خۆپیشاندانه‌كانی ئێران 45 رۆژی تێپه‌راند

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی


له‌ زۆربه‌ی زانكۆكانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و شاره‌كانی ناڕه‌زایه‌تی و گردبوه‌نه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو و بڕیاره‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریی به‌ڕێوه‌بچێت و به‌ پێی دوایین ئامار تا ئێستا 283 كه‌س له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا كوژراون.

رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ مانگرتن ده‌ستیپێكرده‌وه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ مانگرتن له‌ شاری شنۆ و روانسه‌ر ده‌ستیپێكرد و دوكان و بازاڕه‌كان نه‌كراونه‌وه‌ و هاوكات كچانی خوێندكار له‌ مه‌ریوان رژانه‌ شه‌قامه‌كان و دروشمیان دژی ده‌سه‌ڵاتی ئێران وته‌وه‌.

به‌ به‌شداریی خه‌ڵكێكی زۆر، ته‌رمی كۆمار ئه‌و لاوه‌ 16 ساڵه‌یه‌ی كه‌ شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ به‌ ته‌قه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران له‌ پیرانشار گیانی له‌ده‌ست دا، له‌ گوندی زێوكه‌ به‌خاك سپێردرا و به‌شداربوانیش دروشمی "مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر"یان وته‌وه‌.

باوكی كۆمار له‌كاتی به‌خاكسپاردنی رۆڵه‌كه‌یدا؛ وتی جه‌رگ سوتان ئاسان نییه‌ من كوڕه‌كه‌م له‌ 25 گه‌لاوێژ له‌دایكبو بۆیه‌ ناوم نا كۆمار، ئه‌و بێتاوان بو شانازیی ده‌كه‌م كه‌ بۆ خاك و وڵاتی خۆی شه‌هیدبوو ئه‌گه‌رچی ژانی ئه‌و مه‌رگه‌ ئاسان نییه‌.

وتیشی: نابێت خه‌ڵك و وڵاتی خۆمان بفڕۆشین و سیخوڕیی بۆ ده‌سه‌ڵات بكه‌ین چونكه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی كوشتنی هه‌موان ده‌دات.

هاوكات له‌شاری سنه‌ جه‌ماوه‌رێكی زۆر به‌شدارییان كرد له‌ به‌خاكسپاردنی ته‌رمی سارینا ساعدی ته‌مه‌ن 16 ساڵ كرد كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردودا برینداركرا و دوای مانه‌وه‌ی چه‌ند رۆژ له‌ نه‌خۆشانه‌ی ته‌وحید له‌ سنه‌ گیانی له‌ده‌ستدابوو پزیشكی دادی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێران رایگه‌یاندبو كه‌ مه‌رگی سارینا په‌یوه‌ندیی به‌ خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ نه‌بوه‌ و به‌هۆی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

خوێنداكارانی زانكۆكانی سنه‌ گردبونه‌وه‌یان ئه‌نجام دا و خوێندكارانی ئه‌و زانكۆیانه‌ دروشمیان دژی ده‌سه‌ڵاتی ئێران وته‌وه‌.

شه‌وی دووشه‌ممه‌ له‌ شاری سه‌رده‌شت خۆپیشانداو ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ستی پێكرده‌وه‌ و گه‌نجانی شاره‌كه‌ رێگا سه‌ره‌كییه‌كانیان كۆنتڕۆڵ كرده‌وه‌.

له‌ كامیاران له‌چوارچێوه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا ژماره‌یه‌ك كامێرای چاودێریی شاره‌كه‌ سوتێنران.

ناوه‌ندی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مڕۆڤ بڵاوی كرده‌وه‌ زیاتر له‌ 20 كه‌س له‌ شاری قه‌سری شیرین له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون و چاره‌نوسیان نادیاره‌.


ناڕه‌زایه‌تیی له‌ زانكۆكانی ئێران
له‌ زانكۆ به‌هه‌شتیی تاران خۆپیشاندانه‌كان به‌فراوان بون و دروشمیان دژی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران وته‌وه‌.

ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه‌ له‌ زانكۆی شه‌ریف له‌ تاران ده‌ركرابون چونه‌ به‌رده‌م زانكۆكه‌ و مانگرتنیان راگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی رابردودا ده‌یان خوێندكار به‌ بیانوی هاندانی خوێندكاران له‌ زانكۆكانی ئێران ده‌ركراون.

له‌ زانكۆی چه‌مران له‌ شاری ئه‌هواز له‌ باشوری ئێران خوێندكارانی زانكۆ گردبونه‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تیان رێكخست و دروشمیان دژی "به‌سیج" و ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاته‌ وته‌وه‌.

خوێندكارانی زانكۆكانی شیراز هاوشێوه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ به‌رده‌وامبون له‌ دربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و دروشم وتنه‌وه‌ دژی ده‌سه‌ڵات.

له‌ زانكۆی زانستی پزیشكی ته‌برێز خۆپیشاندانی به‌رفراوان به‌ڕێوه‌چو و خوێنكاران دروشمی " ده‌جه‌نگین و ئێران وه‌ده‌گرینه‌وه‌"یان وته‌وه‌.

شه‌وی دووشه‌ممه‌ش له‌ ژماره‌یه‌ك شه‌قامی شاری تاران و ته‌برێز ناڕه‌زایه‌تیی به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ زانكۆی ئه‌هلیی شاری ئیسلامشه‌هر له‌ تاران به‌ درۆن چاودێریی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كرا به‌ مه‌به‌ستی ناسینه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خوێندكاران دروشمی " نا بۆ كۆماری ئیسلامی"یان وته‌وه‌.
خوێندكارانی زانكۆی سیستان و به‌لوچستان گردبونه‌وه‌ و دروشمی "ئازادی، ئازادی.."یان وته‌وه‌ و له‌ زانكۆی شاری ئه‌راك و له‌ زانكۆی خه‌یام له‌ شاری مه‌شهه‌د ناڕه‌زایه‌تیی به‌ڕێوچوو.
خوێندكاره‌ هاوپۆله‌كانی سارینا ئیسماعیلزاده‌ یادی چله‌ی مه‌رگی ئه‌ویان كرده‌وه‌ و بۆیان نوسیوه‌ له‌ "خاكی تۆ هیوا ده‌ڕوێت" و " بۆنی به‌هار دێت ئێمه‌ ده‌نگی ده‌بیستین"
سارینا ئیسماعیلزاده‌ ته‌مه‌ن 16 ساڵ به‌هۆی لێدانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران له‌ شاری كه‌ره‌ج كوژرا و دواتر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رایانگه‌یاند خۆی كوشتووه‌.

سه‌رۆكی ده‌زگای داد له‌ تاران رایگه‌یاند؛ دوای سزادانی هه‌زار خۆپیشانده‌ری تاران كراوه‌ و بڕیاره‌ به‌ڕێوچونی دادگای تۆمه‌تبارانیش به‌ ئاشكرا بێت و له‌ ته‌له‌فیزیۆنی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ش په‌خش بكرێت.

به‌ به‌شداریی هه‌زارن كه‌س له‌ گۆڕستانی وحیده‌ له‌ شارۆچكه‌ی شه‌هریار سه‌ر به‌ پارێزگای تاران چله‌ی جه‌ماوه‌ریی بۆ عێرفان خه‌زایی كه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی شه‌هریار كوژرابو به‌ڕێوه‌چوو.

هاوكات له‌ شاری قه‌زوێن چله‌ی جه‌واد حه‌یدری له‌ لایه‌ن كه‌سوكاری به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ به‌یاننه‌مه‌یه‌كدا به‌ ناوی چالاكانی مه‌ده‌نی داوا كراوه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌ ناڕه‌زایه‌تیی له‌ سه‌رتاسه‌ری شاره‌كانی ئێران به‌ڕێوه‌بچێت و ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ش بڕیاره‌ له‌ كاتژمێر (11:00) ده‌ست پێبكات.
به‌ پێی داوایین ئامار ژماره‌ی كوژراوانی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی سه‌رتاسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران 283 كه‌س و زیاتر له‌ 14 هه‌زار كه‌سیش ده‌ستگیر كراون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار