هاوسەرۆکی کەجەکە بۆ سه‌رۆك كۆمار؛ چاوەڕوانییمان لێتان هەیە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوسەرۆکی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت، بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ کێشەکانی عێراق چارەسەرنابن، چونکە وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی دەیانەوێت ئەو حکومەتە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئاڕاستە بکەن، پەیامێکیش ئاراستەی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق دەکات و دەڵێت:”چاوەڕێین ڕۆڵێکی ئەرێنیی بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و باشووری کوردستان و تەنگەژەکانی عێراق”.

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی مەدیا هابەر، ئاماژەی بە دۆخی عێراق کرد و وتی:”ماوەیەکی زۆرە لە عێراق گێژاوێک دروست بووە، سیستمی دەوڵەت-نەتەوە و سیستمی دەوڵەتی پێنج هەزار ساڵە هەڵوەشایەوە. لە ژێر ئەم هەڵوەشاندنەوە و داڕمانەدا، گێژاوێکی گەورە دەرکەوت و هەر کەسێک دێت ناتوانێت بەڕێوبەرایەتییەکی ڕێکوپێک دابمەزرێنێت، ئەمە بارودۆخێکی نوێ نییە، دەسەڵاتداران لە دەرەوە بەڕێوەدەبرێن، یان دادەنرێن، زۆر هێز لێرە شەڕی هەژموونی خۆیان بەڕێوەدەبەن، دەیان ساڵە مەیدانی جەنگی هەژموونی ئێران و ئەمریکایە. ئینگلتەرا، وڵاتانی ئەوروپا، تورکیا و چەندین دەوڵەتی دیکە کار بۆ شێواندنی و ئاڵۆزکردنی عێراق دەکەن”.

لەبارەی سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە عێراق زیاتر قسەیکرد و وتی:”تورکیا بۆ بەرژەوەندیی خۆی تورکمانەکان ڕێکدەخات، بەوەش گێژاوەکە قورستر دەکات، کەرکوک و باشیکی بۆ خۆی کردووەتە بنکە و بارەگا، لە ڕووی سیاسیی، ئابووریی و سەربازییەوە عێراق ئاڵۆز و تێکەڵوپێکەڵ دەکات”.

بەسێ هۆزات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەیامی ئاراستەی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق کرد و وتی:”بەڕێز لەتیف ڕەشید وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا، جارێکیتر پیرۆزبایی لێدەکەین. ئێمە چاوەڕێین کە ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت لە چارەسەرکردنی دیموکراتیانەی کێشەکانی نێوان بەغدا و باشووری کوردستاندا، هەمیش بۆ چارەسەرکردنی قەیران و تەنگەژەکان لە بەغدا، بۆ دیموکراتبوونی عێراق گرنگە کە ڕۆڵێکی ئەرێنیی پەیڕەو بکات، لە بەرامبەر سیاسەتی عوسمانیی نوێ و داگیرکەری دەوڵەتی تورک گرنگە کە دەوڵەتی عێراق هەڵوێستێکی جددیی نیشان بدات”.

لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیشەوە، هاوسەرۆکی کەجەکە وتی:”ڕەنگە حکومەت بە سەرۆکایەتی سودانی پێکبهێنرێت، بەڵام دیارە کە درێژخایەن نابێت، لە عێراق بە پێکهێنانی حکومەت تەنگەژەکان بە خێرایی چارەسەرنابن، ڕەنگە ئاڵۆزییەکان لە بەغدا کەمببنەوە، بەڵام تەنگەژە لە عێراق بەردەوام دەبێت. لەبەر ئەوەی هەمووان دەیانەوێت ئەو حکومەتەی کە پێکدەهێنرێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا ئاڕاستەی بکەن، ئەمریکا، ئێران و تورکیا هەوڵ دەدەن بەرەو لای خۆیانی ڕابکێشن”.

ئاماژەی بە هەڵوێستی موقتەدا سەدریش کرد و وتی:”هەڵوێستی سەدر گرنگە، سەدر بەڕوونیی هەڵوێستی خۆی دەربڕی، وتی ‘ئەوان ناچنە ناو ئەم حکومەتەوە’، سەدریش بە پاڵپشتیی گەل گوشاری جددیی دەخاتە سەر حکومەت، هەر بۆیە بە شێوەیەکی ئارام زوو بە زوو ئەوە پێکنایەت، چارەسەری دۆخی عێراق لە سیستمی دیموکراتدایە، سیستمی عێراق کۆنفیدراڵی دیموکراتە، کە لەسەر بنەمای هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکانە”.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار