تۆمەتبارانی سووتانی دارەكانی چیای گۆیژە دەدرێنە دادگا
سەرۆكی پارتی سەوز: چیای گۆیژە تەنها 4 ژینگە پارێزی هەیە
2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
بۆ جاری دووەم و بەڕووبەری 40 دۆنم لەسەر ئەركی چەند رێكخراوێك چیای گۆیژە لەسلێمانی سەوزپۆش دەكرێت، لەسەر دۆسیەی سوتانی دارەكانی چیاكەش كە ساڵی رابردوو ڕوویدا رێكخراوێكی ژینگە پارێزی سكاڵای تۆماركردووە.
زیاتر لەدوو ساڵە چەند جارێك ئاگر لەچیای گۆیژە لەشاری سلێمانی كەوتووەتەوە و زیانیكی زۆری بە دارو درەختەكانی گەیاندووە، بەپێی زانیارییەكان بە روبەری زیاتر لە 200 بۆ 300 دۆنم دار سووتاون كەبەشێكی زۆر لەو دارانە تەمەنیان زیاتر بووە لە 50 ساڵ، لەسەر دۆسیەی سوتانەكەشی سكاڵا تۆماركراوە و چەند كەسێكیش دەستگیركراون، بۆ قەرەبووكردنەوەی سوتانەكەشی لەسەر ئەركی رێكخراوی (ئەی ئای سی ئێس)ی ئیتاڵی هەردوو رێكخراوی ( سی دی ئۆ) و (سی ئی سی ڤی ئای) بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی سلێمانی، كار لەسەر سەوزكردنی بەشێكی شاخی گۆیژە دەكەن بەرووبەری 40 دۆنم كە نزیكەی هەشت هەزار نەمامی تێدا دەڕوێندرێت و ئەمە دووەمین هەڵمەتی سەوزكردنی شاخی گۆیژەیە و ساڵی 2020یش 22هەزار نەمام لە 200 دۆنمی چیای گۆیژەدا روێندرا.
ملكۆ بازیانی سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ساڵانە لەپاش مانگی 11وە تا مانگی سێ هەڵمەتی نەمام چاندن لەپاریزگای سلێمانی هەیە، بەتایبەیت شاخی گۆیژە و ئێمەش ساڵانە لەپاش مانگی 12وە بەهەزاران نەمام لەگۆیژە دەچێنین بەمەبەستنی دووبارە سەوزكردنەوەی شاخی گۆیژە". سەبارەت بەسوتانی دارەكانی چیای گۆیژە ملكۆ بازیانی دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ سوتانی چیای گۆیژە لای داواكاری گشتی سكاڵامان تۆماركرد و داوامان كرد هەركەسێك لەپشت ئەم كارەوەبێت سزای یاسایی خۆی وەربگرێت، لەئێستادا سكاڵاكە جوڵاوە و چووەتە دادگای لێكۆڵینەوەی چوارو دوو هاوڵاتی لەسەری گیراون و تائێستا لەقۆناغی لێكۆڵینەوەدان".
وتیشی:" ئێمە پێمان وایە كردنەوەی هەر ئاگرێك لەناو دارستانەكان دەستێكی ئەنقەستە و كەگۆیژە سوتا بەلایەنی پەیوەندیدارمان وت ئەمە دەستە چونكە پێمان وابوو لەدامێنی گۆیژەوە سوتابوو نەك لەسەرەوە ئاگر كەوتبێتەوە". "بێگومان لایەنی پەیوەندیدار كەمتەرخەم بووە بەرامبەر دارستانەكان و چیای گۆیژە چونكە چیای گۆیژە چوار كرێكاری ژینگە پارێزی هەیە و رەنگە چوار پۆلیسی دارستان و ژینگەشی هەبێت، ئەو دارستانە بەچوار پۆلیس و ژینگەپارێز ناپارێزرێت و دەبێت ژمارەی پۆلیسی دارستان و كرێكاری ژینگە بۆ ئەو دارستانە زیادبكرێت". ملكۆ بازیانی وای وت.
پێشتر قایمقامییەتی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدابوو لەگەڵ نوێنەری هەردوو رێكخراوی ( سی دی ئۆ) و (سی ئی سی ڤی ئای)كۆبووەتەوە و باسیان لە میكانیزم و دیاریكردنی شوێنی چاندنی نەمامەكان و چۆنیەتی جێبەجێكردنی پرۆژەی (سەوزكرنی شاخی گۆیژە لەسەر رووبەری 40 دۆنم زەوی) كردووە. ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لەكۆبوونەوەكەدا باسی لەوەكردبوو رووكاری شاخی گۆیژە بەڕووی سلێمانیدا نزیكەی دوو هەزار دۆنم سەوزكراوەو هێشتا ڕووبەرێكی زۆری ماوە كە پێویستی بە سەوزكردن هەیە.
هاوكات، بەختیار ئەحمەد بەڕێوەبەری رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت (سی دی ئۆ) لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" پاش ئەو هەڵمەتەی دووسال لەمەوبەر بۆ سەوزكردنی چیای گۆیژە ئەنجامماندا، لەگەڵ رێكخراوێكی ئیتاڵی قسەمان كرد كە بەشێكی زۆری چیار گۆیژە ماوە سەزپۆشبكرێت و ئەوانیش 40 دۆنمی دیكە سەوز دەكەن".
وتیشی:" سەوزكردنەكە ساڵێك دەخایەنێت و لە 10ی ئۆكتۆبەرەوە دەستیپێكردووە و بۆ ماوەی یەك ساڵ بەردەوام دەبێت، ئەو دارانەی لەهەڵمەتی پێشوودا نێژراون بەشێكیان بوونەتە داری ئاسایی چونكە زیاتر لەدوو ساڵە خزمەت دەكرێن".
سەبارەت بە ئاودانی نەمامەكان بەختیار ئەحمەد وتی:" تائێستا لەسەر ئەركی خۆمان ئاویان بۆ دەكڕین و تەنكی گەورەمان دابینكردووە و سیستەمی ئاودێریمان هەیە، لەوەرزی هاویندا مانگی چوار جار ئاویان دەدەین و لەپایزدا تا ئەو كاتەی باران بارین دەستپێدەكات مانگی دوو تا سێجار ئاویان دەدەین و لەو شوێنەشدا 10 خالی ئاگركوژێنەرەوەمان داناوە."
بەوتەی بەڕێوەبەری رێكخراوی (سی دی ئۆ) لەهەڵمەتی پێشوودا نزیكەی 20 جۆر دار روێندراوە كەحەوت جۆریان سنەوبەر بوون لەگەڵ زەیتوون و بەڕوو و مازوو و چوالە(بادەم) وژاڵە و گۆیژ. " بۆ ئەم هەڵمەتەش پلانمان وایە چەند جۆرێك بن و زیاتر تەركیز دەخەینە سەر ئەوانەی لەهەڵمەتی پێشوودا سەركەوتوو بوون كە چوالە(بادەم) و زەیتوون و ژاڵەن". بەختیار ئەحمەد وای وت.
بەوتەی لایەنە پەیوەندیدارەكان و بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی، رێژەی سەوزایی لەپارێزگای سلێمانی 18.6%، و لەچیای گۆیژەش نزیكەی 500 هەزار دارو نەمام هەیە