لەڕۆژنامەی "هاوڵاتی" یەوە: هەنار؛ بەرهەمی ناوخۆیی پێگەیشتووەو هاوردە نەوەستاوە

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتح

بەرهەمی هەناری ناوخۆیی لەهەرێمی كوردستان ئەوەی براوەتە عەلوەكان نزیكەی 50 هەزار تۆنە، وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت: بەهەرمی ناوخۆیی دوو ئەوەندەی ئەو ژمارەیەیە چونكە بەشێكی بەرهەمی ناوخۆیی نابرێنە عەلوەكان و لەدەرەوە ساغدەكرێنەوە، هاوكات ساڵانە نزیكەی 20 هەزار تۆن هەنار هاوردە دەكرێت، هەنار لەپارێزگاكانی تری عێراق و وڵاتانی دەوروبەرو لەمیسر هاوردە دەكرێت.

لەوەرزی پێگەیشتنی هەناری خۆماڵیداین، شارەزایانیش ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كەبەرهەمی هەناری كوردستان پێداویستی ناوخۆیی پڕدەكاتەوە، بەڵام هاوردەكردنی نەوەستاوە هەرچەندە باجیشی خراوەتە سەر، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت: «بەشێوەیەكی گشتی ساڵانە لەنێوان ٢٠ تا ٢٥ هەزار تۆن هەنار هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.»

حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ساڵی ٢٠٢١ نزیكەی ٢٣هەزار و ٨٠٨ تۆن هەنار هاوردە كراوەو لەو بڕە هەزارو ١٢٣ تۆنی لەپارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاوردە كراوەو ٢٢هەزارو ٦٨٥ تۆنی لەوڵاتانی دیكە بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ و میسر هاوردە دەكرێت، لەگەڵا ئەوەشدا هەنار هەناردەی دەرەوە كراوە، بەڵام كەم بووەو كار لەسەر ئەو دەكرێت وەكو براندێك بەرهەمی هەنار هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بكرێت و لەئێستادا كار لەسەر ئەو پڕۆسەیە دەكرێت».

وتیشی: ساڵانە لەهەرێمی كوردستان بڕی بەرهەم جیاواز دەبێت و بەپێی ساڵ دەگۆڕێت، بۆ نموونە ساڵی ٢٠٢١ نزیكەی ٤٨ هەزارو ٤٣٥ تۆن بەرهەمی هەنار هەبووەو ئەو ٤٨ هەزار تۆنە تەنها ئەو بڕەیە كە هاتووەتە عەلوەكان و بەشێكی بەرهەمەكان كەنایەنە عەلوەكان تۆمار نەكراون و بەشێكیش لەبەرهەمی ئەو هەنارەی كە بۆ بازاڕەكان ناشێن بەكاردێن بۆ پیشەسازی، كەدەكرێن بەسركەی هەنار یان شەربەتی هەنارو دەتوانین بڵێین ٥٠%ی ئەو بەرهەمە دێتە عەلوەكان و تۆماردەكرێن و ئەوی دیكەی تۆمارناكرێت و بۆ پیشەسازی كردن بەكاردێت یاخود لەسەر رێگا سەرەكییەكان و كێڵگەكان ئەو بەرهەمانە دەفرۆشرێن.»
بەهۆی بارودۆخی كەشوهەواوە كەزستانی رابردوو پلەكانی گەرما نزمبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بەرهەمی هەناری ئەمساڵ بەراورد بەساڵانی رابردوو كەمیكردووە.

سەروەر عەلی، سەرۆكی لیژنەی سەندیكای عەلوەی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «هاوردەكردنی هەنار بۆ كوردستان نەوەستاوەو ئەو هەنارانەی لەناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێت بۆ هەر كیلۆیەك ١٠٠دینار باج وەردەگیرێت و لەئێستادا هاوردەكردنی هەنار زیانی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی هەیەو ئەمساڵ هەناری خۆماڵی ٥٠%ی بەرهەمەكەی فەوتاوە بەهۆی سەرمای پارساڵەوەو زیانێكی زۆری بەركەوتووە.»

وتیشی: «ساڵانە ئەو هەنارەی لەكوردستاندا بەرهەمدێت بەشی پێداویستی ناوخۆ دەكات و دوو ساڵی رابردووش سەرەڕای پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی دەمانتوانی هەناردەی دەرەوەشی بكەین، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی هەنار كەمیكردووەو هیچ بەرهەمێكی خۆماڵی بەشێوازێكی ئاسان هەناردەی دەرەوە ناكرێت و لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بەربەستی بۆ دروستدەكرێت».

لەئێستادا رۆژانە ٦٠-٧٠ تۆن هەناری هاوردە ساغدەكرێتەوە بەتایبەت هەناری میسری و ئەو هەنارانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن پشكی شێری بەر میسر كەوتووە، پاشان هەناری سوری و ئێرانی. سەروەر عەلی وای وت.

هاوكات، عوسمان حەمەڕەشید تەمەن ٤٣ ساڵ جوتیارێكی پارێزگای هەڵەبجەیە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: لەگوندەكەمان 50 دۆنم باخی هەنار هەیە، بەرهەممان باشە، بەڵام بەهۆی سەرماوە بەرهەمی هەنار بەراورد بەساڵی رابردوو بۆ نیوە دابەزیوە، هەناری ناوخۆ هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا دەكرێت و دەدرێتە كەرتی تایبەت و حكومەت هاوكارمان نییە تەنانەت لەعەلوەدا باج و سەرانەمان لێدەسەنن، بەشێوەیەكی گشتی هەناری ساڵەخانیمان هەیەو زیاد لەچوار جۆر هەناری ئەمریكی لەهەڵەبجە هەیە».

بەشێوەیەكی گشتی هەموو ناوچەكانی كوردستان گونجاون بۆ بەرهەمی هەنار، بەڵام بەناوبانگترین هەنار لەپارێزگای هەڵەبجەیەو ساڵانە ڤیستیڤاڵی تایبەت بە بەرهەم و جۆرەكانی هەنار لەو پارێزگایە بەڕێوەدەچێت بەمەبەستی ساغكردنەوەی بەرهەمی جوتیارانی ئەو ناوچەیە، ناوچەی هیران و نازەنین و شەقڵاوە لەپارێزگای هەولێرو لەپارێزگای دهۆك و ناوچەی گەرمیانیش هەناری گونجاوی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار