لەدادگای هەولێر رۆژانە 10 كەیسی تەقەكردن دەبینرێت

دیاردەی چەكی بێمۆڵەت بۆ لاوازی دادگا دەگەڕێنرێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هەژار ئەنوەر

لەهەرێمی كوردستان دیاردەی هەڵگرتنی چەك رێژەی تاوانەكانی كوشتن و خۆكوشتنی زیادكردووە، ئەگەرچی حكومەتی هەرێم چەندینجار هەڵمەتی پچڕپچڕ بۆ رێگرتن لەدیاردەی چەكهەڵگرتن ئەنجامدەدات و 14  لیژنەی هاوبەش لەوەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگەو ئاسایش لەپارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان پێكهێندراوە، بەڵام رووداوەكان هەر بەردەوامن، رۆژانە لەدادگای تاوانی هەولێر زیاتر لە 10 كەیس سەبارەت بە رووداوی تەقەكردن دەبینرێت، تووێژەرانی كۆمەڵایەتیش پێیانوایە دیاردەی بنەبڕنەكردنی چەكی بێمۆڵەت و رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن بۆ لاوازی داداگاكان دەگەڕێتەوە.

موقەدەم كارزان ئەمیر وتەبێژی پۆلیسی گشتی هەرێم، بەهاوڵاتی راگەیاند:» بەفەرمانی سەرۆكی حكومەت بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی یاسای چەك پاڵپشت بەماددەی (18) لەبڕگەی (3)ی ژمارە (2)ی ساڵی 2022، بەپێی رێنمایی ژمارە (6)ی ساڵی 2022ی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بەداماڵینی گشت ئەو چەك و تەقەمەنییانەی لەدەرەوەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان لەهەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، بۆ ئەم مەبەستە (14) لیژنەی هاوبەش لەوەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگەو ئاسایش لەپارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان پێكهێندراوە، بۆ وەرگرتنەوەو داماڵینی چەكی جەنگی و تەقەمەنییەكان لەبنكەكانی وەرگرتن، واتە لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان بنكەی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە كراوەتەوەو زانیارییەكانیش بەشێوەی سیستەمی ئەلیكترۆنی دەبێت، كە بەمشێوەیە: لەپارێزگای هەولێر سێ بنكە، پارێزگای سلێمانی سێ بنكە، پارێزگای دهۆك دوو بنكە، پارێزگای هەڵەبجە یەک بنكە، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان یەک بنكە، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین یەک بنكە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەک بنكە، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ یەک بنكە.

وتیشی:» جگە لەمە 40 لیژنە لەوەزارەتەكانی ناوخۆو پێشمەرگەو ئاسایش پێكهێندراوە بۆ تۆماركردنی چەكی ئاگرین كەكڵاشینكۆف و هاوشێوەكانی لەخۆدەگرێت و چەكی تۆماركراو لەلایەن خاوەن چەك دەمێنێتەوە بەمەرجێك كە بەڵێننامە پڕبكاتەوە كەچەكەكەی لەماڵ دەبێت و هەڵیناگرێت و نابێت بەكاریبهێنێت و تەنانەت فرۆشتن و بەخشینیشی نابێ پێبكرێت».

كارزان ئەمیر دەڵێت: «بۆ ئەم مەبەستە 40 بنكەی تۆماركردنی مۆڵەتی چەك لەشارو شارۆچكەكان دەكرێتەوە كە بەمشێوەیە دەبێت: لەپارێزگای هەولێر هەشت، پارێزگای سلێمانی 11، پارێزگای دهۆك حەوت، پارێزگای هەڵەبجە چوار، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان سێ، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دوو، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چوار، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ یەک بنكە،  بۆیە پێویستە ئەوانەی چەك و تەقەمەنی بێمۆڵەتیان هەیە لەماوەی یەك ساڵدا رادەستی بنكەكانی بكەن، دوای ئەم وادەیە هەركەسێك چەكی بێمۆڵەتی پێبگیرێت ئەوە خاوەنەكەی و چەكەكە رەوانەی دادگا دەكرێن و چەكەكە بەقاچاغ ئەژمار دەكرێت و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت».

لەلایەكی ترەوە دوای تەواوبوونی ئەم وادەیە وەزارەتی ناوخۆ هەشت لیژنە پێكدەهێنێت بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو كەسانەی داوای مۆڵەتیان كردووە بەپێی یاسای چەك و دواتر بڕیاردەدرێت  ئایا مۆڵەتی پێبدرێت یان نا.

سەبارەت بەدیاردەی چەكهەڵگرتن، شاخەوان رەئوف بەگ سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆو خۆجێییەكان لەپەرلەمانی كوردستان، بەهاوڵاتی راگەیاند: «لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەسەر دیاردەی چەكی بێمۆڵەت قسەمان كردووەو لەئێستادا تاڕادەیەك دیاردەكە كەمبووەتەوە، بەتایبەت لەدوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵگرتنی چەك و مۆڵەتپێدان، بەپێی یاساكەو رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ هەركەسێك چەكی بێمۆڵەتی هەبێت یان فرۆشگای چەك و كەرستەی سەربازیی هەبێت و بێمۆڵەت بێت راستەوخۆ دەستی بەسەردادەگیرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێ و سزاش دەدرێت تائاستی سزای زیندانیكردن».

وتیشی:» لەچوارچێوەی یاساكە رێكخستنەوەیەكی باش كراوە، تەنانەت شوێنی فروشگای چەك و كەلوپەلی سەربازی دەگۆڕدرێن و بەشێوەیەكی مۆدێرن لەئایندە دەكرێنەوە، ئەویش دەبێت مۆڵەتیان هەبێت، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەسەر هێڵین كە بەجددی كاربكەن و ئەم دیاردەیە نەبێتە هۆی تێكدانی باری ئەمنی و كۆمەڵایەتی و سیاسی».

تووێژەرانی كۆمەڵایەتی پێیانوایە دیاردەی بنەبڕنەكردنی چەكی بێمۆڵەت و رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن بۆ لاوازی داداگاكان دەگەڕێتەوە.

تووێژەی كۆمەڵایەتی ستار باقی دەڵێت: «بەداخەوە تاكی كوردستان بەهۆی ئەو هەمووە داگیركارییەی بەدرێژایی مێژوو رووبەڕووی بووەتەوە رووی لەدیاردەی چەك كردووەتەوە، دیاردەی بنەبڕنەكردنی چەكی بێمۆڵەت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەدادگاكان لاوازن، جگە لەمەش حكومەت خۆی رۆڵی هەیە لەلاوازكردنی دادگاكان، بۆیە ئەمە وایكردووە چەكی بێمۆڵەت درێژەی هەیە».

ستار باقی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «بەدرێژایی حوكمڕانی كوردی دەسەڵات نەیتوانیوە ببێتە پارێزەری تاكی كوردستان تەنها پاسەوانی و بەرگری لەحزب كردووە، زۆرجاریش رەنگە لەبنەبڕنەكردنی چەكدا حكومەت خۆی هۆكاربێت لەبەر بازرگانیكردن بەچەك، لەبەرئەوەی داهاتێكی خەیاڵی هەیەو هەموو تاكی كوردستان بێئاگان لێی».

ئەگەر كۆمەڵگا لەسەر بنەماكانی مافی مرۆڤ پەروەردە بكرێت و حكومەت تاكەكانی هۆشیار بكاتەوەو باجی زیاتر بخاتەسەر ئەو كەسانەی كەچەكی بێمۆڵەت هەڵدەگرن و سزاكان قورستر بەسەر بكوژەكان بكات، هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی كوشتن و تەقەكردن.

 

رۆژانە زیاتر لە 10 كەیسی تەقەكردن لەدادگاكان دەبیندرێت

یاساناس محەمەد عەبدوڵا بەهاوڵاتی ڕاگەیاند: « كەیسەكان سەبارەت بە رووداوی تەقەكردن جیاوازن و رۆژانە زیاتر لە 10 كەیس دەبیندرێت لەدادگای تاوانی هەولێر، خەڵكی دەوروبەری شاریش زۆرترین رێژەی چەكی بێمۆڵەتیان هەیە، ئەوانەشی دەستگیردەكرێن و پاشان ئازاددەكرێن ئەوە یاساكە پێبژاردنی داناوەو دادگاش سەیری باری دارایی كەسەكە دەكات بەڕێژەیەكی بەرچاو».

وتیشی: دادگا زیاتر سزای ماددی كەسەكە دەدات و  چەكەكەش دەستی بەسەردادەگیرێت، لەم بارودۆخە زۆرترین كەس بەئۆتۆمبێل و چەك تووشی رووداو دەبن و  یاساكەش كەمترین سزا دادەنێت، ئەویش بەپێی ماددەی 24 لەیاسای چەك و هاتوچۆدا».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار