كەرتی تەندروستی گەرمیان بەدەست چەندین گرفتەوە بیمارە
دوو ملیار دیناری دەرمان قەرزارەو كارمەندی بۆ دانامەزرێنن
2 ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
كەرتی تەندروستی گەرمیان رووبەڕووی چەندین كەموكورتی و گرفت بووەتەوەو گەیشتووەتە ئاستێك خێرخوازان پێداویستی نەخۆشخانەكان دابیندەكەن، كەمی دەرمان و نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی و كەمی پزیشك گرفتە سەرەكیەكانن، چالاكوانانی سنورەكەش دەڵێن بەهۆی كەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدارو زیادبوونی نەخۆشخانەی تایبەت وایكردووە نەخۆشخانە گشتییەكان پەكیان بكەوێ.
تەندروستی گەرمیان بێجگە لەگرفتی كەمی دەرمان و كەمی كارمەند، رووبەڕووی گرفتی دارایی بووەتەوە و زیاتر لەدوو ملیار دینار قەرزداری كۆمپانیاكانی دەرمانەو لەئێستاشدا بڕە پارەی خواردنی كامەندەكانیشی راگیراوە.
گۆران محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێرەی نەقیب باس لەگرفت و كەموكورتیەكانی نەخۆشخانەكەیان بۆ هاوڵاتی كردو وتی:» لەئێستادا كێشەی كەمی بڕی پارەی خەرجكراومان هەیە بۆ پێداویستیەكانی نەخۆشخانەكە وەك دەرمان و پێداویستی پزیشكی، جگەلەوەش گرفتی ترمان هەیە وەك خەرجنەكردنی پارەی نانخواردنی كارمەندەكانمان ئەمەش بووەتەهۆی دروستبوونی چەندین گرفت، كارمەند دەبێت بڕواتە دەرەوە بۆ نانخواردن، لەنەخۆشخانەكەی ئێمەدا كەنەخۆشخانەی منداڵبوونە گەر حاڵەتێكی لەناكاو هەبێت گرفتمان بۆ دروستدەكات.
وتیشی:»چەندین چەكی دەرمانمان هەیە بۆمان خەرجناكرێت لەبانكەكان، نەخۆشخانەكەمان كێشەی كەمی پزیشكی بێهۆشكارو پزیشكی موقیمان هەیە، ئەوە جگە لەكەمی كارمەندی ئافرەت، هەروەها پێداوستی پزیشكی لەنەخۆشخانەكەمان زۆر كەمبووەتەوەو رۆژانە هەندێ پشكنین ئەنجام نادەین بۆ نەخۆش بەهۆی كەمی دەرمانەوە، بێگومان هەموو ئەمانە گرفتی بۆ هاووڵاتیان دروستكردووەو وایكردووە خەڵك ناچاربێت رووبكاتە نەخۆشخانە تایبەتەكان».
ئاراز محەمەد، چالاكی مەدەنی بۆ هاوڵاتی دوواو وتی:» كەرتی تەندروستی گەرمیان بەهەموو شێوەیەك پشتگوێخراوە، لەكاتێكدا باس لەكەمی دەرمان دەكرێت لەنەخۆشخانە گشتییەكاندا، بەڵام لەدەرەوەو لەنەخۆشخانە تایبەتیەكاندا دەستدەكەوێت و ئەمە بەبازرگانیكردنی كەرتی تەندروستییە، زۆربوونی نەخۆشخانە تایبەتیەكان بەبەرنامەكراوەو خەڵكی دەستڕۆیشتوو لەپشتیەوە هەیەو كار بۆ پەككەوتنی نەخۆشخانە گشتییەكان دەكرێت بەهەموو شێوەیەك».
وتیشی:» بەهۆی كەمتەرخەمی و لاوازی بەرپرسانی تەندروستی گەرمیانەوەیە كەڕووبەڕووی ئەم گرفتانە دەبێتەوە، گەر پێیان چارەسەرناكرێت دەستلەكاربكێشنەوە چونكە تائێستا ئێمە كێشەی كەمی دكتۆری باشمان هەیە كەنەتوانراوە ئەو دكتۆرانە رازیبكرێن لەگەرمیان ببمێننەوەو خزمەت بكەن».
عەباس عەزیز، جگێری بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان سەبارەت بەگرفتی تەندروستی لەسنورەكە بەهاوڵاتی راگەیاند:» هۆكاری كەمی دەرمان دەگەڕێتەوە بۆ بودجەی تەندروستی كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە زۆر كەمكراوەتەوە، ئەو بڕە بوجەیە بەشی پێداویستیەكانی تەندروستی گەرمیان ناكات و لەئێستاشدا بەس بڕی پارەی قەرزی دەرمان زیاتر لەدوو ملیار دەبێت بێجگە لەپارەی خواردن و چاكکردنی پێداویستیەكانی دیكە».
سەبارەت بە كێشەی كەمی كارمەند دەڵێت:» لەساڵی 2010وە كارمەندمان بۆ دانەمەزراوەو پێویستیەكی زۆرمان بەكارمەند هەیە، ئێمە كارئاسانی بۆ پزیشكی پسپۆر دەكەین بێن كاربكەن، سەبارەت بەكێشەی دەرمانیش دەرمانی نەخۆشخانەكان و دەرمانخانەكان لەژێر كۆنترۆڵی ئێمەدایەو گرفتی نیە، كەرتی گشتی لەتوانایدانیە هەموو شتێك دابین بكات بۆ هاووڵاتیان».
هاوكات ئەیاد محەمەد چالاكی مەدەنی دەڵێت:» لەگەرمیاندا هەوڵ بۆ ئەوە دەدرێت كەكەرتی گشتی پەكی بكەوێ و بێڕۆڵ بكرێت ئەمەش خەڵكی لەپشتەوەیە، بۆیە پزیشك نایەن لێرە دەوام بكەن ».
ئەیاد محەمەد بە هاوڵاتی وت: « كەرتی تەندروستی گەرمیان مەترسی ئەوەی لێدەكرێت كە بەتەوای پەكیبكەوێ و خێرخواز پێداویستیەكانی بۆ دەكڕێت و رووبەڕووی چەندین گرفتی دارایی و كەمی كارمەندو كەمی دەرمان بووەتەوە، هەموو ئەمانە وایكردووە خەڵكی هەژار باجەكەی بدات ».