توركیا چەكی قەدەغەكراو لەهەرێمی كوردستان بەكاردەهێنێت
یەكێتیی پزیشكانی نێودەوڵەتی: توركیا چەكی كیمیایی بەكارهێناوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو بەتایبەتی چەكی كیمیایی لەلایەن توركیاوە، پرسێكە زۆر لایەن و رێكخراوی نێودەوڵەتی جەختی لەسەر دەكەنەوە، هەفتەی رابردوو ناوەندی پاراستنی گەل، ناسنامەی 17 گەریلای بڵاوكردەوەو دەڵێت بەچەكی كیمیایی توركیا گیانیان لەدەستداوە، رێكخراوی نێودەوڵەتی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی لەم پرسە ئاگاداردەكرێتەوە، هەروەها رێكخراوی هاوڵاتیIPPNW) بۆ بەدواداچوون دێتە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتداران رێگری دەكەن بچێە ئەو ناوچانەی ئاماژەی بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراویان لێدەكرێت، بەڵام ئەوان بەپێی ئەو بەڵگانەی كۆیانكردووەتەوە دەڵێن: توركیا چەكی كیمیایی لەسنوری هەرێمی كوردستان بەكارهێناوە، بەڵام وەزیری بەرگری توركیا رەتیدەكاتەوە چەكی كیمیاییان بەكارهێنابێت.
یەكێتی پزیشكانی نێودەوڵەتی دژی شەڕی ئەتۆمی هاوڵاتیIPPNW) سەبارەت بەبەڵگەی بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دژی پەكەكە، لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵا دێنە هەرێمی كوردستان، لەڕۆژانی 20-27ی ئەو مانگە كۆمەڵێك دیدارو چاوپێكەوتن ئەنجامدەدەن و بەڵگەو زانیاریی كۆدەكەنەوەو دواتر لەڕاپۆرتێكدا بڵاویدەكەنەوە.
ئەندامی هاوڵاتیIPPNW) دكتۆر ژان ڤان ئاكین رایگەیاند: «ئێمە ویستمان بچینە گوندێكی ناوچەی كانی ماسی سەر بەقەزای ئامێدی لەدهۆك، بۆ ئەوەی چاومان بەزیانلێكەوتووانی هێرشەكە بكەوێت و نموونەكان وەربگرن، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان رێگەینەدا ئێمە بچینە ناوچەكە، بۆیە لەسەر بنەمای ئەو دیمەن و بەڵگانەی كۆمانكردەوە لەڕێگەی پەرلەمانتارانی كوردستان و بەغدادو رێكخراوە مەدەنییەكان لێكۆڵینەوەمان كرد».
ئەو ئەندامەی یەكێتی پزیشكانی نێودەوڵەتی دژی شەڕی ئەتۆمی، كەقسەی بۆ چرا تیڤی كردووە، سەبارەت بەڕێگریكردنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەولێرەوە دەڵێت: «كە ئەگەر بسەلمێنرێت كە چەكی كیمیایی بەكارهێنراون، ئەمە دەبێتە ئابڕوچوونێك لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی، بەبڕوای من ئیدارەو بەڕێوەبەری هەولێر ئەمەی نەئەویست، ئەمە تێڕوانین و خوێندنەوەی منە».
دكتۆر ژان ڤان ئاكین ئاشكرایكرد:»بەگوێرەی دیمەنەكان و ئەو كەسانەی قسەیان لەگەڵداكردوون، دەتوانرێت بڵێیت كەئاماژەی بەهێز هەیە چەكی كیمیایی بەكارهێنراون و هەر لەبەرئەوەش پێویستە لیژنەیەكی سەربەخۆی نێونەتەوەیی لەناوچەكە لێكۆڵینەوە بكات».
عێراق و چەكی كیمیایی توركیا
لەمانگی ئایاری 2021دا رۆژنامەی هاوڵاتیمۆرنینگ ستار)ی بەریتانی، راپۆرتێكی سەبارەت بەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن توركیاوە بڵاوكردووەتەوە و لەگەڵیدا وێنەی چەند گەریلایەكی پەكەكەی داناوە، كە بەدەست رۆژنامەكە گەیشتووەو دەردەكەوێت گەریلاكان بەكاریگەریی چەكی كیمیایی گیانیان لەدەستداوە.
رۆژنامە بەریتانییەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: ئەو دیمەنانەی لەوێنەكاندا دیارن، ناوچەی ئاڤاشینە لەسنوری پارێزگای دهۆك، گەریلاكان لە 3ی ئایاردا بەهێرشی كیمیایی توركیا گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها پەرلەمانتارێكی عێراق رۆژی 23ی تەمموزی ئەمساڵا لەناو پەرلەمانی عێراق چەند وێنەو بەڵگەنامەیەكی بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوی توركیای خستەڕوو كە لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدراون.
سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند: لەكۆبوونەوەی پەرلەمان راپۆرتێكی 50 لاپەڕەیی دراوە بەوەزارەتی دەرەوە كەباس لەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی قەدەغەكراو دەكات لەهەرێمی كوردستان و هاوكات راپۆرتێكی وردەكاریی پێشكەشی وەزیری بەرگری كردووە لەسەر پەلامارو دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان.
رۆژی 18ی ئەم مانگە ناوەندی پاراستنی گەل، ناسنامەی 17 گەریلای بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد، لەئەنجامی هێرشی كیمیایی سوپای توركیادا گیانیان لەدەستداوە.
هەر لەسەر بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن توركیاوە دژی گەریلا، كەجەدەكەی ئەوروپا نامەیەكی فەرمی ئاراستەی فێرناندۆ ئاریاس، بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی كردو لەدەستپێكی نامەكەدا دەڵێت: “بێدەنگی خۆت بشكێنە - لێكۆڵینەوە بكەو بەكارهێنانی چەكی كیمیایی توركیا بوەستێنە”، هاوكات ئاماژەی بە راگەیەنراوێكی هێزەكانی پاراستنی گەل - هەپەگە كردووە لەبارەی كوژرانی ١٧ شەڕڤانی خۆی لەعێراق لەهێرشێكی چەكی كیمیایی سوپای توركیادا.
رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی رێكخراوێكی نێودەوڵەتییەو بارەگاكەی لەشاری لاهای هۆڵەندایە، رێكخراوەكە ساڵی 1997 بەمەبەستی چاودێری جێبەجێكردنی رێككەوتنی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی دروستكراوەو ئەنجومەنی جێبەجێكردنی هاوڵاتیOPCW) لە 41 دەوڵەت پێكهاتووە، ئەندامیەتی هەر دەوڵەتێكیش بۆ ماوەی دوو ساڵە، عێراقیش بۆ ماوەی دوو ساڵا بووەتە ئەندامی ئەو رێكخراوە.
هەروەها د.ژان ڤان ئاكین یەكێتی پزیشكانی نێودەوڵەتی دژی شەڕی ئەتۆمی دەڵێت: رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە بكات، دەبێت دەوڵەتێكی ئەندام داواكاری پێشكەش بكات، هەربۆیە ئەگەر حكومەتی عێراق گوشار بكات، ئەوا هاوڵاتیOPCW) ناچار دەبێت لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكات.
ساڵێك لەمەوبەر خلوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا لەپەرلەمانی وڵاتەكەی دانی بەوەدانا كە لەئۆپراسیۆنی سەربازیدا لەچیای گارە گازی فرمێسكڕێژو سووتاندنەوەی چاویان بەكارهێناوە.
بەڵام خلوسی ئاكار لە ۆژی 22ی ئەم مانگە رەتیكردەوە سوپای توركیا چەكی كیمیایی بەكارهێنابێت، زیاتر لەوەش وتی: «ئەوانەی ئەو دەنگۆیانە بڵاودەكەنەوە دەدرێنە دادگا».
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان - هەدەپە لەبارەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن سوپای توركیاوە لەدژی پەكەكە رایگەیاند: بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دژی مرۆڤ، تاوانەو پێویستە لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت.
لەبارەی هەواڵی كوژرانی 17 گەریلا لەهێرشی سوپای توركیا كە پەكەكە دەڵێت بەچەكی كیمیایی كوژراون، دەمیرتاش داوایكرد لیژنەیەكی نێودەوڵەتی سەردانی شوێنی رووداوەكە بكات و لێكۆڵینەوە بۆ ئاشكرابوونی راستییەكان بكرێت.
وتیشی: پێویستە پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنی توركیا كاردانەوەیان بەرامبەر بەو تاوانە هەبێت و ئەگەر بێدەنگ بن، بەواتای بەشداربوونی ئەوانیشە لەو تاوانەدا.
هەر سەبارەت بەبەكارهێنانی چەی قەدەغەكراو لەلایەن توركیاوە، رۆژی 18ی شوباتی 2018، ئەنجومەنی تەندروستی كانتۆنی عەفرین لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم نەخۆشخانەی عەفرین، ئەنجامی پشكینە پزیشكییەكانی لەبارەی بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو لەلایەن سوپای توركیاوە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی شارەكە ئاشكراكرد، دكتۆر خەلیل سەبری وتەبێژی ئەنجومەنی تەندروستیی كانتۆنی عەفرین رایگەیاند: لێكۆڵینەوەمان لەسەر ئەو هاووڵاتیانە كردووە كە بەهۆی بەكارهێنانی گازی ژەهراوی لەلایەن توركیاوە لەگوندی ئەرەندی سەر بەشارۆچكەی شییە لەعەفرین برینداربوون، بەپێی ئەو پشكنینانەی پزیشكە پسپۆڕەكانمان لەتاقیگەی نەخۆشخانەی عەفرین ئەنجامیانداوە ئەوەیان بۆ ئاشكرابووە كە كاریگەری مادەی كیمیایی لەسەر جەستەی ئەو بریندارانە هەبووەو ئەو گازەشی بەكارهێنراوە كلۆر بووە.
هاوكات ساڵی رابردوو پارتی چەپی ئەڵمانی دۆسیەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن سوپای توركیاوە دژی پەكەكە، بردە ئەنجومەنی فیدراڵی ئەڵمانیاو رایگەیاند: ئەو دیمەنانەی بڵاوكراونەتەوە نیشانیدەدەن كەسوپای توركیا چەكی كیمیایی بەكاردەهێنێت و داواشیكرد كەسانی پسپۆڕ لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە بكەن.