013 بڕیاری دروستكردنی بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و چەند هۆكارێكی تر جێبەجێكردنی پرۆژەكە دواكەوت، لەئەیلولی ساڵی 2020 سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی بۆ دانا  بەگوژمەی 43 ملیۆن دولار كەبڕیارە ماوەی 33 مانگ تەواو بكرێت، نەخۆشخانەكە پێنج نهۆمییەو دانیشتوانی سەنتەری ئامێدی لەگەڵ چوار ناحیەو كۆمەڵگاو گوندەكان سوود لێوەردەگرن، لەسەر رووبەری 20 هەزار و 150 مەتری دووجا دروستدەكرێت، ئەم پرۆژەیەش تائێستا تەنیا لەسەدا 50ی تەواو كراوە.

هێرش رەشید، خەڵكی ناحیەی شیلادزێی سەر بەقەزای ئامێدی بەهاوڵاتی  وت:» حكومەت وەك پێویست گرنگی نەداوە بەكەرتی تەندروستی لەسنوری قەزای ئامێدی ، لەتەواوی سنورەكە تەنها ژمارەیەك بنكەی تەندورستی هەن، پێش دوو ساڵ بەردی بناغە بۆ نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەكۆمەڵگای هێتوت لەسنوری قەزاكە دانراوە، بەڵام هیچ هیوایەكمان پێ نیە لەكاتی خویدا تەواوبكرێت، چونكە تائێستا تەنها نیوەی پرۆژەكە تەواو بووەو وابڕوات دوو ساڵی تر تەواو نابێت .

«سەرووی 80% دانیشتوانی سنوری قەزاكە بۆ سەردانی پزیشك و وەرگرتنی چارەسەر سەردانی دهۆك دەكەن، بەشێكی تر روو لەناوچەكانی تر دەكەن، زیاتر لە 20 ساڵە ئەوە حاڵمانە، لەوەرزی زستان و باران و بەفر دۆخەكە بۆ ئێمە دوو ئەوەندە سەخت دەبێت و زۆرجار ناتوانین سەردانی دهۆك بكەین ئەوەش لەبەر بەفرو باران ، لەلایەك دەترسین تووشی رووداوێكی هاتوچۆ بین و لەلایەكی تر هیچ رێگەچارەیەكی ترمان نیە» هێرش رەشید وای وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار