خوێندنگە و زانکۆکان بونەتە گۆڕەپانی سەرەکیی دژایەتیی دەسەڵاتی ئێران

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دادگاکانی ئێران سزا بەسەر 471 خۆپیشاندەدا دەسەپێنن ، گەشتیش لە 210 کەس قەدەغە دەکرێت

لە زۆرینەی زانکۆکانی ئێران گردبونەوە و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵات بەڕێوەچو و ئەوەش حکومەتی ناچار کرد خوێندنی ئۆنلاین بەسەر خوێندکاراندا بسەپێنێت و بڕیاریشە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێوڕەسمی بەرفراوان بۆ چلەی مەرگی ژینا بەڕێوبچێت ئەوەش وای لە حکومەت کرد پشوی فەرمی لە خوێندگە و زانکۆکانی ئەو بەشە لە کوردستان راگەیەنێت. سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرای کردوە کە دو ئەندامەیان ئێوارەی سێشەممە بە دەستڕێژی گوللـە لە شاری زاهیدان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران کوژراون.

سەرۆکی دەزگای دادی ئێران لە شاری سنە-ی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای کرد سزا بەسەر 110 خۆپیشاندەری پارێزگاکەدا سەپێنراوە کە ژمارەیەکیان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و هاوکات دادگای شاری قەزوێن رایگەیاند لە هەشت لقی دادگاکانی ئەو شارە بڕیاری سزادانی 55 خۆپیشاندەر دەرچوە.

بە پێی بەیاننامەیەکی دادگای پارێزگای ئەلبورز 201 خۆپیشاندەر سزایان بەسەردا سەپاوە و گەشتکردنیش لە 210 کەسی تۆمەتبار لەو پارێزگایە قەدەغە کراوە. دادگای پارێزگای خوزستان بڵاوی کردوەتەوە 105 دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکان سزایان بەسەردا سەپێنراوە و 213 تۆمەتباری دیکەش چاوەڕێ بڕینەوەی سزان لە لایەن دادگاکانی ئەو پارێزگایە.

لە گردبونەوە و ناڕەزایەتیی رۆژی سێشەممەی زانکۆکان، دروشم دژی دەسەڵات وترایەوە و لە بەرامبەردا خوێندنی باڵا بڕیاریداوە خوێند لە ژمارەیەک زانکۆ و بە تایبەت زانکۆی (شەریف) لەتاران بکات بە ئۆنلاین.

خوێندنی باڵای ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە شەوی سێشەممە بڵاوی کردوەتەوە ئاماژەی بەوە کردوە بەهۆی نەبونی کەشی ئارام و گونجاو بۆ خوێندن، سیستمی خوێندنی ئۆنلاین لە ژمارەیەک زانکۆ بەردەوام دەبێت تا دواتر بڕیار لە گۆڕانکارییەکانی دیکەی شێوازی خوێندن لەو زانکۆیانە دەدرێت.

لە سەرجەم زانکۆکانی تاران ناڕەزایەتی و گردبونە بەڕێوەچو، خوێندکارانی زانکۆی تەربیەت مودەڕیس بە دروشمی کۆماری ئیسلامی روخاوە ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە زانکۆی زانست و هونەری شاری یەزد-یش ناڕەزایەتیی بە سرود و گۆرانی بەڕێوەچو و خوێندکارانیش لە زانکۆی (شەهر کورد) بە دروشمی " هەر کوژراوێک هەزار کەسی لە پشتە " ناڕەزایەتیان دەربڕی. لە زانکۆی تاران بەشی زمان و وێژەی بیانی، خوێندکاران بە گۆرانی و سرود ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە زانکۆی پزیشکی شاری ئەردەبیل هاوشێوەی زانکۆکانی دیکە خوێندکاران دروشمیان وتەوە . خوێندکارانی زانکۆی بەهەشتی لە تاران دروشمی ئازادیان وتەوە و ناڕەزایەتییەکان لەو زانکۆیە بەرفراوان بون و هاوکات هەر لە زانکۆی (ئیمام حسێن)ی ئەو شارە دروشمی دژی دەسەڵات وترایەوە و داوایان کرد هەمو خوێندکاران لە رۆژانی داهاتودا بڕژێنە سەرشەقامەکان. لە زانکۆکای تەربیەت مودەڕیس و پونەک و قودس و زانکۆی خومەینی و زانکۆ ئەلزەهرا-ی تارانی پایتەختیش ناڕەزایەتییەکان بەرفروان بون. لە شاری بابول لە پارێزگای مازندەران لە باکوری ئێران خوێندکارانی زانکۆی پیشەیی(نەوشیروان) گردبونەوەیان کرد و ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە زانکۆی چەمران لە شاری ئەسفەهان و زانکۆکانی شارەکانی ئەهواز و قوم و مەشهەد و تەبرێز و ئەردەبێل و زۆربەی شارکان ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو.

هاوکات لەگەڵ بەڕیوچونی ناڕەزایەتییەکان لە زانکۆکاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە ئەمنییەکان ئابڵٶقەی ژمارەیەک زانکۆیان داوە بۆ ئەوەی خوێندکاران نەڕژێنە شەقامەکان. بە پێی ئەو تۆمار و دیمەنە ڤیدیۆییانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کراونەتەوە خوێندگەکان و زانکۆکان لە رۆژی سێشەممە بەشێویەکی رێکخراو ناڕەزایەتییان دەربڕی بەڵام لە شەقام و کۆڵانەکاندا زیاتر دروشم نوسین دژی دەسەڵات بەدی کراوە.

لە کاتێکدا بڕیارە سبەینی چوارشەممە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رێوڕەسمی چلەی مەرگی ژینا ئەمینی بەڕێوەبچێت خوێندگە و زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانوی بڵاوبونەوەی هەڵامەتی وەرزی دەکرێن بە پشو. وەزارەتی پەروەرەدەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتا و ئەنفلۆنزای وەرزی رۆژی چوارشەممە لە سەرجەم خوێندگەکان و زانکۆکانی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتە پشو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار