لە ساڵێکدا چوار هەزار و 200 پاسپۆرتی دیپلۆماسی بۆ بەرپرسەکان دەرکراوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
زیاتر لە چوارهەزار پاسپۆرتی دیپلۆماسی دراوە بە بەرپرسان کە دەتوانن بێ فیزا پێی سەردانی ژمارەیەک وڵات بکەن
مەجید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پاسپۆرت لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە میدیاکانی راگەیاندووە، "لە رێکەوتی یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 تا یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی 2022، چوار هەزار و 200 پاسپۆرتی دیپلۆسیمان دەرکردووە."
پاسپۆرتی دیپلۆماسی بە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانی بەغدا و هەولێر، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانتارانی کوردستان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
هەڵگرانی ئەو پاسپۆرتە دەتوانن بە بێ وەرگرتنی ڤیزە سەردانی وڵاتانی کوێت، تورکیا، ئێران، سوریا، ئوردن، تونس، کوالالامپور، ئازەربایجان، چین، ڤەنزوێلا، سربیا و ڤێتنام بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، پاسپۆرتی خزمەتگوزاری دەدرێتە ئەفسەرەکانی سوپای عێراق و خاوەن پلەی عەقید لە هێزەکانی ناوخۆ و بەرزتر.
باسی لەوەشکرد، بەرێوبەرایەتییەکانی پاسپۆرت مانگانە ١٠٠ بۆ ١٢٠ هەزار پاسپۆرتی ئاسایی بۆ هاوڵاتیان دروست دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدا لە مانگی تەمموزی رابردوو زیاتر لە ١٨٣ هەزار پاسپۆرت لە بەرێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرت دروستکراوە.
مەجید ئەحمەد وتیشی "پاسپۆرتی عێراقی لە ریزبەندی ١٠٩ی باشترین پاسپۆرتەکانی جیهانە و رێگە بە هەڵگرانی دەدات گەشت بۆ ٢٩ وڵات بکەن بەبێ مۆری ڤیزا."