لەهەرێم رۆژانە 24 تووشبووی شێرپەنجە تۆماردەكرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
رۆژانە لەنەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی 15 كەس، لەنانەكەلی هەولێر شەش كەس و لەسەنتەری چارەسەری شێرپەنجە لەدهۆك سێ تووشبووی شێرپەنجە تۆماردەكرێن، بەڵام لەهەولێر و دهۆك جگە لەو دوو نەخۆشخانەیە لەنەخۆشخانەی تریش شێرپەنجە تۆماردەكرێن، بۆ نموونە لەساڵی 2021دا لەهەرێمی كوردستان حەوت هەزارو 908 تووشبوو تۆماركراوە، بەم شێوەیە؛ لەهەولێر سێ هەزارو 808 كەس و لەسلێمانی سێ هەزارو 80 كەس و لەدهۆك هەزارو 16 كەس توشبوون.
نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی یەكێك لەگەورەترین سەنتەرەكانی چارەسەری شێرپەنجەیە لەعێراق ئامارەكانیان دەریدەخات، رۆژانە هەزارو 250 بۆ هەزارو 500 كەس بۆ پشكنین و چارەسەر سەردانی دەكەن.
د.محەمەد حەسەن، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاماری نەخۆشخانەی هیوا بەهاوڵاتی راگەیاند:»رۆژانە تێكڕا 15 نەخۆش لەهیوا تۆماردەكرێن كە 75٪ یان خەڵكی پارێزگای سلێمانین، 90%ـی ئەوانەی تووشدەبن بەتەمەنن و 10% منداڵن، زۆرترین جۆری شێرپەنجەش لەگەورە ساڵان شێرپەنجەی مەمك، كۆڵۆن و شێرپەنجەی خوێنە».
وتیشی: «تائێستا لەنەخۆشخانەكە زیاتر لە 33 هەزار تووشبووی شێرپەنجە تۆماركراون، ساڵی رابردوو سێ هەزارو 80 توشبوو تۆماركرا، ئەمساڵیش تاوەكو ئێستا نزیكەی دوو هەزار و 500 تووشبووی نوێ تۆماركراون، منداڵان زیاتر تووشی شێرپەنجەی خوێن دەبن، بەڵام زۆرترین ئەوانەی تووشی شێرپەنجە دەبن 90٪ گەورە ساڵانن، هەندێك كێشەی دەرمان لەنەخۆشخانەی هیوا چارەسەركراون و هەندێكی دیكەش هێشتا ماون».
هاوكات د.ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆك بەهاوڵاتی وت:» بەشێكی زۆری ئەو نەخۆشانەی سەردانی ناوەندە پزیشكییەكان دەكەن و تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، تووشی شێرپەنجەی مەمك و شێرپەنجەی خوێن بوون، 40 بۆ 45٪ی نەخۆشانی شێرپەنجە لەپارێزگای دهۆك لەجۆری شێرپەنجەی مەمكن».
راشیگەیاند: «لەدهۆك دوو ناوەند بۆ پشكنین و چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە هەیە، كەئەوانیش ناوەندێك لەنەخۆشخانەی ئازادی كە 75 قەرەوێڵەیە، هەروەك سەنتەری شێرپەنجەی منداڵان و نەخۆشانی تالاسیما لەپارێزگای دهۆك».
هەر سەبارەت بەئاماری نەخۆشی شێرپەنجە لەهەرێمی كوردستان، كرمانج محەممەد، بەڕێوەبەری كارگێڕیی نەخۆشخانەی نانەكەلی لەهەولێر لەلێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» تاوەكو ئێستا تووشبوون بەشێرپەنجە لەهەولێر ستانداردی جیهانی تێپەڕنەكردووەو رۆژانە تێكڕا لەنەخۆشخانەكە پێنج بۆ شەش تووشبووی نوێ تۆماردەكرێت، بەڵام لەسەنتەرو نەخۆشخانەی دیكەش لەهەولێر شێرپەنجە تۆمار دەكرێت».
ئاماری شێرپەنجە لەهەرێمی كوردستان
ساڵی 2020، شەش هەزارو 293 تووشبوو تۆماركراوە
هەولێر؛ سێ هەزارو 50 تووشبوو تۆماركراوە.
سلێمانی؛ دوو هەزارو 543 تووشبوو تۆماركراوە.
دهۆك؛ 700 تووشبوو تۆماركراوە.
ساڵی 2021، حەوت هەزارو 908 تووشبوو تۆماركراوە.
هەولێر؛ سێ هەزارو 808 تووشبوو تۆماركراوە.
سلێمانی؛ سێ هەزارو 80 تووشبوو تۆماركراوە.
دهۆك؛ هەزارو 16 تووشبوو تۆماركراوە.