بەغداد بودجەی شەنگال خەرج ناكات

2 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

زیاتر لەهەشت ساڵە بودجەی قەزای شەنگال و دەوروبەری بەتەواوی خەرج نەكراوەو هێشتا سیمای شەری داعش بەقەزاكەوە دیارە، هاوكات كێشەی دوو ئیدارەیی و بوونی چەندین هێزی چەكدار لەسنورەكە بەهەڵواسراوی ماونەتەوە، شەنگال دوو قایمقامی هەیە، قایمقامێك لەناوەندی قەزاكە دەوام دەكات و قایمقامێكیش لەدەرەوەی قەزاكەو لەپارێزگای دهۆك دەوام دەكات. 

فەهد حامد قایمقامی قەزای شەنگال بەوەكالەت كە لەناوەندی قەزاكە دەوام دەكات بەهاوڵاتی راگەیاند: «لەدوای 2017 تاوەكو ئێستا بودجەی قەزای شەنگال بەڕێژەیەكی زۆركەم خەرجكراوە لەوانەیە لەنێوان 15 بۆ 20%ی بودجەی قەزاكە بێت، نۆژەنكردنەوەی مەزارگا ئایینیەكان و خوێندنگاكان و دامودەزگاكانی حكومەت سەرووی 85% لەلایەن رێكخراوەكان پارەیان بۆ خەرجكراوە، حكومەت تەنها چەند شەقامێكی قیرتاوكردووە لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی چەند فەرمانگایەك و دابینكردنی بڕێك پارە بۆ شارەوانی شەنگال و ناحیەی سنونێ ئیتر هیچی نەكردووە».

وتیشی:»خەرجنەكردنی بودجەی تەواوەتی قەزاكە پەیوەستە بەچارەسەرنەكردنی كێشە سیاسییەكان لەنێوان بەغداو و هەرێم، هەموو ئەو ناوچانەی كەداعش وێران و خاپوری كردبوو نۆژەنكرانەوە تەنها شەنگال ماوە، هێشتا یەك خانووی سەنتەری شار نۆژەن نەكراوەتەوەو دیمەنەكانی هەروەكو ساڵانی سەردەمی داعشە، هەر ئەمەش وایكردووە كەئاوارەكان نەگەڕێنەوە زێدی خۆیان كەبەداخەوە تائێستا سەرووی 70%ی خەڵكی شەنگال لەهەرێمی كوردستان دەژین».

هاوكات رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری كارگێڕی بەهاوڵاتی وت:»بودجەی شەنگال لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان خەرجدەكرێت كەئەمەش گەورەترین ستەمە بەرامبەر خەڵكی شەنگال دەكرێت، چونكە پەرلەمانی عیراق بەكۆی دەنگ شەنگالی وەكو ناوچەیەكی وێران و خاپوركراو ناساندووەو پێویستە لەسەر ئەو بنەمایە پارەی بۆ خەرجبكرێت تاوەكو تەواوی ناوچەكە نوژەن بكرێتەوە، نزیكەی دوو ساڵە بودجەی عیراق پەسەندنەكراوەو پارساڵیش بودجەی گەشەپێدان بۆ شەنگال خەرج نەكرا، پێش ساڵێك حكومەتی عێراق بڕیاریدا بە دابینكردنی بڕی 28 ملیار دینار بۆ ئاوەدانكردنەوی شەنگال، بەڵام هێشتا پارەكە خەرجنەكراوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری لیژنەی ئاوەدانكردنەوەی نەینەوا، بەردەوام داوامان لەبەغدا كردووە كەبڕە پارەیەكی گونجاو بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال خەرجبكرێت بەڵام تائێستا شتێكی وا نەكراوە».

نایف سەیدۆ، كەوەكو قایمقامی قەزای شەنگال لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دانراوەو لەئێستادا لەپارێزگای دهۆك دەوامدەكات، بەقسەی خۆی ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بەفەرمی مامەڵە لەگەڵ ئەو دەكات و هیچ پەیوەندییان بەو ئیدارەیە نیە كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە دروستبووە، سەبارەت بەگرفتەكانی قەزاكە بەهاوڵاتی راگەیاند:»ناتوانین بڵێین بودجەی شەنگال ساڵانە خەرج ناكرێت، خەرجدەكرێت بەڵام بەپێی ویست و داواكاری ئێمە نیە، ساڵانە بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بەقەزای شەنگال پلانی خۆیان پێشكەش بەئیدارەی نەینەوا دەكەن، دواتر بەپێی ئەو پلانە پارەیان بۆ خەرجدەكرێت، بەڵام پێویستە لەدەرەوەی ئەم بڕە پارەیە پارەیەكی زیاد بۆ قەزاكە خەرج بكرێت تاوەك، نۆژەنبكرێتەوە»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار